روسیا و سوریا پەلاماری ئیدلیب دەدەن – knwe.org
سەرەکی » راپۆرت » هه‌واڵ و سیاسەت » روسیا و سوریا پەلاماری ئیدلیب دەدەن

روسیا و سوریا پەلاماری ئیدلیب دەدەن

ئاژانسەکانی جیهان رایانگەیاند: رۆژی 8/9 شەممە هێزە ئاسمانییەکانی روسیا و رژێمی ئەسەد گەورەترین هێرشی ئاسمانیان بۆسەر شاری ئیدلیبی باکووری سوریا دەستپێکردووە. روانگەی سوریاش دەڵێت: تەنها لە ماوەی سێ سەعاتدا، فرۆکە جەنگییەکانی روسیا و سوریا، 60 هێرشی ئاسمانییان بۆسەر پارێزگای ئیدلیب و دەورووبەری کردووە. لە هەندێک شوێنیشدا ، رژێمی ئەسەد لە رێگەی هەلیکۆپتەرەوە، بەرمیلی بۆمبرێژکراوی فرێداوەتە خوارەوە. روسیاش هۆشداری دەدات لەوەی، کە هێزە چەکدارەکانی ئیدلیب لەسەرووهەموشیانەوە بەرەی نووسرەو پارتی ئیسلامی تورکستانی تیرۆریست، گازی ژهراوی لە دژی خەڵكی بەکاربهێنێت و بیخاتە ئەستۆی رژێمی ئەسەد، تاوەکو دەوڵەتانی جیهان رێگری لەم هێرشە بکەن. UN یش داوای کردنەوەی رارەوێکی ئارام بۆ دەرچونی خەڵكی سیڤیل دەکات .

گەورەترین هێرشی ئاسمانی
روانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ لەبەیانێکدا رایگەیاند: رۆژی شەممە 8/9 فرۆکە جەنگییەکانی روسیا و رژێمی ئەسەد، بە سەختی بۆمبارانی پارێزگای ئەدیلب و دەرووبەرەکەیان کردووە. لەئەنجامیشدا 9 کەس کوژراون دوانیان منداڵن، دەیان کەسی تریش بە سەختی برینداربوون .

فرێدانی بەرمیلی بۆمبرێژکراو
لەلایەکی ترەوە ئاژانسی رۆیتەرز لەهەواڵێکیدا رایگەیاند: هەلیکۆپتەرەکانی رژێمی سوریا ، بەرمیلی بۆمبرێژکراویان فرێداوەتە گەرەکەکانی دوروپشتی شارۆچکەی خان شیخون کە دەکەوێتە باشووری پارێزگای ئیدلیب .

لەپاش کۆبوونەوەی سی قۆڵی روسیا و ئێران وتورکیا دێت
ئەم هێرشەش لەپاش کۆبوونەوەی لووتکەی هەر سێ وڵاتی « تورکیا و سوریا و ئێران» دێت، کە هەفتەی پێشوو لە تارانی پایتەختی ئێران بەرێوەچوو، میدیاکانیش باس لەجۆرە رێکەوتنێکی ژێربەژێری هەرسێ لا دەکەن.

ئەگەری بەکارهێنانی گازی ژەهراوی
هەرلەمبارەیەوە ئیگۆر کۆناشنکۆف وتەبێژی سوپای روسیا رایگەیاند: بەڵگەی تەواومان لەبەردەستدایە، کە گرووپە چەکدارەکانی ناوشارەکە لە پێش هەموویان بەرەی نوسرە و پارتی ئیسلامی تورکستانی تیرۆریست، پیلانی ئەوەیان داناوە کە گازی ژەهراوی لە دژی خەڵکی بەکاربهێنن و پاشان بڵێن، ئەمە سوپای سوریا و روسیا بەکاریهێناوە، هەتاوەکو پاشتر رێگا خۆشبکرێت بۆ هاتنە ناوەو تەداخولی دەوڵەتانی رۆژئاوا.

ئاوارەبوونی 800 هەزار کەس
هەموو میدیا و ناوەندە سیاسییەکان و رێکخراوە مرۆییەکانی جیهانیش باس لە ئەگەری دروستبوونی کارەساتێکی مرۆیی دەکەن، لەمبارەیەشەوە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبەیانێکدا دەڵێت: ئەگەری هەیە کە نزیکەی 800 هەزار کەس ئاوارەبن کە ئەمەش دەبێتە گەورەترین تەوژمی ئاوارەبوون لە مێژووی سوریادا.

داوای کردنەوەی رارەوی ئارام
لە کۆبونەوەی تایبەتی ئەنجومەنی ئاسایش کە رۆژی هەینی لە نیویۆرک بەسترا، ستیفان دی میستۆرا نوینەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سوریا لە وتەیەکیدا رایگەیاند: پێویستە لایەنە شەڕکەرەکان، رارەوەێکی ئارام بکەنەوە، تاوەکو رێگا خۆشبکەن خەڵكی شارەکە بەجێبهێڵن و بچنە شوێنێکی ئارام.

گرووپە چەکدارەکانی شاری ئیدلیب
بە پێی زانیارییەکانی کەناڵی دۆیتچە ڤێلەی ئەڵمانیا بێت، 60% پارێزگاکە لەژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی بەرەی نوسرە و پارتی ئیسلامی تورکستانی تیرۆریستدایە ، کە لە لایەن تورکیاوە پشتگیری دەکرێن.

30 هەزار چەکداری تێدایە
بە پێی زانیارییەکانی کەناڵی بی بی سی بەریتانیاش بێت، لەناو پارێزگاکەکەدا، کە دوایین مۆڵگەی هێزە چەکدارو تیرۆریستەکانی سوریایە، نزیکەی 30 هەزار چەکداری تێدایە، کە زۆربەیان سەر بە گرووپی بەرەی نووسرەی تیرۆریستن.

سەرچاوە: ئاژانسەکان

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

سەرۆکی ڤێنزوێلا لە هەوڵێکی کوشتن رزگاری دەبێت

رۆژی یەک شەمممە 5/8 لە میانی بەشداربوون و پێشکەشكردنی وتارێکیدا ...