د.بەرهەم ساڵح بەبۆنەی هەڵبژاردنی بە سەرۆك كۆماری عیراق، چەندین پەیوەندی تەلەفۆنیو بروسكەی پیرۆزبایی لە سەرۆكو لێپرسراوانی وڵاتانو لێپرسراوانی دیکەوە لە ئاستی جیهانو ناوچەكەو عیراقو ناوخۆدا پێگەیشت.
پیرۆزبایی سەرۆكی روسیا
د.بەرهەم ئەحمەد ساڵح سەرۆك كۆمار نامەیەكی لەسەرۆكی روسیا ڤلادیمێر پوتینەوە پێگەیشتو تیایدا پیرۆزبایی كردووە بەبۆنەی هەڵبژاردنی بەڕێزیان بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار، متمانەی خۆی دەربڕیوە بەسپاردنی ئەو پۆستە باڵایە بە بەڕێزیان كە بەشداریی دەكات لە بەهێزكردنی سەروەریو یەكێتیی نیشتمانیی عیراقو ئۆقرەیی سیاسیی وڵات.
سەرۆكی روسیا لەنامەكەیدا كە مەكسیم مەكسیمۆف باڵیۆزی روسیا لە بەغدا گەیاندویەتی، ئامادەیی روسیای فیدراڵی دووپاتكردۆتەوە بۆ بەردەوامبوونی كاری هاوبەش بەئامانجی گەشەپێدانی هاریكاریی بنیاتنەر لەنێوان هەردووو دەوڵەتی دۆستدا.
پیرۆزبایی سەرۆكی توركیا
سەرۆك كۆمار د.بەرهەم ئەحمەد ساڵح پەیوەندییەكی تەلەفۆنیی لە رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆكی توركیاوە پێگەیشتو تیایدا پیرۆزبایی لێكرد بەبۆنەی هەڵبژاردنی بە سەرۆك كۆمار. داوای سەركەوتنی بۆ بەڕێزیان كرد، بۆ گەلی عیراقیش پێشكەوتنو تاوسەندنی خواست.
لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا پێویستیی پتەوكردنی رایەڵەی هاریكاریی هاوبەشی هەردووو وڵاتی دۆست دووپاتكرایەوە بەو جۆرەی خزمەت بەسەقامگیریی ئاسایشو ئۆقرەیی لەناوچەكەدا بكاتو پەیوەندیی دووقۆڵیی لەهەمووو بوارەكاندا بەهێز بكات.
پیرۆزبایی
سەرۆكی ئەنجومەنی
شورای ئیسلامیی ئێران
سەرۆك كۆمار د.بەرهەم ئەحمەد ساڵح لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنییدا پەیامێكی لە عەلی لاریجانی سەرۆكی ئەنجومەنی شورای ئیسلامیی ئێرانەوە پێگەیشتو تیایدا پیرۆزبایی لە بەڕێزیان كرد بەبۆنەی وەرگرتنی ئەركەكانی سەرۆكایەتیی.
لەپەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا لاریجانی خواستو نیازی كۆماری ئیسلامیی ئێرانی دووپاتكردەوە بۆ گەشەپێدانی پەیوەندیی دۆستانەو هاریكاریی لەگەڵ عیراقدا، داوای پێشكەوتنو تاوسەندنی كرد بۆ گەلی عیراق.
لای خۆیەوە سەرۆك كۆمار سوپاسی سەرۆكی ئەنجومەنی شورای ئیسلامیی ئێرانی كرد بۆ پیرۆزباییەكەیو پەرۆشی عیراقی دووپاتكردەوە بۆ گەشەپێدانی ئاسۆی هاریكاریی هاوبەش لەهەموو بوارەكاندا.
پیرۆزبایی وەزیری
دەرەوەی ئەمریكا
سەرۆك كۆمار د.بەرهەم ئەحمەد ساڵح لەلایەن مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكاوە تەلەفۆنی بۆ كراو پیرۆزبایی لە بەڕێزیان كرد بەبۆنەی هەڵبژاردنی بە سەرۆك كۆمار.
پۆمپیۆ لەپەیوەندییەكەدا پەرۆشیی ویلایەتە یەكگرتووەكانی دووپاتكردەوە بۆ پتەوكردنی پەیوەندیی دووقۆڵیی هەردووو وڵاتو پێشكەشكردنی هەموو جۆرە پشتیوانیو پشتگیرییەكی پێویست بۆ عیراقو گەلەكەی تا ئەوكاتەی بەئۆقرەیی سیاسیو ئابووریو ئەمنیی شاد دەبێت.
لای خۆیەوە سەرۆك كۆمار ستایشی هەوڵەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی كرد لەپشتگیریكردنی عیراق لەئاستە جیاجیاكاندا، نیازی عیراقی دووپاتكردەوە بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان لەڕێی فراوانكردنی رووبەری هاریكاریی هاوبەش لەهەمووو بوارەكاندا.
پیرۆزبایی
پادشای سعودییە
سەرۆك كۆمار د.بەرهەم ئەحمەد ساڵح پەیامێكی تەلەفۆنیی لە خاوەنشكۆ خادمی هەردووو حەرەمی پیرۆز شا سەلمان كوڕی عەبدولعەزیز ئال سعود پادشای عەرەبستانی سعودی پێگەیشت.
لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا خاوەن شكۆ پیرۆزبایی لە بەڕێزیان كرد بەبۆنەی هەڵبژاردنی بە سەرۆك كۆمار. شا سەلمان بایەخدانی وڵاتەكەیو پەرۆشیی بۆ گەشەپێدانی پەیوەندیی برایانەی دووقوڵی لەگەڵ عیراقدا دووپاتكردەوە، داوای ئۆقرەییو گەشەسەندنی زیاتری كرد بۆ گەلی عیراق بەو جۆرەی كە هەوڵەكانی بەڕێز سەرۆك كۆمار ببێتە مایەی پتەوكردنی باری ئەمنیو پەرەپێدانو خۆشگوزەرانی بۆ گەلی عیراق.
لای خۆیەوە سەرۆك كۆمار سوپاسی شا سەلمان كوڕی عەبدولعەزیزی كرد بۆ پیرۆزباییەكەیو داوای لەشساغیو بەردەوامی بۆ كرد، بۆ شانشینی عەرەبیی سعودی براش تاوسەندنی داواكرد. پەرۆشیی عیراقیشی دەربڕی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەردووو وڵاتی برا لەهەموو بوارەكاندا. ئاماژەشیكرد بۆ رۆڵی شا سەلمان لەسەرخستنی شانشینەكەو پێشكەوتنیدا.
شا سەلمان كوڕی عەبدولعەزیز لەمیانە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەیدا سەرۆك كۆماری عیراقی بانگهێشت كرد بۆ سەردانی سعودییە، سەرۆك كۆماریش سوپاسو پێزانینی بانگهێشتەكەی كردو پەرۆشیی خۆی دەربڕی بۆ جێبەجێكردنی بانگهێشتەكە لەنزیكترین كاتدا.
پیرۆزبایی میری كوێت
سەرۆك كۆمار د.بەرهەم ئەحمەد ساڵح لەلایەن شێخ سەباح ئەلئەحمەد ئەلجابر ئەلسەباح تەلەفۆنی بۆ كراو تیایدا پیرۆزبایی لێكرد بەبۆنەی هەڵبژاردنی بە سەرۆك كۆمار.
میری كوێت لەپەیوەندییەكەدا بایەخدانی تایبەتی وڵاتەكەی دووپاتكردەوە بۆ گەشەپێدانی پەیوەندیی برایانەی دووقوڵی لەگەڵ عیراقو داوای گەشەسەندنو پێشكەوتنی كرد بۆ گەلی عیراق.
سەرۆك كۆماریش سوپاسی شێخ سەباح ئەلئەحمەدی كرد بۆ پیرۆزباییەكەی، داوای لەش ساغیو سەركەوتنی كرد بۆ میری كوێتو پێشكەوتنی زیاتری بۆ دەوڵەتی كوێتی برا خواست، پەرۆشیی عیراقی نوێكردەوە بۆ پتەوكردنی پەیوەندیی برایانە لەهەموو بوارەكاندا.
پیرۆزبایی
سكرتێری گشتیی
نەتەوە یەكگرتووەكان
سەرۆك كۆمار د.بەرهەم ئەحمەد ساڵح پەیوەندییەكی تەلەفۆنیی لە ئەنتۆنیۆ گۆتیریس سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتوەكانەوە پێگەیشت كە پیرۆزبایی خۆی پێڕاگەیاند بەبۆنەی هەڵبژاردنی بەسەرۆك كۆمارو داوای سەركەوتنی بۆ كرد لەئەركەكانی وەك سەرۆكی وڵاتەكەی.
گۆتیریس پشتیوانیی نەتەوە یەكگرتووەكانو پشتگیریی كۆمەڵی نێودەوڵەتیی بۆ عیراق دووپاتكردەوە لەپێناوی بەدێهێنانی ئاسایشو ئاشتیو تاوسەندن لەناوچەكەو جیهاندا.
لای خۆیەوە سەرۆك بەرهەم ساڵح سوپاسی زۆری كردو ستایشی رۆڵی نەتەوە یەكگرتووەكانی كرد لەپشتگیرییە گرنگەكانی كە لەعیراقی دەكات لەهەمووو بوارەكاندا.
پیرۆزبایی
سەرۆك كۆماری ئیتالیا
سەرۆك كۆمار د.بەرهەم ئەحمەد ساڵح بەبۆنەی هەڵبژاردنی بە سەرۆك كۆمار بروسكەیەكی پیرۆزبایی لە سێرگیۆ ماتاریللا سەرۆك كۆماری ئیتالیاوە پێگەیشت، تیایدا داوای سەركەوتنی بۆ كردووە لە روبەڕوبونەوەی ئالنگاریو ئاستەنگەكاندا، بەتایبەتیی سەرلەنوێ ئاوەدانكردنەوەی عیراق.
سەرۆك ماتاریللا بەناوی خۆیو لەجیاتی گەلی ئیتالیا داوای سەركەوتنی كردووە بۆ سەرۆك بەرهەم ساڵح لەگرتنەدەستی ئەركەكانی لەم پۆستە باڵایەدا، ئاماژەشیكردووە بۆ گەورەترین ئەركەكان كە لەبەردەم سەرۆكی نوێی عیراقدایە، داوای گەشەپێدانی تەواوی كردووە لەسایەی سەركردایەتیكردنی پڕۆسەی سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی عیراقو هەوڵەكانی بۆ ئاشتبوونەوەی گشتی كە ئەنجامی پۆزەتیڤو ئۆقرەیی هەمیشەیی هەبێت.
سەرۆكی ئیتالیا لەنامەی پیرۆزباییەكەیدا ئەوەی روونكردۆتەوە كە لەو باوەڕەدایە هەوڵدان بۆ دیالۆگی فراوانو سەرتاسەریی لەڕیزی پێشەوەی ئەركەكانی سەرۆك كۆماردا دەبێت، تا هەمووو عیراقییەكان بەشداریی بكەن لەبنیاتنانی عیراقێكی زیاتر خۆشگوزەرانو ئارامدا.
پیرۆزبایی
ئەمینداری گشتیی
كۆمەڵەی دەوڵەتانی عەرەب
د.بەرهەم ئەحمەد ساڵح پەیوەندییەكی تەلەفۆنیی لە ئەحمەد ئەبو غەیت ئەمینداری گشتیی كۆمەڵەی دەوڵەتانی عەرەبەوە پێگەیشتو پیرۆزبایی لەبەڕێزیان كرد بەبۆنەی هەڵبژاردنی بە سەرۆك كۆمار. ئەحمەد ئەبو غەیت داوای سەركەوتنی كرد بۆ سەرۆك بەرهەم ساڵح لەئەركەكانیدا، بۆ گەلی عیراقیش داوای پێشكەوتنو تاوسەندنی كرد.
پیرۆزبایی سەرۆكی تونس
فەخامەتی سەرۆك بەرهەم ساڵحی بەڕێز
سەرۆك كۆماری عیراق
خۆشحاڵم بەبۆنەی هەڵبژاردنتان بە سەرۆك كۆماری عیراقی برا، بەناوی خۆمو لەجیاتی گەلی تونس گەرمترین پیرۆزباییتان لێ بكەمو داوای لەش ساغیو سەركەوتنتان بۆ دەكەم لەئەركە باڵاكەتاندا، لەپەروەردگاری مەزن داواكارم یارمەتیتان بدات لەپێناوی ئایندەیەكی باشتر بۆ رۆڵەكانی گەلی عیراقی برا.
ئەم بۆنە شادە دەكەمە دەرفەتێك بۆئەوەی پەرۆشیمان بۆ كاركردنی پێكەوەیی بۆ فەخامەتتان دووپات بكەمەوە لەپێناوی زیاتر بەهێزكردنی پەیوەندیی برایانەو پەیوەندیی هاریكاریی لەهەمووو بوارەكاندا، بەو جۆرەی خۆشیو بەرژوەندیی هەردوو گەلو وڵاتی برامانی تیادایە.
ئەلباجی قاید ئەلسبسی
سەرۆك كۆماری تونس
پیرۆزبایی سەرۆكی ئازەربایجان
فەخامەتی دكتۆر بەرهەم ساڵح
سەرۆك كۆماری عیراق
لەكانگای دڵەوە گەرمترین پیرۆزباییتان لێ دەكەم بەبۆنەی هەڵبژاردنتان بە سەرۆك كۆماری عیراق.
ئێمە دڵنیاین لەسەركەوتنی توانا هاوبەشەكانمان بۆ گەشەپێدانو بەهێزكردنی پەیوەندییەكانمان كە لەسەر بناغەی دۆستایەتیو هاریكاریی لەنێوان ئازەربایجانو عیراقدا دامەزراوە بۆ خزمەتكردنی بەرژەوەندییەكانی هەردووو گەلمان.
دڵسۆزانەترین پیرۆزباییتان بۆ دەردەبڕم، داوای سەركەوتنتان بۆ دەكەم لەكارەكانی داهاتووتاندا لەپێناوی خۆشگوزەرانی گەلی عیراقدا.
لەگەڵ ئەوپەڕی پێزانیندا
ئیلهام ئەلیاییف
سەرۆك كۆماری ئازەربایجان
پیرۆزبایی
پادشای ئوردن
سەرۆك كۆمار د.بەرهەم ئەحمەد ساڵح بەبۆنەی هەڵبژاردنی بەسەرۆك كۆمار، بروسكەیەكی پیرۆزبایی لەپادشای شانشینی ئوردنی هاشمیی خاوەن شكۆ شا عەبدوڵڵای دووەمەوە پێگەیشتو لەگەڵ پیرۆزبایی گەرمدا داوای لەش ساغیو سەركەوتنی بۆ بەڕێزیان كردووەو داوایكردوە گەلی عیراق بەئاواتەكانی بگات لەسەربەرزیو پێشكەوتنو گەشەسەندن.
پادشای ئوردن لەبروسكەكەدا پەرۆشیی دووپاتكردۆتەوە بۆ بەردەوامبوون لەپتەوكردنی پەیوەندیو هاریكاریو هەماهەنگیو راوێژ سەبارەت بەمەسەلە جێبایەخو هاوبەشە جیاجیاكان لەنێوان هەردوو وڵاتی برادا.
هەروەها سەرۆك كۆمار پەیوەندییەكی تەلەفۆنیی لە پادشای شانشینی ئوردونیی هاشمییەوە پێگەیشت كە پیرۆزبایی لێكرد بەبۆنەی وەرگرتنی ئەركی سەرۆك كۆماریی، داوای سەركەوتنی بۆ بەڕێزیان كرد، بۆ گەلی عیراقیش پێشكەوتنو ئاشتیو گەشەسەندن.
پادشای ئوردون لەمیانەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا ئامادەیی وڵاتەكەی دووپاتكردەوە بۆ گەشەپێدانو فراوانكردنی پەیوەندیو هاریكاریی توندوتۆڵی هەردووولا لەهەموو بوارەكاندا بەو جۆرەی خزمەتی هەردووو گەلی برا دەكات شانبەشانی بەردەوامبونی هەمەهانگیو راوێژكردن لەسەر هەردووو ئاستی ئیقلیمیو نێودەوڵەتی.
لای خۆیەوە سەرۆك بەرهەم ساڵح زۆر سوپاسی شا عەبدوڵڵای دووەمی كردو بایەخدانی شەخسیی خۆی دووپاتكردەوە بۆ زیاتر پەرەپێدانی پەیوەندییە تایبەتو ستراتیژییەكانی نێوان هەردووو وڵات، ئاماژەشیكرد بۆ گرنگیی بەهێزكردنی رایەڵەكانی هاریكاریی ئابووریی لەڕێی لیژنەی هاوبەشی نێوان هەردووو وڵات، رۆڵی تایبەتی شانشینی ئوردونیشی بەرزنرخاند لەپڕۆژەكانی ئاوەدانكردنەوەو كشتوكاڵو هاندانی كۆمپانیاكانی ئوردون بۆ وەبەرهێنان لەپڕۆژە بەرهەمهێنەرە نوێیەكاندا.
پیرۆزبایی
پادشای مەراكیش
سەرۆك كۆمار د.بەرهەم ساڵح بروسكەیەكی پیرۆزبایی لە پادشای شانشینی مەراكیش شا محەمەدی شەشەمەوە پێگەیشت، تیایدا پیرۆزبایی گەرمی خۆی پێشكەشكردووە بەبۆنەی هەڵبژاردنی بە سەرۆك كۆمارو داوای سەركەوتنی بۆ كردووە لەئەركەكانیدا بۆ بەدیهێنانی خواستەكانی گەلی عیراقی برا بەرەو پێشكەوتنو تاوسەندنی زیاتر لەسایەی یەكڕیزیو ئارامیو ئۆقرەییدا.
پادشای شانشینی مەراكیش شانازیكردنی دەربڕیوە بەو پەیوەندییە بەهێزە برایانەی هەردوو گەلی مەراكیشو عیراق، پەرۆشیی خۆیشی دووپاتكردۆتەوە بۆ پێكەوە كاركردن لەپێناوی بەهێزكردنی پەیوەندیو هاریكاریی پڕ بەرهەمو هاوكاریی چالاكانەی نێوان هەردوو وڵاتو گەیاندنی ئەو پەیوەندییانە بۆ بەرزترین ئاست بەو جۆرەی سوودی هەردوو گەلی برای تیایە.
پیرۆزبایی سەرۆكی یەمەن
سەرۆك كۆمار د.بەرهەم ئەحمەد ساڵح بروسكەیەكی پیرۆزبایی لە سەرۆك عبد رەبە مەنسور هادی سەرۆكی یەمەنەوە پێگەیشت، تیایدا بەناوی خۆیو گەلی یەمەنەوە جوانترین پیرۆزبایی پێشكەشكردووە بەبۆنەی هەڵبژاردنی بەڕێزیان بە سەرۆك كۆماری عیراق.
سەرۆك مەنسور داوای سەركەوتنو كامەرانیی كردووە بۆ سەرۆك بەرهەم ساڵح، بۆ گەلی عیراقیش پێشكەوتنو گەشەسەندنی زیاتری خواستووە.
پیرۆزبایی
جێنشینی بەحرەین
د.بەرهەم ساڵح بەبۆنەی هەڵبژاردنی بە سەرۆك كۆماری نوێ بروسكەیەكی پیرۆزبایی لە شازادە سەلمان كوڕی حەمەد ئال خەلیفە جێنشینی پادشای شانشینی بەحرەینەوە پێگەیشت.
میر سەلمان گەرمترین پیرۆزبایی خۆی ئاڕاستەی سەرۆك بەرهەم ساڵح كردووەو داوای سەركەوتنی بۆ كردووە لەئەركەكانی سەرۆكایەتیدا لەپێناوی بەدیهێنانی خواستەكانی گەلی عیراقی برا بۆ زیاتر پێشكەوتنو پەرەپێدان.
پیرۆزبایی سەرۆك وەزیرانی بەحرەین
سەرۆك كۆمار د.بەرهەم ئەحمەد ساڵح بەبۆنەی هەڵبژاردنی بە سەرۆك كۆمار بروسكەیەكی پیرۆزبایی لە میر خەلیفە كوڕی سەلمان ئال خەلیفە سەرۆك وەزیرانی بەحرەینەوە پێگەیشت.
لەبروسكەكەدا سەرۆك وەزیرانی بەحرەین داوای سەركەوتنی كردووە بۆ سەرۆك كۆمار لەڕاپەڕاندنی ئەركەكانیدا بۆ بەدیهێنانی ئاواتەكانی گەلی عیراق لەئۆقرەییو گەشە پێدانو تاوسەندنی زیاتردا.