خۆپیشاندانەكان لە شارەكانی باشووری عیراق – knwe.org
سەرەکی » دۆسێ » خۆپیشاندانەكان لە شارەكانی باشووری عیراق

بەسرە سەرقافڵەیە

خۆپیشاندانەكان لە شارەكانی باشووری عیراق

خۆپیشاندانەكان لە باشووری عیراق لە 8ی تەمموزی 2018 لە بەسرەوە دەستییان پێكرد و تێیدا داوای باشكردنی خزمەتگوزارییە گشتییەكانو بە تایبەت ئاو و كارەبا كرا، خۆپیشاندەرە ناڕازییەكان داوای فەراهەمكردنی هەلی كار و بنبڕكردنی بێكارییان كرد لەنێو لاواندا.
تەوژمی خۆپیشاندان لە شاری بەسرەوە هەموو شارەكانی تری باشووری عیراقی گرتەوە تا گەیشتە بەغدای پایتەخت.

كێشەی كارەبا
عیراقییەكان بەدەست خراپی كەرتی كارەباوە دەناڵێنن، بە تایبەتیش لە وەرزی هاوین كە پلەكانی گەرما 50 پلەی سەدی تێدەپەڕێنن و دابینكردنی كاتژمێرەكانی كارەبا بۆ هاوڵاتیان كەمدەكرێنەوە، ئەمەش داواكارییەكانی زیاتر كرد بۆ لێپرسینەوە لە وەزیری كارەبا و فەراهەمكردنی وزەی كارەبا بۆ هاوڵاتیان.

كێشەی ئاوی سوێر
بەسرە بەدەست كێشەی كەمی ئاوی خواردنەوە و ئاودێرییەوە دەناڵێنێت، ئەمەش بەهۆی وشكەساڵی و بنیاتنانی بەنداوەكان لە توركیا و گۆڕینی رێڕەوی رووبارەكان لە ئێران و بەردانەوەی ئاوی سوێر بۆ نێو شەتولعەرەب. ئەمە بۆتە مایەی زیاتر سوێركردنی ئاوی شەتولعەرەب و كەمبوونەوەی ئاوی شیاوی خواردنەوە لە پارێزگای بەسرە.

كێشەی بێكاری
عیراق بە گشتی كێشەی بێكاری هەیە لەنێو توێژی لاوان كە هۆكارەكەی بۆ راوەستانی چەند ساڵەی دامەزراندنە حكومییەكان، و زیادبوونی ژمارەی كرێكارانی بیانی لە وڵاتەكەدا، دەگەڕێتەوە.

زنجیرەی رووداوەكان بەمشێوەیە بوو
8ی تەمموز
خۆپیشاندانەكان لە هەشتی تەمموزەوە دەستییان پێكرد، و بەو هۆیەوە لە قەزایەكی شارەكە لە نزیك كێڵگەیەكی نەوتی لە خۆرئاوای قورنە لە پارێزگای بەسرە، سەعد مەنسوری خۆپیشاندەر لە گوللـەی هێزە ئەمنییەكان كوژرا، و ژمارەیەكی تر لە ئەنجامی پێكداهەڵپژانەكان لەگەڵ هێزە حكومییەكان برینداربوون.

13ی تەمموز
عەلی سیستانی مەرحجەعی باڵای ئاشنی شیعەكان، پشتوانی لە خۆپیشاندەران كرد، خۆپیشاندەران بارەگایەكی سەر بە حزبوڵڵایان لە نزیك پارێزگای نەجەف سوتاند، دواتر خۆپیشاندەران هەڵیانكوتایە سەر فڕۆكەخانەی نەجەفی نێودەوڵەتی، لە پارێزگای میسانیش دوو خۆپیشاندەر كوژران و ژمارەیەكی تر برینداربوون.

14ی تەمموز
حكومەتی عیراق لە هەموو پارێزگاكانی وڵات جگە لە هەرێمی كوردستان، خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی پچڕاند. قەدەغەكردنی هاتووچۆش لە بەسرە سەپێنرا بەهۆی سوتاندنی بارەگاكانی رێكخراوی بەدر لە ناوچەی توێسەی ناوەڕاستی بەسرە. دواتر دوو خۆپیشاندەر لە پارێزگای نەجەف كوژران.
میدیاكانی عیراق، ئاماژەیان بە دەرچوونی فەرمانێك كرد بۆ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان و دانانی دەزگا ئەمنییەكان لە حاڵەتی ئامادەباشی و حاڵەتی ئینزاری پلە (ج).
لەگەڵ ئەوەشدا هێزەكان بۆ سەپاندنی یاسا بڵاوەیان پێكرا كە لە هێزەكانی بنبڕكردنی تیرۆر و فیرقەی نۆی سوپای عیراق پێكهاتبوون، ئەمەش لەپێناو پارێزگاریی لە كێڵگە و دامەزراوە نەوتییەكانی پارێزگاكە.

15ی تەمموز
كوژرانی دوو خۆپیشاندەر لە پێكداهەڵپژانەكان لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان لە لە سەماوە. پێكداهەڵپژانی نێوان خۆپیشاندەران و هێزەكانی پۆلیسیش لەبەردەم بینای پارێزگای زیقار، برینداربوونی 40 كەسی لێدەكەوێتەوە. خۆپیشاندەران لە بەسرە وێنەی خومەینی دەستوێنن. خۆپیشاندەران نوسینگەی رێكخراوی بەدر لە پارێزگای موسەننا دەسوتێنن و هێرش دەكەنە سەر بارەگای پارێزگای موسەننا و نوسینگەی پارێزگاری موسەننا.
بەشێك لە خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت دەگەڕێتەوە لەگەڵ فیلتەركردنی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و پێگەكانی هەواڵ و بزوێنەرەكانی (گەڕان) سێرچكردن. لەگەڵ كردنەوەی دەروازەكانی بەندەری ئوم قەسر كە بە گەورەترین بەندەرەكانی پارێزگای بەسرە دادەنرێت، ئەمەش پاش تێپەڕینی هەشت رۆژ لە خۆپیشاندان.
كاركردن لە بەندەرەكە لەدوای دانوستان لەگەڵ خۆپیشاندەران. ژمارەیەك لە خۆپیشاندەران لە بەسرە تابلۆیەك دەسوتێنن كە ناوی «شەقامی ئیمام خومەینی لەسەر بوو» ، لەگەڵ سوتاندنی وێنەیەكی لە گەڕەكی زەهرا.

17ی تەمموز
خۆپیشاندانەكان لە بەغدای پایتەخت و بە تایبەت لە ناوچەی شوعلە تەقەكردنی لە خۆپیشاندەران تێدەكەوێت. لە هەمان كاتدا هێزە ئەمنییەكانی عیراق تەقە لە خۆپیشاندەران دەكەن لەبەردەم یەكێك لە دەروازەكانی كێڵگەی برجسیە لە زوبێری پارێزگای بەسرە. خۆپیشاندەران كەلوپەل و كاڵاكانی كۆمپانیایەكی وەبەرهێنانی كارەبا لە پارێزگای موسەننا دەسوتێنن.

19ی تەمموز
پۆلیسی بابل، لە ناحیەی حەمزەی شاری حیللە مانگرتنێك بڵاوەپێدەكات. 336 دەستگیركراو ئازاد دەكرێت لە هەموو ناوچەكانی وڵات كە پێشتر بەهۆی خۆپیشاندانەوە دەستگیركرابوون.

20ی تەمموز
سەدان خۆپیشاندەری لە هەینیدا لەبەردەم ئەنجومەنی پارێزگای بەسرە ناڕەزایی بەرانبەر بە خزمەتگوزارییەكان و بێكاریی و بڵاوەپێكردنی هێزە ئەمنییەكان دەردەبڕن. هێزە ئەمنییەكان بەربەستی كۆنكریتی و تەلی دڕكاوی لەبەردەم بارەگای ئەنجومەنی پارێزگا دادەنێن.
لە بەغدای پایتەخت ژمارەیەك لە خۆپیشاندەران هەوڵیاندا لەڕێی پردی جمهوریەوە بپەڕنەوە بۆ ناوچەی سەوز، هێزەكانی بنبڕكردنی ئاژاوەگێڕی لەڕێی بەكارهێنانی ئاو و گازی فرمێسكڕێژەوە بڵاوەیان پێدەكەن. زیاتر لە 30 كەس دووچاری تەنگەنەفەسی بوون بەو هۆیەوە. هێزە ئەمنییەكان لە هەموو ناوچەكانی بەغدای پایتەخت خرانە حاڵەتی ئامادەباشییەوە. حسێن یوسف حسێن (لەدایكبووی 1998) لە پارێزگای دیوانیە لەلایەن پاسەوانانی بارەگای رێكخراوی بەدرەوە كوژرا. ژمارەیەكی تر لە رووبەڕبوونەوەیان لەگەڵ پاسەوانانی بارەگاكە دەستگیركران. خۆپیشاندەرێكی تر لە پارێزگای نەجەف بە گوللـەی هێزە ئەمنییەكان كوژرا.

21ی تەمموز
تەقە لە خۆپیشاندەران دەكرێت لە گەرمەت عەلی لە پارێزگای بەسرە كە هەوڵیاندەدا خێوەتگەی مانگرتن دابنێن.

23ی تەمموز
خۆپیشاندەران لە قەزای رەفاعی لە پارێزگای زیقار، رێگەی نێودەوڵەتی بۆ بەغدا دادەخەن، وەك ناڕەزایی بەرانبەر بە خراپی خزمەتگوزارییەكان و فەراهەمنەكردنی هەلی كار. كوژرانی پارێزەر جەبار كەرەم بە گوللـە چەكدارانی نەناسراو لە ناوچەی هادی لە بەسرە، كەرەم یەكێك بوو لە خۆبەخشەكانی بەرگری لە خۆپیشاندەران و هاوبەشی هەبوو لە ئازادكردنی ژمارەیەك لە خۆپیشاندەران كە لەبەردەم پارێزگای بەسرەدا دەستگیركرابوون.

26ی تەمموز
دەستپێكردنەوەی مانگرتنەكان لەبەردەم پێگە نەوتییەكان لە بەسرە، ئەمەش دوای تەوابوونی ئەو مۆڵەتەی كە بە خۆپیشاندەران بۆ حكومەتییان دیاریی كردبوو كە لە دە رۆژ پێكهاتبوو.

27ی تەمموز
سیستانی لە وتاری نوێژی هەینیدا سەرلەنوێ‌ پشتیوانی بۆ خۆپیشاندەران دەردەبڕێت و داوای بەردەوامی و پەرەپێدانیان لێدەكات گەر دەسەڵاتداران بەدەم داواكارییەكانیانەوە نەهاتن.

31ی تەمموز
هێزە ئەمنییەكان مانگرتنێك بڵاوەپێدەكەن لەبەردەم بینای ئەنجومەنی پارێزگای بەسرە و دەستدرێژی دەكەنە سەر رۆژنامەوانان و دەستدەگرن بەسەر مۆبایل و كەلوپەلی رۆژنامەوانان كە رووداوەكانی خۆپیشاندانەكانیان روماڵ دەكرد. دانیشتوانی زوبێر بەردەوام دەبن لە مانگرتن لەبەردەم دەروازەی بەرجسیە.

بەشێوەیەكی بەهێزتر خۆپیشاندان دەستپێدەكاتەوە
3ی ئەیلول
خۆپیشاندەر «مەكی یاسر عاشوور كەعبی» لەدوای ئەشكەنجەدان بە گوللـەی هێزە ئەمنییەكان دەكوژرێت لەكاتی بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندانێك لە ناوەڕاستی بەسرە.

4ی ئەیلول
لەكاتی بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندەران لە نزیك دیوانی پارێزگای بەسرە، پێنج خۆپیشاندەر دەكوژرێت و 68ی تر بریندار دەكرێن كە 41 لە بریندارەكان مەدەنی بوون و 27یان لە هێزە ئەمنییەكان بوو. خۆپیشاندەران بینای دیوانی پارێزگای بەسرە دەسوتێنن.

5ی ئەیلول
خۆپیشاندەران لە بەسرە، بارەگای شارەوانی بەسرە دەسوتێنن. بارەگای پارێزگای بەسرە بۆ جاری دووەم دەسوتێنرێت و بەندەری ئوم قەسر لەدوای گردبوونەوەیەكی خۆپیشاندەران دادەخرێت. خۆپیشاندەرێك دەكوژرێت و 25ی تر بریندار دەبن، بەوشێوەیە لەماوەی 3 رۆژدا 7 كەس كوژران.

6ی ئەیلول
دوو خۆپیشاندەر لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەكوژرێن، هێزە ئەمنییەكان سەپاندنی قەدەغەكردنی هاتووچۆ لە بەسرە هەڵدەوەشێننەوە. خۆپیشاندەران بارەگای حزبەكان دەسوتێنن، لەپێش هەمووشیانەوە بارەگای رێكخراوی بەدر، ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی، حزبی دەعوە، حزبی ئیسلامی، رەوتی حیكمە، كەتەیبەكانی سەید شوهەدا، حزبی فەزیلە، بزوتنەوەی ئەهلی حەق، بزوتنەوەی ئیدارە، بزوتنەوەی نوجەبا، بزوتنەوەی خوراسانی، ئەساروڵڵای ئەوفیا، حزبوڵڵا، بزوتنەوەی ساروڵڵا. هەروەها خانەی حەوانەوەی پارێزگار و نوسینگەی پەرلەمانتار فالح خەزعەلی، و نوسینگەكانی كەناڵی عیراقییە و كەناڵی غەدیر و كەناڵی فورات لە بەسرە دەسوتێنرێن.

7ی ئەیلول
ژمارەیەك لە خۆپیشاندەران بینای كونسوڵخانەی ئێران لە بەسرە دەسوتێنن، ئەمەش دوای گەمارۆدانی بۆ چەند كاتژمێرێك، ئێران ئەو كارەی ئیدانە كرد و ئاماژەی بەو زیانە ماددی و داراییە گەورانە كرد كە پێی گەیشتووە، لەگەڵ ئەوەشدا تەئكیدی لەسەر سەلامەتی هەموو كارمەندانی كونسوڵخانەكە كردەوە. هەر لەو چوارچێوەیەدا هێرشكرایە سەر ناوچەی سەوز لە بەغدا و سێ‌ موشەك لە گۆڕەپانێكدا لە ناوچەی سەوز كەوتنە خوارەوە بەبێ‌ ئەوەی هیچ قوربانییەكی لێبكەوێتەوە، یان زیانی ماددی بەدواوە بێت.

كاردانەوەكان
ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا كە لەلایەن نوری مالكییەوە سەرۆكایەتی دەكرێت، لە بەیاننامەیەكدا پشتیوانی بۆ خۆپیشاندەران دەربڕی و تەئكیدی لەسەر مافی شیاوی خۆپیشاندەران و داواكارییان بەپێی دەستور كردەوە، هەر لە بەیاننامەیەكیدا لەو بارەیەوە رایگەیاندبوو»دەنگی خۆمان دەخەینە پاڵ دەنگی ئەو نیشتمانپەروەرانەی كە داوای ژیانێكی ئازاد و سەربەرزانە دەكەن بۆ رۆڵەكانی گەلی عیراق بە گشتی و رۆڵەكانمان لە بەسرەی خۆشەویست بە تایبەت».
بزوتنەوەی ئەهلی حەقیش كە لەلایەن قەیس خەزعەلییەوە سەرۆكایەتی دەكرێت و بەشێكە لە هاوپەیمانی (فەتح) بە سەرۆكایەتی هادی عامری رایگەیاندبوو»چارەسەری كێشەكە و راگرتنی دەرهاویشتەكانی بە ئەندازەیەی یەكەم لە ئەستۆی حكومەتدایە كە پێویستە بەخێرایی بەدەم داواكاریی و داخوازیی خۆپیشاندەرانەوە بچێت».

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

ئەنقەر هاوڵاتییەكی بەریتانی بە حەوت ساڵ زیندانی سزادەدات

توركیا سزای زیندانی دەسەپێنێت بەسەر سەربازێكی پێشووی سوپای بریتانیا كە ...