سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » وەزیری بەرگری هەڕەشەی دەستێوەردانی سەربازی دەکات

لەوانەیە ئەڵمانیاش بـەشداری جەنگی سوریا بکات

وەزیری بەرگری هەڕەشەی دەستێوەردانی سەربازی دەکات

چه‌ند رۆژێكه‌ سوریا و روسیا بۆردومانی‌ ئاسمانی‌ شاری «ئیدلب» ی سوریایان ده‌ستپێكردووه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ی‌ كۆنتڕۆڵكردنی‌ ته‌واوی‌ شاره‌كه‌ ده‌كه‌ن له‌ ڕێگه‌ی‌ هێرشی‌ زه‌مینیی و ئاسمانیەوەو گومانی ئەوەش دەکرێت کە بۆمبی کیمیاویش بەکار بهێنن، تاوەکو لە دەست گرووپە چەکدارە تیرۆریستییەکانی سەر بەتورکیا دەری بهێنن. میدیاکانی ئەڵمانیاش لە زاری چەند بەرپرسێکی حکومییەوە، باس لە ئەگەری بەشداربوونی ئەڵمانیا دەکەن لە هێرش بۆسەر رژێمی سوریا.

حکومەتی ئەڵمانیا لەگەڵ هاوپەیمانەکانی خەریکی دانوستانە
لەمبارەیەوە حکومەتی ئەڵمانیا ڕایگەیاند، کە وڵاتەکەی خەریکی دانوستانکردنە لەگەڵ هاوپەیمانەکانی لە بارەی بڵاوکردنەوەی هێزی سەربازی لە سوریا، ئەمەش لەزاری»شتیڤن زایبرت، وتەبێژی حکومەتی ئەڵمانیا ڕاگەیەنرا و ئاشکرایکرد کە لەگەڵ ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی لە دانوستاندانایە تا لە ئەگەری به‌کارهێنانی چەکی کیمایی لەلایەن حکومەتی سوریاوە لە ئیدلب بۆردومانی بکەن و نەهێڵن ئەو کارە بەسەردیدا تێپەڕ ببێت، ئاماژەی‌ بەوەشکردووە، کە بڕیارێکی لەمجۆرە پێوستی بە ڕەزامەندی پەرلەمانی وڵاتەکەی « بۆندستاگ» هەیە و کاری بۆئەکەن.

بەرلین ئامادەیە هێرشی ئاسمانی بکاتە سەر رژێـمی سوریا
لەلایەکی تریشەوە وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا ڕای گەیاندووە، لە ئەگەری بەردەوامیی سوریا لەسەر هێرشەکان و بۆردومانی کیمیایی بۆ سەر ئەدلب، بەرلین ئامادەیە هێرشی ئاسمانی بکاتە سەر سوپای ئەو وڵاتە. «ئۆرزلا فوون درلاین» وەزیری بەرگریی بە ڕۆژنامەی بێلدی راگەیاند: ئەگەر بێت و حکومەتی سوریا لە هەوڵەکانی بۆ بۆردومانی کیمیایی لە شاری ئیدلب بەردەوام بێ، ئەوا ئەڵمانیا ئامادەیە هێرشی ئاسمانی بۆسەر رژێمی ئەسەد و بنکە و بارەگا سەربازیەکانی بکات.
بەریتانیا و فەرەنساش پشتگیری ئەڵمانیا دەکەن
ئاژانسەکانی هەواڵیش دەڵێن هەریەک لە وەزیرانی دەرەوەی بەریتانیا و فەرەنسا پشتگیریی ئەڵمانیا دەکەن و هەمان هەڵوێستیان نیشانداوە بۆ پەلاماری سەربازی بۆسەر سوریا.

ئەمریکا داوای لە مێرکل کردووە
هەربەپێی سەرچاوەکانی میدیای ئەڵمانیا چەند ڕۆژێک لەمەوبەر داوای هەڵوێستێکی لەمجۆرە لەلایەن وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکاوە خراوەتە بەردەم» ئەنجێلا میرکل»ی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا و ئەویش بە وتووێژ لەگەڵ بەرپرسە سیاسی وسەربازیەکانی حکومەتەکەی وسیاسەتمەدارانی ناو هاوپەیمانێتیەکەی، هەڵوێستێکی لەمجۆرەی دروستکردوەو ئێستا خەریکن بیخەنە بەردەم پەرلەمان تاکو ببێتە بڕیارێکی گشتی ویاسایی وبەکردار بەشداری بکەن.
پارتی سۆسیالدیموکراتی هاوپەیمانی ڕازی نابێت
بەڵام بەشێک لەسیاسەتمەدارانی پارتی سۆسیالدیموکرات لەگەڵ بڕیارێکی لەمجۆرە نین وپێیان وایە نابێت بەشداری سەربازیانە لە شەڕێکی لەمجۆرەدا بکرێت»ئەندریا نالیس» سەرۆکی پارتەکە کە هاوپەیماننی ئیئتیلافی حکومی هەیە لەگەڵ پارتەکەی مێرکل، جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە سۆسیالدیموکرات لە پەرلەمان و حکومەت ڕازی نابێت لە بەشداریکردنی وڵاتەکەی لە شەڕی سوریا.

پارتی چەپی ئەڵمانیش دژن
پارتی چەپی ئەڵمانیش هەڵوێستی خۆی بەیان کردوەو لە دژی بەشداریکردنی سەربازیەی سوپای ئەڵمانیایە لە هەر وڵاتی تری دەرەکی و سەرسامی خۆیان بەو لێدوانانەی بەرپرسی حکومەت ڕاگەیاندوە، بەوەی کە ئەوان بۆیان نییە بڕیارێکی لەمجۆرە بددەن، چونکە بە پێی دەستوری وڵاتەکە بەشداریکردنی سوپای ئەڵمانیا لە کێشەکان لە وڵاتانی دەرەوە، پێویستی بە بڕیارێکی تایبەتی پەرلەمان و دەنگدان لەسەری هەیە.

رەوشی کارەساتباری ئیدلب
شایانی باسە ماوەی چەند هەفتەیەکە سوپای ڕژێمی ئەسەد بە هاوکاری ئێران و روسیا خەریکی خۆئامادەکردنە تا بە شێوەیەکی فراوان هێرش بکاتە سەر پارێزگای ئیدلب، کە ئێستا لە دەستی چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا دایە و لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێن ، لە ڕۆژانی ڕابردوودا سوپای سوریا لە ڕێگەی ئاسمانییەوە هێرشەکەی دەست پێکردووە و بە بۆمبی بەرمیلی چەند ناوچەیەکی سڤیلی بۆردومان کردووەو بارودۆخێکی زۆر نالەبار لە شارەکە و دەوروبەری دروست بوە بە شێوەیەک کە کەڵکی ژیان وگوزەرانی تێدا نەماوەو خەڵکەکەی ئاوارە و دەربەدەر بوون.

رۆژئاوا دژی هێرشەکەی رژێمی ئەسەدن
هاوکات هەریەک لە «ئەمریکا، یەکێتی ئەورووپا ، ئیسرائیل وسعودیەش» دژی ئەو هێرشەن و هۆشدارییان داوەتە لایەنە بەشداربوەکان کە لە ئەگەری بەردەوام بونی شەڕ لەو شارەدا کارەساتێکی مرۆیی تر ڕوودەدات و لایەنە سەرەکیەکان بەتایبەتیش هەریەک لە ئێران و ڕوسیا بەرپرسیاری سەرەکین.

ئەمریکا خەریکی کۆکردنەوەی بەرەیەکی فراوانترە
بەپێی ئاژانسەکانی هەواڵ ئێستا ئەمریکا خەریکی کۆکردنەوەی بەرەیەکی فراوانترە لە دژی ئەو شەڕەو جەمسەری ڕوسیا و ئێران تا لەسەعاتی سفردا گورزێکی کوشندە لە ڕژیمی ئەسەد بددەن .

سەرچاوە: میدیای ئەڵمانیا

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

مێرکلیش هەڕەشەی درێژکردنەوەی سزاکانی سەر روسیا دەکات

لە دوای شۆڕشی ئۆکرانیا لە ساڵی ٢٠١٤ کە حکومەتیان ڕوخاند، ...