ژنە چالاكوانێك لە سعودیە لەسێدارەدەدرێت – knwe.org
سەرەکی » دۆسێ » ژنە چالاكوانێك لە سعودیە لەسێدارەدەدرێت

یەكەم جارە لە مێژووی وڵاتەكەدا

ژنە چالاكوانێك لە سعودیە لەسێدارەدەدرێت

داواكاریی گشتی لە سعودیە، داوا دەكات ئیسرا غەممام چنە چالاكوان و مافپەروەر لەسێدارە بدرێت، ئەمەش یەكەم جارە لە مێژووی شانشینی سعودیەدا، چالاكوانێكی «ئاشتیخواز»، رووبەڕووی توندترین سزا بكرێتەوە.
چاوەڕوان دەكرێت لە 28ی مانگی تشرینی یەكەمی داهاتوو، بڕیاری كۆتایی لەو كەیسە بدرێت كە بە هەمان شێوە پەیوەندی بە چوار دەستگیركراوی ترەوە هەیە.
داواكاریی گشتی سعودیە داوای كرد توندترین سزا رووبەڕووی ئیسرا غەممام و چوار چالاكوانی تر بكرێتەوە كە دانیشتووی ناوچەكانی خۆرهەڵاتی (زرینەی دانیشتوانەكەی شیعەمەزهەبن).
ئەمەش بە یەكەم داوای داواكاریی گشتی لە دادگای تایبەت بە تیرۆر لە سعودیە دادەنرێت كە داوای سەپاندنی سزای لەسێدارەدان دەكات.
بەپێی رێكخراوی هیومن رایتس وۆچ، ئیسرائی تەمەن 29 ساڵ، لەگەڵ هاوڕێ‌ زنیدانییەكانی، چەندان تۆمەتیان رووبەڕووكراوەتەوە كە هاوشێوەی تاوانە ئاساییەكان نیین و پەیوەندییان بە چالاكی ئاشتیخوازانەوە هەیە.
سارە لیا وتسن، بەڕێوەبەری بەشی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە رێكخراوەكە، سەبارەت بەو تۆمەتانە دەڵێت:»هەموو لەسێدارەدانەكان توقێنەرن، بەڵام هەوڵدان بۆ لەسێدارەدانی چالاكوانەكانی وەك ئیسرا غەممام كە تۆمەتبار نیین بە ئەنجامدانی كاریی توندوتیژی، مایەی ئابڕووچوونە. رۆژ لە دوای رۆژ سەركوتكاریی دەسەڵاتدارانی سعودیە ئەو ئەركانە قورستر دەكەن كە دێنە بەردەم چاكسازیی لەو وڵاتە».
ئەو تۆمەتەی رووبەڕووی چالاكوانە لاوەكە كراوەتەوە، بەشداریكردنیەتی لە ساڵی 2011 لە خۆپیشاندانێكدا لە ناوچەی خۆرهەڵاتی وڵاتەكە كە داوای هەڵگرتنی جەورو ستەمی كردبوو لەسەر ئەو ناوچانەی زۆرینەی دانیشتوانی شیعەن. ئەم داواكارییەش لەلایەن دەسەڵاتدارانی سعودییەوە بە «ناپاكی» دادەنرێت.
بەپێی رێكخراوی هیومن رایتس وۆچ، چالاكوانانی ناوچەی (شەرقی) خۆرهەڵات، دەڵێن»دەسەڵاتداران جیاكاریی دەكات لە دژی كەمینە شیعەكان».
ئیسرا غەممام، لەگەڵ موسا هاشمی مێردی لە 8ی كانوونی یەكەمی 2015وە دەستگیركراوە، رێكخراوی هیومن رایتس وۆچ دەڵێت»ئەو تۆمەتانەی رووبەڕووی كراوەتەوە، بەشداریكردنیەتی لە رێپێوان و خۆپیشاندان لە ناوچەی قەتیف، لەگەڵ هاندانی خەڵك بۆ خۆپیشاندان، و وتنەوەی دروشمی دژ بە دەوڵەت، و هەوڵدان بۆ دروستكردنی كاریگەریی لەسەر رای گشتی لە دژی دەسەڵات، و وێنەگرتنی رێپێوانەكە و بڵاوكردنەوەی لەسەر تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، و فەراهەمكردنی پشتیوانی مەعنەوی بۆ بەشداربوونی گردبوونەوەكان».
لەبەرانبەر ئەو تۆمەتانەدا كە دەستەی لێكۆڵینەوە و داواكاریی گشتی رووبەڕوویان كردۆتەوە كە یاسا بە تۆمەتییان دانانێت، غەممام یەكەم ژن دەبێت كە رووبەڕووی سزای لەسێدارەدان دەبێتەوە.

بەپێی رۆژنامەی «میدیڵ ئێست ئای»ی ئەلیكترۆنی، ئیسرا سەر بە خێزانێكی هەژارە و بەدرێژایی ماوەی دەستبەسەركردنی نەیتوانییەوە پارێزرێك بگرێت بۆ بەرگری.
یەڵام رۆژنامەكە لە زاری بەرگریكارانی مافەكانی مرۆڤەوە بڵاویكردۆتەوە، چەندان پارێزەر بە وەك خۆبەخش خۆیان تەرخان كردووە بەرگری لێبكەن، دوای ئەوەی كەیسەكەی دەنگی دایەوە.
لە ساڵی 2011وە ئەو ژنە لاوە لە بزاوتنێكی كۆمەلایەتی لە ناوچەی شەرقی كار دەكات كە زۆربەی چالاكییەكانی لە شاری قەتیفە.
ئیسرا وێنەی خۆپیشاندانەكانی گرتووە و یارمەتیدەر بووە بۆ رێكخستنیان.
ئەو خۆپیشاندانانە لەلایەن چالاكوانان و مافپەروەران و مەرجەعیەتە ئاینییەكانەوە رێكخران، و داوایان دەكرد ناوچەكەیان گەشەی پێبدرێت و هەلی كار بۆ دانیشتوان فەراهەم بكرێت و ئازادییە ئاینییەكان بڕەخسێنرێت كە بە گوتەی ئەوان لەلایەن دەوڵەتەوە (زۆرینەی سوننەوە)، جیاكاریی تێدا دەكرێت.
كۆمیسۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ لە نەتەوە یەكگرتووەكان، رەخنەی لە هەڵمەتی دەستگیركردنی ژنان گرتووە كە لەم چەند مانگەی دواییدا لە سعودیە زیادی كردووە.
لە بەیاننامەیەكیدا، كۆمیسۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا، دەستگیركردنی ژنانی لە سعودیە، بە دیاردەیەكی تری جیاكارییەكان لە دژی ژنان دانابوو.
رۆژنامەی (نیویۆرك تایمز)ی ئەمریكایی لەو بارەیەوە نوسیبوی»گەر دەسەڵاتداران پێشتر سەری نەیارانیان دەبڕی، لەئێستادا بۆ یەكەم جار داوای لەسێدارەدانی ژنە چالاكوانێكی ئاشتیخواز دەكەن، ئەم هەڵسوكەوتەش هەرگیز ئاسایی نییە».
لە 28ی تشرینی یەكەمی 2018، بڕیاری كۆتایی لەسەر لەسێدارەدانی ئیسرا غەممام دەدرێت، بەڵام بەر لە جێبەجێكردنی بڕیارەكە، پێویستە پادشای شانشینی عەرەبی سعودیە، پەسەندی بكات.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

ئەنقەر هاوڵاتییەكی بەریتانی بە حەوت ساڵ زیندانی سزادەدات

توركیا سزای زیندانی دەسەپێنێت بەسەر سەربازێكی پێشووی سوپای بریتانیا كە ...