ئەم مانگە ئەردۆغان دەچێتە ئەڵمانیا – knwe.org
سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » ئەم مانگە ئەردۆغان دەچێتە ئەڵمانیا

ئەڵمانیا و تورکیا بـەستەڵەکی نێوانیان دەتوێننەوە

ئەم مانگە ئەردۆغان دەچێتە ئەڵمانیا

ساڵێک زیاترە ئاڵۆزییەكانی نێوان ئەڵمانیا و توركیا دەستیپێكردوە لەوکاتەی کە پەرلەمانی ئەڵمانیا کوشتوبڕی ئەرمەنیەكانی لە لایەن عوسمانلیەكانەوە بەڕەسمی بەجینۆساید ناساند، دواتر ئەڵمانیا نەیهێشت دەسەڵاتدارانی توركیا لەناو ڕەوەندی توركی لەو وڵاتە بانگەشە بۆ هەمواری دەستوری توركی و سیستەمی سەرۆكایەتی بکەن، جگەلەوەش ئەنجامی کودەتا شکستخواردوەکە و تۆمەتبارکردنی ئەڵمانیا بە داڵدەدانی لایەنگرانی « فەتحوللاگویلەن» وكشانەوەی هێزەكانی ئەڵمانیا لە بنكەی ئینجەرلیك و دەستگیركردنی چەندین هاوڵاتی ئەڵمانی لەلایەن توركیاوە وچەندین دۆسیەی تریش ئەمانە هەموو بونە گرێ کوێرە لە پەیوەندیەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە دۆستەدا.

مەیلی ئاسایی بونەوە هەیە
بەڵام دوای دابەزینی لیرەی توركی و سەرهەڵدانی قەیرانی ئابوری توركیا و كێشەكانی لەگەڵ ئەمریكا، ئێستا توركیا پێویستی بە ئەوروپا و لەنێوانیشیاندا زۆر پێویستی بە یارمەتی ئەڵمانیا هەیە، لەسەر ئەو تێڕوانینەڕۆژانی ڕابردو» هایکۆ ماس» وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا سەردانی تورکیای کردو لە لایەن «ڕەجەب تەیب ئەردۆغان» و «مەولود چاوش ئۆغلۆ» پێشوازی گەرمی لێكرا، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنوسی هاوبەشی «هایكۆماس» ئاماژەی بە گرنگی و ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی هەردوولادا کرد، ئەوەشی دووپات کردەوە کە ئەڵمانیا و تورکیا مەیلی چاککردنەوەی پەیوەندیەکانیان هەیە.

گیراوەکان ئازاد بکرێن
هەروەها داوایكرد ئەو حەوت هاوڵاتییە ئەڵمانییە ئازاد بكرێ كە تۆمەتی چالاكی سیاسییان دراوەتە پاڵ و تیشکی خستەسەر ئەوەی کە مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسی کە کاری نەرێنیان کردۆتە سەر پەیوەندیەکانیان ، هیوای خواست کە هەردوولا لاپەڕەیەکی تازە هەڵبدەنەوەو هەنگاو بۆ ئایندەیەکی گەش بنێن کە لە بەرژەوەندی گەل وحکومەتی هەردوولا بێت، ئەمە لە کاتێکدایە کە هێشتا پەیوەندیەکان نەچۆتە باری ئاسایی خۆیان بەڵام «ڕەجەب تەیب ئەردۆغان» ی سەرۆكی توركیا بە نیازە لەكۆتایی ئەم مانگەدا سەردانی ئەڵمانیا بكات.

هەردوولا بیری یەکتری ئەکەن
جگە لەوەی کە تورکیا لەوبارە ناهەموارەیدا پێویستی بە ئەڵمانیا هەیە بۆ دەربازبون لەو قەیرانەنەیدا، هەمان کات ئەڵمانیاش تورکیا بە هاوپەیمانێکی ستراتیژی خۆی دەزانێ و دەستی لێ بەرنابێت، بۆیە هەوڵ دەدات هەرچی زووترە پەیوەندیەکانی خۆی لەگەڵیدا ئاسایی بکاتەوەو ئەو دۆستەدێرینەی ئاشت بکاتەوە.

شوێنێکی ستراتیژی
تورکیا بۆ ئەڵمانیا بەهۆی گەورەیی ڕووبەرو گرنگی شوێنە جوگرافیەکەی بایەخێکی ستراتیژی گەورەی هەیە، دەروازەی ئەوروپا و خاڵی چونە ژورەوەیەتی بۆ ئاسیا، درێژایی سنوری ئەو وڵاتە لەگەڵ بولگاریا ٢٢٣ کیلۆمەتر و لەگەڵ یۆنان ١٩٢ کیلۆمەترە کە هەردووکیان سەر بە یەکێتی ئەوروپان ، تورکیا تەنها ئەندامێکی ئاسایی ناتۆ نیە بەڵکو دووەمین هێزی ناو ناتۆیە لە ڕووی ژمارەی سەبازەکانیەوە کە ٤٠٢ هەزارە.

ئابوری
بازاڕی تورکیا یەکێکە لە بازاڕە هەرەکارا و چالاکەکان بۆ ساغکردنەوەوی کاڵاو شتومەکی ئەڵمانی، سێیەمین گەورەکڕیاری چەکی ئەڵمانیشە لەسەر ئاستی هەموو جیهاندا ، هەناردەی چەکی ئەڵمانی بۆ ئەو وڵاتە ساڵی پار ٣٥ ملیۆن یۆرۆ بوە، ئاڵۆگۆڕی بازرگانی نێوان ئەو دوو وڵاتە بەر لە دروستبونی گرژیەکان ساڵانە ٤٠ ملیار یۆرۆ بوە، ٧١٠٠ کۆمپانیا و فابریکی ئەڵمانی لە خاکی تورکیا کاردەکەن و هەلی کاریان بۆ دەیان هەزار تورک ڕەخساندوە، کوژمەی قەرزەکانی سەر تورکیا نزیکەی ٢٢٠ ملیار یۆرۆ دەبێ و زۆربەیان هی ئەوروپان، تەنها ئەوەی ئەڵمانیا ١٣ ملیارە.

ڕەوەندی تورکی
نزیکەی ٣ ملیۆن و نیو تورک لە ناو ئەڵمانیا نیشتەجێ بون،گەورەترین ڕەوەندی بێگانەی ناو ئەو وڵاتەن، ئەوانە جگە لەوەی کە هێزێکی کاری گەورەن لەناو ئەڵمانیا لە هەڵبژاردنەکانیشدا ڕۆڵی مەزن دەگێڕن لە سەرخستنی لیست و قەوارەکان و دەنگێکی زۆرن، ئەوانە لە دوای جەنگی جیهانی دوەمدا بەشداریان لە بنیاتنانەوەی ئەو وڵاتەکردوە.

کێشەی پەنابەران
بەو پێیەی دەکەوێتە نێوان ئاسیا و ئەوروپا و دەروازەی پەڕینەوەی کۆچبەرانی نایاساییە، ڕۆڵی گرنگ دەگێڕیت لەو بەرنامەیەی کە دایانڕشتوە بۆ کەمکردنەوەی وەرگرتنی ئەو کۆچبەرانە، ڕێککەوتنی لەگەڵ یەکیتی ئەوروپا هەیە بۆ ئەم مەبەستە و لە بری ئەمەشدا ئەوروپا بەڵێنی یارمەتی ٦ ملیار یۆرۆی پێداوە، ئەوروپیەکان نایانەوێت ئەو ڕێککەوتنە هەڵبوەشێتەوەو کاراتری ئەکەن، بۆیە تورکیا وەک پاسەوانی سنور سەیر دەکرێ و ئەڵمانیاش بەو پێیەی گەورەترین و دەوڵەمەندترین و کاراترین وڵاتی ئەوروپیە نایەوێت ئەو وڵاتە لە خۆی بوروژینێ .

مێرکل مەعارەزە پشتگوێ دەخات
هەرچەندە موعارەزەی ئەڵمانیا بە تایبەتی سەوزەکان و چەپەکان و زۆرینەی نێوەندی سیاسی و ڕای گشتی ئەڵمانیاش لەگەڵ ئەوەنین پێشوازی لە سەرۆکی تورکیا بکرێ و پەیوەندیەکانیان لەگەڵ ئاسایی بکەنەوە،بەڵام چاوەڕواندەکرێت بەرژەوەندیە ئابوریەکان زاڵ ببن و ئەم سەردانەی ئەردۆغان بۆ لای ئەنجیلا مێرکلی راوێژکاری ئەڵمانیا، بەستەڵەکی نێوانیان بتوێنێتەوەو هەردوولا لاپەڕەیەکی تازە لە پەیوەندیەکانیان هەڵدەنەوە.

سەرچاوە: میدیای ئەڵمانیا

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

بەرپرسیکی ئەڵمانیا رەخنەی لە سیستەمی حوکم گرتبوو

لە ساڵی پارەوەو لە دوای لێدوانی «زیگمار جوبرائیل» ی وەزیری ...