ده‌نگ بده‌ن به‌ لیستی 105 ی ی. ن. ک لیستی شه‌هیدان – knwe.org
سەرەکی » مانشێت » ده‌نگ بده‌ن به‌ لیستی 105 ی ی. ن. ک لیستی شه‌هیدان

ده‌نگ بده‌ن به‌ لیستی 105 ی ی. ن. ک لیستی شه‌هیدان

قوباد تاڵەبانی: ئه‌گه‌ر هه‌نگاوێكی گه‌وره‌ نرابێت، یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ئه‌و هه‌نگاوه‌ی  ناوه‌و چه‌ند هه‌نگاوی گه‌وره‌ و گرنگیش مابێت، هه‌ر ی.ن.ك-ه‌ كه‌ ده‌توانێت له‌ داهاتوودا ئه‌و هه‌نگاوانه‌ بنێت

له‌شاری رانیه‌ی ده‌روازه‌ی راپه‌ڕینه‌وه‌، یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ده‌ستپێكردنی هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی لیستی ژماره‌ 105 ی بۆ خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان راگه‌یاند.
له‌و چوارچێوه‌یه‌داو له‌ كه‌رنه‌ڤاڵێكی جه‌ماوه‌ریدا به‌ ئاماده‌بوونی ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، دۆست و لایه‌نگرو هه‌ڤاڵانی یه‌كێتی و جه‌ماوه‌رێكی زۆر، بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی لیستی «105»ی ده‌ستپێكرد.
له‌و كه‌رنه‌ڤاڵه‌دا سه‌ره‌تا وه‌ستا ره‌سول لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی رێكخستنی ٢٤ی راپه‌ڕین وتارێكی پێشكه‌ش كردو تێیدا هه‌ڵبژاردنی شاری رانیه‌ی ده‌روازه‌ی راپه‌رینی به‌ ده‌ستپێكی هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی یه‌كێتی به‌ شه‌ره‌فێكی گه‌وره‌ وه‌سفكرد.
دواتر هه‌ڤاڵ «كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی» جێگری سكرتێری گشتی یه‌كێتی وتارێكی پێشكه‌ش كردو تێیدا خۆشحاڵیی خۆی ده‌ربڕی به‌م رۆژه‌ كه‌ له‌ناوه‌ندی راپه‌ڕین و خۆڕاگرییه‌وه‌ كاندیده‌كانی لیستی ژماره‌ ١٠٥ ی یه‌كێتی ده‌ناسێنرێن و وتیشی : لێره‌وه‌ بۆ هه‌موو كوردستان ده‌ست پێ ده‌كه‌ین.
وتیشی: دیاره‌ یه‌كێتی ئه‌و هێزه‌یه‌ كه‌ به‌هیچ كه‌سێك له‌بن نایه‌ت، به‌سه‌ركه‌وتنمان له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا یه‌كێتی ده‌گه‌ڕێنینه‌وه‌ یه‌كێتییه‌كه‌ی جاری جاران.
پاشان كاندیده‌كانی لیستی ژماره‌ «105»ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان یه‌ك له‌دوای یه‌ك به‌ئاماده‌بووان ناسێنران.

له‌دوای ناساندنی كاندیده‌كانی یه‌كێتی، هه‌ڤاڵ قوباد تاڵه‌بانی كاندیدی ژماره‌ (1) و سه‌رۆكی لیستی ژماره‌ «105»، وتارێكی پێشكه‌ش كردو تێیدا رایگه‌یاند: ئێمه‌ لێره‌ین، تا به‌ بڕوایه‌كی به‌هێزو چاوانێكی پر ئومێدی وه‌كو ئه‌وكاتی مامه‌وه‌، به‌رده‌وام بین. ئێمه‌ لێره‌ین ، وه‌ك یه‌ك لیست، یه‌ك تیم، نوێنه‌رایه‌تی یه‌ك حزب بۆ یه‌ك كوردستان له‌سه‌ر رێبازی ‌ 73 ساڵی خه‌باته‌ دانه‌بڕاوه‌كه‌ی مام بین. ئێمه‌ لێره‌ین تا له‌ ده‌روازه‌ی راپه‌ڕینه‌وه‌، راپه‌ڕینێكی نۆێ ده‌ستپێبكه‌ین، چونكه‌ ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ بۆ ئێمه‌ سه‌رچاوه‌و ئیلهامه‌، سه‌رچاوه‌ی وره‌و ئومێده‌.
وه‌كو چۆن لێره‌وه‌ هه‌ڵسانه‌وه‌و راپه‌ڕین ده‌ستیپێكردو یه‌كێتی و میلله‌ت، ترسناكترین رژێمی سیاسییان به‌ده‌رنا. هه‌ر ئاواش لێره‌وه‌ سه‌ره‌تای قۆناغێكی نوێ راده‌گه‌یه‌نین و راپه‌ڕینیكی نوێ له‌ پێناوی ئارامی و ره‌خساندنی هه‌لی كارو خزمه‌تێكی باشتر بۆ كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان.
جه‌ختییشی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ یه‌كێتی له‌وه‌ته‌ی دامه‌زراوه‌ بۆ چه‌ند ئامانجێك خه‌باتی كردووه‌، ئه‌وانیش : ئاشتی و دیموكراسی و مافی مرۆڤ و مافی چاره‌ی خۆنووسین و مافی یه‌كسانیی هاووڵاتیان و به‌رزڕاگرتنی شكۆی نه‌ته‌وه‌كه‌مان.
وتیشی : رێگای زۆرمان بڕیووه‌و ده‌ستكه‌وتی زۆریشمان هه‌یه‌، به‌ڵام زۆرماوه‌ كه‌ بكرێت تا بگه‌ینه‌ ئاستی چاوه‌روانیی ئێوه‌.
رۆژانه‌ له‌ هاووڵاتیانه‌وه‌ ده‌بیستین كه‌ ماندوون، ماندوون له‌ نائارامی و نا سه‌قامگیریی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی، نیگه‌رانن كه‌ هه‌رچه‌نده‌ هه‌رێمه‌كه‌مان ده‌وڵه‌مه‌نده‌، به‌ڵام بێكاریی و رێژه‌ی هه‌ژاری به‌ تایبه‌ت له‌ نێو گه‌نجه‌كانماندا زیادی كردووه‌.
راشیگه‌یاند: ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ گرنگه‌، چونكه‌ ده‌رفه‌تێكه‌ بۆ ده‌ستنیشانكردنی ئه‌و بابه‌ته‌ چاره‌نووسسازانه‌ی كه‌ رۆژانه‌ رووبه‌ڕووی ژیانی هه‌موومان ده‌بێته‌وه‌‌و وتی: «ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ بۆ ئارامییه‌، بۆ ره‌خساندنی هه‌لی كارو باشتركردنی بژێویی خه‌ڵك و بۆ دابینكردنی خزمه‌تگوزاریی باشتره‌».
له‌باره‌ی به‌دیهێنانی ئارامی-یشه‌وه‌ بۆ كوردستان، قوبادی مام جه‌لال وتی: «ئێمه‌ ده‌توانین ئارامیی سیاسی بۆ كوردستان دابین بكه‌ین، له‌ رێگه‌ی گفتوگۆی زیاتری سیاسی تا دڵنیابن له‌وه‌ی كه‌ حكومه‌ت و حزبه‌كه‌مان، به‌ هه‌ماهه‌نگیی له‌گه‌ڵ هه‌موولایه‌ك كار بۆ باشترین به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌له‌كه‌ی ده‌كات. ئه‌مه‌ په‌یڕه‌وكردنی سیاسه‌تی چه‌پكه‌گوڵه‌كه‌ی مام جه‌لال-ه‌.
وتیشی: ئێمه‌ كاری زیاتر ده‌كه‌ین بۆ پێشخستنی یه‌كسانی ‌و ئاشته‌وایی كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ دڵنیابوون له‌وه‌ی كه‌ ژینگه‌یه‌كی باشترو ئارامتر بۆ خه‌ڵكه‌كه‌مان دابین بكه‌ین.
له‌باره‌ی ره‌خساندنی ده‌رفه‌ت و هه‌لی كاره‌وه‌ بۆ هه‌مووانیش، سه‌رۆكی لیستی 105ی یه‌كێتی رایگه‌یاند: كوردستانێكی خۆشگوزه‌ران له‌ ده‌ستپێكردنی كار و زیادكردنی هه‌لی كاره‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات، ماوه‌یه‌كی درێژه‌ پشتمان به‌ داهاتی نه‌وت به‌ستووه‌، ماوه‌یه‌كی درێژه‌ هه‌ستمان نه‌كردووه‌ كه‌ به‌به‌هاترین سه‌رچاوه‌ بۆ وڵاته‌كه‌مان خه‌ڵكه‌كه‌مانه‌.
وتیشی: «ئێمه‌ ده‌توانین زیاتر له‌ 50 هه‌زار هه‌لی كار دروست بكه‌ین له‌ رێگه‌ی به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی دوو هه‌زار كارگه‌ی داخراو و هاندانی كردنه‌وه‌ی كارگه‌ی دیكه‌وه‌و هه‌زاران هه‌لی كاری تر دروست ده‌كه‌ین له‌ رێگه‌ی هاندانی وه‌به‌رهێنه‌ره‌كانه‌وه‌، بۆئه‌وه‌ی هه‌لی زیاتر بده‌ینه‌ گه‌نجه‌كانمان بۆ كاركردن.
راشیگه‌یاند: «ئێمه‌ هه‌لی كاركردنی زیاتر بۆ ژنان ده‌ره‌خسێنین تا دڵنیابین له‌وه‌ی كه‌ ژنانیش وه‌ك پیاوان هه‌لی كاركردنی یه‌كسانیان بۆ ده‌ڕه‌خسێت.
له‌باره‌ی به‌ره‌وپێشبردنی ئاستی خزمه‌تگوزارییه‌كانیشه‌وه‌ قوبادی مام جه‌لال وتی: روونه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ زۆربه‌ی خه‌ڵك رازی نین له‌ ئاستی خزمه‌تگوزارییه‌كان، ئێمه‌ ئاستی خزمه‌تگوزارییه‌كان له‌ كوردستان به‌ره‌وپێش ده‌به‌ین تا دڵنیابین له‌وه‌ی كه‌ هه‌موو كه‌سێك خزمه‌تگوزاریی گشتی پێده‌گات، پلانمان هه‌یه‌ كه‌ رۆتین و كاتی چاوه‌ڕوانییه‌كانی ئێوه‌ له‌ فه‌رمانگه‌كاندا كه‌م بكه‌ینه‌وه‌. مامه‌ڵه‌ی رۆژانه‌تان له‌گه‌ڵ حكومه‌ته‌كه‌تان ئاسانتر بكه‌ینه‌وه‌.
سه‌رۆكی لیستی ژماره‌ 105 ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان په‌یامی خۆشی ئاراسته‌ی ده‌نگده‌ران كردو رایگه‌یاند: ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌، ده‌رفه‌تێكه‌ بۆ مسۆگه‌ركردنی كوردستانێك كه‌ شوێنی ژیانێكی شایسته‌بێت بۆ تۆی كوردستانی.. وتیشی: هه‌موو رۆژێك ئیلهام وه‌رده‌گرم له‌ دیدگاو رێبازه‌كه‌ی باوكم، هه‌ر ئه‌ویش بوو فێری كردم كه‌ كوردستان ده‌بێت ئارام بێت و به‌بێ جیاوازیی، كار بكه‌ین بۆ هه‌موو كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان.
جه‌ختیشی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ له‌م چوار ساڵه‌ سه‌خته‌ی رابردوو، به‌هه‌نگاو و ده‌ستپێشخه‌رییه‌كان هه‌وڵیانداوه‌ بیسه‌لمێنن كه‌ خزمه‌تكاره‌ راستگۆو دڵسۆزه‌كه‌ی ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ ده‌بێت.
له‌به‌شێكی دیكه‌ی په‌یامه‌كه‌یدا پلانی لیستی یه‌كێتی بۆ چوار ساڵی داهاتوو ئاشكراكردو وتی: پلانی ئێمه‌ بۆ چوار ساڵی داهاتوو ئارامكردنه‌وه‌ی دۆخی كوردستانه‌، زیادكردنی هه‌لی كارو باشتركردنی خزمه‌تگوزارییه‌كانه‌. ئه‌مه‌ ته‌نها دروشم نییه‌، به‌ڵكو به‌ كاره‌كانمان سه‌لماندوومانه‌ كه‌ خاوه‌نی به‌ڵێنه‌كانی خۆمانین و ئه‌زموونمان هه‌یه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌م دیدگاو رێبازه‌. ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌، ده‌رفه‌تێكه‌ بۆ تۆی ده‌نگده‌ر، به‌شداربیت له‌گه‌ڵمان، بۆ جێبه‌جێكردنی پلانه‌كه‌مان، تا كوردستانێك ده‌سته‌به‌ربكه‌ین كه‌ له‌ئاستی چاوه‌ڕوانیی ئێوه‌دا بێت.
له‌باره‌ی سه‌نگی یه‌كێتی و خه‌باتی چه‌ند ساڵه‌شیه‌وه‌، قوبادی مام جه‌لال سه‌رۆكی لیستی 105ی ی.ن.ك رایگه‌یاند: وه‌فاو ئیراده‌ی ئێوه‌و ئه‌و رێبازه‌ی مام دایڕشتووه‌، واده‌كات یه‌كێتی نه‌كه‌وێت و كاروانی خه‌باته‌كه‌ی درێژه‌ بكێشێت، له‌ كاتێكدا یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان توندوتیژیی به‌رامبه‌ر كه‌س نه‌نواندووه‌و هێشتوویه‌تی هه‌ركه‌س بیه‌وێت ئازادانه‌ رای خۆی ده‌رببڕێت و پارت و گروپی نوێ دابمه‌زرێنێت و دژی یه‌كێتیش كاربكه‌ن، له‌كاتێكدا هه‌مووی به‌رهه‌می یه‌كێتی و رێبازه‌كه‌ی مامن.
وتیشی: ئێمه‌ له‌ رای جیاوازو گروپ و پارتی نوێ ‌و جیاوازو دژ ناترسین، هیچ كات به‌ ناحه‌ق مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵ دژه‌كانمان نه‌كردووه‌. چونكه‌ ئێمه‌و كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك یه‌كێتی ده‌ناسین و ده‌زانن رێبازه‌كه‌ی مام چییه‌.
روونیشیكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر كارێكی گرنگ كرابێت، ئه‌گه‌ر كوردو دۆزی كورد هه‌نگاوێكی بۆ پێشه‌وه‌ نابێت، ئه‌وه‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان كردوێتی ‌و ناوێتی ‌و ئه‌گه‌ر هه‌نگاوێكی گه‌وره‌ش نرابێت، ئه‌وا یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ئه‌و هه‌نگاوه‌ی ناوه‌. ئه‌گه‌ر چه‌ند هه‌نگاوێكی گه‌وره‌و گرنگیش مابن، بێگومان هه‌ر یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ده‌توانێت له‌ داهاتوودا ئه‌و هه‌نگاوانه‌ بنێت. هێزه‌ سیاسییه‌كانی تری گۆڕه‌پانی كوردستان، یان له‌ به‌رژه‌وه‌ندییان نییه‌ گۆڕانكاریی بكه‌ن، یان پێیان ناكرێت.
هه‌ندێك به‌م دۆخه‌ی ئێستا رازین، هه‌ندێكی دیكه‌ش گۆڕانكارییان پێ نه‌كراوه‌و پێیان ناكرێت درووشمه‌كانیان ببه‌نه‌ سه‌ر.
خه‌ڵكی كوردستان ئه‌گه‌ری زۆری تاقیكرده‌وه‌و ئێمه‌ هه‌رگیز رێگر نه‌بووین له‌وه‌ی خه‌ڵك ئازادانه‌ چییان بوێت هه‌ڵیبژێرن، به‌ڵام دلنیاین ئه‌و راستییه‌ بۆ هه‌موو جه‌ماوه‌ری كوردستان ده‌رده‌كه‌وێت؛ كه‌ تاكه‌ هیوا له‌ رۆژه‌ سه‌خته‌كاندا هه‌ر یه‌كێتی بووه‌و هه‌ر یه‌كێتیش ده‌بێت.
له‌كۆتاییشدا سه‌رۆكی لیستی «105»ی یه‌كێتی وتی: ئێمه‌ چاكسازییه‌كی سه‌رتاسه‌ریمان ده‌ستپێكردووه‌و ده‌بێت ته‌واوی بكه‌ین. ده‌مانه‌وێت به‌ پشتیوانی ئێوه‌و هه‌وڵ و تێكۆشانی ئه‌ندامه‌كانمان، به‌ عه‌قڵێكی نوێ و تێڕوانینێكی سه‌رده‌مییانه‌وه‌، هه‌موو به‌ربه‌ستێك ببڕین. ئارامی و خۆشگوزه‌رانی و ئابوورییه‌كی هه‌مه‌جۆر، كه‌ ئابووریه‌كی به‌هێزه‌ ده‌سته‌به‌ربكه‌ین.
جه‌ختیشی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌: وه‌ك یه‌كێتی نه‌مان وتووه‌ بێگه‌رد و بێ كه‌موكوڕیین، به‌ڵام وتوومانه‌ و ده‌یڵێین، ئێمه‌ له‌م نیشتمانه‌دا هیزی راسته‌قینه‌ین و له‌ناو دڵی هاووڵاتییانی ئه‌م نیشتمانه‌داین. هێزێكی سروشتیین، ره‌گ و ریشه‌مان داكوتیووه‌ له‌م كومه‌ڵگه‌یه‌و به‌ خه‌م و ئازاری ئه‌م میلله‌ته‌وه‌ گه‌وره‌ بووین. ئه‌گه‌ر ئه‌م نیشتمانه‌ داهاتوویه‌كی گه‌ش چاوه‌ڕێی بكات، ئه‌وا دڵنیابن به‌ پشتیوانی ئێوه‌‌و له‌سه‌ر ده‌ستی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ده‌بێت.
بۆیه‌ داواتان لێده‌كه‌م ده‌نگ بده‌ن به‌ رێبازه‌كه‌ی مام، ئه‌و رێبازه‌ی كه‌ به‌رده‌وامه‌، ئه‌و رێبازه‌ی كه‌ هه‌موومان، نه‌وه‌ له‌دوای نه‌وه‌ له‌سه‌ری به‌رده‌وام ده‌بین. له‌گه‌ڵتان ده‌بین و له‌گه‌ڵمان بن، بۆ ئارامی و هه‌لی كارو خزمه‌ت ‌و له‌ رۆژی ٣٠/٩ ده‌نگ بده‌ن به‌ لیستی شه‌هیدان، به‌ لیستی یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان، به‌ لیستی ژماره‌ «105».

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

ماجد سروودی «رێبازی مام» بۆ سەرخستنی لیستی ١٠٥ دەچڕێت

هه‌رچه‌ند رێگامان سه‌خت بوو هه‌رچه‌ند ته‌نیاو بێ كه‌س بووین هیوامان ...