حکومەتی نوێ گەڵاڵە دەبێت؟ – knwe.org
سەرەکی » راپۆرت » حکومەتی نوێ گەڵاڵە دەبێت؟

حکومەتی نوێ گەڵاڵە دەبێت؟

جموجۆڵ و گفتوگۆكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عیراق بەردەوامن، سەرۆك كۆمار لە بەغدا لەلایەك و سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش لە هەرێمی كوردستان لەلایەكی دیكەوە، بەشدارییەكی كارا دەكەن لە گفتوگۆ و دیدارەكان بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق.

دیدارەكان لە بەغدا و هەرێمی كوردستان
تاوتوێكردنی ئەو پرسە، تەوەرێكی سەرەكی دیدارەكانی دوێنێ بوون لە بەغدا و هەرێمی كوردستان، لەوبارەیەوە دوێنێ لە بەغدا د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار لەگەڵ باڵیۆزانی یەكێتیی ئەوروپا لە عیراق و یان كۆبیچ نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكاندا كۆبۆوە. كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتی و وەفدی باڵای مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش لە سلێمانی لەگەڵ برێت مەكگۆرک نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ شەڕی دژ بە تیرۆر و باڵیۆزی ئەمریكا لە عیراق و كونسوڵی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان، كۆبوونەوە، هەردوێنێ، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەگەڵ برێت مەكگۆرك و باڵیۆزی ئەمریكادا كۆبۆوە.

چارەسەركردنی كێشەكان
لە كۆبوونەوەی نێوان وەفدی باڵای یەكێتی و وەفدەكەی ئەمریكادا گفتوگۆ كرا لەبارەی دوایین هەوڵەكان بۆ پێكهێنانی حكومەتی عیراق و رۆڵی كورد لەو پرسەدا. جەختیش لە زوو پێكهێنانی حكومەتی عیراق كرایەوە و بە گرنگ زانرا «حكومەتی داهاتووی عیراق حكومەتی پێشكەشكردنی باشترین خزمەتگوزاریی بێ بە هاووڵاتیان و پابەندبوون بە دەستوور، بنەمای كاركردنی بێت». لە دیدارەكەدا گفتوگۆشكرا لەبارەی پۆستی سەرۆك كۆماری عیراق و هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری تازە، لەمڕووەوە هەردوولا هیوایان خواست سەرۆك كۆمار بتوانێ رۆڵی ئەرێنی خۆی بگێڕێ لە چارەسەركردنی كێشەو ناكۆكییەكاندا.
تایبەت بە پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیش، وەفدی یەكێتی راشكاوانە سەرنج و تێبینییەكانی خۆیان لەسەر كۆی پرۆسەكە خستەڕوو، راشیانگەیاند «چاوەڕوانی ئەنجامی سكاڵاكان دەكەن و لەدوای راگەیاندنی ئەنجامی فەرمی، یەكێتی رای خۆی لەسەر كۆی پرۆسەكە رادەگەیەنێ».
״هەموو لایەك هاوكار بن״
هەروەك لە كۆبوونەوەی نێوان جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم و وەفدەكەی ئەمریكادا، گفتوگۆكرا لەبارەی هەڵبژاردنەكەی پەرلەمانی كوردستان و پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق و كوردستان. جەختكرایەوە «دەبێت هەموو لایەك هاوكار بن بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغەی ئێستا، بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییە گشتییەكان».

״ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك״
هەردوێنێ حاكم قادر حەمەجان كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی ی.ن.ك لەمیانی پێشوازییكردن لە سارا مارش لێپرسراوی كاروباری سیاسی لە كونسوڵخانەی بەریتانیا لە هەرێم، رایگەیاند: ئەركی لە پێشینەمان لە بەغدا، جێبەجێكردنی دەستوور بە تایبەتی مادەی 140 و سەلماندنی مافە دەستوورییەكانی گەلی كوردستان ‌و چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم ‌و بەغدایە لەوانە پرسی نەوت ‌و گاز، پێشمەرگە، بودجە، ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك ‌و ناوچەكانی مادەی 140.
پشتیوانیی لە حكومەتی داهاتوو بكرێت
لەلایەكی دیكەوە، د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار لەمیانی كۆبوونەوەیدا لەگەڵ باڵیۆزانی یەكێتیی ئەوروپادا رایگەیاند: پێویستە پشتیوانیی لە حكومەتی داهاتوو بكرێت.
شایانی باسە، شەوی 2/3/10/2018، د.بەرهەم ئەحمەد ساڵح سەرۆك كۆمار، د.عادل عەبدولمەهدی راسپارد بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عیراق. لە دوو رۆژی رابردووشدا، سەرۆك كۆمار لەمیانی كۆبوونەوەیدا لەگەڵ د.عادل عەبدولمەهدی، پشتیوانیی خۆی دووپاتكردەوە بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی نیشتمانیی بەهێز كە پشتیوانییەكی فراوانی جەماوەریی هەبێت و خواستەكانی گەلی عیراق بەدیبهێنێت.
هێشتا ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمان رانەگەیەنراوە
پەیوەست بە دۆخی هەرێمی كوردستانیش، تائێستا كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێم، ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستانی رانەگەیاندووە كە رۆژی 30/9/2018، بەڕێوەچوو، حزب و لایەنە سیاسییەكانیش چاوەڕێی راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنن بۆ ئەوەی هەڵوێستی كۆتایی خۆیان لە بارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكەوە رابگەیەنن.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

سه‌ركرده‌ نوێیه‌كانی‌ عیراق ته‌كنۆكراتن

بێن هۆبارد ‌و فالح حه‌سه‌ن و: كورده‌وان محه‌مه‌د سه‌عید دۆخی‌ ...