نهێنی هاوڕێیه‌تی دۆلفین و مرۆڤ – knwe.org
سەرەکی » زانست » نهێنی هاوڕێیه‌تی دۆلفین و مرۆڤ

نهێنی هاوڕێیه‌تی دۆلفین و مرۆڤ

له‌كۆنه‌وه‌ دۆلفینه‌كان به‌وه‌ ناسراون كه‌ ژیرییه‌كی سه‌رنجڕاكێشیان هه‌یه‌ و دۆستی مرۆڤن، به‌ڵام ئایا ئه‌م بۆچوونه‌ ڕاسته‌؟
ئه‌و بۆچوونه‌ی باس له‌ هاوڕێیه‌تی نێوان دۆلفینه‌كان و مرۆڤ ده‌كات، له‌و خه‌سڵه‌ت و تایبه‌تمه‌ندییانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت كه‌ ئه‌م گیانله‌به‌ره‌ ئاوییه‌ هه‌یه‌تی له‌گه‌ڵ مرۆڤه‌كاندا، هه‌ر له‌ژیرییه‌ له‌ ڕاده‌به‌ده‌ره‌كه‌یه‌وه‌، تا ئه‌وه‌ی كه‌ بڕوا بكرێت دۆلفین گرنگیی به‌ مرۆڤ ده‌دات.

شه‌پۆلی سه‌روو ده‌نگ
ئه‌وه‌ی وا له‌ دۆلفینه‌كان ده‌كات سه‌رنجیان به‌ لای مرۆڤدا ڕاكێشرێت ئه‌و لێكچوونه‌ زۆره‌یه‌ كه‌ له‌ نێوانیان هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش غه‌ریزه‌ی دۆلفینه‌كان ده‌جووڵێنێت كه‌ له‌ كاتی پێویست و له‌ناكاودا یارمه‌تی مرۆڤ بده‌ن، هه‌روه‌ها دۆلفین شه‌پۆلی سه‌روو ده‌نگ به‌كار ده‌هێنێت بۆ ئاشكراكردنی نێچیره‌كه‌ی، ئه‌و گیله‌به‌ره‌ ئێسك سووكه‌ وا ده‌زانێت مرۆڤه‌كان له‌وان ده‌چن و سه‌ر به‌ خێزانه‌كه‌ی ئه‌وانن ، كه‌ ئه‌ویش خێزانی شیرده‌ره‌كانه‌، دۆلفینه‌كان ژنانی دووگیانیان به‌لاوه‌ سه‌رنجڕاكێشه‌، هه‌روه‌ها توانای ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ گوێیان له‌ ترپه‌ی دڵی كۆرپه‌له‌ بێت له‌ ناو منداڵدانی دایكدا.

ئاوه‌زێكی جوان
دۆلفینه‌كان له‌ دوای مرۆڤه‌وه‌ پله‌ی دووه‌میان هه‌یه‌ له‌ ڕووی تێكڕای چڕی مێشكه‌وه‌ به‌ به‌راوورد به‌ له‌شیان، هه‌ندێك فاكته‌ری دیكه‌ش هه‌یه‌ كه‌ سه‌لمێنه‌ری ژیرییه‌كه‌یانه‌، به‌شێوه‌یه‌ك هه‌ندێك له‌دۆلفینه‌كان توانیویانه‌ وه‌رگرێكی باشی ئه‌و زمانه‌ بن كه‌ مرۆڤه‌كان دایانهێناوه‌ بۆ په‌یوه‌ندیكردن له‌گه‌ڵ دۆلفینه‌كان، ئه‌و گیانله‌به‌رانه‌ توانیویانه‌ ڕووبه‌ڕووی ئاسته‌نگه‌كان ببنه‌وه‌ و دوو دۆلفینیش سه‌ركه‌وتوو بوون له‌ تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی كردنه‌وه‌ی بۆرییه‌كی پڕ له‌ماسیی و ئه‌مه‌ش وایلێكردوون هاریكاریی یه‌كتر بن، هه‌روه‌ها دۆلفینه‌كان له‌ ئاوێنه‌دا خۆیان ده‌ناسنه‌وه‌.

هه‌وڵێك بۆ تێگه‌یشتن له‌ دۆلفینه‌كان
دۆلفینه‌كان چه‌ندین ئامڕازی ئاڵۆزییان هه‌یه‌ بۆ په‌یوه‌ندیكردن به‌یه‌كه‌وه‌، به‌ڵام ئایا زمانێكی تایبه‌تیان هه‌یه‌؟ ئایا مرۆڤ و دۆلفینه‌كان ده‌توانن ڕۆژێك له‌ ڕۆژان پێكه‌وه‌ قسه‌ بكه‌ن؟ ئه‌مه‌ پرسیارێكه‌ ماوه‌ی چه‌ندین ده‌یه‌یه‌ زاناكان ورووژاندویانه‌، له‌ شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا(جۆن لیلی) كه‌ خانمه‌ توێژه‌رێكی بواری زینده‌وه‌رناسیی بوو ویستی تاقیكردنه‌وه‌یه‌ك بكات و ماده‌ی بێهۆشكه‌ری جۆری (LSD)وه‌ك ده‌رزی دا له‌ دۆلفینێك به‌ مه‌به‌ستی زانینی زمانی دۆلفینه‌كان، به‌ڵام تاقیكردنه‌وه‌كه‌ی شكستی هێناو نه‌یتوانی ڕێگه‌یه‌كی ئاسان بدۆزێته‌وه‌ كه‌ به‌ هۆیه‌وه‌ دۆلفین و مرۆڤه‌كان پێكه‌وه‌ په‌یوه‌ندیی بكه‌ن.

دۆلفینه‌ ته‌نهاكان
دۆلفینه‌كان گیانله‌به‌رگه‌لێكی ئێجگار كۆمه‌ڵایه‌تین زۆر به‌ ده‌گمه‌ن به‌ ته‌نهان، به‌ڵام له‌ هه‌ندێك دۆخدا حاڵه‌تی دۆلفینی ته‌نها هه‌یه‌، ئه‌م ته‌نهاییه‌شی پاڵی پێوه‌ ده‌نێت كه‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ مرۆڤدا دروست بكات كه‌ ئه‌ویش په‌یوه‌ندییه‌كی تایبه‌تییه‌ و به‌مه‌ش قه‌ره‌بووی ئه‌و ته‌نهاییه‌ی خۆی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ پێوه‌ی ده‌ناڵێنێت.

شه‌ره‌نگێزی دۆلفینه‌كان به‌رامبه‌ر مرۆڤ
هه‌موو جارێك مامه‌ڵه‌ی دۆلفینه‌كان له‌گه‌ڵ مرۆڤدا دۆستانه‌ نییه‌، به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ زۆر حاڵه‌تدا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ دۆلفینه‌كان له‌ به‌رامبه‌ر مرۆڤدا شه‌ره‌نگێزن، چونكه‌ ڕوویداوه‌ زۆر جار ئه‌و گیانله‌به‌ره‌ كه‌سێك ڕاكێشێته‌ ناو ده‌ریا و بنكی ده‌ریاكانه‌وه‌ ، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی برینداربوونی كه‌سه‌كه‌ و زۆر جاریش ئێسكێكی ده‌شكێت، تا ئێستاش قورسه‌ بۆ زانایان شیكردنه‌وه‌یه‌ك بۆ ئه‌و ڕه‌فتاره‌ی دۆلفینه‌كان بكه‌ن كه‌ داخۆ ئه‌وه‌ به‌ راستیی شه‌ره‌نگێزییه‌ یان یارییه‌كی توندوتیژی ئه‌و گیانله‌به‌ره‌ ئاوییه‌یه‌ له‌گه‌ڵ مرۆڤدا .

دۆلفینه‌كان و گه‌شتیارییه‌كی نا دۆستانه‌
مه‌له‌كردن له‌گه‌ڵ دۆلفینه‌كان ئامانجی زۆربه‌ی گه‌شتیارانه‌ له‌ زۆربه‌ی ناوچه‌كانی جیهان، به‌ڵام هه‌ندێك وڵات هه‌وڵده‌ده‌ن سنوورێك بۆ ئه‌و دیارده‌یه‌ دابنێن، بۆ ئه‌وه‌ی دۆلفینه‌كان بێزار نه‌كرێن، بۆ نمونه‌ش ده‌سه‌ڵاتدارانی هاوای نزیكبوونه‌وه‌ی گه‌شتیارانیان له‌ دۆلفینه‌كان قه‌ده‌غه‌ كردووه‌ و ده‌بێت مه‌ودای نزیكیی هه‌ر گه‌شتیارێك له‌ دۆلفینه‌كانه‌وه‌ ته‌نها 45 مه‌تر بێت.

مرۆڤ و چالاكییه‌كانی هه‌ڕه‌شه‌ن بۆ دۆلفینه‌كان
دۆلفینه‌كان له‌ زۆر ڕووه‌وه‌ تووشی هه‌ڕه‌شه‌كانی مرۆڤ ده‌بنه‌وه‌، به‌ پێی ڕاپۆرتێكی نێوده‌وڵه‌تی كه‌ ساڵی 2017 بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، له‌ نێوان ساڵی 2015-2016دا (15) دۆلفین له‌ئوستورالیا كوژراون، ئه‌ویش به‌هۆی گیربوونیان له‌و تۆڕانه‌ی كه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و وڵاته‌ هه‌ڵیده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ماسییه‌ قرشه‌كان دوور بخه‌نه‌وه‌ له‌ كه‌ناراوه‌كان، له‌ لایه‌كی تریشه‌وه‌ پیسبوونی ژینگه‌ ئاوییه‌كان به‌ هۆی چالاكییه‌كانی مرۆڤه‌وه‌ یه‌كێكی تره‌ له‌و هه‌ڕه‌شانه‌ی له‌سه‌ر ژیانی دۆلفینه‌كانه‌، گۆڕانكاریی ئاووهه‌واش كه‌ ده‌بێته‌ هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رمیی ئۆقیانووسه‌كان هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی تری جدیی و مه‌ترسیداره‌ كه‌ ڕووبه‌ڕووی دۆلفینه‌كان ده‌بێته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌:DW

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

چین : مانگێكی هاوشێوه‌ی مانگه‌كه‌ی ئاسمان دروست ده‌كات

لێپرسراوانی چین دروستكردنی مانگێكی ده‌ستكردیان ئاشكراكرد كه‌ ده‌توانیت چه‌ندین به‌رابه‌ری ...