ئیدلیب.. دوایین گەورەترین شەڕ لە سوریا – knwe.org
سەرەکی » دۆسێ » ئیدلیب.. دوایین گەورەترین شەڕ لە سوریا

ئیدلیب.. دوایین گەورەترین شەڕ لە سوریا

دوای كۆنترۆڵكردنەوەی تەواوی دیمەشق و دەوروبەری شارەكە و پاشان باشووری سوریا لەم سالًَدا، هێزە حكومییەكانی سوریا چاوییان بڕیوەتە پارێزگای ئیدلیب، بۆ زیاتر لە مانگێكیش دەچێت هێزی سەربازی سازیاتر رەوانەی بەرەكانی شەڕ دەكرێت، وەك زەمینەسازییەك بۆ ئۆپەراسیۆنێكی چاوەڕوانكراو.
شەڕی ئیدلیب بە دوایین گەورەترین شەڕ لە ململانێكانی سوریادا دادەنرێت، ئەمەش دوای ئەوەی گروپە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆن دووچاری شكستی یەك لەدوا یەك هاتن، و بونیان لەئێستادا تەنیا لە پارێزگای ئیدلیب (باكووری خۆرئاوا) و هەندێك ناوچەی دەوروبەری ماوە، بە تایبەتیش لە هەندێك جێگەی ریفی حەلەب لە باكوور كە هێزەكانی توركیا تێیدا بڵاوەی كردووە.
دوای كۆنترۆڵكردنەوەی تەواوی دیمەشقی پایتەخت و دەوروبەری و پاشان باشووری وڵاتەكە، دەسەڵاتدارانی سوریا چاوییان بڕیوەتە پارێزگای ئیدلیب، ئەمەش بەوپێیەی دوایین شوێن و دەركەوتووترین مۆڵگەی گروپە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆن و هەیئەی تەحریری شامە (بەرەی نوسرەی پێشوو).

«حەلەبێكی تر» و «خراپتر لە غوتەی شەرقی»
بەردەوام ئیدلیب رووبەڕووی بۆردومانەكانی سوریا روسیا بۆتەوە، لەماوەی چەند ساڵی رابردووشدا پەناگەیەك بۆ ئەو ئاوارانەی لە شەڕەكان و لە بۆردومانەكان هەڵدەهاتن، و مۆڵگەیەكیش بوو بۆ ئەو چەكدارانەی ناچاردەكران ئەو شوێنانە بەجێبهێڵن كە لەلایەن هێزەكانی سوپای سوریا و هاوپەیمانەكانییەوە گەمارۆدەدران.
لەگەڵ تێپەڕینی كات، چڕی دانیشتوان بەشێوەیەكی پلەبەندی لە پارێزگاكەدا زیادی كرد. وێڕای بوونی چەند ناوچەیەكی تری سنورداری ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆن لە پارێزگاكانی حەلەب و لازقیە كە تێیاندا نزیكەی سێ‌ ملیۆن كەس نیشتەجێن و نیوەیان ئاوارەن.
لە كانوونی یەكەمی 2016، ستیڤان دی مستۆرا نێردەی نێونەتەوەیی هۆشداریی دابوو لەوەی كە «ئیدلیب دەبێتە حەلەبێكی تر».
دوای نزیكەی دوو ساڵ، هێزە حكومییەكان سەركەوتن لەدوای سەركەوتنیان بەسەر گروپە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆندا تۆماركرد، لە كۆتایی 2017 ئەو هێزانە هێرشێكی سنوردارییان لە ریفی باشووری خۆرهەڵاتی ئیدلیب ئەنجامدا و دەیان شارۆچكە و گوندییان كۆنترۆڵ كردەوە، وێڕای كۆنترۆڵكردنەوەی بنكەی سەربازی ستراتیژی ئەبو زهور.
دوای كۆنترۆڵكردنەوەی غوتەی شەرقی لەلایەن سوپای سوریا كە لە پرۆسە سەربازییەكەدا 1700 مەدەنی كوژران، دی مستۆرا لە 16ی ئایاری 2018 هۆشداریدا لە سیناریۆیەیەكی هاوشێوە لە ئیدلیب كە «شەش هێندەی لە غوتەی شەرقی خراپتر دەبێت»، بە تایبەتیش بەهۆی چڕی دانیشتوانی ناوچەكە.
ستیڤان دی مستۆرا رایگەیاندبوو»دانیشتوانی ئیدلیب شوێنێكی ترییان نییە پەنای بۆ ببەن»، ئەمەش دوای ئەوەی ئیدلیب بووبووە ئەو پەناگەیەی خەڵكێكی زۆر لەو ناوچانەوە روویان تێكردبوو كە گروپە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆن پێشتر لەدەستیاندابوو.

بەشار ئەسەد: ئیدلیب ئامانجمانە
لە26ی تەمموزی 2018، بەشار ئەسەد سەرۆكی سوریا رایگەیاندبوو»لەئێستادا ئامانجمان ئیدلیبە، وێڕای ئەوەی تاكە ئامانج نییە، بۆیە بەرەو هەموو ئەو ناوچانە پێشڕەوی دەكەین، و سەربازییەكان ئەولەویەتەكان دیاریی دەكەن، ئیدلیبیش یەكێكە لەوانە».
لە 10ی ئابی 2018، هێزەكانی سوپای سوریا دەستیانكرد بە تۆپبارانكردنی زۆرێك لەو ناوچانەی لەژێر دەستی گروپە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆندان كە لە باشووری ئیدلیبەوە بۆ ریفی خۆرئاوای حەلەب (باكوور) و ریفی باكووری حەمما (ناوەڕاست) درێژ دەبنەوە.
ئەمەش هاوكات بوو لەگەڵ رەوانەكردنی هێزی سەربازی زیاتر كە لەلایەن رۆژنامەی (الوگن)ی نزیك لە حكومەتی سوریاوە بە «زەبەلاحترین لە مێژووی جەنگی سوریادا» وەسفكرا.
لە مانگی ئابی رابردووەوە، گروپە چەكدارەكان و هەیئەی تەحریری شام، خۆیان بۆ رووبەڕووبونەوەی ئەو ئۆپەراسیۆنە چاوەڕوانكراوە تەیاركردووە و دەستییان كردووە بە سەنگەرلێدان و ئامادەكردنی چەكدارەكانیان.
لە 21ی ئابی رابردوو، ئەبو محەمەد جۆلانی فەرماندەی گشتی هەیئەی تەحریری شام، هۆشداریی دابووە گروپە چەكدارەكانی تر لەبارەی ئەنجامدانی دانوستان لەگەڵ حكومەتی سوریا و بەستنی رێكەوتن لەگەڵ سوپای سوریا كە پێشتر لە ناوچەكانی تردا ئەنجام دران.

دانوستانە نێودەوڵەتییەكان
لە 24ی ئابی 2018، مەولود چاویش ئۆغڵۆ وەزیری دەرەوەی توركیا رایگەیاندبوو»رێگەچارەی سەربازی نەك تەنیا كارەسات بەسەر ئیدلیبدا دەهێنێت، بەڵكو دەبێتە مایەی كارەسات بۆ ئایندەی سوریا، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەو گروپە توندڕە، تیرۆریستانە، نەتوانن ببنە مایەی هەڕەشە».
مۆسكۆ داوای لە ئەنقەرە دەكات كە هەژموونی لە ئیدلیب هەیە، چارەسەرێك بۆ هەیئەی تەحریری شام بدۆزێتەوە، تا پارێزگاكە لە هێرشێكی بەرفراوان بەدووربگیرێت.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، توركیا دانوستان لەگەڵ هەیئەی تەحریری شام دەكات بە مەبەستی هەڵوەشاندنەوەی رێكخراوەكە، ئەمەش لەلایەن روانگەی سوریا بۆ مافەكانی مرۆڤەوە ئاماژەی پێكراوە.
سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیاش لە 29ی ئابی 2018، هیوای خواستبوو وڵاتانی خوارئاوا «ئاستەنگ لەبەردەم پرۆسەی بنبڕكردنی تیرۆر» لە ئیدلیب دروست نەكەن.

هێرشی كیمیایی و كارەساتی مرۆیی
لەم ماوەیەی دواییدا مەترسییەكان لەبارەی ئەگەری روودانی هێرشی كیمیایی لە ئیدلیب روویان لە زیادبوون كرد.
مۆسكۆ و دیمەشق، گروپە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆن بە ئامادەكاریی بۆ هێرشی كیمیایی تۆمەتبار دەكەن لە پارێزگاكە تا بەرپرسیارێتیەكەی بخەنە ئەستۆی دیمەشق، ئەمەش لەكاتێكدایە ولایەتە یەكگرتووەكان و فەرەنسا و بریتانیا لای خۆیانەوە هەڕەشەی وەڵامدانەوەی توندوییان كردبوو، گەر هێزەكانی سوریا چەكی كیمیایی بەكاربهێنن.
لە 29ی ئابی 2018، ئەنتۆنیۆ گۆتێریش سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان هۆشداریی دابوو «لە مەترسی روودانی كارەساتێكی مرۆیی گەورە، گەر ئۆپەراسیۆنی سەربازیی فراوان لە پارێزگای ئیدلیب رووبدات».
نەتەوە یەكگرتووەكان ترسی ئەوەی هەیە، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكە لە ئیدلیب ببێتە مایەی ئاوارەبوونی 800 هەزار كەس.
لە میانی سەردانێكیدا بۆ مۆسكۆ لە 30ی ئابی 2018، وەلید موعەلیم وەزیری دەرەوەی سوریا رایگەیاندبوو»سوریا لە قۆناغی كۆتاییدایە بۆ رزگاركردنی تەواوی خاكی وڵاتەكەی لە چنگی تیرۆر».
لاڤرۆڤ لە رۆژی دواییدا رایگەیاندبوو، روسیا دەستیكردووە بە وتوێژ بۆ دروستكردنی «رێڕەوی مرۆیی»، لەپێناو چوونەدەرەوەی مەدەنییەكان لە پارێزگای ئیدلیب.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

ئەنقەر هاوڵاتییەكی بەریتانی بە حەوت ساڵ زیندانی سزادەدات

توركیا سزای زیندانی دەسەپێنێت بەسەر سەربازێكی پێشووی سوپای بریتانیا كە ...