پێشوو – knwe.org

ئه‌م كونجه‌ش

پێشوو

نەگبەتی یەكم لەوە دایە كە گوێ لەم تەلەفزیۆنە زۆر بێ‌و بۆر بێ یانە مان دەگرم. گوێ لە دەنگوباسی دەگرم. سەیری بەرنامەكانی دەكەم.
لە زۆر لەو دەنگوباسانەدا هەموو شەوێك (میوان) ی بەرنامە دەبینم- پێشكەشی دەكەن بە ناوی:
– سەرۆك كۆماری پێشووی (فڵان) ووڵات.
– سەرۆك وەزیرانی پێشووی (فڵان) ووڵات.
– وەزیری ناوخۆی پێشووی (فڵان) ووڵات.
– سەرۆكی پێشووی زانكۆی فڵان یا فڵان ووڵات.
ئیتر ئەگەر ناوونیشانی یەك لە دووای یەكی ئەم (پێشووانە) بنووسم. ئەوە چەند لاپەڕەم دەوێ. دێمە سەر قسەكانیان:
ئێستا كە هەموو (پێشوو)ن لەگەڵ گەلی عیراقدان‌ و سەربەخۆیی ‌و ئازادیی عیراق‌ و یەكگرتوویی خاكی عیراقیان دەوێ.
خوا هەڵناگری كە هەندێكیشان پشتی مەسەلەی كورد دەگرن‌ و لەگەڵ سەربەخۆیی تەواوی خاكی كوردستان‌ و لەگەڵ دروستبوونی دەوڵەتی كوردستاندان.
بەڵام ئەوەی من (ڕائەگرێ)- ئەم هەموو نازناو یا سیفەتی (پێشوو)ەیە- كە زۆر بوون‌و دیارە كە شتیش زۆر بوو، هەر بۆر ئەبێ.
من لێرەدا حەز ئەكەم ئەو (پێشوو) انە ڕیز بكەم‌ و یەك بەیەك لێ یان بپرسم، ئێستا كە (پێشوو)ن ئەمە هەڵوێستتانە. بەڵام توخوا كە (پێشوو) نەبوون‌ و لەسەر كار بوون‌ و كارتان بە دەستەوە بوو. هەڵوێستتان چی بوو؟. دیارە هەڵوێستی گشتی یانم مەبەسە. بەڵام ئەوەی زۆر دەربەسیم- مەسەلەی كوردە- یا بەشیر ووتەنی(كورد مەسەلەسی) یەكەیە.
بەڕاستی (پێشوو) ئەوەندە زۆر بوون كە پیاو ناتوانێ بەهەموویاندا بچێتەوە‌و لە هەڵوێستی پێش (پێشوو) بونی ئەمانە بكۆڵێتەوە.
بەڵام خۆزگە نووسەرمان پەیدا دەبوون، كە یەك بەیەك بەهەڵوێستی ئەمانەدا بگەرێت‌و لە هەڵوێستی ئەوسای پێش (پێشوو) بوونی بكۆڵێتەوە‌و ئەوسا‌و ئێستای دەرخات.
ناڵێم هەڵوێستی ئێستای نرخی نی یە. بەڵێ بۆ هەندێكیان- قسەی ئێستاشی نرخی هەیە. بەتایبەتی ئێمەی كورد لەهەموو پشت‌و پەنایەك دەگەڕێین‌و مافی ئەوەم نی یە بڵێم قسەی ئەمەیانم پێویستە ‌و ئەویترم پێویست نی یە. قسەی (خێر) هەر خێرە.
بەڵام توخوا بایەكە یەكە بە قسە ‌و هەڵوێستی ئەم (پێشوو) انەدا بچینەوە‌و بزانین كامیان چ خۆی، چ قسەی بۆ ئێمە سوودی هەیە‌ و كامیان هەر قسەی ڕووتە‌و قسەی ڕووتیش ناچێتە ناو گیرفانەوە.
من كەسێكی سادە‌و كوردێكی ساكارم. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانم چەند لەقەبی(پێشوو) بۆ خۆم دانێم. جا نازانم نرخیان چەندە.
زۆری لەسەر ڕۆیشتم- بەڵام خۆزگە چەند ئاگادار‌ و شارەزایەكمان بەقسەی ئەم (پێشوو) انەدا دەچوونەوە‌و سوودمەندیان لێ هەڵئەبژاردن.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

بۆ گاڵتە…

خۆ نابێ هەر شتی (جیددی) بنووسم. جاروبار با گاڵتەشی تێبكەوێ. ...