لە فاروق مەلا مستەفاوە بۆ نووسینێکی ئەردەڵان عەبدوڵڵا – knwe.org
سەرەکی » کەلتوور » لە فاروق مەلا مستەفاوە بۆ نووسینێکی ئەردەڵان عەبدوڵڵا

بەدواداچوون و سوپاسێک

لە فاروق مەلا مستەفاوە بۆ نووسینێکی ئەردەڵان عەبدوڵڵا

فاروق مەلا مستەفا

دوا بە دوای نووسینەکەی کاک ئەردەڵان عەبدوڵای بەڕێز:
لە ژمارە (٧٦٧١) سێشەممەی رێکەوتی ٢٥/٩/٢٠١٨دا لە رۆژنامەی ئازیزی کوردستانی نوێ لە ژێر ناوی: لە نێوان سیاسەت و بازرگانیدا خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی « بیرەوەرییەکانی فاروقی مەلا مستەفا»م خوێندەوە کە نووسەر: ئەردەڵان عەبدوڵلا بڵاوی کردبووەوە.
سەرەتا سوپاسی کاک ئەردەڵان ئەکەم بۆ ئەو هەڵسەنگاندنە بابەتییانەی کە بە کوردییەکی جوان و زمانێکی ناسکی پاراو لێکۆڵینەوەیەکی کورتی لەسەر ئەو بیرەوەرییانەی من نووسیوە، هەندێ بۆچوونی خۆی لەسەر ڕووداوەکان و لایەنە جیاجیاکانی ژیانی منی بۆ خوێنەران خستووەتە ڕوو.
ئەم کتێبە بەشی یەکەمی بیرەوەرییەکانمە و کتێبی دووهەمیشی لە ماوەیەکی نزیکدا بە دووادا دێت کە دیسانەوە بریتی دەبێت لە بیرەوەری شەخسیی خۆم و ڕا دەربڕینیشم لەسەر ڕووداوە سیاسییەکانی وڵاتەکەمان و هەندێک باس و خواس لەسەر کێشە سیاسی و ئابوورییەکان و لاکردنەوەیەکی ڕوون و ئاشکراش بە لای قەیرانی ئابووری ئەم ساڵانەی کوردستان و چەند سوژنێکی تیژیش ئەکەین بەو کارەساتەی کە بەسەر ئەم گەلە زوڵم لێکراوەدا هێنرا بە وشەیەک ناونراوە گەندەڵی و هێنانەوە یادی خوێندەواران لەسەر ئەم وشە کورتکراوەیەی کە زۆر لایەنی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی ئەم کوردستانە و عیڕاقیشی بۆگەن کردووەو خستووەیەتییە گیروگرفتێکی زۆر دژوارەوە پاڵەوانەکانیشی بێ باکانە لەسەر هەمان ڕێگا ئەسپی خۆیان لە هەموو گۆڕەپانێکدا تاو ئەدەن.
کاک ئەردەڵان لەگەڵ هەموو ئەو ستایشە جوانانەیدا بۆ ئەو لایەنانەی لێیان دوواوە لەم کتێبەدا کە جێگای دڵخۆشیمە، لەوەش زیاتر مایەی دڵخۆشیم ئەو سەرنجانەیە کە هەیەتی دەربارەی چەند بۆچوونیکی من.
ئەوەی باوەڕی بە ڕەخنەگرتن و لەوەش زیاتر ڕەخنە لە خۆ گرتنیش نەبێت، ئەکەوێتە هەڵە و دواکەوتووییەوە، بۆیە سوپاسی ئەکەم و یەکە یەکە ڕوونکردنەوەشیان لەسەر ئەدەم.
دەربارەی: بەکورتی باسکردنی ئەزموونی خۆم دەربارەی کارە بازرگانییە سەرکەوتووەکانم، کاک ئەردەڵان زۆر باش ئەوەی پێکاوە، بەڵام من ئەو باسانەم بە درێژی لە کتیبی دووهەمدا ئامادەکردووە نەک بۆ بیرەوەریی خۆم بەڵکو بۆ کەسانی تر بە تایبەتی گەنجە هەڵکەوتووەکانمان بۆئەوەی سوود لە ئەزموونێکی سەرکەوتووی تاقیکراوە ببینن کە بە ڕێگای پاک و زانیاری دوور لە فروفێڵ و هاوکاری ئەملاوئەولاوە هاتۆتەدی و بە درێژی لایەنی هۆی سەرکەوتنەکانی تێدایە.
هەر بۆ نموونە برای خۆشەویستمان ڕاست ئەکات کە سەرکەوتووترین کاری من پرۆژەی «ئاسیاسێل»ە بەڵام بە کورتی باسم کردووە.. چونکە دەبێتە بەشیکی گرنگی کتێبی دووهەمم و دەوروبەری ١٠٠ لاپەڕەم لەسەر ئەو کارە نووسیوە.
کاک ئەردەڵان نووسیوێتی لە لاپەڕەی ١٨٨ دا نووسەر دەڵێت:»هەڵوێستی خۆم بە کردار لەگەڵ بیروپلانی کودەتای سەربازییدا بوو وەکو بەشێکی سەرەکیی و دەسپێکردنی شۆڕش هەرچەندە فکری شۆڕشگێڕی تەواو جیاوازە لەگەڵ فکری کودەتاچێتی و پەلاماری سەربازیی، بگرە زۆر دژی یەکتریشن»
من هیچ کاتێک لایەنگری کودەتای ڕووت نەبووم وەک شێوەیەکی ڕێگای شۆڕش و وەرگرتنی دەسەڵات، کە ئەو ساڵانە حیزبی شیوعی لە ناکۆکییەکی فکری و ڕێکخراوەییدا کەوتبوینە موناقەشەی ئەوەی چ ڕێگایەک هەڵببژێرین بۆ ڕاپەڕین و شۆڕش، واتا بۆ ڕوخاندنی فەرمانڕەوایی داپلۆسەری گەلەکەمان، لە چەند هەڵبژاردەیەکی ئەو ڕێڕەوەدا من و زۆر لە هاوڕێیانمان باوەڕمان بەوە هەبوو کە شێوەی تێکۆشانی چەکداری تەنیا ڕێگایە بۆ سەرکەوتن.. وە لەو کاتەدا وە پاش ئینقیلابی فاشستییانەی بەعس لە ٨ی شوباتی ١٩٦٣ و هەوڵی لەناوبردنی شیوعی و حیزبەکەشیان و ئەو رووباری خوێنەی ڕشتیان بەوەش نەیانتوانی حیزبی شیوعی و جوڵانەوەی نیشتیمانی و دیموکراسی لەناوببەن.. توانیمان ڕیکخستنەکانی حیزب لە ناو سوپای عێڕاقدا ڕێک بخەینەوە و پەرەی پێ بدەین، ڕای من وە کۆی کادر و ئەندامان و لایەنگرەکانمان لە ڕێکخستنەکانی ناو سوپا بخەینە کار، لە هەمان کاتدا ئەو هاوڕێ رێکخراوە مەدەنییانەی هەمان بوون کە بە ڕێکخستنی «حسین» ناو ئەبرا و ئەوانیش چەکداربوون.. بە هەردوولا هەڵمەتی ڕوخادنی دەسەڵاتی ئەوسا وە بە هاوکاری خۆپیشاندانیکی سەرانسەریی لە بەغدا و هەندێ شاری تردا بەرپا بکەین کە بە هەموویان دەبوون بە ڕاپەڕینێکی شۆڕشگێڕانەو یەکتریان بۆ ئەم مەبەستە تەواو ئەکرد…
بەرەیەکی دیکەی حیزب ڕایان وابوو کە تەنیا بە ڕاپەڕینیکی میللی «انتفا‌ضە شعبیە» دەتوانین فەرمانڕەوایی بڕوخێنین.. کە ئێمە پێمان وابوو زۆر زەحمەتە ئەنجامی هەبێت، بڕوامان بەوە نەبوو کە تەنیا هەر ئینقیلاب بەسە.
نووسەری خۆشەویستمان کاک ئەردەڵان بەردەوام ئەبێت لەسەر سەرنجە بەنرخەکانی و ئەڵێ: لە لایەکی ترەوە نووسەر «مەبەستی منە» زۆر هۆگری عەسکەرییە و لە لاپەڕەی ٢٢١دا دەڵیت: لێرەدا گرنگی سەربازییەتی ئیلزامی دەرئەکەوت کە زۆر پێویستە بۆ هەموو گەنجێک…..تاد»
تێگەیشتن و ئینجا ڕا دەربڕینم بەرامبەر «سەربازێتی ئیلزامی» لەم ڕوانگانەوە هاتووە.
– هەموو وڵاتیکی جیهان بە تایبەتی وڵاتانی جیهانی سێیەم کە پڕە لە کێشە و گیروگرفت، سوپایان ئەوێت بۆ پاراستنی وڵاتەکەیان لە دەستدرێژیی دراوسێ و وڵاتانی تریش.
– بۆ نموونە وڵاتێکی وەکو ئێمەش کە ڕزگاربووین کاتێک کە سوپای عیڕاق لە کوردستان کشایەوە، ئەگەر سوپایەکی نیشتیمانیی یەکگرتوو دابمەزرایە لە ژێر یەک سەرکردایەتیی عەسکەریی بە توانادا زۆر بەکەڵک تر و ئەرێنیتر ئەبوو لە بێ سوپایی و هێزەکانی پێشمەرگەی جۆراوجۆری حیزبەکان کە هەر یەکە وەلائی نەک بۆ حیزبەکەی لە زۆر حاڵەتدا بۆ سەرکردەی حیزبەکەیەتی بەتەنیا.
وە وەک ئەشبینن گیروگرفتی نا ئاساییشیی بەرپاکردووە لە ڕووی دارایی و حیزبایەتیشەوە بە گشتیی.
یەکێک لە مەرجەکانی دامەزراندنی دەوڵەت بوونی سوپای نیشتیمانییە کە فەرمان تەنیا لە دەوڵەت وەربگرێت.
دەربارەی گرنگیی سەربازێتیی ئیلزامی: ئەوە پێویستە، وە ئەمڕۆ لە کوردستانیشدا زیاتر لە هەموو کاتێک پێویستە ئەو سوپایە هەبێت چونکە:
– ئەو هەموو پێشمەرگانە لە ژێر سایەی دیسپلینێکی زانستیی سەربازیی هاوچەرخدا یەک ئەگرن.
– سوپا لە جیهاندا بە دوو جۆر دائەمەزرێ: یا سەرباز بە ڕەزامەندی و داوای خۆی ئەچێتە سوپاوە (بە ئیختیاری) یاخود بە شێوازێکی ناچاریی (ئیلزامی) کە بە ئیلزامی هەموو گەنجێک ئەبێت ماوەیەکی دیاریکراو خزمەتی وڵاتەکەی بکات و بیپاریزێت لە ڕێگای بوونی لە سوپادا.
بۆ ئێمە ئیلزامییەکە زۆر پێویستترە وەک لە ئیختیاری چونکە:
– ئەگەر بە ئیختیاری بێت لە زروفی ئەمڕۆی کوردستان و عیڕاقیشدا وە لەبەر بوونی پێشمەرگایەتی و حەشدی شەعبی و خزمەتکردن لە دامو دەزگای حیزبەکاندا کە بۆیان ئاسانترە.. ئەوا گەنگەکانمان ناچنەناو سوپاوە، بگرە زۆربەی لێپرسراوەکانیشیان حەز بەوە ناکەن لەبەر خزمەتی شەخسیان و داراییشیان کە ئێستا بە مۆڵی خۆیان وەری ئەگرن.
– بۆ گەنجانیش زۆر باشە: یەکەم هەست بە یەکسانی ئەکەن لە سایەی یاسا و دەستووری وڵاتەکەیان.
– بوونیشیان لە سوپایەکەی هاوچەرخی پێشکەوتوودا: زۆر باشە بۆ پەروەردەکردنی جەستە و تەندروستییان.
– لە ژێر سایەی سیستمیکی نوێدا فێری دیسپلین (زەبت و ڕەبت)ێکی باش ئەبن.
ئەمە دەبێتە مایەی قبوڵکردن و خۆشحاڵییان کە دەبینن هەموویان لەژێر سایەی نەریت و یاسایەکی یەکگرتووی دوور لە جیاوازیی چینایەتی و نزیکی و خزمایەتی لە فەرماندەکانیاندا مەشق دەکەن و وانەی جیاجیای بە کەڵکی سەربازی دەخوێنن، وە من بەو جۆرەی کاک ئەردەڵان تێی گەیشتووە باسی سوپا ناکەم، بەڵکو باسی سوپایەکی میللی ئەکەم لە ژێر سایەی فەرمانڕەواییەکی دیموکراسیدا و شانازی بە فکری عەسکەرتارییەوە ناکەم نە کۆن و نە بۆ ئێستای کوردستانیش.
لە کۆتاییدا جاریکی تریش زۆر سوپاسی نووسەری خاوەن بیروڕای پێشکەوتوو کاک ئەردەڵان عەبدوڵلا ئەکەم بۆ ئەو هەموو شیکردنەوە و سەرنجانەی کە هیوام وایە نووسەرانی تریش گرنگیی وەها بدەن بە بابەتە فکرییەکان و بە هەموو لایەکمان ڕێگای پێشکەوتنخوازی رۆشنبیری زیاتر ڕووناک و ڕۆشنتر بکەین.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

گۆرانی (هه‌ره‌ له‌یلێ) ‌و باكوری‌و شه‌ماڵ سائیب‌و مشكۆ

نازم دڵبه‌ند تا ئێستا چه‌ند جارێك دیداری هونه‌ریم له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند ...