وتاری‌ مەحمود حاجی ساڵح وەزیری‌ کاروباری‌ شەهیدان و ئەنفالکراوان لە ساڵیادی ئەنفالی خەڵکی بادینان دا – knwe.org
سەرەکی » ئاراستە » وتاری‌ مەحمود حاجی ساڵح وەزیری‌ کاروباری‌ شەهیدان و ئەنفالکراوان لە ساڵیادی ئەنفالی خەڵکی بادینان دا

وتاری‌ مەحمود حاجی ساڵح وەزیری‌ کاروباری‌ شەهیدان و ئەنفالکراوان لە ساڵیادی ئەنفالی خەڵکی بادینان دا

بەڕێز جەنابی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کاک نێچیرڤان بارزانی ..
بەڕێزان کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان..
بەڕێزان تاقانەکانی جینۆساید و زیندانیانی سیاسی ..
وەزیرە بەڕێزەکان و ئەندامانی پەرلەمانی بەرێز و بەرپرسانی داوودەزگا حکومییەکان ..
بەڕێزان نوێنەری پارت و لایەنە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی ..
ئامادەبووانی سییەمین ساڵیادی ئەنفال کردنی خەڵکی خۆڕاگری بادینان ..

به‌ناوی‌ وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بەخێرهاتنی هەموو لایەک دەکەین و سه‌ری ڕێز بۆ گیانی شه‌هیدانی ئه‌نفالکراوی دەڤەری بادینان‌ و که‌سوکاره‌ سه‌ربه‌رزه‌کانیان داده‌نه‌وێنین، ئه‌و شه‌هیدانه‌ی که‌ زێد و ئاواییه‌کانیان وێران کران و کۆمه‌ڵ کۆمه‌ڵ ده‌ست به‌سه‌ر کران و پاشان له‌ یه‌کتری جیاکرانه‌وه‌ و به‌شێوه‌یه‌کی زۆر دڕندانه‌ و بێ گوێدانە هیچ عورفێکی قانونی و ئایینی به‌کۆمه‌ڵ شه‌هید کران.

بەڕێزان ..
جێی وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه‌ ئه‌نفال له‌ سه‌رده‌مێکدا پیلانی بۆ دانرا و پاشان جێبه‌جێ کرا که‌ عێراقی به‌عس به ‌سوودوه‌رگرتن له‌و پشتیوانییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ی له‌ دوادواییه‌کانی جه‌نگی عێراق – ئێراندا لێی ده‌کرا و به‌هۆی ئه‌و هێزه‌ زه‌به‌لاحه‌ی که‌ له‌میانه‌ی جه‌نگی هه‌شت ساڵه‌دا پێکه‌وه‌ی نابوو، هه‌روه‌ها به‌ پشتبه‌ستن به‌و ئایدۆلۆژیا به‌عسییه‌ی که‌ هه‌ر له‌ بنه‌ڕه‌تدا کاری له‌سه‌ر تواندنه‌وه‌ی گەلی کوردستان وه‌کو مه‌ترسییه‌کی ناوخۆیی له‌سه‌ر ئاسایشی عێراق ده‌کرد، ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی بۆ ڕه‌خسا به‌ بیانووی کۆتاییهێنان به‌ شۆڕشی ڕەوای خەڵکی کوردستان له‌ ڕێی گرتنه‌به‌ری ڕستێک ڕێوشوێنی ئه‌منی و عه‌سکه‌ری و ده‌رکردنی چه‌ند فه‌رمانێکی یه‌ک له‌ دوای یه‌که‌وه‌ به‌ ئیمزای عه‌لی کیمیایی له‌ ساڵی ١٩٨٧ه‌وه‌ کار بۆ جێبه‌جێکردنی پیلانه‌ گڵاوه‌که‌یان بکه‌ن.
به‌گوێره‌ی فه‌رمانێکی عه‌لی کیمیایی که‌ پاشان وه‌کو به‌ڵگه‌یه‌کی گرنگی جینۆسایدی گەلی کوردستان مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا کرا، یه‌که‌م ڕاسپارده‌ی ئه‌وه‌ بووە که‌ نه‌هێڵێت تاقه‌ که‌سێک له‌و ناوچانه‌دا بهێڵێته‌وه‌ که‌ ئه‌و به‌ ناوچه‌ قه‌ده‌غه‌کراوه‌کانی پێناسه‌ کردبوو. ئەڵبەتە ئه‌و ناوچانه‌ش هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ی ده‌گرته‌وه‌ که‌ لەو سەردەمەدا نه‌ده‌که‌وتنه‌ ژێر کۆنترۆڵی ڕاسته‌وخۆی سوپاوه‌.
ئاشکرایه‌ لای هه‌مووان که‌ په‌لاماره‌کانی ئه‌نفال له‌ ٢٣ی شوباتی ١٩٨٨ه‌وه‌ لە میانەی شەش مانگ و بە هەشت قۆناغ هەموو ناوچەکانی دۆڵی جافایەتی، ناوچەی قەرەداغ، گەرمیان و حەوزی زێی بچوک، بالیسان و خۆشناوەتی کردە ئامانج و سەرەڕای خاپورکردن و سوتاندنی هەموو ئاواییەکانی ئەو ناوچانە، هەزاران هاوڵاتی مەدەنیش کە ژمارەیەکی زۆریان ژن و منداڵ و پیر بوون دەستبەسەرکران و پاشان بەشی هەرە زۆریان بێ سەروشوێن کران.

بەڕێزان ..
ئەنفالی هەشت کە ڕژێمی لەناوچووی بەعس بە (خاتیمەتولئەنفال) ناوزەدی کردبوو لە کاتێکدا بوو کە جەیشی ئیحتیلالی بەعسی بەشێکی گەورەی کوردستانی وێران و داگیر کردبوو، شەڕی عێراق/ئێران کۆتایی پێ هاتبوو، عێراق توانایەکی گەورەی هێنان و کۆکردنه‌وه‌ی هێز و جبه‌خانه‌یه‌کی یه‌کجار زه‌به‌لاحی لەبەردەستدا بوو.
بەپێی بەڵگەنامەكانی بەعس کە پاشان لەلایەن خەڵکی ڕاپەڕیوی کوردستانەوە دەستیان بەسەردا گیرا، سنوری شاڵاوی ئەنفالی بادینان سنورێکی فراوان و ئەو هێزانەی بۆ گرتنی ناوچەکە دانرابوو هێزێکی یەکجار گەورە و زەبەلاح بوو. سنوری عەمەلیاتی ئەنفالی بادینان لە باکوری رۆژئاواوە لە زاخۆ هەتا ئامێدی درێژ ببۆوە، لە باشورەوە شێخان و لە رۆژهەلاتیشەوە ئاكرێی دەگرتەوە. بۆ ئەنجامدانی ئەم تاوانەش هێزەکانی سەر بە فەیلەقی پێنج و تەنانەت هێزەکانی سەر بە فەیلەقەکانی سێ و شەش ‌و حەوت لە ناوچەی فاو و باشوری عێراقەوە بە هەموو فیرقەکانیانەوە گوازرانەوە بۆ بەشداریکردن لە شاڵاوەکەدا.
سەرەڕای هەموو ئەو بەڵێنانەی كە رژێم لە سەرەتای ئەنفالەوە دای بە گوێی دانیشتوانی ناوچە ئەنفالکراوەکاندا بۆ خۆ بەدەستدان و پاراستنی سەروماڵیان، بەڵام هیچیان جێبەجێ‌ نەكران ‌و هەموو ئەوانەی کەوتنە دەست سوپای عێراق دەستبەسەر کران و پاشان گۆڕغەریب کران. لە شاڵاوی ئەنفالی بادیناندا بەعس جیاوازی لەنێوان پێکهاتەکانی گەلی کوردستاندا نەکرد و لە تاوانەکەیدا پەلاماری هەموو پێکهاتە و ئایین و ئایینزاکانی دانیشتووی ڕەسەنی ناوچەکەی دا. بۆیە هەموو دانیشتوانی دەڤەرەکە بە کلدۆ ئاشوری و ئێزیدیەكانیشەوە ڕووبەڕووی هەمان چارەنووسی ڕەش بوونەوە و لە زێدی خۆیان هەڵ کەنران و جگە لەوانەیان کە ئاوارەی وڵاتان بوون، ئیتر ئەوانی تریان بێ سەروشوێن کران.
سەرکردە و فەرماندەکانی جەیشی ئیحتیلالی بەعسی دەستیان لە کەس نەپاراست، زۆرێک لە هاوڵاتیانی گوندەکانیان لە شوێنی خۆیان گوللەباران دەکرد. دەربازبووانی گوندی (کوریمێ) شایەتحاڵی زیندووی ئەم تاوانە قێزەونەن.
بەهەمان شێوەی شاڵاوەكانی پێشووتری ئەنفال و لەچەندین ناوچەی جیاجیا، تەنانەت ڕۆژێک پێش دەستپێکردنی شاڵاوەکە و لە ٢٤ی ئابدا فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق دەستیان کرد بە بۆردومانی کیمیایی و بۆ ڕۆژی دوایی و لە بەرەبەیانی دەستپێکی شاڵاوەکەشدا زنجیرەیەک گوندیان کردە ئامانج و چەكی كیمیاییان دژی هاوڵاتیان بەكارهێنا و بەو هۆیەشەوە ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتی و پێشمەرگەیان شەهید و بریندار کرد.

ئامادەبووانی بەڕێز ..
بەداخەوە دەڵێین کە لەم ساڵانەی دواییدا بەهۆی شەڕی نەگریسی داعش و قەیرانی داراییەوە هەندێک ئاستەنگ هاتە ڕێمان لە خزمەتکردنی کەسوکاری شەهیداندا، بەڵام لە ئێستادا و بە هیممەتی هەموو لایەک توانراوە تا ڕادەیەکی زۆر لەو ئاستەنگانە ڕزگارمان ببێت و دڵنیاتان دەکەینەوە کە حکومەتی هەرێم و وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بەردەوامە لەسەر دەستەبەرکردنی مافەکانی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆیان و لەهەمان کاتیشدا بەگرنگییەوە کار بۆ دۆزینەوە و هەڵدانەوەی گۆڕەبەکۆمەڵەکان و هێنانەوەی ڕوفاتی شەهیدانی ئەنفالکراو دەکات و هەوڵمان داوە لەڕێی دامەزراندنی تاقیگەی (دی ئێن ئەی)ەوە کار بۆ ناسینەوەی هەموو ئەو شەهیدانە بکەین کە پێشتر گۆڕغەریب کراون. لە دوا هەوڵەکانی وەزارەتمان و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش گفتوگۆکردنە لەگەڵ حکومەتی ئیتیحادی بەمەبەستی جێبەجێکردنی ماددەی ١٣٢ی دەستوری عێراق کە زامنی چاودێریکردن و پێدانی منحە و ئیمتیازاتی شایستە و قەرەبووکردنەوەی سەرجەم کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسییە و هەوڵەکانمان خەریکە ئەنجامی کۆتایی دەبێت.

بەڕێزان ..
جێی خۆیەتی ئەوە بە بیر کاربەدەستانی ئێستای عێراق بهێنینەوە کە تاکە زامنی ئاشتی و ڕوونەدانەوەی تاوانی لەم جۆرە تەنها و تەنها سەلماندنی مافە دەستورییەکانی خەڵکی کوردستان و بیناکردنی شەراکەتی ڕاستەقینەیە، ئەزموونەکان بەڕوونی ئەوەیان سەلماند کە پشتکردنە مافە دەستورییەکان و پێشێلکردنی مافەکانی گەلی کوردستان، جگە لە کارەسات و ماڵوێرانی و لێکترازان هیچی تری لێ بەرهەم نایەت. لە هەمان کاتیشدا یەکڕیزی گەلی کوردستان و یەکهەڵوێستی سەرجەم پارت و هێزە سیاسییەکانی کوردستان داخوازییەکی هەنووکەیی کەسوکاری شەهیدان و سەرجەم کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە.
لە یادی سی ساڵەی تاوانی ئەنفالدا سەری ڕێز بۆ گیانی بەرزەفڕی شەهیدانی ئەنفالکراو و کەسوکارە سەربەرزەکانیان دادەنەوێنین.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

دەشە كەریم لە پێشكەشكارییەوە بۆ كاری فاست فود

چیا جەزا خانمە پێشكەشكارێك خواردنگەیەكی ئامادەكردنی خواردنی خێرای بەناوی «دەشە ...