ئاشتیی جیهانیی ئابووری‌‌و ئاڵوگۆڕی‌ بازرگانی‌ ده‌بوژێنێته‌وه‌ – knwe.org
سەرەکی » راپۆرت » ئاشتیی جیهانیی ئابووری‌‌و ئاڵوگۆڕی‌ بازرگانی‌ ده‌بوژێنێته‌وه‌

ئاشتیی جیهانیی ئابووری‌‌و ئاڵوگۆڕی‌ بازرگانی‌ ده‌بوژێنێته‌وه‌

تۆنی‌ بلێر* داهاتووی‌ ناوچه‌ی‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست ئاشكرا ده‌كات

گۆڤاری‌ ئه‌لمجه‌له‌ی‌ له‌نده‌نی‌

راپۆرتێكی‌ تۆنی‌ بلێر-ی‌ سه‌رۆك وه‌زیری‌ پێشووتری‌ بریتانیا به‌ گشتی‌ باس له‌ گه‌شه‌ی‌ بازرگانی‌ درێژخایه‌نی‌ نێوان ئیسرائیل‌و ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ ده‌كات كه‌ رێكه‌وتنی‌ ئاشتی‌ له‌گه‌ڵیاندا هه‌یه‌، كه‌ بریتین له‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ فه‌له‌ستینی‌، ئوردن‌و میسر.
راپۆرته‌كه‌ ده‌ڵێ: «هه‌رچه‌نده‌ له‌ نێوان ئیسرائیل‌و بازاڕه‌كانی‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاستدا بازرگانییه‌كی‌ گه‌وره‌ هه‌یه‌، به‌ڵام هێشتا توانای‌ زۆر له‌وه‌ زیاتریش هه‌یه‌ له‌ بواری‌ هاوكاری‌ بازرگانی‌‌و ئابووری‌ نێوان ئیسرائیل‌و عه‌ره‌بدا كه‌ سوودی‌ لێ وه‌رنه‌گیراوه‌». راپۆرته‌كه‌ تیشك ده‌خاته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ رێكه‌وتنه‌كانی‌ ئاشتی‌ چۆن یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت بۆ گه‌شه‌ی‌ ئابووری‌، نه‌ك هه‌ر له‌ رێگه‌ی‌ كردنه‌وه‌ی‌ رێگه‌ی‌ نوێی‌ بازرگانییه‌وه‌، به‌ڵكو لایه‌نه‌كانی‌ رێكه‌وتنه‌كه‌ش قازانجی‌ گه‌وره‌یان لێ ده‌ست كه‌وتووه‌، چونكه‌ ئه‌و پاره‌ زۆره‌ی‌ پێشتر بۆ به‌رگری‌ خه‌رج ده‌كرا، ئێستا ده‌كرێ له‌ بواری‌ تردا وه‌به‌رهێنانی‌ پێ بكرێت.
رێكه‌وتنی‌ ئاشتی‌ له‌گه‌ڵ ئیسرائیلدا رێگه‌ی‌ به‌ هه‌ریه‌ك له‌ ئوردن‌و میسر داوه‌، بڕێكی‌ زۆر یارمه‌تی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ وه‌ربگرن، هه‌روه‌ها رێگای‌ نوێی‌ بازرگانی‌ باشی‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مریكادا بۆ ره‌خساندوون. راپۆرته‌كه‌ی‌ بلێر باس له‌وه‌ش ده‌كات، كه‌ بوونی‌ هاوكاری‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا به‌ره‌وپێشچوونی‌ گه‌وره‌ی‌ به‌دواوه‌ ده‌بێت له‌ بواری‌ ته‌كنۆلۆژیا‌و رۆشنبیری‌‌و بازرگانی‌‌و زۆر ده‌رفه‌تی‌ تریش بۆ گه‌شه‌ی‌ ئابووری‌.
له‌ كاتێكدا كه‌ ئیسرائیل‌و فه‌له‌ستین په‌یوه‌ندی‌ بازرگانییان هه‌یه‌، ئه‌و راپۆرته‌ باس له‌وه‌ش ده‌كات كه‌ پشت به‌ستنی‌ ئابووری‌ فه‌له‌ستین به‌ ئیسرائیل له‌م ساڵانه‌ی‌ دواییدا له‌ زیادبووندایه‌. له‌ ساڵی‌ 2016دا ئیسرائیل سه‌رچاوه‌ی‌ 60%ی‌ هاورده‌ی‌ تۆمار كراوی‌ فه‌له‌ستین بووه‌، خۆ ئه‌گه‌ر بازرگانی‌ تۆمار نه‌كراویش ئه‌ژمار بكه‌ین ئه‌و رێژه‌یه‌ ده‌گاته‌ دوو له‌سه‌ر سێ‌و هه‌نارده‌ش ده‌گاته‌ 90%‌و زیاتریش. جگه‌ له‌وه‌ش ژماره‌ی‌ ئه‌و كرێكاره‌ فه‌له‌ستنیانه‌ی‌ له‌ ئیسرائیل كار ده‌كه‌ن زۆر زیادی‌ كردووه‌‌و له‌ 40 هه‌زار كرێكاره‌وه‌ له‌ ساڵی‌ 2002دا گه‌یشتۆته‌ 130 هه‌زار له‌ ساڵی‌ 2016دا. راپۆرته‌كه‌ش ده‌ڵێ: بۆ پشتیوانی‌ كردن له‌ ده‌وڵه‌تێكی‌ ئاینده‌ كه‌ سه‌ربه‌خۆ بێت‌و توانای‌ ماناوه‌ی‌ هه‌بێت، ده‌بێ رێگه‌ به‌ گه‌شه‌ كردنی‌ ئابووری‌ فه‌له‌ستین بدرێت.
راپۆرته‌كه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات، كه‌ به‌بێ گه‌یشتن به‌ رێكه‌وتنی‌ كۆتایی له‌گه‌ڵ فه‌له‌ستینییه‌كاندا، خه‌رج‌و تێچوونی‌ ئاسایشی‌ ئیسرائیل زۆر به‌رز ده‌بێت‌و نزیكه‌ی‌ 15%ی‌ تێكڕای‌ داهاتی‌ گشتی‌ ده‌بێت. به‌ چاره‌سه‌ر كردنی‌ ناكۆكییه‌كان له‌گه‌ڵ فه‌له‌ستین، ئه‌و رێژه‌یه‌ ده‌بێته‌ نیوه‌. هه‌روه‌ها خه‌رج‌و تێچوونی‌ فه‌له‌ستینییه‌كانیش به‌هۆی‌ ململانێیان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل زۆر ده‌بێت، كه‌واته‌ ئێمه‌ نزیكه‌ی‌ 30 ساڵ ده‌رفه‌تی‌ گه‌شه‌ی‌ ئابووریمان له‌ده‌ست داوه‌.
هه‌ر ئه‌و راپۆرته‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات، كه‌ بازرگانی‌ له‌ ناوچه‌ی‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاستدا روو له‌ گه‌شه‌یه‌، به‌ڵام بۆ گه‌یشتنی‌ ته‌واو به‌و ده‌رفه‌ته‌ گه‌ورانه‌ی‌ بازاڕی‌ ئه‌م ناوچه‌یه‌ ده‌یانڕه‌خسێنێ، پێویسته‌ به‌رنامه‌یه‌كی‌ ئیقلیمی‌ ره‌چاو بكه‌ین بۆ گه‌یشتن به‌ پرۆسه‌ی‌ ئاشتی‌، به‌رنامه‌یه‌ك كێشه‌ی‌ فه‌له‌ستین بخاته‌ سه‌ر راسته‌ڕێی‌ چاره‌سه‌ر. ئه‌گه‌ر كۆت‌و به‌ندی‌ سه‌ر هه‌نارده‌ی‌ ئیسرائیل بۆ وڵاتانی‌ عه‌ره‌بی‌ نه‌مێنێت، توانایه‌كی‌ له‌ڕاده‌به‌ده‌ر هه‌یه‌، چونكه‌ ناوچه‌كه‌ به‌ قۆناغێكی‌ راگوزه‌ری‌ گه‌وره‌دا تێده‌په‌ڕێ، پێویسته‌ ئامانجی‌ كۆتایی، ئابوورییه‌كی‌ ئازاد‌و پابه‌ندی‌ رێسا بێت‌و لێبورده‌یی ئایینیی تێدا ره‌چاو بكرێت. له‌م چوارچێوه‌ ئیقلیمییه‌ فراوانه‌شدا پێویسته‌ رێگه‌ به‌ توانا ئابوورییه‌كانی‌ ئیسرائیل‌و خاڵه‌ به‌هێزه‌كانی‌ ئابووری‌ ئیسرائیل بدرێت، رۆڵی‌ سه‌ره‌كی‌‌و زیاتر ببینێت له‌ هاوكاری‌ كردنی‌ ئابووری‌ ناوچه‌كه‌دا. ئه‌گه‌ر لابردنی‌ به‌ربه‌سته‌ سیاسییه‌كان له‌ توانادا هه‌بێت، ئه‌وكات به‌شداری‌ ئیسرائیل له‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاستدا زۆر گرنگ ده‌بێت، كه‌ چاره‌سه‌ری‌ درێژخایه‌ن بۆ هه‌ندێك ئاسته‌نگی‌ ناوچه‌كه‌ ده‌كات، له‌وانه‌ش ئاسته‌نگ‌و كێشه‌ی‌ ئاو‌و وزه‌‌و گه‌شه‌ی‌ پیشه‌سازی‌ درێژخایه‌ن.
به‌ڵام بۆ گه‌یشتن به‌و ئاسته‌، ده‌بێ كێشه‌ی‌ فه‌له‌ستین چاره‌سه‌ر بكرێت. ئه‌وه‌ی‌ كه‌ پێویسته‌، سوود وه‌رگرتنه‌ له‌ دینامیكیی به‌رده‌وام گۆڕاوی‌ ناوچه‌كه‌ بۆ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كانی‌ هه‌ردوو ده‌وڵه‌ته‌كه‌. ده‌كرێ ئابووری‌‌و بازرگانی‌ ته‌كه‌تولی‌ جیاجیا دروست بكه‌ن، یان ببنه‌ پایه‌یه‌ك بۆ جێبه‌جێ كردنی‌ پرۆسه‌كه‌.
له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌شدا كه‌ باس كران، ئابووری‌ ناتوانێ جێگه‌ی‌ سیاسه‌ت بگرێته‌وه‌، به‌بێ به‌ره‌وپێشچوون له‌ بواری‌ سیاسیدا، هه‌ر به‌ره‌وپێشچوونێكی‌ ئابووری‌ به‌رده‌وام له‌ مه‌ترسی‌ پاشه‌كشه‌دا ده‌بێت. ده‌ستپێشخه‌ری‌ ئاشتی‌ عه‌ره‌بی‌ مانای‌ پابه‌ندبوونی‌ ناوچه‌كه‌یه‌ به‌ ئاشتییه‌وه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه‌ ئێستا جۆرێك له‌ سستی‌ هه‌یه‌، سه‌ركردایه‌تی‌ ئیسرائیل‌و فه‌له‌ستینیش ده‌زانن چاره‌سه‌ری‌ كۆتایی چۆن ده‌بێت‌و چۆنیش ده‌كرێ بگاته‌ ئه‌نجام له‌ چوارچێوه‌ی‌ سیاسه‌تێكی‌ پڕ به‌رهه‌متردا. له‌ سایه‌ی‌ بارودۆخێكی‌ وه‌هاشدا كه‌ غه‌ززه‌ به‌ره‌و خراپی‌ ده‌چێت، پێویسته‌ هه‌موو هه‌وڵێك بدرێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ پرۆسه‌ی‌ ئاشتی‌ جارێكی‌ تر بخرێته‌وه‌ سه‌ر رێگه‌ی‌ راسی‌ خۆی‌، ئه‌گه‌ر وا نه‌بێت، ئه‌وا ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ له‌بارانه‌ی‌ گه‌شه‌ی‌ ئابووری‌‌و بازرگانی‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا روو نادات.

*سه‌رۆك وه‌زیری‌ پێشوتری‌ بریتانیا‌و سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ په‌یمانگای‌ تۆنی‌ بلێر.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

كار بۆ ده‌كردنی‌ ئه‌و یاسا و بڕیارانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ ئه‌مرۆ كۆمه‌ڵگای‌ كوردستان پێویستیەتی

ته‌ها عه‌بدوڵڵا كاندیدانی‌ لیستی‌ 105ی یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان به‌ڵێن دووپات ...