زیانی هێزە ئاسمانییەكانی روسیا لە سوریادا – knwe.org
سەرەکی » دۆسێ » زیانی هێزە ئاسمانییەكانی روسیا لە سوریادا

كەوتنەخوارەوەی «ئێل 20» دوایین رووداو بوو

زیانی هێزە ئاسمانییەكانی روسیا لە سوریادا

روسیا لە ساڵی 2015وە دەستوەردانی سەربازیی لە سوریادا كردووە، فڕۆكەكانی وڵاتەكە هاوسەنگی هێزییان لە ململانێكانی سوریادا لە بەرژەوەندی حكومەتی سوریا گۆڕی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیەك لە فڕۆكەكانی لەدەستدا كە هەندێكییان لەڕێی هەڵەوە بوون و هەندێكی ترییان بەهۆی كەلێنی تەكنیكی، یان لەكاتی هێرشەكانیاندا بوو لە دژی گروپە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا.

زیانەكانی فڕۆكەوانی روسیا بە ژمارە
-لە 17ی ئەیلول وەزارەتی بەرگری روسیا رایگەیاندبوو، لێكۆڵینەوەكان سەبارەت بە لەدەستدانی فڕۆكەی ئیل 20ی سەربازی لەسەر ئاسمانی دەریای ناوەڕاست، دەریانخستووەە كە فڕۆكەكە لەڕێی موشەكێكی بەرگری ئاسمانی سوریاوە بە هەڵە لەبەرانبەر بنكەی حومەیمیم خراوەتەخوارەوە، و هەموو سەرنشینەكانی گیانیان لەدەستداوە كە 15 سەربازی روسی بوون.
-لە 13ی شوباتی 2018، وەزارەتی بەرگری روسیا، كەوتنەخوارەوەی فڕۆكەیەكی جەنگی وڵاتەكەی لە ریفی ئیدلیب و كوژرانی فڕۆكەوانەكانی راگەیاندبوو. گروپە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا، ئاماژەیان بە خستنەخوارەوەی فڕۆكەكە كردبوو لەكاتی بۆردومانی شاری سەراقب لە ریفی ئیدلیب.
-لە31ی كانوونی یەكەمی 2017، وەزارەتی بەرگری روسیا كەوتنەخوارەوەی فڕۆكەیەكی هێلیكۆپتەری جۆری «می 24»ی بەهۆی كەلێنێكی تەكنیكی و كوژرانی فڕۆكەوانەكانی راگەیاندبوو كە لەڕێگەی گەڕانەوەیدا بوو بۆ بنكەیەكی ئاسمانی لە پارێزگای حەما.
-لە 5ی كانوونی یەكەمی 2017، وەزارەتی بەرگری روسیا، كەوتنەخوارەوەی فڕۆكەیەكی سۆخۆی-33ی راگەیاند لەپاش نیشتنەوەی لەسەر كەشتی فڕۆكەهەڵگری (ئەمیراڵ كۆزنیتسۆڤ)، ئەمەش بەهۆی پچڕانی كێبڵێك، بەڵام فڕۆكەوانەكەی توانیبووی خۆی قوتار بكات.
-لە 10ی تشرینی یەكەمی 2017، فڕۆكەیەكی تری جۆری «سۆخۆی 24» لەكاتی هەڵسانی لە بنكەی حومەیمیم بەهۆی كەاێنێكی تەكنیكییەوە تێكشكا كە بۆ ئەنجامدامی هێرشێك لە كەنارەكانی سوریا بەڕێوەبوو.
-لە 25ی كانوونی یەكەمی 2016، فڕۆكەیەكی نەفەرهەڵگری جۆری «تۆبۆلییڤ-154» كە لە رێگەدابوو بەرەو بنكەی حومەیمیمی روسی تێكشكا و بەو هۆیەوە هەموو سەرنشینەكانی كە 92 كەس بوون گیانیان لەدەستدا، ئەمەش دوای چەند خولەكێك لە هەستانی لە فڕۆكەخانەی سوچی لە روسیا.
-لە 13ی تشرینی دووەمی 2016، فڕۆكەیەكی جەنگی جۆری «مێگ 29»لە نزیك كەشتی فڕۆكەهەڵگری «ئەدمیراڵ كۆزنیتسۆڤ» تێكشكا كە لەكاتی ئەنجامدانی مەشقدابوو، فڕۆكەوانەكەی لە مردن رزگاربوو.
-لە یەكی ئابی 2016، فڕۆكەیەكی هێلیكۆپتەری جۆری «می 8» لە تەل تۆقانی ریفی ئیدلیبی باكووری خۆرئاوای سوریا، كەوتەخوارەوە و تێیدا سێ‌ سەرباز و دوو ئەفسەر گیانیان لەدەستدا. بەپێی وەزارەتی بەرگری روسیا، فڕۆكەكە لەڕێی گەڕانەوەدا بوو بۆ بنكەی حومەیمیم لەپاش گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەكان لە حەلەب.
-لە 24ی تشرینی دووەمی 2015، توركیا فڕۆكەیەكی روسی لە جۆری «سۆخۆی-24» خستەخوارەوە. توركیا لەو دەمەدا رایگەیاندبوو كە فڕۆكەكە پێنج جار لە كایەی ئاسمانی توركیا نزیك بۆتەوە بەر لەوەی بخرێتەخوارەوە، بەڵام دواتر روسیا تەئكیدی لەسەر نەبەزاندنی سنورەكانی توركیا كردەوە لەلایەن فڕۆكەكەی.
لە هەمان مێژوودا، گروپە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا، خستنەخوارەوەی هێلیكۆپتەرێكی روسیایان لە جەبەل ئەكراد لە ریفی لازقیە راگەیاند كە بەشوێن فڕۆكەوانەكانی ئەو فڕۆكەیەدا دەگەڕا كە توركیا خستبویەخوارەوە.

روسیا بەرگرییە ئاسمانییەكانی روسیا پتەو دەكات
لە 24ی ئەیلولی 2018، وەزارەتی بەرگری روسیا رایگەیاندبوو، روسیا بەنیازە سیستمی بەرگری ئاسمانی پێشكەوتووی (ئێس 300) لەماوەی دوو هەفتەدا رادەستی سوریا بكات، ئەمەش دوای هەفتەیەك لە كەوتنەخوارەوەی فڕۆكەیەكی جەنگی روسی بە هەڵە لەسەر دەریای ناوەڕاست كە هاوكات بوو لەگەڵ هێرشێكی ئاسمانی ئیسرائیل لە سوریا.
فلادیمێر پۆتین سەرۆكی روسیا لە 22ی ئەیلولی 2018، بەشار ئەسەد سەرۆكی سوریای لە پلانی رادەستكردنی سیستمی موشەكی ئێس-300ی دژ فڕۆكە بە وڵاتەكەی ئاگاداركردبۆوە.
هەر لەو بارەیەوە سەرۆكایەتی سوریا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندبوو»پۆتین لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنی بە سەرۆك ئەسەدی راگەیاندووە، روسیا سیستمە بەرگرییە ئاسمانییەكانی سوریا پەرەپێدەدات و سیستمی ئێس-300ی نوێ‌ رادەستی وڵاتكەیان دەكات».
شویگۆ لە بەیاننامەیەكی تەلەفیزیۆنی رایگەیاندبوو»سەرۆك پۆتین فەرمانی كردووە بە گرتنەبەری رێوشوێنی ئەمنی زیاتر لە سوریا بۆ پاراستنی هێزەكانی روسیا لەو وڵاتە».
شویگۆ باسی لەوەكردبوو كە سوپای روسیا سیستمی شێواندنی كەهرۆموگناتیسی لە ناوچەكانی دەریای ناوەڕاستی نزیك كەنارەكانی سوریا بەكاردەهێنێت، ئەمەش بۆ رێگرتن لە كاریی رادارەكان و پەیوەندی مانگی دەستكردەكان و فڕۆكەكان لەكاتی ئەنجامدانی هەر هێرشێك كە بكرێتە سەر ئامانجەكان لە نێو خاكی سوریا.
هەنگاوی سێیەمیشی ئاشكرا كردبوو كە خۆی لە تەیاركردنی سەنتەرەكانی فەرماندەیی هێزەكانی بەرگری ئاسمانی سوریادا دەبینێتەوە بە سیستمی كۆنترۆڵ كە تەنیا سوپای روسیا بەكاری دەهێنێت، و ئیدارەی ناوەندی بۆ هەموو بەرگرییە ئاسمانییەكانی سوریا لەخۆدەگرێت، و هەموو فڕۆكەكانی روسیا لەكایەی وڵاتەكەدا دیاریی دەكات.
وەزیری بەرگری روسیا سەرلەنوێ‌ ئۆباڵی كەوتنەخوارەوەی فڕۆكەی وڵاتەكەی خستبووە ئەستۆی ئیسرائیل كە بە هەڵە لە 17ی ئەیلولی 2018 لەلایەن بەرگرییە ئاسمانییەكانی سوریاوە خرابووە خوارەوە، باسی لەوەشكردبوو كە ئیسرائیل لەڕێی هێڵە گەرمەكانەوە تەنیا پێش خولەكێك لەدەستپێكردنی هێرشەكە، نیازی خۆی بۆ ئەنجامدانی هێرشێكی ئاسمانی لە سوریادا بە لایەنی روسیا راگەیاندبوو.
بە گوتەی شویگۆ، ئەو رووداوەكە روسیای ناچار كرد، هەنگاوی وەڵامدانەوەی گونجاو هەڵبنێت، بە مەبەستی پتەوكردنی ئاسایشی سەبازەكانی كە ئەركی بنبڕكردنی تیرۆری نێودەوڵەتی لە سوریادا ئەنجام دەدەن.
سیستمی بەرگی ئاسمانی ئێس-300 توانای هەیە لە رووبەری زیاتر لە 250 كیلۆمەتر، بەر بە ئامانجە ئاسمانییەكان بگرێت، و توانای بەرپەرچدانەوەی ئەو فڕۆكە ئیسرائیلیانەی هەیە كە بەشێوەیەكی بەردەوام ئامانجەكان لە ناوخۆی سوریادا بۆردومان دەكەن.
سەربازەكانی سوریا لەئێستاوە دەستییان كردووە بە مەشقكردن لەسەر بەكارهێنانی ئەو سیستمە. شویگۆ دەڵێت، وڵاتەكەی لە ساڵی 2013وە پلانی رادەستكردنی ئەو سیستمە پەرەسەندووەی بە سوریا لەسەر داوای لایەنی ئیسرائیلی راگرت، بەڵام «ئەمڕۆ دۆخەكە گۆڕاوە».

رووداوەكەی سوریا
بەرگرییە ئاسمانییەكانی ئێس 200ی سوریا كە بۆ سەردەمی سۆڤیەت دەگەڕێتەوە، لە كاتی بەرپەرچدانەوەی هێرشێكی ئاسمانی ئیسرائیل، بەهەڵە فڕۆكەیەكی (ئێل 20)ی چاودێریان خستەخوارەوە، ئەمەش بووە مایەی كوژرانی 15 سەربازی سەرنشینی فڕۆكەكە.
روسیا و سوریا، بەرپرسپارێتی بەئامانجگرتنی فڕۆكەكەی روسیایان خستە ئەستۆی ئیسرائیل، بە تایبەت كە روسیا لەبارەی هێرشەكەی بۆسەر لازقیە لە 17ی ئەیلول، تەنیا پێش یەك خولەك لایەنی روسیای ئاگاداركردبوو، وێڕای بەكارهێنانی فڕۆكەكەی روسیا لەلایەن فڕۆكەكانی ئیسرائیلەوە وەك ئامرازێك بۆ خۆشاردنەوە لە بەرگرییە ئاسمانییەكانی سوریا.
وەڵامی ئیسرائیل لەدوای رووداوەكە
سوپای ئیسرائیل، بەرپرسیارێتی تەواوی رووداوی كەوتنەخوارەوەی فڕۆكەكەی روسیای خستەئەتۆی دیمەشق و ئێران و حزبوڵڵای لوبنانی.
تەلئەبیب دانی بەوەدانابوو كە چەند پێگەیەكی لە شاری لازقیەی سەر رۆخی دەریای ناوەڕاست بۆردومان كردووە، و لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندبوو»فڕۆكە جەنگییەكانی سوپای ئیسرائیل، دامەزراوەكانی سەر بە هێزە چەكدارەكانی سوریا و سیستمی دروستكردنی چەكی كوشندە و وردی بۆردومان كردووە، كە بەنیازبوون بەمنزیكانە لەسەر داوای ئێران رادەستی حزبوڵڵای لوبنانی بكرێت».
سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەكەیدا دەڵێت»لەپاش گەڕانەوەی فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل، سیستمی بەرگری سوریا موشەكی لە (ئێل 20) وەشاندووە».
ئیسرائیل ئامادەیی دەربڕیبوو بۆ پێشكەشكردنی زانیاری پێویست بۆ لێكۆڵینەوە لە رووداوی خستنەخوارەوەی فڕۆكە روسییەكە لە نزیك كەنارئاوەكانی سوریا.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

داعش زیاتر لە 100 خێزان دەڕفێنێت

رێكخراوی «دەوڵەتی ئیسلامی»، زیاتر لە 100 خێزان لە ئۆردوگایەكی ئاوارەكان ...