دیداری سلێمانی بۆ فیلم دەستی پێكرد – knwe.org
سەرەکی » هەمەڕەنگ » دیداری سلێمانی بۆ فیلم دەستی پێكرد

دیداری سلێمانی بۆ فیلم دەستی پێكرد

جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم رایدەگەیەنێت هەرگیز سیاسەتمەدارێك ناتوانێ نەهامەتی گەلێك بگەیەنێت، هونەر و سینەماكارە ئەتوانێ كاریگەری هەبێ لەسەر سۆزی ئێمە.
لەشاری سلێمانی و بەئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، خالید دۆسكی وەزیری رۆشنبیری و لاوان، و ژمارەیەك لەبەرێوەبەران و هونەرمەندان و سینەماكاران، یەكەمین دیداری سلێمانی بۆ فیلم دەستی پێكرد.

ماوەی شەش رۆژ دەخایەنێت
دیداری سلێمانی بۆ فیلم لەلایەن دەزگای میدیایی كوردسات بەهاوكاری وەزارەتی رۆشنبیری حكومەتی هەرێمی كوردستان لەشاری سلێمانی و بۆماوەی شەش رۆژ بەرێوەدەچێت.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە میانی وتەیەكدا لە یەكەم رۆژی دیداری سلێمانی بۆ فیلم وتارێكی پێشكەش كردو رایگەیاند: زۆر سوپاسی رێكخەرانی ئەم دیدارە دەكەم، ئەمە هەنگاوێكی ترە بۆ چەسپاندنی سلێمانی وەك پایتەختی رۆشنبیری. قوباد تاڵەبانی لە وتەكەیەدا ئاماژەشی بۆ ئەوە كرد: راستە لە كوردستان خاوەن كەرتی سینەمای پڕۆفیشناڵ نین، بۆیە ئەم دیدارە فاكتەرێكی گرنگە بۆ سینەمایەكی بەهێز.
ئەوەشی خستەڕوو: گرنگە كەرتی سینەمایەكی بەهێزمان هەبێت، بۆ ئەوەی چیرۆكەكانی نەتەوەی خۆمان، نەبەردی پێشمەرگە قارەمانەكانمان، نەك تەنها پیشانی خۆمان، بەڵكو پیشانی سینەمای جیهانی بدەین.

كەرتی سینەمایەكی بەهێزمان هەبێت
جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان راشیگەیاند: تا ئێستا نەمانتوانییوە هاوشێوەی جیهان، تراژیدیاو پەیامی نەتەوەی خۆمان، وەك ئەنفال و دەیان چیرۆكی هاوشێوەی ئەوە، بگەیەنین، وەك چۆن جوولەكەكان باسی هۆلۆكۆست دەكەن. باسی لەوەشكرد كە هەلومەرج و رەوشی كوردستان شیاوە بۆ كاری سینەمایی و وتی: بست بە بستی كوردستان دەست دەدات بۆ سینەما. رایگەیاند: ئێمە نەتەوەیەكین كەلتوری جیا جیامان ھەیە، ئەنفال، كیمیاباران، داگیركاری، دەستدرێژی و ھێرشكردنە سەر بیروباوەڕمان، كە نوێترینیشیان ھێرشی ئەم چەند رۆژەی سەر ھێزەكانی حزبی دیموكرات بوو.
هەروەها قوباد تاڵەبانی لە وتەكەیدا وتی: گرنگە زیاتر گرنگی بەكەرتی سینەما لە كوردستان بدەین و بیبەستینەوە بە سینەمای جیهان. چونكە سیاسەتمەدارێك ناتوانێت وەك هونەرمەندێك چیرۆكی گەلەكەی بگەیەنێت. وتیشی: بەهۆی بارودۆخی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووری حكومەت كەمتەرخەم بووە بۆ خزمەتكردنی سینەما، بەڵام ئەم دیدارەو لەم كاتەو لەم شوێنە یارمەتیدەرە بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانمان. ئێمەش وەك حكومەت دەتوانین ھاوكاربین و رێگر نەبین لەبەردەم سینەما.
پاشان، راسان موختار وتەبێژی دیدارەكە، لە وتەیەكدا، چەندین لایەنی ئامادەكاری و بایەخی فیلم و سینەمای كوردی روونكردەوە.

پشتیوانیی لە بواری فەرهەنگ و كەلتور بكرێت
هەر لەدیدارەكەدا، خالید دۆسكی وەزیری رۆشنبیری و لاوان وتەیەكی پێشكەشكردو پیرۆزبایی لە فیلمسازان و سینەماكاران كرد بە بۆنەی رێكخستنی ئەم دیدارەو ئاماژەشی بە رۆڵی حكومەت كرد لە پشتیوانیی كەرتی سینەماو پێی وابوو كە وەكو پێویست نییەو دەبێت چۆن پشتیوانیی لە كەرتی نەوت و كەرتەكانی تر دەكرێت بەم شێوەیەش پشتیوانیی لە بواری فەرهەنگ و كەلتور بكرێت.
هەر لەدیدارەكەدا، لەلایەن جێگری سەرۆكی حكومەت و میوانەكانەوە، خەڵاتی رێزلێنان بەخشرایە چەند فیلمێكی كوردی كە لەماوەی رابردوو رۆڵیان هەبووە. دواتر فیلمێكی كوردی وەكو دەستپێكی دیدارەكە نمایشكراو دیدارەكەش شەش رۆژ بەردەوام دەبێت.

فۆتۆ: حەمە عومەر

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

بۆ یەکێتی نیشتمانی کوردستان

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد لەهەرکوێ هەبێت یەکێتی سەوزەڵانی هەوارێتی خونچەی ئومێدی ...