وەک یەکێتی خۆمان بە خاوەنی هەموو کوردستان دەزانین و چاویشمان خەڵکی هەموو کوردستان دەبینێت – knwe.org
سەرەکی » مانشێت » وەک یەکێتی خۆمان بە خاوەنی هەموو کوردستان دەزانین و چاویشمان خەڵکی هەموو کوردستان دەبینێت

شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ:

وەک یەکێتی خۆمان بە خاوەنی هەموو کوردستان دەزانین و چاویشمان خەڵکی هەموو کوردستان دەبینێت

ئاماده‌بووانی‌ خۆشه‌ویست…
میوانانی‌ به‌ڕێز…
یه‌كێتییه‌ خۆڕاگره‌كانی‌ هه‌ولێر
به‌خێربێن بۆ مه‌راسیمی‌ ناساندنی‌ كاندیدانی‌ لیستی‌ 105ی‌ یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان له‌ هه‌ولێری پایته‌خت، ئه‌و هه‌ولێره‌ی‌ له‌ هۆلاكۆوه‌ تا رووخانی‌ رژێمی‌ به‌عس، وه‌ك هه‌میشه‌ سه‌ربه‌رزانه‌ دژی داگیركه‌ران وه‌ستاوه‌و چۆكی پێدادان.

هه‌ڤاڵانی‌ خۆشه‌ویست…
له‌ مێژووی‌ دامه‌زراندنی‌ یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستانه‌وه‌و له ‌مێژووی‌ چه‌ند ساڵه‌ی‌ حوكمڕانی‌ كوردستاندا یه‌كێتی‌ به‌وپه‌ڕی تواناوه‌ خزمه‌تی‌ كردووه‌و هه‌موو هه‌وڵێكی‌ له‌پێناوی‌ خۆشگوزه‌رانی‌ و پێشكه‌شكردنی‌ خزمه‌تگوزاری‌ بووه‌ به‌ كوردستانیان، زۆرجاریش له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندیی‌ باڵای‌ گه‌له‌كه‌مان وه‌ك یه‌كێتی‌ قوربانیمان به‌ جه‌ماوه‌رو رای‌ خۆمان داوه‌، ئێمه‌ واین، نه‌ك وه‌ك هه‌ندێك لایه‌ن تاكڕه‌وانه‌و تاكه‌ كه‌سانه‌ رای‌ خۆیان له‌سه‌ر جه‌ماوه‌رو خه‌ڵكی‌ كوردستان بسه‌پێنن.
بۆ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ش، لیستی‌ 105ی‌ یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان، به‌ به‌رنامه‌یه‌كی‌ خزمه‌تكردن به‌ خه‌ڵك، به ‌پلانێكی‌ وردی‌ حوكمڕانییه‌وه‌، به‌ دروشمی‌ بۆ (ئارامی‌، هه‌لی‌ كار، خزمه‌ت) به‌ كاندیدكردنی‌ كه‌سانی‌ به‌تواناو خاوه‌ن بڕوانامه‌ی‌ به‌رز و به‌ ئه‌زموون ده‌مانه‌وێ‌ متمانه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان به‌ده‌ست بێنین و له‌ په‌رله‌مان و حكومه‌تی‌ داهاتووی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌ باشترین خزمه‌ت به‌ هاووڵاتیانی‌ خۆمان بكه‌ین.
یه‌كێتییه‌ ره‌سه‌نه‌كان…
ئێمه‌ له‌ یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان خۆمان به‌ خاوه‌نی‌ هه‌موو كوردستان ده‌زانین و چاویشمان خه‌ڵكی‌ هه‌موو كوردستان ده‌بینێ، دووپاتیشی ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ حزبی ناوچه‌یه‌كی‌ دیاریكراو نه‌بووین و نابین، یه‌كێتی‌، یه‌كێتی‌ هه‌موو كوردستانیانه‌ له‌ زاخۆوه‌ تا خانه‌قین، بۆیه‌ش ئه‌مجاره‌ ده‌مانه‌وێ‌ و ئامانجمانه‌ له‌ هه‌موو كوردستان سه‌ركه‌وتنی‌ گه‌وره‌ تۆمار بكه‌ین و ببینه‌وه‌ به‌و یه‌كێتییه‌ی‌ به‌ رابه‌رایه‌تی‌ مامی‌ هه‌موومان له‌ چركه‌ساتی‌ بێ ئومێدیدا هاته‌ مه‌یدان و به‌رده‌وامیشه‌ له‌ خه‌بات، خه‌باتی‌ ئێستا جیاوازه‌ له‌ خه‌باتی‌ ئه‌وێ‌ رۆژێ، خه‌باتی‌ ئێستا خه‌باتی‌ خزمه‌تكردنی‌ خه‌ڵكه‌.
هه‌ولێرییه‌ خوێن كه‌سكه‌كان…
به‌داخه‌وه‌ بارودۆخی‌ سیاسی كوردستان و ململانێكان وایكردووه‌ یه‌كێتی‌ بوون له‌ هه‌ولێری پایته‌خت و بادینان كارێكی‌ ئاسان نه‌بێ، به‌رێ باش ده‌زانین و ئاگادارین هه‌لی‌ یه‌كسان له‌ كاركردن نییه‌و یه‌كێتییه‌كان له‌ مافه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانیش غه‌دریان لێده‌كرێ و جیاوازییان پێ ده‌كرێ له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی‌ تر، ئه‌وجاره‌ ده‌مانه‌وێ‌ له‌ هه‌ولێره‌وه‌ سه‌ركه‌وتنی‌ گه‌وره‌ به‌ده‌ست بینین و یه‌كێتی‌ به‌هێز بیته‌وه‌، كه‌ یه‌كێتی‌ به‌هێز بوو هیچ كه‌س ناتوانێ‌ و جورئه‌تی‌ ئه‌وه‌ ناكا غه‌در له‌ هه‌ولێرییه‌كان بكات.

ئه‌وه‌یه‌ یه‌كێتی‌ لۆ خه‌ڵك.
خۆشه‌ویستانی‌ یه‌كێتی‌…
یه‌كێتی‌ ئه‌و حزبه‌یه‌ كه‌ هه‌میشه‌ جه‌ماوه‌ر و خه‌ڵكه‌ دڵسۆزه‌كه‌ی‌ خاوه‌نی‌ بووه‌و ده‌مانه‌وێ‌ و متمانه‌مان پێتانه‌ كه‌ هه‌موو كادیرو جه‌ماوه‌ر و لایه‌نگر و ده‌نگده‌رێكی‌ یه‌كێتی‌ له‌ پێگه‌و جێگه‌كه‌ی‌ خۆی، خۆی به‌ خاوه‌نی‌ یه‌كێتی‌ بزانێ‌ و هه‌ر خۆی نوێنه‌رایه‌تی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ و مه‌كته‌بی سیاسی و جێگری سكرتێری گشتی‌ و ته‌نانه‌ت سكرتێری گشتیش بكات.

ئه‌وه‌یه‌ یه‌كێتی‌!
كه‌سوكاری‌ سه‌ربه‌رزی‌ شه‌هیدان…
پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان..
زیندانیانی‌ سیاسی…
كه‌مئه‌ندامانی‌ سه‌نگه‌ر…
كرێكاران و جووتیاران…
مامۆستایان، فه‌رمانبه‌ران، ئه‌ندازیاران، پزیشكان، پارێزه‌ران و مافپه‌روه‌ران…
گه‌نجان و لاوان و خوێندكاران…
ده‌با لێره‌وه‌ له‌ هه‌ولێره‌وه‌،
له‌ خانه‌قاو ته‌عجیل و ته‌یراوه‌وه‌، له‌شێخی چۆلی و مناره‌ سێتاقانه‌وه‌، له‌ مه‌نتكاوه‌و كوران و باداوه‌وه‌، له‌ سه‌یداوه‌و به‌لاشه‌وه‌وه‌، له‌ حه‌ی‌ شورته‌و راپه‌ڕین و عه‌ردی مه‌لایانه‌وه‌، له‌ جاده‌ی‌ سورچیان و شۆڕشه‌وه‌، له‌ مه‌عمه‌ل پاكه‌ت و زانیاری‌ و ئازادی‌ و رووناكیه‌وه‌، له‌ مامۆستایان و ئه‌ندازیاران و برایه‌تی‌ و ئیسكانه‌وه‌، له‌ موفتی و ئه‌لبان و سایلۆ و كورانی‌ عه‌نكاوه‌وه‌، له‌ ناوقه‌سران و به‌سته‌پیازه‌وه‌، له‌ مامزاوه‌و توڕه‌ق و شاوێس و پیرزین و بنه‌سڵاوه‌وه‌، له‌ داره‌توو و به‌حركه‌و كه‌ڵه‌ك و عه‌نكاوه‌و گرده‌ڕه‌شه‌و قوشته‌په‌وه‌، له‌ دیبه‌گه‌و گوێڕ و مه‌خمووره‌وه‌، له‌ ده‌شتی‌ هه‌ولێر و كه‌ندێناوه‌وه‌، له‌ مه‌لا ئۆمه‌رو به‌ستۆڕه‌و مه‌سیف و كۆڕێ و شه‌قڵاوه‌وه‌، له‌ بالیسان و شێخ وه‌سانان و هه‌ریر و باتاس و خه‌لیفانه‌وه‌، له‌ سۆران و رواندزی پاشای‌ گه‌وره‌ و باڵه‌كایه‌تی‌ و خۆشناوه‌تی‌ و چۆمانه‌وه‌، له‌ ده‌رگه‌ڵه‌و گه‌ڵاڵه‌و قه‌سرێ و وه‌رتێ‌ و حاجی‌ ئۆمه‌رانه‌وه‌، له‌ دێگه‌ڵه‌و ته‌قته‌ق و كۆیه‌ و ئاشتی‌ و سێگردكانه‌وه‌.
له‌سه‌ر قه‌ڵا سه‌ركه‌شه‌كه‌ی‌ هه‌ولێر و مناره‌وه‌…
با هه‌موومان به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌ست له‌ناو ده‌ست ده‌نگ بده‌ین به‌ لیستی‌ 105ی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان.

تێكۆشه‌رانی‌ یه‌كێتی‌…
دڵنیام وه‌ك جاری‌ جاران، هه‌ولێرییه‌كان سه‌ربه‌رزن وه‌ك پیره‌ قه‌ڵای‌ هه‌ولێر، به‌ سه‌ركه‌وتنی‌ ئه‌وجاره‌مان وه‌ك مناره‌ی‌ چۆلی به‌رامبه‌ر یار و نه‌یار هه‌ر به‌پێوه‌ ده‌وه‌ستین، یه‌كێتی‌ به‌هێز بێ، هه‌موو تاكێكی‌ كوردستان به‌بێ جیاوازی‌ به‌هێز ده‌بێ.

ئه‌وه‌یه‌ یه‌كێتی‌.
یه‌كێتییه‌كانی‌ هه‌ولێر…
ئه‌وێ‌ رۆژێ له‌پێش محافه‌زه‌ی‌ هه‌ولێر، له‌بیرتانه‌ كێ بوو هه‌ولێری رزگار كرد؟
مێژوو و ئه‌رشیفه‌كان شاهێدن.
ده‌با لیستی‌ 105ی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان سه‌ربخه‌ین.
لۆ ئاوه‌دانی‌، لۆ هه‌لی‌ كار، لۆ خزمه‌ت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

پێكهێنانی حكومەتی نوێ لایەنەكان لەسەر مێزی گفتوگۆ كۆدەكاتەوە

لە بەغدا و هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە و گفتوگۆكان بۆ پێكهێنانی ...