رۆحانی: ئەمریكا دەیەوێت سیستمی حوكمڕانی ئێران بڕوخێنێت – knwe.org
سەرەکی » دۆسێ » رۆحانی: ئەمریكا دەیەوێت سیستمی حوكمڕانی ئێران بڕوخێنێت

پێیوایە لە بەڵێننامە نێودەوڵەتییەكان پاشگەزدەبێتەوە

رۆحانی: ئەمریكا دەیەوێت سیستمی حوكمڕانی ئێران بڕوخێنێت

حەسەن رۆحانی سەرۆكی ئێران دەڵێت، ئیدارەی ئەمریكا نایشارێتەوە كە هەوڵ دەدات سیستمی حوكمڕانی كۆماری ئیسلامی ئێران بڕوخێنێت، بۆیە بە پێویستی دەزانێت هەر دانوستانێك گەر بكرێت، درێژەپێدەری رێكەوتنی ئەتۆمی و بڕیاری 2231ی ئەنجومەنی ئاسایش بێت.
رۆحانی لە 25ی ئەیولی 2018، لە وتارێكیدا لەبەردەم كۆمەڵی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاندبوو»ولایەتە یەكگرتووەكان سیاسەتێكی توندڕەوانە لە دژی كۆماری ئیسلامی ئێران گرتۆتەبەر و بەشێوەیەكی تاكلایەنە گەمارۆی بەسەر وڵاتەكەدا سەپاندبووە».
سەرۆكی ئێران ئاماژەی بە پێشێلكردنی ئەمریكا كردبوو بۆ یاسا نێودەوڵەتییەكان و پرسی بووی، بە چ پێوەرێك رێكەوتنێكی نوێ‌ لەگەڵ حكومەتێكدا ببەستین كە لە بەڵێنەكان پاشگەز دەبێتەوە، تەئكیدیشی لەسەر پێویستی تەواوكردنی رێكەوتنی ئەتۆمی و بڕیاری 2231ی ئەنجومەنی ئاسایش كردبۆوە كە بە گوتەی ئەو،»ناكرێت باز بەسەر ئەوەدا بنرێت و بگەڕێنەوە بۆ رابردوو، چونكە ئەوە پاشەكشەكردنێكی گەورەیە».
پابەندبوون بە رێكەوتنە ئەتۆمییەكەوە
سەرۆكی ئێران دەڵێت»حكومەتی ئەمریكا نایشارێتەوە بۆ هەوڵ رووخاندنی حوكمی ئێرانی دەدات كە داوای دیالۆگ دەكات، بەڵام ئاراستەی سیاسەتەكانی دەرەوەی كۆماری ئیسلامی، پابەندبوونە بە پرەنسیپە و یاسا نێودەولًەتییەكان، ئەنجامدانی دانوستانێكی قورس و درێژخایەنیش لەگەڵ گروپی 5+1 كە بووە مایەی رێكەوتنی ئەتۆمی، نمونەیەكی دەركەوتووی ئەو ئاراستەیەیە».
هەر لە وتارەكەیدا رۆحانی ئاماژەی بە هەڵوێستی یەكلاكەرەوەی كۆمەڵی نێودەوڵەتی كردبوو سەبارەت بە پاشەكشەكردنی تاكلایەنەی حكومەتی ئەمریكا لە رێكەوتنە ئەتۆمییەكە و راگەیاندبوو»12 راپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم دەیسەلمێنن ئێران تاوەكو ئەمڕۆ پابەندبووە بە جێبەجێكردنی هەموو بەڵێنەكانی، بەپێچەوانەوە ئیدارەی ئەمریكا لە سەرەتاوە پابەندنەبووە بە بەڵێنەكانییەوە»، داواشی لە نەتەوە یەكگرتووەكان كرد، رێگەنەدات گیرۆدەی هەڵسوكەوتەكانی هەڵبژاردنی و میدیایی هەندێك لە ئەنجامەكانی ببێت و خۆی لە جێبەجێكردنی بەڵێننامە نێودەوڵەتییەكان بدزێتەەە.
رۆحانی ستایشی پشتیوانی كۆمەڵی نێودەوڵەتی و هەوڵەكانی یەكێتی ئەوروپا و روسیا و چینی كردبوو لە جێبەجێكردنی رێكەوتننامەی ئەتۆمی و رایگەیاندبوو»جێبەجێكردنی هەموو بەڵێننەكانی نێو رێكەوتنە ئەتۆمییەكە، مەرجی مانەوەی ئەو دەستكەوتە دیپلۆماسییە گرنگەیە».
سەبارەت بە گەمارۆكانی ئەمریكاش، رۆحانی ئەو سزایانەی بە تاكلایەنە و نایاسایی دانابوو كە بەسەر گەلی ئێراندا سەپپێنراون، و بە بۆچوونی ئەو»جۆرێكن لە تیرۆری ئابوری و جەنگی ئابوری كە لەلایەن ولایەتە یەكگرتووەكانەوە بەرپاكراوە لەژێر ناونیشانی سزا نوێیەكان كە نەك تەنیا گەلی ئێران، بەڵكو زیان بە هەموو گەلانی جیهان دەگەیەنێت و كەلێن لە كاروانی بازرگانی جیهانیشدا دروست دەكات».
لەبارەی قەیرانی سوریاوە
سەبارەت بە قەیرانی سوریا، سەرۆكی ئێران رایگەیاندبوو»لە سەرەتای دەستپێكردنی تەنگژەكانی سوریا، ئێران هۆشداریدا لە دەستوەردان لە كاروباری ئەو وڵاتە و تەئكیدی لەسەر گرنگی دیالۆگی سوری- سوری كردبۆوە بۆ چارەسەركردنی قەیرانەكە».
بە گوتەی حەسەن رۆحانی»بوونی راوێژكارە سەربازییەكانی ئێران لە سوریا، لەسەر داوای حكومەتی سوریا بووە و لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەكان و بنبڕكردنی تیرۆر بووە»، ستایشی رۆڵی ئێران و روسیا و توركیای كردبوو كە بەپێی قسەكانی ئەو، كاریگەربوون لە كەمكردنەوەی تەنگژەكان لە سوریا و رێگرتن لە روودانی پێكداهەڵپژان وخوێنڕشتن لە ئیدلیب.

یەمەن و فەلەستین
لەبارەی جەنگی یەمەن و دۆخی نالەباری ئەو وڵاتە، حەسەن رۆحانی سەرۆكی ئێران لە وتارەكەیدا لەبەردەم كۆمەڵی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان، راگەیاندبوو»لە بەمەن دۆخی مرۆیی رووی لەداڕمان كردووە و ژێرخانی وڵاتەكە داڕماوە و سەدان هەزار بێتاوتن كوژراون و برینداربوون، وێڕای ئاوارەبوونی چەندان ملیۆن كەسی تر، برسێتی و نەخۆشی درێژخایەنیش لەولاوە بوەستێت».
سەرۆكی ئێران، ئەوەی لە یەمەن روودەدات لەئێستادا بە دەستدرێژیكردنە سەر مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ لەقەڵەمی دابوو، بەپێویستیشی زانیبوو لەڕێگەی دیالۆگ و دانوستانی یەمەنی- یەمەنی، بەبێ‌ دەستوەردانی بیانی كار بۆ چارەسەكردنی كێشەكانی ئەو وڵاتە بكرێت، ئامادەیی تارانیشی بۆ پێشكەشكردنی هەموو جۆرە هاوكارییەك لەو بوارەدا خستبووەڕوو.
سەبارەت بە دۆسێی فەلەستینی، سەرۆكی ئێران رایگەیاندبوو»كێشەی فەلەستینی، تەنگژەی سەرەكییە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، ئیدارەی ئەمریكا پشتیوانی دارایی و سیاسی ئیسرائیل دەكات و چەكی پێدەدات تا تاوانەكان لەدژی فەلەستینییەكان ئەنجام بدات، ئیسرائیلیش لە جبەخانە ئەتۆمییەكەی هەڕەشە لەوانی تر دەكات، ئەمەش خۆی لەخۆیدا هەڕەشە و مەترسی لەسەر ئاشتی و سەقامگیری ناوچەكە و جیهان دروست دەكات».
هەڕەشەكانی ترەمپ
وتارەكەی حەسەن رۆحانی سەرۆكی ئێران لەكاتێكدا بوو كە پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا لە وتارێكیدا ڕایگەیاندبوو، ڕێگە نادەن وڵاتێكی وەك ئێران، كە پشتیوانی لە تیرۆر دەكات، ببیتە خاوەنی مەترسیدارترین چەك و هەڕەشەی لەسەر جیهان دروست بكات.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا لە وتارێكیدا لەبەردەم كۆمەڵی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان ڕایگەیاندبوو «دەیانەوێت پەیوەندییەكی باشیان لەگەڵ لەگەڵ ئێراندا هەبێت، بەڵام تا وڵاتەكە هەڵسوكەوتی خۆی نەگۆڕێت، لەم ڕەوشەی ئێستادا ئەو پەیوەندییە ناڕەخسێت، لەگەڵ ئەوەشدا ڕێگەنادەن ئێران ببێتە خاوەنی چەكی ئەتۆمی و لێوەی هەڕەشەی لەسەر ئەمریكا و ئیسڕائیل و هاوپەیمانەكانی دروست بكات».
سەرۆكی ئەمریكا هۆكاریی سەپاندنی سزاكانی بەسەر ئێراندا ئاشكرا كرد و ڕاگەیاندبوو»سزاكان بۆ ئەوەن تا دەسەڵاتدارانی ئێرانی نەبنە خاوەنی چەكی ئەتۆمی و ئابورییەكی بەهێز، بۆیە بە هیچ شێوەیەك ڕێگەبە وڵاتێكی وەها نادەن ببێتە خاوەنی مەترسیدارترین چەك و لێوەی پشتیوانی لە تیرۆر بكات».
بە وتەی سەرۆكی ئەمریكا»سەركردەكانی ئێران، پشتیوانی لە كوشتن و كاولكاریی و پشێوی دەكەن و ڕێز لە وڵاتانی دراوسێ‌ ناگرن، ئەوان چەندان ملیۆن دۆلاری خەزێنەی گشتی وڵاتەكەیان دزیوە و لە بەكرێگیراوەكان و جەنگەكاندا بەكاریان هێناوە”، ئاماژەی بە پشتیوانی زۆرێك لە وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیش كردبوو لە بڕیاری پاشەكشەكردنی وڵاتەكەی لە ڕێكەوتنی ئەتۆمی.
لە 25ی ئەیلولی 2018، لە شاری نیویۆرك-ی ئەمریكا بە بەشداری زیاتر لە 140 سەرۆك و سەرۆك وەزیرانی وڵاتان، كۆمەڵی گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان كۆبوونەوەی خولی 73ی خۆی دەستپێكرد.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

داعش زیاتر لە 100 خێزان دەڕفێنێت

رێكخراوی «دەوڵەتی ئیسلامی»، زیاتر لە 100 خێزان لە ئۆردوگایەكی ئاوارەكان ...