قه‌ڵه‌مێك له‌گوندی «كانیمیل» – knwe.org
سەرەکی » چاوپێکه‌وتن » قه‌ڵه‌مێك له‌گوندی «كانیمیل»

قه‌ڵه‌مێك له‌گوندی «كانیمیل»

دیدار: كامه‌ران كه‌ریم ـ شاره‌زوور

سه‌لام شاسواری نوسه‌رو ڕۆژنامه‌نووس له‌دایكبووی گوندی (كانیمیل)ی ناوچه‌ی شاره‌زوور، له‌دیدارێكیدا له‌گه‌ڵ گوندستانی‌ نوێـ دا تیشك ده‌خاته‌سه‌ر كونج‌و كه‌له‌به‌رییه‌كانی‌ گوندی كانیمیل‌و وه‌ك حیكایه‌تخوانێكیش چیرۆكه‌ شاراوه‌كانی ئه‌م گونده‌ ده‌دات به‌گوێی هه‌موو لایه‌كدا.
پ/ كانیمیل له‌چییه‌وه‌ هاتووه‌؟
سه‌لام شاسواری: كانیمیل یه‌كێكه‌ له‌گونده‌كانی سنوری قه‌زای شاره‌زوور له‌دوای وازهێنان له‌ژیانی جافایه‌تی‌و كۆچی گه‌رمیان‌و كوێستان چه‌ند ماڵێك له‌هۆزی (وه‌یس وه‌یس)ی سه‌ربه‌ عه‌شیره‌تی ڕۆغزایی جاف له‌ساڵی (1949)دا ئه‌م گونده‌ ئاوه‌دان ده‌كه‌نه‌وه‌ به‌خانووی قوڕو دارو تێیدا نیشته‌جێ ئه‌بن. ناوی كانیمیل دووبڕوایه‌ له‌نزیك كانیاوی ناو گونده‌كه‌ له‌گردۆڵه‌یه‌كدا كێلێك به‌رز ئه‌بێت پێی ئه‌ڵێن ( میل) به‌وهۆیه‌وه‌ ناو ده‌نرێت كانیمیل.
جگه‌ له‌م بۆچوونه‌ بۆچونێكیتریش هه‌یه‌، كانیه‌ك له‌زه‌وییه‌ كشتوكاڵیه‌كاندا ده‌بێت به‌ناوی ( كانی ئاسكان ) كه‌ ئێستا كه‌وتۆته‌ سنوری ناحیه‌ی‌ وارماواوه‌ (زه‌ڕایه‌ن ) « ڕه‌نگه‌ له‌وه‌وه‌ هاتبێت.
پ/ چیرۆكی كانیمیل چییه‌ له‌گه‌ڵ داگیركه‌رانی‌ كوردستان؟
شاسواری: ژیانی دانیشتوانی ئه‌م گونده‌ له‌سه‌ر ئاژه‌ڵداری‌و كشتوكاڵ بووه‌، تاساڵی (1987) ڕژێمی به‌عس ئۆردوگای زۆره‌ملێی زه‌ڕایه‌نی له‌سه‌ر زه‌وییه‌ كشتوكاڵیه‌كانی ئه‌م گونده‌ دروست كرد. به‌هۆی نیشتیمانپه‌روه‌ریه‌وه‌ ڕژێمی له‌ناوبراو زه‌وییه‌ له‌وه‌ڕگاكانی كرد به‌دارستان‌و به‌شێكیشی له‌لایه‌ن ده‌ستوپێوه‌نده‌كانی به‌عسه‌وه‌ داگیركران. سه‌دام له‌ساڵی (1988) هه‌ڵه‌بجه‌ی تازه‌ (قه‌زای شاره‌زووری ئێستا)ی له‌سه‌ر زۆرینه‌ی زه‌وییه‌ به‌راوو كشتوكاڵیه‌كان بنیاتنا. به‌مه‌ش دانیشتوانی ئه‌م گونده‌ به‌هۆی نه‌مانی زه‌وی كشتوكاڵی‌و ئاژه‌ڵداری ژیانیان كه‌وته‌ مه‌ترسییه‌وه‌، به‌ڵام كۆڵ نه‌دانیان له‌ شۆڕشی نوێداو قوربانیدانیان كه‌ جگه‌ له‌سزاو چه‌وسانه‌وه‌و زیندانیكردن خاوه‌نی (5) شه‌هیدن. له‌وانه‌ كه‌سایه‌تی دیاری وه‌ك (فقێ ئه‌حمه‌د – كه‌ هاوڕێی زۆر به‌ڕێزی سه‌رۆك مام جلال) بووه‌. ئه‌م گونده‌ له‌لایه‌ن (زه‌عیم سدیق)ه‌وه‌ له‌ساڵی (1963) سوتێنراوه‌ كه‌ سه‌رده‌می ڕژێمی (عه‌بدولسه‌لام عارف ) بووه‌و خه‌ڵكه‌كه‌ی ئاواره‌ كراوه‌ «.
پ/ به‌رهه‌می ناوخۆیی گونده‌كه‌ له‌چی بوارێكدایه‌؟
سه‌لام شاسواری: له‌ساڵی 1988 له‌ ڕێگه‌ی كشتوكاڵه‌وه‌ خاوه‌ن به‌رهه‌می (گه‌نم-جۆ-نیسك-ماش-پاقله‌-توتن-به‌ڕۆژه‌-كاڵه‌ك-شوتی-خه‌یار-ته‌ماته‌-بامیه‌-برنج) بووه‌ ,له‌ڕێگه‌ی ئاژه‌ڵداریه‌وه‌ به‌رهه‌می ( گۆشت-شیر-ماست-دۆ-كه‌ره‌-ڕۆن-په‌نیر-هێلكه‌-كه‌شك ) بوون. سودیان له‌ خوری‌و موو چه‌رم‌و په‌ڕ وه‌رگرتووه‌، له‌چه‌رم ( مه‌شكه‌- هیزه‌-كونه‌)یان دروست كردووه‌ له‌سه‌رده‌ستی ( دایه‌شه‌ممسه‌-پوره‌ ئامینه‌-پوره‌خاتوون)، چه‌ندانیتریش له‌ڕێگه‌ی چنینه‌وه‌ ( فه‌رش-به‌ڕه‌-هۆڕ-په‌ڵاس- خورج-گوریس-ده‌وار) یان چنیوه‌ له‌هه‌مان كاتدا حه‌سیریان له‌پووش دروستكردووه‌، (چیخ‌و ته‌یمان) له‌قامیش‌و نه‌یجه‌ دروست كردووه‌، په‌ڕی باڵنده‌یان به‌كارهێناوه‌ بۆ دروستكردنی سه‌رین‌و دۆشه‌ك، سوته‌مه‌نیان بریتی بووه‌ له‌ (دار- پشقل)ی ووشك تاكو نه‌وت په‌یدابوو.
پ/ گونده‌كه‌ هیچ شوێنه‌وارێكی كۆنی تێدایه‌؟
شاسواری: له‌باشوری گونده‌كه‌ چه‌ند گۆڕستانێكی ساسانیه‌كان دۆزرانه‌وه‌ له‌ساڵی 1994، تێیدا سكه‌ی ساسانی، ئه‌ڵقه‌‌و گواره‌، بازنگ‌و ته‌وقه‌ی زێڕوزیو، جامۆڵكه‌ی زمروت‌و گڵینیشیان تێدابووه‌.
پ/ئێستا گونده‌كه‌ ئاوه‌دانكراوه‌ته‌وه‌؟
سه‌لام شاسواری: گونده‌ له‌ئێستادا (210) ماڵه‌ كه‌ هۆزی ( وه‌یس وه‌یس)‌و چه‌ند ماڵێكی عه‌شره‌تی (باشكی) به‌هۆی نه‌مانی زه‌وییه‌ كشتوكاڵیه‌كانیه‌وه‌ لێره‌ن. زۆربه‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی له‌ئێستادا (پێشمه‌رگه‌- فه‌رمانبه‌ر)‌و موچه‌خۆرن. له‌مێژوی ئاوه‌دانبونیه‌وه‌ خاوه‌نی مزگه‌وتێك بووه‌، به‌هۆی نزیكی له‌ناحیه‌ی وارماوا ( زه‌ڕایه‌ن) وه‌ بێ به‌ش بووه‌ له‌بنكه‌ی ته‌ندروستی‌و ڕه‌وزه‌‌و قوتابخانه‌».
پ/هیچ نوسینێكت بۆ گونده‌كان هه‌یه‌؟
سه‌لام شاسواری: به‌ڵێ. له‌ 27-6-2006 به‌رهه‌مێكی هه‌یه‌ به‌ناوی‌ (به‌هاری لادێ) كه‌ بۆ گونده‌كانم نوسیوه‌.

سپێده‌ی به‌یان هه‌تا زه‌رده‌په‌ڕ
قوقه‌ی كه‌ڵه‌شێر باعه‌باعی مه‌ڕ
جریوه‌ی مه‌ل و قاسپه‌قاسپی كه‌و
بانگه‌واز ده‌كه‌ن بۆ هه‌ستان له‌خه‌و
شوان به‌عیو عیو مه‌ڕ ده‌با بۆ ده‌شت
به‌بلوێر ژه‌ندن ده‌بێ به‌به‌هه‌شت
سه‌وزه‌گیا و گوڵی به‌رشنه‌ی شه‌ماڵ
هه‌رسه‌ما ده‌كه‌ن له‌ده‌شت و لاپاڵ

پرۆفایلی نوسه‌ر: سه‌لام شاسوار ئه‌حمه‌د ناسراو به‌ (شاسواری) له‌ساڵی 1968 له‌گوندی كانیمیل سه‌ربه‌ قه‌زای شاره‌زوور له‌دایكبووه‌، خێزانداره‌، ده‌رچووی 3ی ناوه‌ندییه‌، یه‌كه‌م دیوانی شیعری به‌ناوی (ئاشتین) له‌ساڵی 2005 بڵاو كردۆته‌وه‌، كتێبێكی ئه‌ندێشه‌ی به‌ناوی (نهێنیه‌كانی پێشه‌وه‌ی ژیان) له‌ساڵی 2007 بڵاوكردۆته‌وه‌. له‌ساڵی 2008 سه‌رنوسه‌ری گۆڤاری (مه‌وله‌وی)بووه‌، له‌گۆڤاری شاره‌زوور‌و ڕۆژنامه‌كانی (پێگه‌، ڕای خه‌ڵك، هاوڵاتی) بابه‌تی ئه‌ده‌بی‌و ڕۆشنبیری‌و سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی بڵاوكردۆته‌وه‌.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

هه‌ركاتێك په‌رده‌ له‌سه‌ر به‌رهه‌مێكی‌ نوێ‌-ی‌ لاده‌دات رووبه‌ڕووی‌ ره‌خنه‌یه‌كی‌ زۆر ده‌بێته‌وه‌

كۆسار عوسمان زیره‌ك میره‌، ئه‌و په‌یكه‌رتاشه‌ی‌ شاری‌ سلێمانی-یه‌، كه‌ هه‌ركاتێك ...