گونده‌كان و كۆتایی كاری ده‌ستی – knwe.org
سەرەکی » ئاراستە » گونده‌كان و كۆتایی كاری ده‌ستی

گونده‌كان و كۆتایی كاری ده‌ستی

هێشو قه‌ره‌داغی

له‌ساڵانی ڕابردوودا گونده‌كان ناوه‌ندێكی‌ چالاكبوون له‌به‌رهه‌می كاری ده‌ستی و فه‌رهه‌نگی كوردیداو زۆرجار به‌كاره‌ ده‌ستییه‌كانیان پێویستییه‌ كه‌سی و خێزانییه‌كانی‌ خۆیانیان دابینكردووه‌و به‌شی زیاده‌یشیان بردۆته‌ بازاڕی شاره‌كان و بووه‌ته‌ سه‌رچاوه‌ی ئابوری به‌شێكی زۆری گوندنشینان.
به‌ڵام وه‌ك گوندنشینه‌كان خۆیان ده‌ڵێن له‌ ئێستادا كاری ده‌ستی وه‌ك جاران بایه‌خی نه‌ماوه‌و هاوڵاتیان گرنگی پێناده‌ن و له‌بۆنه‌و ئاهه‌نگه‌كانیشدا به‌كار ناهێنرێت و ئه‌م ڕه‌مزه‌ كورده‌وارییه‌ خه‌ریكه‌ كۆتایی دێت.
فه‌هیمه‌ ڕه‌سوڵ بۆ گوندستانی‌ نوێ وتی : ئێستا كه‌س تاقه‌تی نییه‌ خه‌ریكی ئیشی ده‌ستی بێت، جاران خه‌ڵكی لادێكان به‌كاری ده‌ستی پێویستی خۆیانیان دابینده‌كردو بژێوی خۆیانیان په‌یدا ده‌كرد. چه‌ندانجار له‌گونده‌كانیتره‌وه‌ هاتوون بۆ لای‌ من بۆئه‌وه‌ی‌ (پوزه‌وان)ه‌و كڵاشیان بۆ بچنم.
فه‌هیمه‌ ده‌ڵێت «جاران بۆ بۆنه‌و ئاهه‌نگه‌كانی‌ لادێ خه‌ڵكی ئه‌و جلانه‌ی‌ له‌به‌ر ده‌كرد كه‌ ئیشی ده‌ست بوون و به‌خوری مه‌ڕ یان به‌مووی بزن دروست ده‌كران، به‌ڵام ئێستا ئه‌م كارانه‌ به‌ده‌ردی ڕۆژگار ناخوات و سه‌رده‌مه‌كه‌ گۆڕاوه‌.

ئه‌م پیشانه‌ به‌پێی ناوچه‌كان گۆڕانیان به‌سه‌ردا هاتووه‌و له‌ناوچه‌ده‌شتاییه‌كانه‌وه‌ بۆ ناوچه‌ شاخاوییه‌كان جیاوازبووه‌و به‌پێی وه‌رزه‌كانیش گۆڕاوه‌.
فه‌هیمه‌ ده‌ڵێت: له‌ناوچه‌ی ئێمه‌دا كه‌ هه‌ڵكه‌وته‌كه‌ی‌ شاخاویه‌ ده‌یانجار پێشمه‌رگه‌ شه‌وان به‌دزییه‌وه‌ هاتووه‌و داوای‌ كردووه‌ پوزه‌وانه‌و ملپێچ و ده‌ستكێشی چنراویان لێكردووم و بۆم چنیون. هه‌ر پاره‌یشم لێنه‌سه‌ندوون، چونكه‌ له‌و كاته‌دا پێشمه‌رگه‌كان كه‌سیان پاره‌یان پێنه‌بوو.
ئامینه‌ ساڵحیش پێش ئه‌وه‌ی‌ وه‌ڵامی گوندستانی نوێ بداته‌وه‌ له‌باره‌ی كاری ده‌ستییه‌وه‌ له‌گونده‌كاندا وتی: جاران ژیان خۆشتربوو. جاران كه‌ی ده‌ورو زه‌مان ئه‌م ڕاكه‌ ڕاكه‌یه‌بوو كه‌ كه‌س فریای سه‌ردان و دێنییه‌ك ناكه‌وێت.
ئامینه‌ ده‌ڵێت» جاران ژنی باش و ناودار له‌گونده‌كاندا ئه‌و ژنانه‌بوون ته‌ون هه‌ڵبخه‌ن و به‌ڕه‌و له‌واو ڕاخه‌رو هه‌گبه‌و تێڕیان دروست بكردایه‌. به‌ڵام ئێستا سه‌رده‌مه‌كه‌ گۆڕاوه‌ ئه‌گه‌ر باسی ئه‌و شتانه‌ بكرێت له‌لای‌ خه‌ڵكی ئه‌مڕۆ عه‌یبه‌و نه‌زانینه‌
تاكو ئێستا ئه‌م خولیایه‌ له‌لای‌ به‌شێكی پیاوو ژنانی‌ به‌ته‌مه‌نی‌ گونده‌كان هێشتا ماوه‌و پێیشیان باشه‌ كاره‌ده‌ستییه‌كان بگه‌ڕێنرێنه‌وه‌ چونكه‌ پیشه‌ی‌ باب وباپیرانمانه‌.
ئامینه‌ ساڵح بۆ گوندستانی‌ نوێ وتی : شتێكی باشه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م كارانه‌ دووباره‌ بكرێته‌وه‌، دوای‌ ئه‌و هه‌موو ساڵه‌ی‌ له‌گوند بارمانكردو سه‌دام و عه‌سكه‌رێكه‌ی‌ گونده‌كه‌مانی ڕوخاند هێشتا «كه‌ڵكیت»ه‌كانمم هه‌ڵگرتووه‌و نه‌مهێشتووه‌ بفه‌وتێن. «به‌خوا « جاران له‌چه‌ندان ئاواییه‌وه‌ هاتوون بۆیی و نۆره‌ی بۆ گێراوه‌و ئاوایی بۆ ئاوایی ڕۆیشتووه‌و ده‌ستاوده‌ستی كردووه‌.
ڕه‌عنا عه‌لیش یه‌كێكیتره‌ له‌و گوندنشینانه‌ی‌ هێشتا سه‌رگوزه‌شته‌ی‌ كاری ده‌ستی لایه‌. وتی : چه‌ندانجار ئیشه‌كه‌مان لێتێكچووه‌و ناچار یان فڕێمانداوه‌ یان هه‌ڵمانوه‌شاندووه‌ته‌وه‌.

ڕه‌عنا پێیوایه‌ : به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك ئێستا پیشه‌كه‌ گۆڕاوه‌و ئه‌وه‌ی جاران خه‌ڵك ده‌یچنی ‌و وه‌ك پۆشاكه‌ له‌به‌رده‌كرا زۆربه‌یان كاری ده‌ستی بوون.
ڕه‌عنا عه‌لی ده‌ڵێت : ئه‌وه‌ی‌ ئێستا ژنان خۆیانی پێده‌ڕازێننه‌وه‌ ئاڵتون و زه‌رتكه‌و زیوی گران به‌هایه‌، به‌ڵام له‌جاراندا ژنان به‌ژێرچه‌نه‌و لوته‌وانه‌و سمڵ و مێخه‌ك و هه‌وری و ده‌ستماڵ خۆیان ده‌ڕازانده‌وه‌ كه‌ هه‌مووی كاری ده‌ستی خۆیان بووه‌و له‌گه‌ڵ سه‌رده‌مه‌كه‌دا گونجاوه‌و سه‌رنجی خه‌ڵكی ڕاكێشاوه‌. ئه‌ی قه‌ت گوێت لێنه‌بووه‌ له‌گۆرانییه‌كانی‌ قه‌دیمدا باسی ژێرژه‌نه‌و ده‌سماڵ و هه‌وری له‌كۆڵ كراوه‌؟

ڕاگواستنی گونده‌كان له‌لایه‌ن به‌عسه‌وه‌ و له‌دوای‌ ڕاپه‌ڕینیشه‌وه‌ به‌هۆی كرانه‌وه‌ی‌ گونده‌كانه‌وه‌ به‌ڕووی‌ دنیای شاردا، كاری ده‌ستی به‌شێوه‌یه‌كی گشتی پشتگوێ خراوه‌و كه‌س به‌كاری ناهێنێت‌و بازاڕی نییه‌‌و له‌له‌ناوچووندایه‌. هه‌رچی هێزی كاریش هه‌بوو له‌گونده‌كاندا كه‌ شاره‌زای‌ بواره‌كه‌بوون به‌وه‌رگرتنی پیشه‌ی‌ جیاواز له‌داموده‌زگاكانی‌ حكومه‌تدا وازیان له‌كاره‌كه‌یان هێناو له‌ئێستادا ئه‌م به‌رهه‌مه‌ خۆماڵیانه‌ به‌ره‌و نه‌مان و له‌ناوچوون ده‌چن و چوونه‌ته‌ ڕابردووی میلله‌تی‌ كورده‌وه‌و وه‌ك شتێكی كۆن و كه‌له‌پوری نه‌بێت كه‌س به‌كاریان ناهێنێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

پیرۆزبایی بۆ د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق

د.بەرهەم ساڵح بەبۆنەی هەڵبژاردنی بە سەرۆك كۆماری عیراق، چەندین پەیوەندی ...