ئێران بە توندی وەڵامی سعودیە دەداتەوە – knwe.org
سەرەکی » راپۆرت » هه‌واڵ و راپۆرت » ئێران بە توندی وەڵامی سعودیە دەداتەوە

جەنگی سارد لە نێوان ئێران و عەرەبستانی سعودیەدا بەردەوامە

ئێران بە توندی وەڵامی سعودیە دەداتەوە

جەنگ و ملاملانێی ساردی نێوان ئێران و عەرەسبتانی سعودیە بەردەوامی هەیە و هەتا دێتیش لێدوانی بەرپرسە باڵاکانی هەردوو وڵات لە دژی یەکتری توندتر دەبێت. هەفتەی پێشوو عادل الجبیر وەزیری دەرەوەی عەرەبستانی سعودیە زۆر بە توندی هێرشێ کردە سەر ئێران و هەڵسووکەوتەکانی لەناوچەکە بە دوژمنکارانە وەسفکرد، گەرچی بەهرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش ، سعودیە‌ی بە رابەری تیرۆر لە جیهاندا وەسفکرد.

هەڵسووکەوت و سیاسەتی شەڕەنگێزی ئێران
لەمیانی بەشداربوونی لە کۆبوونەوەی تایبەتی رێكخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی دۆسێی ئەتۆمی ئێران، عادل الجبیر وەزیری دەرەوەی عەرەبستانی سعودیە لە وتەیەکیدا رایگەیاند: سعودیە باوەڕی تەواوی بە سەقامگیرکردنی ئاشتی و ئارامی لە رۆژهەڵاتی ناڤین هەیە» بەڵام ئێرانی تۆمەتبار کرد و رایگەیاند: ئێران سیاسەتی دوژمنکاریی و فراوانخوازی لە ناوچەکە پێڕەو دەکات. وتیشی، ئەم سیاسەتە دوژمنکارانەی ئێران ، پێشێلکارییەکی روون و ئاشكرایە بۆ هەموو رێکەوتن و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان و بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایش، هەرئەمەش وایکردووە کە ئێران رووبەروی سزای نێودەوڵەتی بێتەوە.

سعودیە گەروەترین پشتگیریکەری تیرۆرە لە جیهاندا
بەهرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە وەڵامی تۆمەتەکانی عادل الجبیر بەرامبەر بە ئێران، بە توندی وەڵامیدایەوەو رایەگیاند: سعودیە گەورەترین سەرچاوەی تیرۆرە لە جیهاندا. راشیگەیاند: ئەو تیرۆرەی کە ئەمڕۆ جیهان بە گشتی و رۆژهەڵاتی ناڤین بە تایبەتی بە دەستییەوە دەناڵێنن، سەرچاوەکەی تەنها لە سعودیەوە دێت. راشیگەیاند: تیرۆر لەو هزرە توندڕەوانەوە سەرچاوە دەگرێت، کە رژێمی سعودیە برەویان پێدەدات و پشتگیریان دەکات.

سیاسەتەکانی ترەمپ
لە درێژەی هێرشەکەیدا بەهرام قاسمی باسی سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە ناوچە کرد و سعودیەشی بە داکۆکیکەری ئەو سیاسەتەی وەسفکرد و رایگەیاند: پشتگیریی و داکۆکیکردنی سعودیە لە سیاسەتەکانی ترەمپ، مایەی سەرسوڕمان نییە،چونکە سعودیە یەکێکە لە داکۆکیکەرە سەرسەختەکانی سیاسەتەکانی ترەمپ لە ناوچەکە، ئەوەش لە رێگەی هاوکاریکردن لەگەڵ لۆبی زاینۆنیزم و وڵاتی ئیماراتی عەرەبی. وتیشێ: سعودیە و هاوپەیمانەکانی ملیۆنەها بگرە ملیارەها دۆلاریان لەخزمەتی سیاسەتی ئەمریکا خەرجکردووە، کە ئامانجی سەرەکی ئەم سیاسەتەی ئەمریکاش، خوڵقاندنی جەنگ و پشێوییە لە ناوچەکە .

دۆسیەی یەمەن
لە بارەی جەنگی یەمەنیشەوە قاسمی رایگەیاند: سعودیە و هاوپەیمانەکانی جەنگێکی گەورەیان بەسەر دەوڵەتێکی موسڵمانی رۆژهەڵاتی ناڤین سەپاندووە کەئەویش یەمەنە، ئەم جەنگەش کارەساتی گەورەی خوڵقاندووە. راشێگەیاند: سعودیە وێرانی و ماڵوێرانی و کارەساتی مرۆیی گەورەی بەسەر یەمەندا هێناوە.

سەرچاوە:ئاژانسەکان

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

رۆژنامەیەکی ئەمریکا دەڵێت: ئەمریکا دەتوانێت کێشەکانی عیراق چارەسەر بکات

رۆژنامەی ۆلد ستریتر ژوڕناڵ کە رۆژنامەیەکی ناسراوی ئەمریکایە، لە راپۆرتێکیدا ...