پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق – knwe.org
سەرەکی » وتار » لەشکر حەمە ساڵح » پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق

هەنگاو

پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق

خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەستبەكاربوون و ئەندامەكانی ئەم خولە سوێندی یاساییان خوارد.. وەك خولەكانی تر، ئەمجارەش چاوەڕوان دەكرێت ئەنجومەنەكە ماوەیەكی پێبچێت تا دەگاتە ئەوەی بڕیار لەسەر دابەشكردنەوەی پۆستەكان بدات، بە تایبەتی پۆستە گرنگەكانی سەرۆك وەزیران و سەرۆك كۆمار و سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران.
دوای تێپەڕبوونی چەندین مانگ بەسەر دانوستانی لایەنە عێراقییەكاندا بۆ دروستكردنی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیی بە ئامانجی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق، دواجار رۆژی 2ی ئەیلول هەردوو بەرەی لایەنە شیعەكان، كوتلەكانیان بۆ پێكهێنانی حكومەت راگەیاند، بەڵام لەئێستادا هەردوولا چاوەڕێی دوا هەڵوێستی كوردن بۆ ئەوەی بابەتی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیی یەكلایی بكەنەوە.
لە رووی یاساییشەوە ئەم پرسە زیاتر دەكەوێتە ئەستۆی دادگای باڵای فیدراڵی.
چەند سەعاتێك بەر لە دەستپێكردنی یەكەم كۆبونەوەی خولی نوێی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، هاوپەیمانی سائیرون بە سەرۆكایەتی موقتەدا سەدرو هاوپەیمانی نەسر بە سەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی و رەوتی حیكمەی عەمار حەكیم و هاوپەیمانی وەتەنییەی ئەیاد عەلاوی لەگەڵ چەند لایەنێكی سوننەو چەند پێكهاتەیەكی تردا كوتلەیەكیان بەناوی چاكسازی و بونیاتنانەوە راگەیاند، كە ژمارەی پەرلەمانتارەكانیان دەگاتە 180 پەرلەمانتار.
لە بەرامبەریشدا هەریەك لە نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح بەبەشداری چەند لایەنێكی تر هاوپەیمانی بونیاتنانیان راگەیاند كە ژمارەی پەرلەمانتارەكانی دەگاتە 145 پەرلەمانتار.
ئەوەشی كە رەنگە پرسەكە بە لایەكدا بخات خۆ ساغكردنەوەی كورد بەوەی دەچێتە پاڵ كام لەو دوو لایەنە.
لای خۆیەوە نوری مالیكی رایگەیاند، دوای دانوستانێكی زۆر هاوپەیمانێتییەكەیان پێكهێناوە و دەتوانن لە رێیەوە گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیی دروست بكەن.
فالح فەیاز كە لە هاوپەیمانی نەسری عەبادی جیابۆتەوە و بەشداری لە هاوپەیمانی بونیاتناندا كردووە، رایگەیاندووە، چاوەڕێی كوردن بۆ ئەوەی بەشداری هاوپەیمانێتییەكە بكات تا بەو شێوەیە ببنە گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی و كابینەی نوێی حكومەت رابگەیەنن.. لە هەمان كات هاوپەیمانێتـییەكەی سەدر و عەبادیش چاوەڕوانن كورد دوایین هەڵوێستی سەبارەت بەبەشداریكردن لە هاوپەیمانێتییەكەیاندا یەكلایی بكاتەوە، بەڵام كورد بەشداریكردنی لە یەكێك لەو كوتلانەدا بەند كردووە بەوەی تا چەند ئەو لایانانە داواكارییەكانی كورد جێبەجێ دەكەن.
ماوەی چەند رۆژێكیشە وەفدی هاوبەشی یەكێتی و پارتی بۆ خستەڕووی داواكارییەكانی كورد لە بەغدان و لەگەڵ زۆرینەی لایەنە سیاسییەكاندا كۆبونەتەوە و كارتی داواكارییەكانیان بۆ لایەنە عێراقییەكان خستۆتەڕوو.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بڵاوكراونەتەوە، لە ئێستادا مەرجەكانی كورد بۆ بەشداریكردن لە گەورەترین كوتلەدا، بڵاوكردنەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستانە لە كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان و جێبەجێكردنی ماددەی 140 لە دەستوری عێراقیی و خەرجكردنی لە سەدا 17 ی بەشە بودجەی هەرێم لەلایەن بەغداد و هەناردەكردنی نەوتی هەرێمە.
ئەگەرچی هەریەك لە ئەمریكا و ئێران بەپێی بەرژوەندییەكانیان رۆڵ و دەستوەردانیان هەیە لە پێكهێنانی گەورەترین كوتلەدا، بەڵام تا ئێستا كورد نەچۆتە ژێر گوشاری هیچ كام لەو دوو وڵاتە و جێبەجێكردنی داواكارییەكانی كردۆتە مەرجی سەرەكی بەشداریكردنیان لە گەورەترین كوتلەی پەرلەمانییدا.
كورد دەتوانێت تا ماوەیەك پرۆسەكە دوابخات و گوشار لەسەر هەردوو لایەنەكە دروست بكات بۆ ئەوەی بە دەنگ و بە تەنگ خواست و داواكاریی كوردەوە بن، بەڵام ئەم حاڵەت و رەوشە تا ماوەیەكی زۆر درێژە ناكێشێت، چونكە رەنگە لە هەر چركەیەكدا بێت گۆڕانكاری لە سەنگەربەندیی لایەنەكاندا دروست بێت، وەك چۆن فالح فەیاز و گروپ و دۆستەكانی لە هاوپەیمانی نەسری عەبادی كشانەوە، لە ناكاو كشانەوە و هەڵگەڕانەوەی تر لە ناو هەر یەكێك لەو دوو گروپ و بەرەیەدا دروست بێت.
ئەمەش لە كاتێكدایە، جۆرێك لە رای گشتی و یەك بۆچوونی هەیە لە نێوان لایەنە عەرەبییەكاندا، بە شیعە و سوننەوە كە ئەوان سازش بۆ یەكتری بكەن باشترە وەك لەوەی سازش بۆ كورد بكەن، بە تایبەتی لە پرسە گرنگەكانی وەك چارەنووسی ناوچە كوردستانییە دابڕێنراوەكان و ئەوەی پێی دەوترێت ناوچەكانی ماددەی 140.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

دەستپـێشخەرییەكەی یەكێتی

لەم چەند رۆژەدا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەستپێشخەریی كردوە و سەردانی ...