ئه‌م باسه به‌شێكه له لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی ئه‌كادیمی،كه له‌لایه‌ن (سامان سه‌لاح له‌تیف)، وه‌كو به‌شێك له پێداویستییه‌كانی وه‌رگرتنی پله‌ی به‌كالۆریۆس له زمان و ئه‌ده‌بی كوردییدا، له به‌شی كوردیی – كۆلێژی په‌روه‌رده‌ی زانكۆی كه‌ركوك، به سه‌رپه‌رشتی (پ.ی. ئازاد عه‌بدولواحد كه‌ریم) ئه‌نجام دراوه.
كوردستانی نوێ-ی هه‌فته‌ی بە ئه‌ڵقه چه‌ند به‌شێكی لێكۆڵینه‌وه‌كه بڵاوده‌كاته‌وه.
سامان سه‌لاح له‌تیف
به‌شی پێنجەم
شیعر وه‌ك به‌شێكی سه‌ره‌كی له ئه‌ده‌ب، گرنگیی و بایه‌خێكی فراوانی هه‌بووه به لای (برایم ئه‌حمه‌د)ه‌وه، له‌م باره‌یه‌وه ده‌یان شیعری به‌توانای نووسیوه كه راسته‌وخۆ ره‌نگدانه‌وه‌ی بارودۆخی مێژوویی و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردهوارین له‌و رۆژگاره‌دا(1).
هه‌رچه‌نده شیعره‌كانی (برایم ئه‌حمه‌د) ژماره‌یان زۆر نییه، به‌ڵام ئاستێكی هونه‌ری به‌رز و ناوه‌ڕۆكێكی ده‌وڵه‌مه‌ندیان هه‌یه، له هه‌مان كاتدا پێویسته ئاماژه به‌و راستیه‌ش بكه‌ین كه لێهاتوویی و پایه‌ی شاعیر به چه‌ندێتی شیعره‌كانییه‌وه پێوانه ناكرێ، به‌ڵكو هونه‌ر و جێكردنه‌وه‌ی خاسییه‌ته به‌رزه‌كانی شیعر و تێڕوانین و تێگه‌یشتنی دروست ده‌بنه نیشانه و مه‌رجی بنه‌ڕه‌تی شاعیر(2).
یه‌كه‌م به‌رهه‌می شیعری (برایم ئه‌حمه‌د) بریتییه له شیعری (یادگار و هیوا) كه له ساڵی 1933 دا بڵاوكراوه‌ته‌وه و ده‌ڵێت:
له‌به‌ر چاوی به‌د له ترسی به‌دكار
به گریانی وشك به ناڵه‌ی بێ ده‌نگ
شیرین به‌هاره به‌هاری شادان
جه‌ژن و به‌هار و سه‌یران و خۆشی
دڵ خۆم ئه‌كه‌مه گۆڕی یادگار
دێنمه له‌رزین ته‌ختی كردگار
بێ به‌هره‌ن له ژین گه‌ل نامرادان
گشتی پیرۆزی گه‌ردن ئازادان(3)
برایم ئه‌حمه‌د هه‌وڵی داوه له روانگه‌ی شیعره‌وه په‌یامی سیاسیی خۆی به نه‌ته‌وه‌ی كورد رابگه‌یه‌نێت، تیایدا داوای خۆسازان و خه‌باتی نهێنی و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داگیركه‌ر و دوژمنانی كورد ده‌كات، له هه‌مان كاتدا ئه‌و ره‌وته‌شی ده‌ستنیشان كردووه كه خۆی خه‌باتی تیا ده‌كات ئه‌ویش به‌ره‌ی هه‌ژاران و ره‌نجده‌رانه، له لایه‌كی تره‌وه بۆچوونی خۆی سه‌باره‌ت به (ژیان) ده‌رده‌خات و پێی وایه كه ژیان بریتییه له خه‌بات و فیداكاری و خۆبه‌خت كردن له پێناوی رزگاری نیشتمان و گه‌له‌كه‌یدا، نه‌ك رازی بوون به ژیانی ژێر ده‌سته‌یی و دیلیی.
له راستیدا شیعری یادگار و هیوا كه له لایه‌ن (برایم ئه‌حمه‌د)ی ته‌مه‌ن (18) ساڵه‌وه نووسراوه له‌گه‌ڵ هه‌موو واتا گرنگ و پڕبایه‌خه‌كانی له‌و رۆژگاره‌دا بوونه‌ته وێردی سه‌ر زاری لاوه هۆشیاره‌كانی كوردستان و دواتریش له لایه‌ن هونه‌رمه‌ند (تایه‌ر تۆفیق)ه‌وه كراوه به گۆرانی كه تا ئێستاش هه‌ر به زیندوێتی ماوه‌ته‌وه(1).
برایم ئه‌حمه‌د له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له‌و سه‌رده‌مه‌دا تازه‌گه‌ری له شیعری كوردیدا كردووه، له هه‌مان كاتدا ژانه‌ری نوێی له ئه‌ده‌بی كوردیدا داهێناوه كه خۆی له شێوازی نووسینی (په‌خشانه شیعر)دا ده‌بینێـته‌وه و شیعری به‌ره و رووناكی نموونه‌ی به‌رچاوی ئه‌م داهێنانه‌یه(2)، له‌و باره‌یه‌وه ده‌ڵێت:
به‌ره‌و رووناكی
له ناو جه‌رگه‌ی تاریكیه‌وه ده‌ست بــه كه‌له‌پچه و تــهوق له مل و ز‌نجیــر له‌پێ
له كانگای نه‌زانی و هه‌ژاری و دیلیه‌وه كه‌وتومه‌ته ڕێ هاتوم ئه‌ڕۆم به‌ره و رووناكی(3)
برایم ئه‌حمه‌د له‌م په‌خشانه شیعره‌دا رێگه‌ی مه‌ینه‌تی و ئازار و چه‌وساندنه‌وه ده‌گرێته به‌ر و باوه‌ڕی ته‌واوی به سه‌ركه‌وتن و دوا رۆژی گه‌شی كورد هه‌یه، كه بێگومان ئه‌وه‌ش له ئه‌نجامی خه‌بات و تێكۆشانی گه‌لی كورده‌وه به‌ده‌ست دێت.
له هه‌مان كاتدا ئه‌م په‌خشانه شیعره خۆی له خۆیدا هاوچهرخێتییه له بواری ئه‌ده‌بیدا، چونكه له رووی ناوه‌ڕۆكه‌وه به دیمه‌ن و وێنه‌ی ریالیزمی شۆڕشگێڕانه هاتۆته كۆڕی ئه‌ده‌بیاتی كوردییه‌وه، له رووی روخساریشهوه له ده‌ربڕینی كورت و به‌هێز و وشه‌ی كوردی پارا و پێكهاتووه(1).
شیعری (دواتیری كه‌وان) یه‌كێكه له هه‌ره شیعره نایابه‌كانی كه ئه‌وپه‌ڕی نیشتمانپه‌روه‌ری و شۆڕشگێڕی تیا به‌دی ده‌كرێت، سه‌رده‌می نووسینی ئه‌م شیعره بۆ ساڵی 1949 ده‌گه‌ڕێته‌وه كه بارودۆخی شڵه‌ژاوی و نائارامی باڵی به‌سه‌ر عێراقدا كێشابوو، هه‌ر له‌و ساڵه‌دا ژماره‌یه‌كی زۆر له شۆڕشگێڕانی پارته سیاسیه‌كانی عێراق له لایه‌ن رژێمی پاشایه‌تییه‌وه ده‌ستگیر كرابوون كه (برایم ئه‌حمه‌د)یش یه‌كێك بووه له‌و كه‌سانه له رێگه‌ی زینداندا ده‌ست به كه‌له‌پچه‌وه له‌گه‌ڵ (ساڵح دیلان)دا ئه‌م شیعره‌ی وتووه(3):
دوا تیری كه‌وانی خۆت بهاوێژه هه‌له دوژمن
دوا سه‌ركه‌وتنی تۆیه و دوانووچی گه‌له دوژمن
شه‌وی ترساندنت سامی نه‌ماوه تاریك و روونه
به ئاسۆی ئه‌رخه‌وانیدا هه‌تاو له‌ودیو كه‌له دوژمن(3)
برایم ئه‌حمه‌د له‌م شیعره‌دا جگه له‌وه‌ی گیانی خۆڕاگری و ئازایه‌تی و باوه‌ڕی نه‌گۆڕ به حه‌تمیه‌تی سه‌ركه‌وتنی گه‌ل به‌سه‌ر دوژمن‌دا ئاشكرا ده‌كات، هاوكات وێنه‌ی بیر و باوه‌ڕی سه‌رده‌مه‌كه‌ش ده‌رده‌خات كه شیعره‌كه‌ی تیا نووسراوه، سه‌رده‌مێك كه جیهان دابه‌ش ببوو به‌سه‌ر دوو ئۆردودا ئۆردوی ئیمپریالیزم به سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا و ئۆردوی رزگاری و سۆسیالیزم به سه‌رۆكایه‌تی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت(4).
له زه‌مه‌نی شاعیریشدا، رژێمه سه‌ركوتكه‌ره‌كان، به نموونه‌ی صه‌ددام سه‌رچاوه‌یه‌كی كاریگه‌ری فیكری و سیاسی بوون بۆ خودی بكه‌ر تا ئه‌و راده‌یه‌یی ئه‌م سه‌رچاوه‌یه و مۆنیڤێكی هه‌ر به نرخی ئازار و كێشه و ئازادییه‌كانه وه‌ك ئه‌وه‌ی سه‌ربه‌ستییه‌كان له رێگه‌ی ئازاره‌كانه‌وه له‌دایك ببێت یان وه‌ك ئه‌وه‌ی بله نرخی ئازادییه‌كان له ئێش و ئازاره‌كاندا ببینێتـهوه(1).
وه‌كو كه‌سێكی پسپۆڕ و شاره‌زا، ته‌واو چۆته ناخی ئه‌م سه‌رچاوه ترسناكه‌وه و به وردی و سروشتی ئه‌م سه‌رچاوه‌یه‌مان بۆ ده‌گرێت. گرتنی وێنه‌كانیش به مه‌به‌ستی چێژلێوه‌رگرتنی میتریالیزمی خودی بكه‌ر نییه، به‌ڵكو له لایه‌كه‌وه هۆشیاركردنه‌وه‌ی تاكی كورده، له لایه‌كی تریشه‌وه به‌شداریكردن و جوڵه‌ی ئه‌م تاكه‌یه له پرۆسه‌ی ئازادی تا له‌نزیكه‌وه به‌رپرسیارێتی دۆخه سیاسی و فیكرییه‌كه بگرێته ئه‌ستۆ، نه‌ك ته‌نها خودی بكه‌ر . ئه‌م كاره‌ش ده‌چێته نێو قاڵبی به گوتاركردنی دۆخه‌كه.
پێكهاته‌ی ده‌ق و ده‌ق وه‌ك په‌یوه‌ندی خودی بكه‌ری شاعیر به بابه‌ته‌كه‌یه‌وه به‌بێ گوشاری ده‌ره‌كی.
له شیعری (هه‌ر كورد ئه‌بین) رووداوێكی دیاریكراوی پێشوه‌خت له ئارادا نییه، به‌ڵام شاعیر، به هۆی هێزی له ڕاده‌به‌ده‌ری فه‌نتازیاوه، خۆی بۆ خۆی بابه‌تێك ده‌خوڵقێنێت كه دواتر ئه‌م بابه‌ته كاریگه‌ره له‌سه‌ر تاكه‌كان. به پێی سیاقی مێژوویی و سه‌رچاوه‌یی، شاعیر ئه‌و یه‌قینه‌ی لا دروستبووه كه داگیركه‌ر له هه‌چ شوێنێك بێت ئه‌وا هه‌میشه دڵی پڕ له قین و بێ‌ویژدان و بێ ئایینه. له به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌شدا، به هۆی هێزی په‌یوه‌ستبوونی و ئایدۆلۆژیایی، گه‌شبینه له كوردبوونی خۆی و نه‌ته‌وه‌كه‌ی. بۆیه سیاقهكان ئاماژه‌یان به‌وه داوه كه كورد له پێش ئاگرپه‌رستی و موسڵمانیدا، له خۆشی و ناخۆشیدا هه‌ر كورد بووه. به پاڵپشتی ئه‌زموونی ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی كه وه‌ك كورد ژێرده‌سته بوون و دواتر رزگاری خۆیان راگه‌یاندووه(2)، شاعیریش ئه‌و راستییه‌ی لا دروست بووه كه میلله‌ته‌كه‌ی هه‌ر ده‌بێت سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ستبهێنێ و رووخانی گه‌وره دیكتاتۆریه‌تی رۆژهه‌ڵات له عێراق له ساڵی 2003 به‌ڵگه‌ی په‌سه‌ندكراوی ئه‌م پێشبینیكارییهی شاعیره:
داگیركه‌ری دڵ پڕ له قین
دڕنده‌ی بێ ویژدان و دین
گه‌ر قه‌ندیل و ئاگری و شیرین
یه‌كسان كه‌ی له‌گه‌ڵ رووی زه‌مین
ناتوانـی واكـهی كــورد نه‌بین
* * *
گــــهلان هه‌موو بــــرای منن
هـــــه‌ر زۆردارانــــــم دوژمنن
خهبـــات و چالاكــــی ئه‌وان
بـــــۆ من هیوایــــه و پشتیوان
وره و پهندیــــان لێوهرئهگـــرم
* * *
بۆ مافــــی گــــهل و خاكه‌كه‌م
هه‌تا مـــــاوم خهبــــات ئه‌كه‌م(1)
شیعرێكی تری برایم ئه‌حمه‌د هه‌یه له ساڵی 1959ز له ژێر سه‌ر ناوی (روو به‌ڕووی مردن) دایناوه، نزیكه‌ی هه‌شتا دێڕه شیعره و بۆ عه‌بدالكریم قاسم دانراوه به بۆنه‌ی رزگار بوونی له هه‌وڵی تیرۆركردنی له لایه‌ن عه‌ره‌به نه‌ته‌وه په‌رسته‌كانه‌وه. دیاره له ساڵی 1959 ز عبدالكریم قاسم له ناو میلله‌تی عێراق به گشتی و له لای خه‌ڵكی كوردستان به تایبه‌تی خۆشه‌ویست بوو. چونكه قاسم رابه‌ری راسته‌قینه‌ی شۆڕشی چوارده‌ی تهمموز بوو، ئه‌و شۆڕشه‌ی رژێمی پاشایه‌تی سه‌ر به ئیمپریالیزمی سهرهنهگون كرد و گه‌لی عێراقی ئازاد كرد و به ماده‌ی سێی ده‌ستووری كاتی دان به مافه‌كانی گه‌لی كورد نراوه كورد و عه‌ره‌بی كرده هاوبه‌ش و برا له نیشتمانی عێراق. عێراق له ناوچه‌ی ئیسته‌رلینی هاته ده‌ره‌وه و یاسای چاككردنی كشتوكاڵ هێنایه كایه‌وه و زه‌وی و زاری به‌سه‌ر جوتیاره‌كان دابه‌ش كرد و ئازادییه سیاسییه‌كانی راگه‌یاند و كۆمه‌ڵێك بڕیاری گرنگی ده‌ركرد له خزمه‌تی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك. له‌به‌ر ئه‌و هۆیانه‌ی سه‌ره‌وه قاسم لای كورد رێزی هه‌بوو، برایم ئه‌حمه‌دیش ئه‌م شیعره‌ی به‌و بۆنه‌یه‌وه بۆ داناوه:
(روو به‌رووی مردن)
كه‌ریم لای گه‌ل ئازادییه
ئاشتی ئاسایش، شادییه
مانای سه‌ربه‌رزی ژیانه
بۆ گه‌ل بۆ ئه‌م نیشتمانه
بۆ هه‌رچی كه هه‌مانه
گه‌ر ماڵ و حاڵ گه‌ر گیانه
ئه‌یكه‌ینه قوربانی كه‌ریم
ئه‌گینا كه‌ریمی ته‌نیا
وه‌ك ئه‌و كهریمانهی دنیا
كه‌س نازانێت مرد یا ژیا(1)
جێگه‌ی باسه ئه‌م شیعره رۆڵی به‌رچاوی هه‌بووه له به‌رزكردنه‌وه‌ی وره‌ی پێشمه‌رگه و هاندانیان بۆ به‌رده‌وام بوون له خه‌بات و پته‌وكردنی گیانی شۆڕشگێڕی و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی دوژمن به تایبه‌ت له رۆژگاری شۆڕشی ئه‌یلولدا.
شیعری (چۆن رزگار ئه‌بین) نموونه‌یه‌كی تری شیعری شۆڕشگێڕانه‌ی (برایم ئه‌حمه‌د)ه كه له ساڵی (1961)دا‌و له سه‌ره‌تای هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی ئه‌یلوولدا نووسیویه‌تی، ئه‌م شیعره چه‌نده به‌رهه‌مێكی نایابی شیعری به‌ره‌نگاریه، ئه‌وه‌نده‌ش له دوو توێی دێڕو بڕگه‌كانیدا چاره‌نووسی شۆڕشی كوردستان و ستراتیژی رزگاربوونی گه‌لی كورد دیاری ده‌كات(2).
له‌وباره‌یه‌وه ده‌ڵێت:
هه‌تا پڕ نه‌بێت گشت گۆشه‌ی زیندان
دوژمن كول نه‌بێ له سزا و لێدان
كه‌له‌پچه، مه‌چه‌ك باش نهتهزێنێت كۆت
پێوه‌ن، زنجیر، له‌ش دانهڕزێنێت
رزگاری نـــابێ ئــــه‌م كــــوردستانه
تیــــا دهرنــــاچێ ئــــۆردوی بێگانه
گـــــهلێ ئهمانــــه نه‌گرێته ئــــهستۆی
هــــه‌رگیز نابینێ رزگـــــاری بۆ خۆی(1)
شاعیر لێره‌دا وێڕای ده‌رخستنی دڕنده‌یی و زوڵم و زۆری دوژمنانی كورد ئه‌و راستیه‌ش ده‌رده‌خات كه بزافی رزگاریخوازی گه‌لی كورد رێگه‌یه‌كی سه‌خته و پێویستی به فیداكاری و خۆبه‌خت كردن هه‌یه، هه‌ر گه‌لێكیش ئاماده نه‌بێت له پێناوی رزگاری نیشتمانه‌كه‌یدا فیداكاری بكات، مه‌حاڵه سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بهێنێت.
جیگه‌ی باسه برایم ئه‌حمه‌د كه‌متر به لای باسی ئه‌فره‌ت و خۆشه‌ویستیدا رۆیشتووه، زیاتر شیعره‌كانی وه‌ك كه‌ره‌سته‌یه‌ك له پێناوی به‌رگری كردن له مافی هه‌ژاران و جۆشدانی شۆڕشگێڕان بۆ خه‌بات به‌كار هێناوه و راسته‌وخۆ لایه‌نه ئه‌ده‌بییه‌كه‌ی بۆ خزمه‌تی سیاسه‌ت به‌كارهێناوه.
برایم ئه‌حمه‌د بێجگه له‌و شیعرانه‌ی كه خۆی نووسیویه‌تی، زیاتر له (بیست و پێنج) پارچه شیعری شاعیره ناوداره‌كانی جیهانی له زمانه جیاجیاكانی وه‌ك (عه‌ره‌بی، ئینگلیزی، ئیتاڵی و …) وه‌رگێڕاوه‌ته سه‌ر زمانی كوردی كه گرنگترینیان به‌رهه‌می شاعیره ناسراوه‌كانی وه‌ك (شكسپیر، شیللی، تۆماس كۆر، بارباولد)، كه زۆربه‌یان له ژماره‌كانی گۆڤاری گه‌لاوێژدا بڵاو كراونه‌ته‌وه(2).
هه‌ریه‌كه له شیعره‌كانی (دوای مردن، كه هه‌رجار نه‌بێت بمرین، دڵداری ناكه‌م، خه‌ونی عه‌بدێك، ژیان(3)) نموونه‌ی به‌رچاوی شیعره وه‌رگێڕاوه‌كانی (برایم ئه‌حمه‌د)ن، مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی له وه‌رگێڕانی ئه‌و شیعرانه‌دا ئاشناكردنی خوێنده‌وارانی كورده به شاعیر و به نووسه‌رانی جیهان.
جگه له شیعره‌كانی له ووتاره سیاسیه‌كانی رۆژنامه‌ی خه‌بات و كوردستان و (النور)ی عه‌ره‌بی و چریكه‌ی كوردستان و صرخه كوردستان كه له له‌نده‌ن ده‌ری ده‌ركرد و له گۆڤاری گه‌لاوێژ و ئامۆژگارییه‌كانی كۆڕ و كۆبوونه‌وه حیزبیه‌كانی تاكیدی له‌سه‌ر خه‌باتی سه‌رتاسه‌ری ده‌كرده‌وه(4).
له شیعری (ئێسته‌ی ته‌ماوی)دا كه بۆ مامۆستا بێكه‌سی شاعیری وتووه، بله به شێوه‌یه‌كی شاراوه په‌یوه‌ندییه‌ك له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌رامبه‌ری ونبوو دروستده‌كات. گه‌رچی شیعره‌كه، مۆركێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و سۆزداری پێوه دیاره به‌ڵام له هه‌مان كاتدا ئاماژه‌كردن به بێكه‌س ته‌نها سۆزی هاوڕێیه‌تی و هاوپیشه‌یی ناگه‌یه‌نێت به‌ڵكو ئایكۆنێكه بۆ مه‌سه‌له نه‌ته‌وایه‌تی و فیكری هه‌ڵوێسته‌كان، به‌و پێیه‌ی بێكه‌س له نێو ئه‌ده‌ب و شیعری كوردیدا به شاعیری هه‌سته نه‌ته‌وایه‌تییه‌كان ئه‌ژماركراوه. لێره‌دا بێكه‌س گه‌رچی لای بله بۆشاییه‌كی زه‌مه‌نی فیزیكی دروستكردووه، به‌ڵام به مانای زۆر شت دێت له‌وانه هه‌ڵوێسته و نامه و ره‌وشت و گوتاره‌كان كه كاریگه‌رن له‌سه‌ر بونیادی (بله) به‌ڵكو له‌مه‌ش زیاتر نه‌ته‌وایه‌تییه‌كه‌ی بێكه‌س سه‌رچاوه‌یه‌كی گرنگی فیكری و سیاسییه بۆ هه‌موو به (بله)شه‌وه(1) . به ئاراسته‌یه‌كی تر، په‌یوه‌ندیی نێوان بله و بێكه‌س په‌یوه‌ندییه‌كی راسته‌وخۆ نییه، به‌ڵام دواتر له رێگه‌ی گوتاره شیعرییهتهكهوه په‌یوه‌ندییان له دۆخی نائاماده‌یی پێدهنێـته دۆخێكی كاریگه‌ریی و ئایۆلۆژیایی:
ئێسته‌ی ته‌ماوی و له‌مه‌وپاشی تار
باڵ ئه‌گرن به‌دڵ بۆ كوێ یادگار
ئه‌گه‌ڕێ به نێو هه‌رده و شاخان
وه‌ك بولبول به نێو گوڵی باخانا
وه‌ك شێت ئه‌گه‌ڕێ له شوێن هه‌واران
هه‌وارگه‌ی به‌زم و خۆشی به‌هاران
هه‌رده كش و مات، چیا گشت خامۆش
باخ داخدار و خونچه خه‌زان پۆش
هه‌وارگه چۆڵ و هۆڵ وه‌ك قه‌برسان
گیان په‌ككه‌وتنه، دڵ ده‌سته‌وه‌ستان(2)
له شیعری (نه‌ورۆزی من)یشدا بله له زه‌مه‌نی ده‌قدا ده‌گه‌ڕێتـه‌وه بۆ زه‌مه‌نی سه‌رچاوه‌ی رووداو (نه‌ورۆز) و به‌سوود وه‌رگرتن له‌م سه‌رچاوه‌یه نه‌خشه‌ی سیاسی و فیكریی زه‌مه‌نی ئێستامان بۆ ده‌كێشێت. وه‌ك كارێكی كاریگه‌ریی و ئایدیۆلۆژی خودی خۆی، بۆ جارێكی تر، ده‌بێتـه پاڵه‌وانی زه‌مه‌نی ئێستا و بۆچوونه سیاقییهكانی ده‌ره‌وه‌ی رووداو پووچه‌ڵ ده‌كاته‌وه به‌وه‌ی نه‌ورۆز جه‌ژنی دارودره‌خت و هه‌ڵپه‌ڕكێ و سه‌مایه. له جیاتی ئه‌مانه زه‌مه‌نی رووداو ده‌بێتـه قۆناغێكی هه‌ستیاری ئازار و شۆڕش و ئازادی:
پێم ئه‌ڵێن نه‌ورۆزه ئیمڕۆ، رۆژی جه‌ژن و خۆشییه
وه‌ختی هه‌ڵپه‌ڕكێ و سه‌مایه، مه‌وسمی ته‌ڕ پۆشییه
ده‌شتوده‌ر گوڵپۆشه، ئه‌م رهشپۆشییهت بێهۆشییه
مۆنی رووت بێ جێیه، عاله‌م كه‌یفی باده نۆشییه
من ئه‌ڵێم نه‌ورۆز و شادی و جه‌ژنی دیل ئازادییه
ئه‌م دوو په‌یوه‌ندییه‌ی كه ئاماژه‌مان پێدا به‌دوای تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی گوتاردا ده‌گه‌ڕێت تا بزانرێت ئه‌و مانایانه‌ی كه شاعیر مه‌به‌ستێتی چۆن ده‌ستیده‌كه‌وێت و له رێگه‌ی چی و كێوه ده‌ستی ده‌كه‌وێت، بله بۆ ئه‌م مه‌به‌سته به‌دوای ئه‌و نهسهقانهدا ده‌گه‌ڕێت كه په‌یوه‌ندیی به خودی بكه‌ری خۆی و بابه‌ته‌كه‌وه هه‌یه. له هه‌مان كاتدا ئه‌م دوو په‌یوه‌ندییه به دوای مهبهستیـی شاعیردا ده‌گه‌ڕێت ئه‌ویش له رێگه‌ی پێكهاته‌ی سه‌رچاوه‌یی وه‌ك په‌یوه‌ندی خودی بكه‌ر به واقیعی ده‌ره‌وه‌ی خۆی. له شیعری (كاوه‌ی راسته‌قینه)دا 1962، وه‌ك رووداوێكی واقیعی یان ئه‌فسانه‌یی و مێژوویی، خودی بكه‌ری شاعیر به په‌رۆشه‌وه په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌م سه‌رچاوه زه‌مه‌نییه‌دا ده‌به‌ستێت. به لایه‌وه گرنگ نییه (كاوه) كێیه و كوێنهرییه، دیسانه‌وه گرنگ نییه (نه‌ورۆز) جه‌ژنی نه‌ته‌وه‌ی كورده یان نا، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی كه گرنگه سوودوه‌رگرتنه له‌م سه‌رچاوه‌یه كه چه‌ند كاریگه‌ر و بزوێنه‌ره له‌سه‌ر زه‌مه‌نی ئێستا. به‌سوودوه‌رگرتن له‌م سه‌رچاوه‌یه شاعیر ئاماژه‌ی به چه‌ندین وێنه‌ی كاریگه‌ر داوه كه سه‌رجه‌میان په‌یوه‌ندیی به فیكری سیاسی كورد و هێزی ده‌سه‌ڵاتی سه‌ركوتكه‌ره‌وه هه‌یه(1). له لایه‌كی دیكه‌وه جه‌خت له داماوی و یه‌كنه‌گرتن و بهدیلبوونی گه‌لی كورد ده‌كات. له لایه‌كی تریشه‌وه بێبه‌زه‌یی هێزی سه‌ركوتكه‌ر به‌رامبه‌ر به‌م گه‌له كه نه‌ك باوه‌ڕی به دروستكردنی قه‌واره‌یه‌كی جوگرافیی كورد نییه، به‌ڵكو زمانی كوردی له خوێندنگاكان قه‌ده‌غه ده‌كات. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا ئه‌نجامی شیعره‌كه به گه‌شبینی دهشكێتـهوه ئه‌ویش به‌وه‌ی ته‌ختی زۆرداران له لایه‌ن كاوه‌ی نوێ و جوتیار و كاسبكار و خوێندكار و هه‌موو دڵسۆزانی گه‌ل هه‌ره‌سدێنێت هه‌روه‌ك له راپه‌ڕینه‌كانی ساڵی 1991 ئه‌نجامدرا كه ئه‌مه پێشبینیكارییهكی شاعیره بۆ زه‌مه‌نی دوای ده‌ق.
برایم ئه‌حمه‌د له رۆژگارێكی تایبه‌تی شیعری نوێ و جۆش و كۆڵی رۆمانسیزم رووی له مه‌یدانی شیعر و نووسین كرد، دواتریش له ئه‌نجامی به‌ره و پێشچوونی بیر و جۆشدانی خه‌بات و تێكه‌ڵبوون به جه‌ماوه‌ر و كاركردن له ریزه‌كانی كۆمه‌ڵ و پارته سیاسییه‌كان، گرتن و راونان و چه‌ندین ده‌ردی سه‌ری، ره‌وتی شیعری به‌ره‌و رێبازی ریالیزم هه‌نگاوی ناو به چه‌شنی شاعیرێكی ریالیستی بیری ده‌كرده‌وه(1) . شیعره‌كانی بوونه ئاوێنه‌ی خه‌بات و ژیان. دیاره ئه‌م گۆڕان و وه‌رچه‌رخانه له پێویستییه‌كانی ئه‌ده‌بی كوردی بووه و (رۆژگار و بارودۆخی دیاریكراویش ئه‌ده‌بێكی دیاریكراو دێنێته كایه‌وه)(2).
شاعیر وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكی راستگۆ دوای ده‌ربڕینی كۆمه‌ڵێك هه‌ستی رۆمانسییانه، كه سه‌رڕێژن له كروزانه‌وه و فرمێسك رشتن، به‌ئاگا دێته‌وه و به پێی توانا ره‌وتی شیعری ده‌گۆڕێت:
ژیان به لاتی و بێده‌سه‌ڵاتی
هیچ درۆی نه‌بێ سه‌د مه‌رگه‌ساتی
مرۆڤ به‌دیلی بژی خۆشه یان
بمرێ بۆ به‌رزی خۆی و وڵاتی
* * *
مه‌ژی بۆ مردن، بمره بۆ ژیان
چۆن قازانج ئه‌كه‌ی تا نه‌كه‌ی زیان
له زه‌ڕه‌ی زنجیر دڵت نه‌له‌رزێ
پێوه‌ند بۆ له‌شه، نه‌وه‌ك بۆ گیان
نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌نده، به‌ڵكو به چه‌شنی جوامێرێكی باوه‌ڕ پته و گاڵته‌ی به فرمێسك رشتن و كروزانه‌وه دێـت و سروودی تێكۆشان ده‌چڕێنێ:
چاوه وه‌ك لێزمه‌ی بارانی به‌هار
فرمێسكی خوێنت بۆ پیا دێـه خوار
گریان كرده‌وه‌ی بێ ده‌سه‌ڵاته
بێده‌سه‌ڵاتان ئه‌ڕزێن له ژێر بار
* * *
بێ دابنیشین دووربین له شادی
بمرین به مه‌ردی و گه‌ردن ئازادی
بمرین له رێگه‌ی تۆڵه سه‌ندنا
نه‌ك له‌سه‌ر جێگا به نامرادی(1)
له كاتێكدا (برایم ئه‌حمه‌د) له دوا ساڵه‌كانی خوێندنی ده‌بێت له كۆلێجی حقوق، دیاره له‌و كاته‌دا سه‌رقاڵی سیاسه‌ت و كاری نیشتمانپه‌روه‌ری بووه، له‌و ساڵه‌دا شیعرێكی نیشتمانی و به‌ره‌نگاری داده‌نێت و چه‌ند دێڕێكی لێ هه‌ڵده‌بژێرێ و به كارتێك بڵاویده‌كاته‌وه. رووانینێك به ناوهڕۆك و تان پۆی شیعره‌كه یه‌كسه‌ر نموونه‌ی باڵای شیعری به‌ره‌نگاریی و به‌گژاچوونه‌وه‌ی زۆردارانمان نیشان ده‌دات:
كوردی بێكه‌س به‌سیه هه‌سته تێپه‌ری هه‌نگای شه‌و
رۆژی ئازادیت ببینه، تا نه‌مێنێ سامی شه‌و
خوێن بڕێژه، له‌ش بنێژه، قه‌ت مه‌چێژه تامی خه‌و
چونكه قوربانی ئه‌وێ، هه‌ڵهاتنی رووی رۆژی نه‌و(2)
هاندان و رووكردنه كۆڕی خه‌بات و ئاماده‌كاریی له گێژهنهكانی ژیاندا، پشتبه‌ستوو به بازووی دلێرانه‌ی نه‌ته‌وه، روانینه ئاسۆی سه‌رفرازیی و گه‌شبینی به ره‌نگ و رووی شیعره‌كانه‌وه دیارن(3).
هه‌موو پێشكه‌وتنێكی تۆ به‌ره و چاڵی نه‌مان ئه‌تبا
هه‌موو سهركهوتنێكیشت به وێنه‌ی بڵقی سه‌رئاوه(4)
شاعیر به‌مشێوه به‌جێیه له‌سه‌ر ره‌وت و باوه‌ڕی نه‌گۆڕی به‌رده‌وام ده‌بێت و به به‌رچاوی روونییه‌وه نه‌مانی به‌ره‌ی زۆرداران نزیك ده‌خاته‌وه و نموونه‌ی زیندوویان ده‌خاته پێشچاو:
ئه‌وه هیتله‌ر خواوه‌ندی شه‌ڕی سه ڕووی زه‌مین بۆخۆ
قه‌ڵای سه‌رمایه‌داری پڕ تفاقی ئاسنین بوو خۆ
هه‌موو ئه‌ڵمانیای نازی له‌ده‌ستا وه‌ك نگین بوو خۆ
له رێی ئازادیخوازانا وه‌كو شورایی چین بوو خۆ
كوا (فیرماخت)(1)ی ئه‌ڵمانی كه ئه‌توت هه‌ر زه‌وی خوێنه؟
په‌نگخواردنه‌وه‌ی شاعیر به درێژایی ته‌مه‌نی سیاسی خۆی له ساته‌وه‌خته هه‌ستیاره‌كاندا ته‌قینه‌وه هه‌ڵچوونییه‌كان به دوای خۆیدا ده‌هێنێت، له شیعری (یادگار و هیوا)، خودی بكه‌ری شاعیر چیرۆكی ئازاری خۆیی و نهتهوهكهیمان بۆ ده‌خاته سه‌ر پرۆسه‌ی شیعر به‌و پێیه‌ی شیعر كاردانه‌وه‌یه‌كی خێرای دۆخهكانه؟ له‌و چیرۆكه‌دا سروشتی كاره‌كته‌ری خودی بكه‌ر به ئاشكرا بهدهردهكهوێـت. جوانترین وێنه‌ش فیداكارییه وه‌ك ئه‌وه‌ی شاعیر مردنی پێ باشتر و جوانتره له كۆیلایه‌تی ژیان:
مه‌ژی بۆ مردن بمره بۆ ژیان
چۆن قازانج ئه‌كه‌ی تا نه‌كه‌ی ژیان
له زڕه‌ی زنجیر دڵت نه‌له‌رزێ
پێوه‌ند بۆ له‌شه نه‌وه‌ك بۆ گیان(2)
پێكهاته‌ی میتریالیزمی وه‌ك په‌یوه‌ندی خودی بكه‌ری شاعیر بابه‌تێكی دیاریكراوی پیرۆزه. له شیعری (به‌ره و رووناكی) بله زۆر بوێرانه جه‌خت له‌سه‌ر هێزی گه‌ل و ئیراده‌ی جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی ده‌كات به‌وه‌ی گه‌ر له زه‌مه‌نی رابردوودا شكستێكی خواردبێت ئه‌وا ئه‌مڕۆ به هۆی یه‌كهه‌ڵوێستی و یهكئیرادهییهوه به‌ره و رووناكی ده‌چێت و هه‌وڵه‌كان، له خاك و نیشتمان و ئازادی، به‌ده‌ستدێن(3)
له شیعرێكی تردا كه بۆ سه‌دام حوسێنی نووسیوه و له گۆڤاری چریكه‌ی كوردستان بڵاو كراوه‌ته‌وه له ژێر ناوی (بۆ سه‌دام حوسێن) ده‌ڵێت:
صه‌دام كوردستان موڵكی تۆ نییه
نه هی ئه‌تاتورك نه خومه‌ینییه
مه‌لای لا به‌لا كوردی خسته دا‌و
ئینگلیزیش ئێوه‌ی لێ كردین به پیاو
تاقه بستێكی ئه‌م كوردستانه
داگیر نه‌كراوه به جه‌نگی مه‌یدان
هه‌موو به پاكی و دڵسافی خۆمان
به فرت و فێڵی زۆڵه موسڵمان
كورد بێبه‌ش كرا له ماف و نان
له ماڵی خۆ‌یا بوو به بێگانه
كوردی خاوه‌ن ئه‌م نیشتمانه
پڕ خێر و بێر و پڕ نه‌وت كانه
خاوه‌نی مێژوو هی ئه‌م زه‌مانه
به‌رگری هه‌موو گورزی زه‌مانه
به‌گۆڕ سپێری سه‌د هاری وه‌ك تۆ
بۆ نه‌گرێته ده‌ست چاره‌نووس خۆ؟
بۆ هه‌قی نه‌بێ ئه‌ویش وه‌ك ئێوه
ئاڵای خۆی هه‌ڵكا له‌م كه‌ژ و كێوه..
ئه‌م شیعره‌ش وه‌كو شیعره‌كانی تری زیاتر كوردستانییه و به مافی سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌ی كورد له‌هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان، شیعره‌كه ئاراسته‌ی سه‌دام حوسێنی دیكتاتۆر كراوه و پێی ده‌ڵێت كوردستان خاكی تۆ‌و تورك و فارس نییه و ئێوه خاكی كوردانتان به فێڵ و ته‌ڵه‌كه‌بازی داگیر كردووه(1).
تێبینی:
لیستی سه‌رچاوه‌كان و پەروێزەکانی ئەم بابەتە لەگەڵ هەمان بابەت لەسەر وێبساتی کوردستانی نوێ (www.knwe.org) بڵاوکراوەتەوە