پەیمانی یەکڕیزیی نێو ماڵی یەکێتیتان پێ رادەگەیەنین – knwe.org
سەرەکی » مانشێت » پەیمانی یەکڕیزیی نێو ماڵی یەکێتیتان پێ رادەگەیەنین

قوباد تاڵەبانی:

پەیمانی یەکڕیزیی نێو ماڵی یەکێتیتان پێ رادەگەیەنین

ئەمڕۆ سێ شەممە ١٨/٩/٢٠١٨، کەرنەڤاڵی جەماوەری لیستی ژمارە ١٠٥ ی یەکێتی بەئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی سەرۆکی لیستی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەشاری هەولێر بەرێوەچوو، تێیدا مژدەی وەلانانی ناکۆکیە لاوەکیەکان و پەیمانی یەکریزی نێو ماڵی یەکێتی بەهەمووان راگەیاند.
لەو کەرنەڤاڵە جەماوەرییەدا سەرەتا شاڵاو کۆسرەت رەسول ئەندامی سەرکردایەتی و لێپرسراوی مەڵبەندی ٣ی هەولێر وتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند: لەمێژووی دامەزراندن و حوکمڕانییەوە، یەکێتی بەهەموو توانایەوە هەوڵی لەپێناو خۆشگوزەرانی و خزمەتکردن بووە بەکوردستانییان، زۆرجاریش لەپێناو بەرژەوەندی باڵای گەلەمان قوربانیمان بەڕای خۆمانداوە، نەک وەکو هەندێ لایەن تاکڕەوانە و تاکە کەسانە ڕای خۆیان لەسەر جەماوەر و خەڵکی کوردستان بسەپێنین، بۆ ئەم هەڵبژاردنەش لیستی ١٠٥ی یەکێتی بەبەرنامەیەکی خزمەتکردن بەخەڵک بەپلانێکی ووردی حوکمڕانییەوە، دەمانەوێ متمانە بەدەست بهێنین. وتیشی: ئێمە لەیەکێتی خۆمان بەخاوەنی هەموو کوردستان دەزانین، دوپاتیشی دەکەینەوە کەحزبی ناوچەیەکی دیاریکراو نەبووین و نابین، یەکێتی هەموو کوردستانیانە، ئامانجمانە لەهەموو کوردستان سەرکەوتنی گەورە تۆمار بکەین ببینەوە یەکێتییەکەی مام جەلال.
دوای ناساندنی کاندیدەکانی هەولێری لیستی ژمارە ١٠٥ ی یەکێتی، قوباد تاڵەبانی کاندیدی ژمارە ١ و سەرۆکی لیستی یەکێتی، پەیامی ئارامی، هەلی کار، خزمەتی بۆ کادر و لایەنگر و هەوادارانی یەکێتی و چین وتوێژەکانی هەولێر ڕوونکردەوەو رایگەیاند: پاش ٢٧ ساڵ لەئازادکردنی هەولێر لەدەست رژێمی بەعس، دیسانەوە هەر لەهەولێری هۆلاکۆ بەزێنەوە بروسکەیەکی نوێمان پێیە، بروسکەیەک هەر لەیەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە پێتان دەڵێین لەپێناوی قۆناغێکی نوێ لەژیانیێکی سیاسی لەهەولێر تکایە دەستبەکاربن…لێرەین تا جارێکی تر شاری هەولێر بگەڕێنینەوە بۆ هەموو هەولێرییەکان، بەهەمان رۆحیەت و نەفەسی هەڤاڵی تێکۆشەر کاک کۆسرەت و پێشمەرگە قارەمانەکانی سەردەمی ڕاپەڕین بەڵام ئەمجارە بۆ ئارامی، هەلی کار، خزمەت بۆ هەولێرییەکان و سەرجەم کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.
لەنێو جۆش و خرۆشی جەماوەری سەوزپۆشی یەکێتییەوە لەهەولێر، قوباد تاڵەبانی ئەوەی خستەروو: کەدەرکەوتنی ئەمجارەمان بۆ هەولێر جیاوازە، ئەمجارە مژدەی وەلانانی ناکۆکیە لاوەکیەکان و پەیمانی یەکریزی نێو ماڵی یەکێتیتان پێ دەگەیەنین. لەقۆناغی نوێدا ئەم شارە ئەکەینە سیمبولی نیشتمانی لەسەر بنەمای چەپکە گوڵەکەی مامی گەورەمان ئەیکەینە پایتەختێک کەبەراستی گوزارشت لەفرەیی سیاسی و کارگێڕی بکات.
وتیشی: هەولێر هەزاران ساڵە نیشتمان و مەڵبەندی پێکەوە ژیانی پێکهاتەکانی تورکمان، مەسیحی، میوانە عەرەبەکانە، کەناکرێت و ناشێت لەسەر هیچ لایەنێک و هیچ دەسەڵاتێکی سیاسیش قۆرغ بکرێت. گێڕانەوەی باڵانس و فرەیی و یەکسانی بۆ هەولێر تەنیا بەیەکێتی دەکرێت کەیادگاری و ئەلف و بێی رێبازی مامی کوردانە. تەنیا بەیەکێتی دەکرێت کەپڵنگ ئاسا لەخەباتدا بەرەنگاری بەعس بۆوە، تەنیا بەیەکێتی دەکرێ کەبەهێز و بازووی هەڵۆکانی دژە تێرۆر، بەگیان و رۆح لەمەخموور ڕێیان لەهێرشی داعش گرت بێت بەرەو شاری قەڵاو منارە.
قوباد تاڵەبانی جەختیشی لەسەر ئەو چاکسازیانە کردەوە کەلەرێی بەشداریکردن لەحکومەتدا بەهەوڵی یەکێتی بەدیهاتوون، لەوبارەیەوە وتی: ئێمە بەشداری سەرەکی و دەستپێشخەر بووین لەهەوڵی دەرباز بوون لەقەیرانی سەختی دارایی، هۆکاربووین بۆ گرتنەرێی چاکسازی، ئێمە زمانی داتامان هێنایە ناو کارنامەی حکومەت، هەر ئێمەش دەتوانین دەرهێنان و فروشتنی نەوت و سامانی میللەتەکەمان بەنیشتمانی بکەین، تەنیا رێگەش بۆ دەستپێکردنی ئەم قۆناغە، دەنگدانتانە بەلیستی ١٠٥ ی یەکێتی. ئێستاش بەڵێنی گێڕانەوەی پارەی پاشەکەوتکراو دەدەین بەکارمەندەکانمان و ئەم بەڵێنە بەکردار دەیسەلمێنین.
قوباد تاڵەبانی لەبارەی هەوڵ و سیاسەتی ژیرانەیەوە بۆ بەرێوەبردن و مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانەکان، وتی: یەکێک لەشانازییەکانم، لەگەرمەی ناکۆکیە سیاسیەکان و تێکچونی بارودۆخی ئەمنیدا، ئەوەبوو بەپەیڕەوکردنی رێبازی مامی گەورەمان نەمهێشت هەوڵەکان بۆ لەتکردنی کوردستان و بەواقیعکردنی دوو ئیدارەیی سەربگرێت و ئەو مەترسی و پلانانەی لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان بوو دوورمانخستەوە، چونکە بەلای ئێمەوە کوردستانێکی ئارام بەرەو کوردستانێکی خۆشگوزەران و ئاوەدانمان دەبات.
سەرۆکی لیستی ژمارە ١٠٥ ی یەکێتی دووپاتیشیکردەوە: بەڵێنی رەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجەخوێن گەرمەکانی کوردستان و هەولێری پایتەختمان دەدەین، کەئێمە باسی هەلی کار دەکەین بۆ هەمووانی باس دەکەین، من لەهەولێر دەژیم دەزانم لێرەش کێشەی کارەبا و کێشەی گەورەی ئاو هەیە، خۆم و ئەم تیمە دڵسۆزە لەخزمەتکردنیان بەردەوام دەبین، کار و خزمەتی چوار ساڵی داهاتوو باشتر و تۆکمەتر دەکەین، ئێمە بەرپرسیارێتیمان لەسەختترین دۆخدا خستۆتە سەرشان، خەڵکی دروشمچی و موزایەدەچی نیم، شانازی دەکەم بەوەی لەکاتێکدا شانم دایە بەر بەرپرسیارێتی و پشتم لەکۆمەڵانی خەڵکی کوردستان نەکرد، کەخێر و بەرەکەت نەمابوو، داعش پەلاماری دابووین و قەیرانی ئابوری یەخەی گرتبووین و زیاتر لەملیۆن و نیوێک ئاوارە و پەنابەر رووی لەکوردستان کردبوو لەوکاتەدا بەڵێنماندا وبەڵێنەکانی خۆمان بەدەست هێنا. لەقۆناغی داهاتووش ئەولەویەتی کارکردنمان یەکلایی کردنەوەی دۆسیەی نەوت و غاز و چارەسەرکردنی کێشەکانی ئەم سێکتەرە دەبێ لەگەڵ حکومەتی ناوەندی.
قوباد تاڵەبانی وتیشی: ئەوەی لەهەولێر بێت دەبێ بەبێ فشاری حزبی سەربەرز بژی و هەموو مافێکی مەدەنی و سیاسی و خزمەتگوزاری راستەقینەی خۆی هەبێ و ئازادانە بژی و ئازادانە بڕیار بدات، ئەو سەردەمە بەسەرچوو، لەهەولێردا رێگا بدەین خوێنی کەسێک لەکەسێکی تر سوورتر بێت لەبەر ئینتیمای حزبی، ئەم ئامانجانەمان قورس نین، مێژووی یەکێتی و هەولێر تێکەڵاوی یەکترین، لەخەیاڵی ئێمەدا یەکێتییەک بەبێ هەولێر نیە و هیچ پلانێکیش بەسەرکەوتوو نازانین ئەگەر هەولێری تێدا سەنتەر و پێشەنگ نەبێت، هەولێر شاری هەموانە، پایتەختمانە، شەپۆلی سەوز گەیشتە هەولێرێ، کوڕ و کچانی هەولێر حازربن ، لە٣٠ ی ٩ دا بەیەک دەنگ بەیەک رەنگ بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و سەرکەوتنی گەورە بۆ یەکێتی تۆماربکەن و هاوسەنگی هێز بگەڕێننەوە بۆ گۆڕەپانی سیاسی کوردستان، من لەگەڵ هەولێرم ، یەکێتی لەگەڵ هەولێرە، دەنگ بدەن بەلیستی ١٠٥ ی یەکێتی، باسەرەتای قۆناغی نوێی سیاسی دەست پێ بکەین.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

پێكهێنانی حكومەتی نوێ لایەنەكان لەسەر مێزی گفتوگۆ كۆدەكاتەوە

لە بەغدا و هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە و گفتوگۆكان بۆ پێكهێنانی ...