باشووری کوردستان لە نێوان (14. 7. 1958 – 14. 7. 2018) – knwe.org
سەرەکی » ئاراستە » باشووری کوردستان لە نێوان (14. 7. 1958 – 14. 7. 2018)

باشووری کوردستان لە نێوان (14. 7. 1958 – 14. 7. 2018)

د. حوسێن موحەممەد عەزیز*

سەرەتا
ئەم ساڵ، (60) ساڵی ڕێک، بەسەر کۆدەتاکەی (عەبدولکەریم قاسم)دا تێپەڕدەبێ. لە ئەم ماوە درێژەدا، دوای ئەوەی سیستەمی پاشایەتی نەما و سیستەمی كۆماری جێیگرتەوە، گەلێ کارەسات و ڕووداوی گرنگ و پڕبایەخ، خۆش و ناخۆش، چ لە (کوردستان) و چ لە (عێراق) ڕوویانداوە. هەر یەکێکیشیان کارێکی زۆر گەورەیان، لە ڕەوشی نەتەوەیی، ڕامیاری، ئابووری، کۆمەڵایەتی، کەلتووری … هەردوو گەل و نیشتمان کردووە. ئەوەی پێوەندی بە گەلی کورد و باشووری (کوردستان)ەوە هەیە، هەرە گرنگەکانیان ئەمانەن:

سیستەمی كۆماری
ڕۆژی (14. 7. 1958)، کۆدەتایەکی سەربازی لە (عێراق) کرا، ڕژێمی پاشایەتی گۆڕکرا و ڕژێمی کۆماری دامەزرا. ئەمەش کارێکی زۆری لە باری نەتەوەیی و ڕامیاری گەلەکەمان کرد. بۆ نموونە: گەر هەر بە ناویش بێ، لە دەستووری دەوڵەتدا، دان بە بوونی گەلی کورددا نرا و کۆمارەکەش بە کۆمارێکی هاوبەشی نێوان کورد و عەرەب ناسرا. ڕێیاندا سەرۆکی (پارتی دێمۆکراتی کوردستان)، لە (یەکێتی سۆڤێت)ەوە بۆ وڵات بگەڕێتەوە.

بەڵام بە داخەوە وردەوردە، ناکۆکی لە نێوان سەرکردەکانی کورد و دەوڵەتی (عێراق)دا درووستبوو. بۆیە ڕۆژی (11. 9. 1961) شۆڕشی کورد بە سەرکردایەتی (بارزانی) هەڵگیرسا.
ناکۆکی نێوان دەسەڵاتدارانی (عێڕاق)
ڕۆژی (8. 2. 1963)، یەکەمین کۆدەتای (بەعس) کرا و دەسیان بەسەر دەسەڵاتدا گرت. گرفتێکی گەورەی بۆ کورد ئەفراند. چونکە یەکەمین شاڵاوی پڕۆسەی بەعەرەبکردنی (کوردستان) دەسیپێکرد. ڕۆژی (9. 6. 1963)، گەورەترین ڕەشەکوژی لە خەڵکی پارێزگەی (سولەیمانی) کرد.
بەڵام زۆری نەخایاند و هەر دوای ماوەیە، ڕۆژی (8. 11. 1963)، کۆدەتای (عەبدولسەلام عارف) بەسەر (بەعس)دا کرا. لە ماوەی فرمانڕەوایی (عەبدولسەلام عارف)دا، ڕۆژی (13. 7. 1964)، دووبەرەکی لەنێو سەرکردایەتی (پارتی)دا ڕوویدا و بەردی بناغەی جەنگی نێوخۆی داڕشت. بەڵام ڕۆژی (13. 4. 1966)، فڕۆکەکەی (عەبدولسەلام عارف) کەوتەخوارە و سووتا. ڕۆژی (17. 4. 1966)، لیوا (عەبدولڕەحمان عارف)ی برای جێیگرتەوە.
ڕۆژی (29. 6. 1966)، سەرۆک شالیارانی عێراق (عەبدولڕەحمان بەزاز)، ڕێککەتننامەیەکی بڵاوکردەوە هەردوو باڵەکەی جەلالی و مەلای، پشگیری خۆیان بۆ دەربڕی. لە ئەم ماوەیەدا، گفتوگۆ لە نێوان کورد و (بەغدا) دەسیپێکردەوە. دانیان بە جۆرێ لە یاسای ناناوەندێتیدا نا.

دووەمین کۆدەتای (بەعس)
ڕۆژی (17. 7. 1968)، دووەمین کۆدەتای (بەعس) دەسیپێکرد. جارێکی دیکە جەنگ لە (کوردستان) هەڵگیرسایەوە. جەنگی نێوخۆێ کوردیش گەرمتربوو، باڵەکەی جەلالی لەگەڵ هێزەکانی سوپای داگیرکەر، دژی شۆرش دەجەنگان. لە ئەنجامی جەنگەکەدا، شۆڕش سەرکەوت و (بەعس) ناچاربوو، ڕۆژی (11. 3. 1970)، دان بە مافی ئۆتۆنۆمیدا بنێ.
بەڵام هەر لە سەرەتاوە دیاربوو، (بەعس) بۆ تاکتیک ئەم ڕێکەوتننامەیەی واژۆکردووە. چونکە جگە لە ئەوەی پڕۆسەی بەعەرەبکردنی (کوردستان) بەردەوامبوو، هێندەشی پێ نەچوو، دەسەڵاتدارانی (بەعس) پیلانێکیان گێرا و ڕۆژی (29. 9. 1971) ویستیان، سەرۆک (بارزانی) لەنێوبەرن. لەگەڵ ئەوەشدا، دوای (4) ساڵ خوێنڕشتن، هەردوو باڵەکەی جەلالی و مەلای یەکیانگرتەوە.
ڕۆژی (17. 7. 1973)، پارتی کۆمۆنیستی عیراق و بەعس بەرەی نیشتمانیی پێشکەوتووخوازیان کردەوە و دژی شۆڕشی کورد وەستانەوە.
ڕۆژی (11. 3. 1974)، جارێکی دیکە جەنگ لە نیوان شۆڕشی کورد و بەعسدا نوێبوەوە.
ڕۆژی (24. 4. 1974) و (26)ی هەمان مانگ و ساڵێش، فڕۆکەکانی (بەعس)، هەردوو شارۆچکەی (قەڵادزێ) و (هەڵەبجە)یان بۆردوومانکرد، زیانێکی زۆریان بە خەڵک و هەردوو شارۆچکەکە گەیاند.
ڕۆژی (6. 3. 1975)، ڕێککەوتننامەی (جەزایر) لە نیوان (سەددام حوسێن) و (حەمەرەزا شا)دا واژۆکرا و هەر دوای چەن ڕۆژێ، سەرکردایەتی شۆرش بڵاوەیان لێ کرد و شۆڕشەکەش هەرەسیهێنا.

شۆڕشی نوێ
ساڵی (1976)، شۆڕشی چەکداری نوێی گەلەکەمان دەسیپێکردەوە.
ڕۆژی (22. 9. 1980)، یەکەمین جەنگی کەنداو، لە نێوان (عێراق) و (ئێران)دا بەرپابوو، (8) ساڵی خایاند و پڕیشکی ئەو ئاگرە سوورە، لە کوردیش بە دوور نەبوو.
ڕۆژی (16. 3. 1988)، شارۆچکەی (هەڵەبجە) کیمیابارانکرا و خەڵکێکی زۆر شەهیدبوون.
ڕۆژی (19. 3. 1988) شاڵاوی بەدناوی ئەنفالەکان دەسیپێکرد و ڕۆژی (5. 9.)ی هەمان ساڵ کۆتاییهات، بە هەمووی (8) ئەنفالی گەورە و گچکە کرا، بە جارێ سەر و ماڵی ئەنفالکراوەکان تێداچوون!
ڕۆژی (2. 8. 1990) سوپای (عێراق) پەلاماری (کوەیت)ی دا و داگیریکرد. لەبەرئەوە هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی (ئەمێریکا) خۆیان کۆکردەوە، ڕۆژی (17. 1. 1991)، دووەمین جەنگی کەنداویان ڕاگەیاند، سوپای (عێراق)یان تێکشکاند و ڕۆژی (27. 2. 1991). خۆیان بەدەسەوەدا. گرنگ ئەوەیە، سەرکردایەتی پارتەکانی (کوردستان)، کەڵکیان لە ئەو دوو هەلە مێژووییە گرنگەی هەردوو جەنگی کەنداو وەرنەگرت و هەر خەریکی یەکدی لەنێوبردن بوون.

ڕاپەڕین
ڕۆژی (5. 3. 1991)، ڕاپەڕینی جەماوەری گەلەکەمان دەسیپێکرد، لە ماوەیەکی کەمدا، هەموو شار و شارۆچکەکانی (کوردستان)یان، لە هێزەکانی دوژمنی داگیرکەر پاککردەوە. بەڵام بە داخەوە، ئەم ئازادیی و خۆشییە، زۆری پێ نەچوو، ڕۆژی (31. 3. 1991)، کۆڕەوە یەک میلیۆنییە گەورەکەی خەڵکی بێچارەی کورد دەسیپێکرد. پاشان سەرانی پارتەکان، گفتوگۆیان لەگەڵ (بەعس) دەسپێکردەوە و خەڵکەکە بۆ شوێنی خۆیان گەڕانەوە.
ڕۆژی (5. 4. 1991)، یاسای ژمارە (688)ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەرچوو، لە (8) خاڵ پێکهاتبوو. نێوچەیەکی دژەفڕینیان بۆ هەموو (عێراق) ڕاگەیاند، گەلی کوردیش کەڵکی لێ وەرگرت. تا فڕۆکەکانی دوژمنی داگیرکەری دەوڵەتی (عێراق) نەتوانن، بە ئاسمانی (کوردستان)دا بفڕن. ئەمەش خۆی لە خۆیدا، پشگیرییەکی گەورەی نێودەوڵەتی کورد بوو.

پەرلەمان و میری هەرێم
ڕۆژی (19. 5. 1992)، یەکەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی (کوردستان) کرا.
ڕۆژی (4. 10. 1992) یەکلایەنە، پەرلەمانی (کوردستان) سیستەمی فیدراڵی ڕاگەیاند.
ڕۆژی (1. 4. 1994)، ئاگری جەنگی نێوخۆ، لە نیوان هێزەکانی (پارتی) و (یەکێتی)دا هەڵگیرسا و (4) ساڵی خایاند. ڕۆژی (31. 8. 1996)، لەسەر داوای (مەسعوود بارزانی)، سوپای داگیرکەری (عیراق)، شاری (هەولێر)ی داگیرکرد. پاشان هێزەکانی (یەکێتی) تێکشکان و پاشەکشەیانکرد. لە دواییشدا، (یەکێتی) بە یارمەتی (ئێران)، شاری (سولەیمانی) ڕزگارکرد، چەنگ لە نێوان هێزەکانی (یەکێتی) و (پارتی)دا، بە تەواوی گەرمبوو، تا (دێگەلە)یان سەندەوە و لە ئەوێدا وەستان. لە ئەنجامدا جگە لە ئەوەی کوردێکی زۆر تێداچوون، دەسەڵاتی هەرێمیش دوولەتبوو، دوو دەسەڵات لە هەردوو شاری (سولەیمانی) و (هەولیر) دامەزرا، تا ساڵی (2006) یەکیان نەگرتەوە.

سەردەمێکی نوێ
ڕۆژی (19. 3. 2003). جەنگ لە نیوان هێزەکانی هاوپەیمان و (عێراق)دا دەسیپێکرد و ڕۆژی (9. 4. 2003)، دەوڵەتی (بەعس) ڕوخا و هێزەکانی هاوپەیمان، هەموو (عێراق)یان داگیرکرد. پاشان یەکەمین ڕۆژی جێژنی قوربان (30. 12. 2006)، تاوانباری خوێنریژ (سەددام حوسێن)، بە سزای ڕەوای خۆی گەیشت و لەسێدارەدرا.
ڕۆژی (25. 9. 2017) گشتپرسێکی گشتی، لە (کوردستان) کرا، نزیکەی لە (98%) دەنگیان بۆ سەربەخۆیی دا، بەڵام تا ئێستە هیچ ئەنجامێکی نییە.
ڕۆژی (16. 10. 2017)، باڵێکی نێو (یەکێتی)، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ پاسدارانی (ئێران) و حەشدی شەعبی، نێوچەکانی (کەرکووک، خورماتوو، گوڵالە، داقووق، خانەقی، پردێ، مەخموور و شەنگال)یان، ڕادەسی هێزەکانی دەوڵەتی داگیرکەری (عێراق) کردەوە، زۆربەی دانیشتووانەکانیشیان دەربەدەربوون.

پەندی مێژوویی
دوای ئەوەی سیستەمی پاشایەتی نەما و سیستەمی كۆماری جێیگرتەوە، ئەم ڕووداوە چاوەڕواننەكراوە، وەرچەرخانێكی مێژوویی گرنگ و گۆڕانكارییەكی بنەڕەتی بوو، بەڵام بە شێوەیەكی باش كەڵكی لێ وەرنەگیرا. چونكە هەر گرووپ و پارتێكی ڕامیاری، بە گەز و جاوی خۆی كێشەكانیان دەپێوا، شتێ نەبوو، ناوی بەرژەوەندی باڵای گەلان و دەوڵەتی تازەی كۆماری (عێراق) بێ. ڕەنگە گەر بڵێم: ئەوەتەی ئەو دەوڵەتە زۆڵەكە هەڵتۆقیوە و ئیمپریالیزمی (بریتانیا) دایمەزراندووە، هەرگیز ئاسایش و هێمنی بە خۆیەوە نەدیوە، بەرژەوەندی گشتیش ڕەچاونەكراوە، هیچ لە ڕاستی لام نەداوە، لەبەرئەوەی لە كۆمەڵێ گرووپی ئیتنیك، ئایین و ئایینزای جیاواز پێكهاتووە، ئەم پێكهاتانە، چ لە نێوەوە و چ لە دەرەوەی دەوڵەتەكە، بە یەك دەنگ و بە یەك ڕەنگ، هەرگیز بۆ كێشە سەرەكییەكانی وڵاتەكە، خەباتیان نەكردووە و هەوڵیان نەداوە، بە شێوەیەكی ڕێكوپێك و ئاشتیخوازانە، گرفتەكان لە ڕەگوڕیشەوە هەڵكێشن و چارەسەرێكی بنەبڕی بۆ بدۆزنەوە، بەڵكوو هەموو لایەنێەکان، تەنیا هەر لە كڵاوڕۆژنەی بەرژەوەندییە تەسکەكانی خۆیانەوە، لە هەموو شتەكانیان ڕوانیوە. لە هەمان كاتیشدا، هیچیان سەریان بۆ ئەوانی دیكە دانەنەواندووە و هەمیشە هەر ویستوویانە، یەكدی بسڕنەوە. بۆیە ڕۆژبەڕۆژ تا هاتووە، كێشەی نەتەوەیی و ئایینزایی زیادیكردووە، هەروا بێ چارەسەركردن ماوەتەوە.
لە کۆتاییشدا دەڵێم: لە ماوەی ئەم (60) ساڵەدا، گەلی کورد جگە لە کاولکردنی نیستمانەکەی، ڕاونان و گرتن، ئازار و ئەشکەنجە، لەسێدارەدان و ڕەشەکوژی، کیمیاباران و ئەنفالکردنی سەروماڵی خەڵک، ئەو کۆدەتا سەربازییەی ساڵی (1958) ڕوویدا، چ جۆرە کەڵکیکی بۆ کورد هەبوو؟!! ئایا پێویستیدەکرد، شۆڕشی (11. 9. 1961) بەرپابکرێ؟!! بۆیە دەڵێم: بریا هەر ڕژێمی پاشایەتی بووایە و ئەم هەموو کارەساتە گەورانە، بەرۆکی ڕۆڵەکانی کوردی نەگرتایە!

*نووسەر و مامۆستای زانکۆ

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

دەشە كەریم لە پێشكەشكارییەوە بۆ كاری فاست فود

چیا جەزا خانمە پێشكەشكارێك خواردنگەیەكی ئامادەكردنی خواردنی خێرای بەناوی «دەشە ...