خۆپیشاندانەكانی بەسرە درێژە دەكێشن – knwe.org
سەرەکی » دۆسێ » خۆپیشاندانەكانی بەسرە درێژە دەكێشن

كونسوڵخانەی ئێران سووتێنرا

خۆپیشاندانەكانی بەسرە درێژە دەكێشن

خۆپیشاندانەكان لە بەسرە درێژە دەكێشن و خۆپیشاندەران لە شەوی 7لەسەر 8ی ئەیلولی 2018، وێڕای سوتاندنی زۆرێك لە بنە و بارەگای حزبە سیاسییەكان، كونسوڵخانەی گشتی كۆماری ئیسلامی ئێران لە شارەكەدا دەسوتێنن.
ئەم رووداوانە حكومەتی عیراقی ناچار دەكات چەند بڕیارێكی گرنگ لەبارەی پارێزگاكەوە دەربكات و بەشێوەیەكی جددی بیر لە چارەسەركردنی ئەو كێشانە بكاتەوە كە بەدرێژایی چەندان ساڵە بەرۆكی دانیشتوانی بەسرەی گرتووە.
لە خۆپیشاندانەكاندا كە كاریی توندوتیژی و پێكداهەڵپژارنی نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكانی بەخۆوەبینی، ژمارەیەك لە خۆپیشاندەران كوژران و ژمارەیەكی تر برینداربوون.
پەلهاویشتنی خۆپیشاندانەكان بۆ كاریی توندوتیژی، حكومەت و حزبە سیاسییەكان و هێزە ئەمنییەكانی خستۆتە دۆخێكی نەخوازراوەوە كە وایان لێدەكات هەمان دروشم و لێدوانە سواوەكانی پێشوو دووبارە نەكەنەوە و پێداچوونەوە بە سیاسەتەكانیدا بكەنەوە لەڕووی مامەڵەكردنیان لەگەڵ هاوڵاتیان.

لێكۆڵینەوە لە هێزە ئەمنییەكان
حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عیراق، بڕیاریدا، هێزە ئەمنییەكانی بەرپرس لە پاراستنی دامەزراوە و كونسوڵخانەی ئێران لە بەسرە، رەوانەی لێكۆڵینەوە بكات.
لەو بارەیەوە نوسینگەی رۆژنامەوانی عەبادی لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە»حەیدەر عەبادی سەرۆكی ئەونجومەنی وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان، فەرمانی كرد بە ئەنجامدانی لێكۆڵینەوە لەگەڵ ئەو هێزە ئەمنییەی بەرپرس بووە لە پاراستنی دامەزراوە عیراقییەكان و كونسوڵخانەی ئێرانی لە بەسرە».
هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە»هۆكاریی لێكۆڵینەوەكە بۆ بەجێنەگەیاندنی ئەركی فەراهەمكردنی پارێزگاریی پێویست بۆ ئەو دامەزراوانە، لەلایەن ئەو هێزەوە دەگەڕێتەوە».
پاش زنجیرەك خۆپیشاندان لە پارێزگای بەسرە، ئێوارەی 7ی ئەیولی 2018 خۆپیشاندەران لەگەڵ وتنەوەی دروشمی دژ بە وڵاتەكە هەڵیانكوتایە سەر بارەگای كونسوڵگەریی ئێران لە بەسرە و سوتاندییان، دوابەدوای ئەوەش فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی بەسرە قەدەغەی هاتووچۆی لە شارەكە تا كاتێكی نادیار ڕاگەیاند.
پاش ڕووداوەكە، بەهرام قاسمی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا بەتوندی ئیدانەی ئەو كارەی كرد و داوای لە حكومەتی عیراق كرد، ئەنجامدەرانی ڕووداوەكە بدۆزێتەوە و سزایان بدات.
بە وتەی قاسمی» بەپێی زانیاریی سەرەتاییەكانی ئەوان، هۆكارێكی تری ڕووداوەكە كەمتەرخەمیی هێزە ئەمنییەكانی عیراق بووە لەو ناوچەیە».

گۆڕینی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی بەسرە
لیژنەی ئەمنی لە ئەنجومەنی پارێزگای بەسرە رایگەیاند، فەریق روكن جەمیل شەممەری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی بەسرە گۆڕدراوە بە فەریق روكن رەشید فلەیح، لە شوێنی لیوای جاسم سەعدی فەرماندەی پۆلیسی پارێزگاكەش، لیوا روكن جەعفەر سەدام دانراوە.
جەبار ساعدی سەرۆكی لیژنەی ئەمنی پارێزگای بەسرە بە ماڵپەڕی (سۆمەریە نیوز)ی راگەیاندووە»بڕیارێكی ناوەندی دەرچووە بۆ گۆڕینی فەریق روكن جەمیل شەممەری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی بەسرە بە فەریق روكن رەشید فلەیح، لە جێگەی لیوای جاسم سەعدی بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگاكەش، لیوا روكن جەعفەر سەدام دانراوە».
بە وتەی ساعدی»گۆڕینی ئەو دوو فەرماندەیە، رێوشوێنێكی ئاساییە و لە چوارچێوەی گۆڕینی فەرماندەكاندایە».
پێشتر نوسینگەی رۆژنامەوانی عەبادی لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندبوو»حەیدەر عەبادی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان، فەرمانی كرد بە ئەنجامدانی لێكۆڵینەوە لەگەڵ ئەو هێزە ئەمنییەی بەرپرس بووە لە پاراستنی دامەزراوە عیراقییەكان و كونسوڵخانەی ئێرانی لە بەسرە»، هۆكاریی لێكۆڵینەوەكەشی بۆ بەجێنەگەیاندنی ئەركی فەراهەمكردنی پارێزگاریی پێویست بۆ ئەو دامەزراوانە، لەلایەن ئەو هێزەوە گەڕاندبۆوە.

هێرشدەكرێتە سەر فڕۆكەخانەی بەسرە
سەرچاوەیەك لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەسرە، وردەكاریی زیاتر لەبارەی ئەو موشەكانەوە دەخاتەڕوو كە لە نزیك فڕۆكەخانەی بەسرە و كونسوڵخانەی ئەمریكاوە كەوتبوونە خوارەوە.
شەممەی رابردوو، سەرچاوەیەك لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەسرە راگەیاندووە»بەرەبەیانی ئەمڕۆ چەند موشەكێك لە نزیك كونسوڵخانەی ئەمریكا و فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەسرە كەوتنەخوارەوە، شوێنی كەوتنەخوارەوەی موشەكەكان دوور بوو لە تەلاری گەشتیاران و شوێنی فڕۆكەكان، بەو واتایەی لە دەرەوەی چوارچێوەی فڕۆكەخانەكە بووە».
سەرچاوەكە، رەتیكردبۆوە بەهۆی هیچ زیانێك بەهۆی كەوتنەخوارەوەی موشەكەكانەوە كەوتبێتەوە، و رایگەیاندبوو كە لەئێستادا جوڵەی سەفەركردن لەڕێی فڕۆكەخانەكەوە، ئاساییە».
بە وتەی ئەو سەرچاوەیە كە نەیویستبوو ناوی خۆی ئاشكرا بكات»پێدەچێت ئەو موشەكانە كونسوڵخانەی ئەمریكایان كردبێتە ئامانج كە لە تەنیشت فڕۆكەخانەكەیە».
پێشتر ماڵپەڕی (سكای نیوز عەرەبیە) لە زاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە بڵاویكردبۆوە، بەیانی ئەمڕۆ سێ موشەك ئاراستەی فڕۆكەخانەی بەسرە كراوە، بەڵام موشەكەكان لە زەویەكی ناو فڕۆكەخانەكە كەوتوونەتەخوارە و هیچ زیانێكی گیانی و ماددییان بەدواوە نەبووە.

ژمارەی قوربانییەكانی هەینی
وەزارەتی تەندروستی عیراق رایگەیاند، ژمارەی قوربانیانی خۆپیشاندەران لە رووداوەكانی دوێنێ‌ هەینی، سێ‌ شەهید و 50 برینداربوو.
ئەمڕۆ شەممە، سەیف بەدر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عیراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند»ژمارەی قوربانیان لە رووداوەكانی دوێنێی بەسرە، گەیشتە سێ‌ شەهید و 50 بریندار كە 48 بریندارییان مەدەنین و دوانەكەی تر پۆلیسن».
بە وتەی بەدر»برینی 26 لە بریندارەكان بە گوللـە بووە، و یەكێكیش دووچار تەنگە نەفەسی بووە، وەزارەتی تەندروستیش لە بەسرە، دامەزراوەكان و كادرەكانی خۆی خستۆتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە بۆ هەر رووداوێكی نەخوازراو»، ئاماژەی بە بەردوامبوونی وەزارەتەكەش كرد لە رەوانەكردنی دەرمان و پێداویستی پزیشكی بۆ بەسرە.
شەوی رابردوو، وەزارەتی تەندروستی رایگەیاند، ژمارەی قوربانیان لە پارێزگای بەسرە تا كاتژمێر نۆ، یەك كوژراو و بریندارێك بووە كە باری تەندروستی لە مەترسیدایە.
هەینی رابردوو، خۆپیشاندانی فراوان لە ناوچە جیاجیاكانی پارێزگای بەسرە سازكرا، و هەندێك لە خۆپیشاندەران ژمارەیەك لە بارەگا حكومییەكانیان سوتاند، وێڕای سوتاندنی كونسوڵخانەی ئێرانی لە شارەكە.

بەندەری ئوم قەسر دادەخرێت
بەهۆی خۆپیشاندانەكانی پارێزگاكە، دەسەڵاتدارانی عیراق بەندەری ئوم قەسریان لە بەسرە داخست، موحسن رازی فەرمانبەر لە بەندەری ئوم قەسر بە ئاژانسی ئەنادۆڵی ڕاگەیاندووە، «دەرگاكانی بەندەری ئوم قەسر بە تەواوی بەڕووی هاتن و چوونی كەشتییە بارهەڵگرەكان تا كاتێكی نادیار داخران، كردنەوەی بەندەرەكەش پەیوەندی بە ئاسایی بوونەوەی دۆخەكەوە هەیە».
ئەنمار سافی وتەبێژی كۆمپانیای گشتی بەندەرەكان سەر بە وەزارەتی گواستنەوەی عیراق، ڕایگەیاندبوو « كازم فتجان وەزیری گواستنەوە پەیامێكی ئاراستەی خۆپیشاندەرانی پارێزگای بەسرە كردووە و داوای لێكردوون زیان بە فڕۆكەخانە و بەندەرەكان نەگەیەنن، بەو پێیەی دامەزراوەی خزمەتگوزاریین».
بە وتەی ئەنمار سافی «وەزارەتی گواستنەوە لەگەڵ داواكارییە رەواكانی خۆپیشاندەرانە، بەڵام لەگەڵ ئەوەدانییە زیان بە دامەزراوە خزمەتگوزارییەكان و بارەگا و فەرمانگەكانی حكومەت بگات، چونكە خزمەتگوزاری گشتی پێشكەش بە گەل دەكەن».
دوابەدوای ئەوە لە سەرلەبەیانی 8ی ئەیلول، كۆمپانیای گشتی بەندرەكان كە بارەگاكەی لە پارێزگای بەسرەیە، بەگەڕكەوتنەوەی هەموو بەندەرە بازرگانییەكانی بەشێوەیەكی ئاسایی راگەیاند، ئەمەش دوای ئەوەی بۆماوەی دوو رۆژ بەشێوەیەكی نیمچە تەواوەتی لەگەڕكەوتبوون، بەهۆی خۆپیشاندانەكان كە كاریی توندوتیژییان بەخۆوەبینی.
ئەنمار عەبدولمونعیم سافی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پەیوەندییە گشتییەكان لە كۆمپانیای كۆمپانیای گشتی بەندرەكان لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو»بەندەرە بازرگانییەكان لە بەرەبەیانی 8ی ئەیلولەوە بەشێوەیەكی ئاسایی دەستییان كردۆتەوە بەكاركردن، ئەو كەشتیانەی كەلوپەل و كاڵای جیاجیایان هەڵگرتووە، روویان لە بەندەرەكان كردووە، ئەمەش دوای ئەوەی پێشتر ئەو كەشتیانە لە ناوچەی چاوەڕوانكردندا راوەستابوون، هەروەها كاریی باركردن و داگرتنی بارەكانیش بەشێوەیەكی ئاسایی بەڕێوەدەچن».
بە وتەی سافی، لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا بەندەرەكان بەشێوەیەكی نیمچە تەواوەتی لەگەڕكەوتبوون بەهۆی رووداوەكانی پارێزگای بەسرە، بەجۆرێك كە هیچ كەشتییەك لە بەندەرەكاندا لەنگەری نەگرتبوو»، ئاماژەی بە رۆیشتنی ئەو خۆپیشاندەرانەش كردبوو كە پێشتر دەروازە دەرەكییەكانی هەردوو بەندەری ئوم قەسری باشوور و باكووریان داخستبوو.

هەڵوێستی ئەمریكا بەرانبەر خۆپیشاندانەكانی بەسرە
ئەمریكل هەڵوێستی خۆی بەرانبەر بە رووداوەكانی ئێستای شاری بەسرەی عیراق رادەگەیەنێت.
هیدز نویرت وتەبێژی رەسمی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لەبارەی رووداوەكانی شاری بەسرەی عیراقەوە لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند»بەپێی دەستوی عیراقی، مافی ئەنجامدانی خۆپیشاندانی ئاشتیانە فەراهەم كراوە و ئەركی پاراشتنی سامانی گشتی و تایبەت، بە هەمان شێوە لە دەستوری عیراقیدا ئاماژەی پێكراوە».
هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە»ولایەتە یەكگرتووەكان ئیدانەی كاریی توندوتیژی دەكات لە دژی دیپلۆماتكاران، بەو رووداوانەش كە لە بەسرە رویاندا، داواش لە هەموو لایەنەكان دەكەین بە هێزە ئەمنییەكان و خۆپیشاندەرانیش، پشتیوانی لە گردبوونەوەی ناڕەزایی ئاشتیانە بكەن و دیپلۆماتكاران و دامەزراوەكان بپارێزرێن».
لەم چەند رۆژەی رابردوو، بەسرە تەوژمێكی خۆپیشاندانی بێ‌ پێشینەی بەخۆوەبینی كە تێیدا بارەگا و نوسینگەی زۆربەی حزب و بزوتنەوەی سیاسییەكان سوتێنران، وێڕای سوتاندنی دامەزراوە حكومییەكان و سوتاندنی كونسوڵخانەی گشتی ئێران لەشارەكە، هەروەها خۆپیشاندە ران هەڵیانكوتابووە سەر نەخۆشخانەی بریندارانی حەشدی شەعبی، ماڵ و تەلاری هەندێك لە بەرپرسانیش رووبەڕووی دەستدرێژی بۆوە، لەوانە سوتاندنی ماڵی عەواتیف نیعمە پەرلەمانتاری پێشووی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا.

كۆبوونەوەیەكی نائاسایی ئەنجومەنی وەزیران

ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، لە دانیشتنێكی نائاسایی كە لە 8ی ئەیولی 2018 سازیكرد، چەند بڕیارێكی لەبارەی بەسرەوە دەركرد، لەوانە رەوانەكردنی تیمێكی وەزاری بۆ مانەوە لە بەسرە تا ئەو كاتەی بەركەكانی سەرشانی بەجێدەگەیەنێت، تیمەكەش لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە تەواوی دەسەڵاتی پێدەدرێت، وێڕای دابینكردنی بودجەیەك كە لەژێر ئیدارەی ئەو تیمەدا دەبێت كە دەسەڵاتێكی تەواوی پێدەدرێت.
نوسینگەی رۆژنامەوانی ئەنجومەنی وەزیران لەو بارەیەوە لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندبوو»وەك جێبەجێكردنی ئەو بڕیارانەی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەركراوە بۆ چارەسەركردنی پێداویستییەكانی پارێزگای بەسرە، ئەنجومەنی وەزیرا بڕیاریدا، رەزامەندی لەسەر بەدەركردنی چەند بڕگەیەك لە رێنماییەكانی بودجەی گشتی ساڵی 2018 بۆ بەسرە دەرببڕێت لەگەڵ رێنماییەكان بۆ جێبەجێكردنی گرێبەستە حكومییەكانی ژمارەی 2ی ساڵی 2014، بۆیە بڕیاردرا پشتیوانی و كۆمەكی دانیشتوانی بەسرە بكرێت، بە تایبەت خانەوادەی قوربانییە مەدەنییەكان و سەربازییەكان».
هەر لە بەیاننامەكەی نوسینگەی رۆژنامەوانی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقدا هاتبوو»بڕیاردرا بە رەوانەكردنی تیمێكی وەزاری بەپێی بڕیاری 271ی ساڵی 2018ی ئەنجومەنی وەزیران و مانەوەی لە بەسرە تا ئەو كاتەی ئەركەكانی خۆی بەجێدەگەیەنێت، تیمەكە هەموو دەسەڵاتێكی پێویستی پێدەدرێت لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە، بودجەیەكیشی بۆ تەرخان دەكرێت كە لەژێر سەرپەشتی خۆیدا دەبێت، وێڕای پشتیوانی لە هێزە ئەمنییەكان و هێزە چەكدارەكان بۆ سەپاندنی یاسا و رەخساندنی بواری تەواو لەپێناو پارێزگاریكردن لە سەروماڵی هاوڵاتیان و سامانی گشتی دەوڵەت».
ئەنجومەنی وەزیران، بەپێی بەیاننامەكە تەئكیدی لەسەر «مافی خۆپیشاندانی ئاشتیانە و مافی پاراستنی كردبۆوە كە لەدەستوردا دیاریی كراوە، وێڕای پشتیوانی لە دەستپێشخەرییەكانی كۆمەڵی مەدەنی بۆ بەشداریی لە هەڵمەتەكانی ئاوەدانكردنەوە و كاریی خۆبەخشانە، هەروەها پێكگەیشتن لەگەڵ توێژی لاوان لە پارێزگای بەسرە و بەشداریپێكردنیان لە پرۆژە چاكسازییەكان».
8ی ئەیلولی 2018، ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق كۆبوونەوەیەكی نائاسایی سازكرد بۆ گفتوگۆ لەبارەی رەوشی بەسرە و دەركردنی چەند بڕیارێكی پێویست بۆ چارەسەكردنی ئەو تەنگژانەی روویان لە پارێزگاكە كردووە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

ئەنقەر هاوڵاتییەكی بەریتانی بە حەوت ساڵ زیندانی سزادەدات

توركیا سزای زیندانی دەسەپێنێت بەسەر سەربازێكی پێشووی سوپای بریتانیا كە ...