پزیشكێكی‌ كورد ده‌بێته‌ داهێنه‌ر و گه‌شه‌پێده‌ری‌ چاره‌سه‌ری‌ جۆرێكی‌ شێرپه‌نجه‌ – knwe.org
سەرەکی » زانست » پزیشكێكی‌ كورد ده‌بێته‌ داهێنه‌ر و گه‌شه‌پێده‌ری‌ چاره‌سه‌ری‌ جۆرێكی‌ شێرپه‌نجه‌

پزیشكێكی‌ كورد ده‌بێته‌ داهێنه‌ر و گه‌شه‌پێده‌ری‌ چاره‌سه‌ری‌ جۆرێكی‌ شێرپه‌نجه‌

هێمن مه‌لا كه‌ریم به‌رزه‌نجی‌

له‌ رابردوو دا، هه‌ولێكی‌ زۆر دراوه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ نه‌خۆشیه‌كان ، پسپۆران و زانایانی‌ جیهان له‌م هه‌وڵانه‌دا به‌شدار بوون و، كوردیش بێبه‌ش نییه‌ له‌كاركردن له‌ بواری‌ چاره‌سه‌ر سازیی و، ئه‌مه‌ش سه‌دان ساڵ له‌مه‌ پێشه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات كه‌ كورد له‌ بواری‌ گیا ده‌رمانی‌ ده‌ستێكی‌ باڵای‌ هه‌بووه‌، و سه‌دان ده‌ستخه‌ت و به‌ڵگه‌ی‌ گیا ده‌رمانی زانایانی‌ كوردمان به‌رده‌سته‌، هه‌تاوه‌كو ده‌گاته‌ پزیشكی‌ نوێ‌ و هه‌وڵی‌ په‌ره‌پێدانی‌ چاره‌سه‌ره‌ دۆزراوه‌كان یان هه‌وڵی‌ داهێنانی‌ رێگه‌ و چاره‌سه‌ری‌ نوێ، یه‌كێك له‌و پزیشكه‌ كوردانه‌ لێره‌ باسی ده‌كه‌ین ، به‌رێز ((دكتۆر كازم فاروق قه‌ره‌داغی‌)) یه‌ كه‌ له‌ بواری‌ چاره‌سه‌ر كردنی‌ جۆرێكی‌ شێرپه‌نجه‌ دا توانیوویه‌تی‌ رۆلێكی‌ باش ببینێت و كاره‌كه‌ی‌ ببێته‌ سه‌رچاوه‌ و ریبه‌ری‌ بۆ پزیشكانی‌ بواره‌كه‌ و له‌ ((ده‌ستووری‌ كار guidelines)) ی‌ ساڵی‌ ((2017ز)) دا، په‌ره‌پێدان و داهێنانه‌كه‌ی‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، ئه‌م ریبه‌ری‌ و ده‌ستووری‌ كاره‌ guidelines به‌ناوی‌ ((نه‌خۆشی كۆلۆن و رێكه‌ و كۆم Colorectal Disease ))ـه‌ كه‌ له‌ بابه‌تی‌ (( ریبه‌ری‌ به‌ریوه‌بردنی‌ شێرپه‌نجه‌ی‌ كۆلۆن ، رێكه‌ و كۆم 2017 – شێرپه‌نجه‌ی‌ كۆم Guidelines for the Management of Cancer of the Colon, Rectum and Anus(2017) – Anal Cancer ))دا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.

پزیشكه‌ كورده‌كه‌ كێیه‌؟
ئه‌و پزیشكه‌ كورده‌ی‌ چاره‌سه‌رییه‌كه‌ی‌ چووه‌ نێو كتیبی‌ ((ریبه‌ری‌ شێرپه‌نجه‌ی‌ كۆلۆن و رێكه‌ ی‌ 2017)) ناوی‌ ((كازم فاروق نامیق))ــه‌ و، به‌ دكتۆر ((كازم قه‌ره‌داغی‌)) ناسراوه‌، له‌ دایك بووی‌ ساڵی‌ ((1986ز)) ، له‌ زانكۆی‌ سلێمانی‌ كۆلێژی‌ پزیشكی‌ گشتی‌ ته‌واو كردووه‌ و بڕوانامه‌ی‌ به‌كالۆریۆسی پزیشكی‌ وه‌رگرتووه‌، پاشان بڕوانامه‌ی‌ ماسته‌ری‌ له‌ زانكۆی‌ بێرمینگهام له‌ وڵاتی‌ به‌ریتانیا به‌ده‌ست هێناوه‌ و، ئه‌م داهێنان و گه‌شه‌پێدانه‌ی‌ له‌ ماسته‌رنامه‌كه‌یدا به‌ده‌ست هێناوه‌. ئێستا له‌ نه‌خۆشخانه‌ی‌ ((هیوا)) له‌ شاری‌ ((سلێمانی‌)) وه‌ك پسپۆری شێرپه‌نجه‌ كارده‌كات و ، سه‌ر قاڵی‌ چاره‌سه‌ر كردنی‌ گرێیه‌ شێرپه‌نجه‌ییه‌كانه‌. هه‌نووكه‌ خوێندكاری‌ دكتۆرایه‌ له‌ زانكۆی‌ سلێمانی‌، گه‌نجێكی‌ لێهاتوو و دڵسۆزه‌ بۆ نه‌خۆشه‌كانی‌ و به‌رده‌وام سه‌ر قاڵی‌ خوێندنه‌وه‌ و به‌ دووا دا چوونی‌ ورده‌ له‌ بواره‌كه‌ی‌ خۆیی دا. هیوای‌ سه‌ركه‌وتنی‌ زیاتری‌ بۆ ده‌خوازین.

ریبه‌ری‌ شێرپه‌نجه‌ی‌ كۆلۆن و رێكه‌ و كۆم
ئه‌م رێبه‌رییه‌ له‌ لایه‌ن ((كۆمه‌ڵه‌ی‌ كۆڵۆپڕۆكتۆلۆژی‌ (1) به‌ریتانیای‌ گه‌وره‌ و ئێرله‌ندا Association of Coloproctology of Great Britain & Ireland )) په‌سه‌ند ده‌كرێت و چاپ و بڵاودكرێته‌وه‌ و، ده‌خرێته‌ به‌رده‌ست پزیشكانی‌ بواره‌كه‌ له‌ سه‌رانسه‌ری‌ جیهاندا، دامه‌زراندنی‌ ئه‌م ئه‌م كۆمه‌ڵه‌یه‌ ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ ساڵی‌ 1990ز كه‌ یه‌كه‌م سه‌رۆكی‌ رێكخراوه‌كه‌جۆرج ئۆتێس بوو، به‌ڵام كار و چالاكی‌ فراوان و داهێنه‌رانه‌ی‌ ئه‌م رێكخراوو و كۆمه‌ڵه‌یه‌ ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ ساڵی‌ 2000ز، یه‌كه‌مین ژماره‌ی‌ گۆڤاری‌ نه‌خۆشییه‌كانی‌ كۆڵۆن و رێكه‌ Journal of Colorectal Disease ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ مانگی‌ یه‌كی‌ ساڵی‌ 1999ز و ، له‌ ئێستا دا ئه‌م گۆڤاره‌ یه‌كه‌مین و پێشه‌نگترینی‌ بواره‌كه‌یه‌ له‌ ئه‌وروپا و وڵاتانی‌ جیهان (2). شێرپه‌نجه‌ی‌ كۆلۆن و رێكه‌ Colorectal Cancer باوترین جۆری شێرپه‌نجه‌یه‌ له‌ دووای‌ شێرپه‌نجه‌ی‌ مه‌مك Breast Cancer و شێرپه‌نجه‌ی‌ سییه‌كان Lungs Cancer له‌ وڵاتی‌ به‌ریتانیا، كه‌ ساڵانه‌ ده‌ور و به‌ری‌ 40.000 هه‌زار تووشبووی‌ نوێ هه‌یه‌ و تۆمارده‌كرێت ، كه‌ دووه‌مین جۆری‌ باوی‌ شێرپه‌نجه‌یه‌ كه‌ هۆكاری‌ مردنه‌ (3).
گه‌شه‌پێدانه‌ نوێیه‌كانی‌ New Developments چاره‌سه‌ركردنی‌ Treatment ی‌ نه‌خۆشی تووشبوو به‌ شێرپه‌نجه‌ی‌ ((كۆلۆن، رێكه‌ و كۆم Colorectal Cancer )) (4) له‌ ژماره‌ 19 ی‌ گۆڤاری‌ ((نه‌خۆشی كۆلۆن و رێكه‌ و كۆم Colorectal Disease )) دا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ و یه‌كێك له‌و گه‌شه‌پێدانانه‌ش به‌رهه‌می‌ بیر و مانوو بوونی‌ دكتۆر كازم قه‌ره‌داعی‌ یه‌.
گه‌شه‌پێدانه‌كه‌ی‌ پزیشكه‌ كورده‌كه‌
بۆ بینینی‌ گه‌شه‌پێدان و داهێنانه‌كه‌ی‌ دكتۆر كازم قه‌ره‌داغی‌ ، بڕوانه‌ لاپه‌ره‌ ((85)) ی‌ گۆڤاری‌ ((نه‌خۆشی كۆلۆن و رێكه‌ و كۆم Colorectal Disease Journal ))، كه‌ له‌ بابه‌ت و به‌شی (( ریبه‌ری‌ به‌ریوه‌بردنی‌ شێرپه‌نجه‌ی‌ كۆلۆن ، رێكه‌ و كۆم 2017 – شێرپه‌نجه‌ی‌ كۆم Guidelines for the Management of Cancer of the Colon, Rectum and Anus(2017) – Anal Cancer ))دا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، له‌ ژێر كورته‌ ناونیشانی‌ ((1.4.8 نه‌شته‌رگه‌ریی 8.4.1 Surgery))، هه‌روه‌ها له‌ ریزی‌ سه‌رچاوه‌كان و له‌ لاپه‌ره‌ 96 دا ئاماژه‌ به‌ كاره‌كه‌ی‌ دكتۆر كازم دراوه‌ و ناونیشانی‌ گه‌شه‌پێدان و داهێنانه‌كه‌ی‌ و جۆر و ساڵی‌ كاره‌كه‌ و هاوكاره‌كانی‌ خراوه‌ته‌ ڕوو. (4)

سه‌رچاوه‌ و په‌راوێزه‌كان :
1-كۆڵۆپرۆكتۆلۆژی‌ Coloproctology لقێكه‌ له‌ زانستی‌ چاره‌سه‌ر له‌گه‌ڵ زانستی‌ نه‌خۆشییه‌كان Pathology ی‌ كۆلۆن Colon ، رێكه‌ Rectum و كۆم Anus ، هه‌روه‌ها نه‌شته‌رگه‌ری‌ كۆڵۆرێكتاڵ Colorectal Surgery ، نه‌شته‌ر گه‌ری‌ كۆڵۆن و رێكه‌ Colorectal Surgery پسپۆرییه‌كه‌ له‌ناو پڕۆكتۆلۆجی‌ Proctology دا.
2-بۆزانیاری‌ زیاتر بڕوانه‌ :
https://www.acpgbi.org.uk/about/history/
3-بروانه‌ لاپه‌ره‌ 5 ی‌ گۆڤاری‌ نه‌خۆشییه‌كانی‌ كۆڵۆم و رێكه‌ Colorectal Desease ، ژماره‌ 19 ی‌ ساڵی‌ 2017.
4- بروانه‌ لاپه‌ره‌ 85 و 96 ی‌ گۆڤاری‌ نه‌خۆشییه‌كانی‌ كۆڵۆم و رێكه‌ Colorectal Desease ، ژماره‌ 19 ی‌ ساڵی‌ 2017.
5-سوود ئه‌ژماری‌ تایبه‌تی‌ دكتۆر كازم قه‌ره‌داغی وه‌رگیراوه‌ له‌ تۆری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ فه‌یسبووم، بۆ وه‌رگرتنی‌ زانیاری‌ ده‌رباره‌ی‌ ژیاننامه‌كه‌ی‌.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

چین : مانگێكی هاوشێوه‌ی مانگه‌كه‌ی ئاسمان دروست ده‌كات

لێپرسراوانی چین دروستكردنی مانگێكی ده‌ستكردیان ئاشكراكرد كه‌ ده‌توانیت چه‌ندین به‌رابه‌ری ...