سەرەکی » راپۆرت » ئاماده‌کردنی : ئه‌رده‌ڵان عه‌بدوڵڵا » 60 ملیار دۆلار دەبەخشێتە ئەفریقا

چین بەخشکەیی بەرەو ئەفریقا هەنگاو دەنێت

60 ملیار دۆلار دەبەخشێتە ئەفریقا

لە 3 و 4 ی ئەم مانگە لە پکینی پایتەختی چین، کۆڕبەندی « چینی و ئەفریقا» بەسترا. لەم کۆڕبەندەدا کە تەواوی سەرۆک و سەرۆکی حکومەتەکانی ئەفریقا بەشداربوون، هەروەها سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان و 27 رێکخراوی ئەفریقی و نێودەوڵەتیش بەشداربوون. خاڵی گرنگ لەم کۆڕبەندەدا ئەوەبوو، کە جارێکی تر چین پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەفریقا بەهێزترکردەوەو بەڵێنیشیدا کە بڕی 60 ملیارد دۆلار وەکو یارمەتیی و قەرزی درێژخایەن بداتە ئەم کیشوەرە هەژار و گەورەی جیهان. ئەمەش گەورەترین یارمەتییە کە ئەم کیشوەرە لە زلهێزێکی جیهانی وەریبگرێت. لەهەمانکاتیشدا بەهێزکردنی پەیوەندیی ئابووریی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی ئامانجی سەرەکی ئەم کۆڕبەندە بوو. چاودێرانی سیاسیش بە تایبەتی رۆژئاواییەکان، باس لە هێرشی نەرم و کۆنترۆڵکردنی چین دەکەن بۆ ئەفریقا، گەرچی ئەفریقییەکان ، چین وەکو هەل و دەرەفەتێکی زێڕین دادەنێن، تاوەکو هەنگاو بەرەو پێشكەوتن و چارەسەرکردنی کێشەکانیان بکەن.

بەخشینی 60 ملیارد دۆلار
لە وتەی دەستپێکی کۆڕبەنەکەدا شی جین پینگ سەرۆکی چین رایگەیاند: چین دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ کێشوەری ئەفریقا بەهێزتر بکات. راشیگەیاند: حکومەتی چین بڕیاریداوە لە ماوەی سێ ساڵی داهاتودا، 60 ،ملیارد دۆلار ببەخشێتە کیشوەری ئەفریقا. لەمەشدا بڕی 15 ملیارد دۆلاری وەکو یارمەتیی و قەرزی بێسوود دەبەخشرێتە دەوڵەتانی ئەفریقا.

هاوکارییەکانی چین بۆ کێشوەری ئەفریقا بەردەوامە
جێگەی ئاماژەیە ماوەی چەندین ساڵە بە تایبەتی لە پاش ساڵی 2000 ەوە کە کۆڕبەندی چینی و ئەفریقی دامەرزا، هاوکاریی و یارمەتییەکانی چین بۆ کیشوەری ئەفریقا بە رێژەیەکی زۆر زیادیکردووە، هەروەها پەیوەندییەکانیشیان تەنها لایەنی ئابووری نەگرتۆتەوە، بگرە هەموو لایەنەکانی ژیانی گرتۆتەوە. لێرەدا هەوڵ دەدەم بەکورتی باسی بکەم.

لە رووی کشتوکاڵییەوە
لە رووی کشتووکاڵییەوە هاوکارییەکانی چین روو لە زیاد بوونە، لەم کۆڕبەندەشدا، چین بەرنامەی» 2030» ئەمنی خۆراکی یان داناوە، کە ئامانج لێی ئەویە هەتاوەکو ساڵی 2030 کیشورەی ئەفریقا، بتوانێت خۆراکی خۆی دابین بکات. لەم نێوەندەشدا چین 50 پرۆژەی کشتووکاڵی جێبەجێ دەکات، هەروەها 500 پسپۆری کشتوکاڵیش بۆ ئەم کیشوەرە دەنێرێت، جگەلە بەخشینی ملیارد یوانی چینی بەو وڵاتانەی کە تووشی کارەتاساتی سروشتی بوون. « جێگەی ئاماژەیە شەش یوانی چین یەک دۆلار دەکات»

لە رووی تەندروستییەوە
لە رووی تەندروستیشەوە چین بەڵێنیداوە، کە 50 پرۆژەی خزمەتگوزاری تەندروستی لەم کێشوەرە جێبەجێبکات. جگەلەوەش هاوکارییەکانی لە بواری لەناوبردنی نەخۆشیەکانی بەلهاریسا و ئایدز و مەلاریا زیاتر دەکات . هەروەها بەڵێنیشدا کە دکتۆری زیاتر بۆ ئەفریقا بنێرێت و گەشتە تەندروستییەکانی دکتۆرە چینییەکان بۆ ئەفریقا زۆرتر بکات.

لە رووی پێگەیاند پسپۆر و کادیر و خولی راهێنانەوە
لە چەند ساڵی پێشوودا، لە رووی مینحەی خوێندن و خوولی راهێنانەوە، چین هاوکاری زۆری ئەم کیشوەرەی کردووە، لە بەیانێکی وەزارەتی دەرەوەی چیندا هاتووە : لە ساڵی 2015 ەوە 30 هەزار مینحەی خوێندنمان داوە بە خوێندکارانی ئەفریقا . هەروەها 200 هەزار ئەفریقی، خوولی کاریان لە چین بۆ کراوەتەوە. 40 هەزار پسپۆری هەموو بوارەکان، خولی پیشەییان بۆ کراوەتەوە. هەروەها 2 هەزار خوێندکار بروانامەی ماجستێریان لە زانکۆکانی چین وەرگرتووە.
لەم کۆڕبەندەشدا حکومەتی چین بەڵێنیداوە، 10 پەیمانگەی پیشەیی هەمەجۆر لە ئەفریقا بکاتەوە، بۆئەوەی خولی راهێنان بۆ گەنجان بکاتەوەو فێری پیشەیەکیان بکەن. هەروەها پرۆژەی پێگەیاندنی هەزار پسپۆری ئەفریقاشی راگەیاند . جگە لە بەڵێنی پێدانی 50 هەزار مینحە بۆ خوێندکارانی ئەفریقا و پێدانی 50 هەزار هەلی بەشداربوون لە خولی پێگەیاند و راهێنان.

لە رووی فەرهەنگیی
لە چەند ساڵی پێشوودا، لە رووی پەیوەندی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیشەوە پەیوەندییان زۆر بەهێزبووە. بە پێی بەیانەکەی وەزارەتی دەرەوەی چین بێت، لە ماوەی سێ ساڵی پێشوودا 200 پرۆژەی فەرهەنگیان ئەنجامداوە. لەم کۆڕبەندەشدا چین بەڵێنیداوە کە 50 پرۆژەی فەرهەنگیی و کۆمەڵایەتی بکاتەوە، جگە لە کردنەوەی چەندین بنکە و رێکخراوی فەرهەنگیی چینی و وەرزشی یۆگا و پەیمانگەی کۆنفۆشیۆس. جگەلەوەش چین بەڵێنیداوە، کە رێکخراوی هاوکاری میدیای چینی و ئەفریقی دروستبکات، بۆئەوەی لەرووی و میدیایی و رۆژنامەگەرییەوە، پەیوەندییەکان بەهێزتر بکەن. هەروەها 2 هەزار گەشتی فەرهەنگی بۆ گەنجانی ئەفریقا دەرەخسێنن، تاوەکو سەردانی چین بکەن .

لە رووی بازرگانییەوە
ساڵی 2000 پەیوەندی بازرگانی نێوان هەردوولا تەنها 10 ملیارد دۆلار بوو، بەڵام پاش 18 ساڵ، پەیوەندیی بارزگانیان گەیشتۆتە 200 ملیارد دۆلار. لە پاش کۆڕبەندەکە، حکومەتی چینی بەڵێنی جێبەجێکردنی کۆمەڵێک پرۆژەی داوە بۆ بەهێزکردن و باشکردنی پەیوەندی بازرگانی نێوانیان. لەمبارەیەوە حکومەتی چین بڕیاداوە، 50 پرۆژەی بازرگانی جێبەجێبکات، بۆئەوەی پەیوەندی بازرگانی نێوانیان بەهێزتر بکات. بەڵێنی دروستکردنی ناوچەی بارزگانی ئازاد ، سازدانی چالاکی بازرگانی بۆ برەودان بۆ کاڵا و شمەکت چینی و ئەفریقی دراوە. جێگەی ئاماژەیە لە ئێستادا نزیکەی 3 هەزار کۆمپانیای چینی لە ئەفریقا کار دەکەن.

لە رووی ئەمنی و سەربازییەوە
ماوەی چەند ساڵێکە پەیوەندیی ئەمنیی و سەربازی نێوان چین و ئەفریقا زیادیکردووە. حکومەتی چینێش بەڵێنیداوە، لە چەند ساڵی داهاتوودا 50 پرۆژەی ئەمنی و سەربازی جێبەجێکات، هەروەها بەردەوام بێت لە پێشکەشكردنی هاوکارییە سەربازیی و ئەمنییەکانی بۆ سوپا و دەزگا ئەمنییەکانی ئەفریقا. هەروەها بەهێزکردنی هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی وڵاتانی ساحیل و کەنداوی عەدەن و کینیا. جگە لە دروستکردنی کۆڕبەندی چینی و ئەفریقی لە بواری ئەمنی و سەربازیی.

ترسی رۆژئاوا
بەهێزبونی هەژمونی چین لە ئەفریقا بۆتە مایەی ترس و نیگەرانی گەورە بۆ رۆژئاوا لەپێش هەموویانەوە ئەمریکا. ئەوەی دەشبینرێت چین لە چەند ساڵی پێشوودا رۆڵی زۆر بەهێزبووە، بۆنموونە لە کێشەی رۆبێرت موگابی لە زیمبابۆی، چین رۆڵی سەرەکی گێڕا لەلابردن و دانانی حکومەتێکی دۆستی خۆی . لەئێستادا چین لە زۆربەی دەوڵەتە ئەفریقییەکان ، هەژموون و رۆڵی خۆی هەیە، ئەمەش بەدڵی رۆژئاوا نییە.

دەرئەنجام
ئەوەی روون و ئاشكرایە لەم چەند ساڵەی پێشوودا چین گرنگیی و بایەخی زۆر بەم کیشوەرە دەدات، ئەوەش زیاتر پەیوەندی بە بوونی سامانێکی زۆری سروشتییە لەسەروهەمووشیەوە « نەوت وگاز» کە لەم کیشوەردا هەیە. هەروەها ژمارەی دانیشتوانیشی دەگاتە 1.3 ملیارد کەس. ئەمەش بازاڕێکی گەورەیە بۆ شمەک و کاڵای چینی. لە رووی ستراتیژییشەوە، ئەفریقا پێگەیەکی گرنگی هەیە و خاوەنی رووبەرێکی گەورەی زەویە کە دەگاتە سەرو 30 ملیۆن کم چوارگۆشە. لەبەرامبەردا چین بۆ وڵاتانی ئەفریقا گرنگە، چونکە هیچ زلهێزێکی جیهان، هێندەی چین پەخشندەو میهرەبان نەبووە بەرامبەر ئەم کیشوەرە گەورەو گرنگەی جیهان. لەهەمانکاتیشدا ئەفریقییەکان وەکو دەرفەتێک و هەلێکی باش سەیری چین دەکەن، تاوەکو یارمەتییان بدات و کێشەکانیان چارەسەر بکەن. لێ رۆژئاواییەکان ئەمەیان بەدڵ نییە، چونکە بەهێزبوونی رۆڵی چین لە ئەفریقادا ، بەزەرەر بۆ رۆژئاوا و ئەمریکا دەگەڕێتەوە لەبەرئەوە دژی رۆڵی چین لە ئەفریقا دەوەستنەوە.

سەرچاوە:ئاژانسی شینخوا، رۆژنامەی گەلی چین.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

خۆپیشاندان بەردەوامە و حکومەتیش باری نائاسایی راگەیاند

بەسرە یەکێکە لە شارە دەوڵەمەند و گرنگ و جوان و ...