پێكهێنانی حكومەتێكی بەهێز هاوكاریی هەموو لایەنەكانی پێویستە – knwe.org
سەرەکی » هەواڵ » پێكهێنانی حكومەتێكی بەهێز هاوكاریی هەموو لایەنەكانی پێویستە

سەرۆك كۆمار:

پێكهێنانی حكومەتێكی بەهێز هاوكاریی هەموو لایەنەكانی پێویستە

لەژمارەیەك دیدارو كۆبوونەوەدا، د.بەرهەم ئەحمەد ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق، تەئكیدیكردەوە لەسەر پێكهێنانی حكومەتێكی بەهێزو وتی: «ئەوەش بەیەكگرتوویی‌و هەوڵی هەمووان دەكرێت». هەروەك تەئكیدی لەسەر بەرەوپێشبردنی یەكڕیزیی نیشتمانی‌و ئاشتبوونەوەی گشتی كردەوە لەپێناوی بنیاتنان‌و بەرەوپێشبردنی وڵات‌و پێشكەشكردنی باشترین خزمەتگوزاریی بەهاووڵاتیان.

سەرۆك كۆمار لە پێشوازیی وەفدێكی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی
دوێنێ لەبەغدا، د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار، پێشوازییكرد لەوەفدێكی گەورەی ئەنجومەنی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كە سەردانیان كردبوو بۆ پیرۆزبایی بەبۆنەی دەستبەكاربوونی لەپۆستی سەرۆك كۆماردا.
وەفدی میوان، پشتیوانیی تەواوی خۆیان بۆ سەرۆك كۆمار، دەربڕی‌و داوای سەركەوتنیان بۆ كرد لەخزمەتكردنی گەلی عیراقدا. لای خۆیشییەوە، د.بەرهەم؛ باوەڕی نەگۆڕی خۆی دەربڕی كە عیراقییەكان دەتوانن هەموو كێشەكانیان چارەسەربكەن لەڕێگەی دیالۆگ‌و پەرۆشیی بۆ بەهێزكردنی هاریكاری‌و قوڵكردنەوەی یەكڕیزیی‌و پتەوكردنی گیانی برایەتی، كە هەموو پێكهاتەكانی عیراق پێكەوە دەبەستێتەوە.

سەرۆك كۆمار لەگەڵ حەلبوسی كۆدەبێتەوە
لەلایەكی دیكەوەو هەردوێنێ، سەرۆك كۆمار، لەگەڵ محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەراندا كۆبۆوەو گۆڕ‌انكارییەكانی پەیوەست بەگفتۆگۆكانی ئێستا بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو و گرنگیی پابەندبوون بە وادە دەستوورییەكانی؛ لەگەڵدا تاوتوێكرد، تەئكیدیشكرایەوە لەسەر پێویستیی چڕ‌كردنەوەی هەوڵەكان بەئامانجی پێكهێنانی حكومەتێكی بەهێزو لێهاتوو كە بتوانێت كۆسپ‌و ئاڵنگارییەكان تێبپەڕ‌ێنێت.
لەكۆبوونەوەكەدا، بەچڕ‌یی رێوشوێنەكانی پتەوكردنی هاریكاری‌و هەماهەنگیی نێوان هەردوو دەسەڵاتی قانونگوزاری‌و جێبەجێكردن؛ ئاماژەی پێدرا لەپێناوی دانان‌و پەسەندكردنی قانوونە پێویست‌و سەرەكییەكان لەهەموو بوارەكان‌و دانانی میكانیزمی كاراكردنی رێككەوتنە ئابوورییەكان لەگەڵ وڵاتان‌و دەستەو ناوەندە نێودەوڵەتییەكاندا.

سەرۆك كۆمار لەلایەن سەرۆك كۆماری توركیاوە بانگهێشت كرا
هەروەها، لەمیانی پێشوازیی د.بەرهەم ساڵح، لە فاتح یەڵدز باڵیۆزی توركیا لەعیراق، كە بانگهێشتنامەیەكی رەسمی لە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیاوە پێگەیاند بۆ بەشداری‌و ئامادەبوونی لەڕێوڕ‌ەسمی كردنەوەی فڕ‌ۆكەخانەی مەزنی ئیستانبوڵ.
لەدیدارەكەدا، سەرۆك كۆمار، بایەخدانی خۆی دووپاتكردەوە بۆ زیاتر پتەوكردنی چوارچێوەكانی هاریكاریی هاوبەش لەنێوان هەردوو وڵاتی دۆستدا بەوجۆرەی بەرژەوەندییە هاوبەشەكان زامندەكات لەئۆقرەیی‌و تاوسەندندا.

سەرۆك كۆمار پێشوازییكرد لەباڵیۆزی ئێران
لەمیانی پێشوازییشی لە ئیرەج مەسجیدی باڵیۆزی ئێران لەعیراق، سەرۆك بەرهەم ساڵح؛ پەیوەندیی دووقۆڵیی نێوان عیراق‌و ئێران‌و رۆڵی لەئۆقرەیی‌و ئاشتی لەناوچەكەدا بەرزنرخاند. وتیشی: گرژییەكانی ئێستای ناوچەكە جێگەی قبوڵكردن نییە بۆیە لەداهاتوودا چاوەڕ‌ێی دیالۆگێكی قوڵی هەمەلایەنە دەكەین لەئاست پرسە گرنگەكاندا، كەئێستا دەرفەتێكی مێژوویی هەڵكەوتووە بۆ سەركەوتن‌و تێپەڕ‌اندنی دژوارییەكان.
لای خۆیشییەوە، باڵیۆزی ئێران، ئەوەی دووپاتكردەوە كە عیراق وڵاتێكی بەهێزەو پێویستی بەئیدارەیەكی بەهێزیشەو وتی: باوەڕ‌م وایە بەڕێزتان‌و د.عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران دەتوانن كێشەو دژوارییەكان تێپەڕ‌ێنن‌و چارەسەریان بكەن، لەوڕووەشەوە پشتیوانی وڵاتەكەی بۆ عیراق دووپاتكردەوە.

دیداری سەرۆك كۆمار‌و د.مەحمود مەشهەدانی
لەدیدارێكی دیكەشدا، د.بەرهەم ‌و د.مەحمود مەشهەدانی سەرۆكی پێشووتری ئەنجومەنی نوێنەران، هەوڵەكانی پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو و رێوشوێنەكانی بەرەوپێشبردنی پرۆسەی سیاسییان لەوڵاتدا باسكردو گرنگیی حكومەتێكی بەهێزی گونجاو دووپاتكرایەوە، كە هەموو فراكسیۆنە سیاسییەكان پشتیوانی بكەن تا بتوانێت ئەركەكانی جێبەجێبكات.
سەرۆك كۆمار، جەختیكردەوە كە سەرۆكایەتیی كۆمار پاراستنی دەستوورو پەرۆشیی بۆ چەسپاندن‌و سەروەریی قانوون، دەخاتە ریزی پێشەوەی ئەركەكانی بەو جۆرەی بەشداریی دەكات لەپشتیوانیی ئۆقرەیی سیاسی‌و ئەمنی‌و پارێزگاری لەمافی هاووڵاتیدا، لەوڕووەشەوە وتی: لێپرسراوێتییەكی گەورە دەكەوێتە سەرشانی هێزە سیاسییەكان‌و حكومەتی داهاتوو بۆ چارەسەركردنی كەموكوڕییەكان.

دیداری سەرۆك كۆمار‌و باڵیۆزی ژاپۆن
لەدیدارێكیشدا، سەرۆك كۆمار لەگەڵ نائو فۆمی هاشیمۆتۆ باڵیۆزی ژاپۆن لەعیراق، تەئكیدیان لەپێویستیی بایەخدانی زیاتر بەپەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات، كردەوەو رۆڵی ژاپۆنیش دووپاتكرایەوە بۆ بەشداریكردنی لەپلانەكانی سەرلەنوێ ئاوەدانكردنەوەی عیراقدا لەبواری بوژانەوەی ژێرخان‌و گەشەپێدان بەتەواوی كەرتە تەندروستی‌و خزمەتگوزاری‌و پیشەسازی‌و كشتوكاڵییەكان.
لای خۆیشییەوە، باڵیۆزی ژاپۆن، بەردەوامیی پشتیوانیی وڵاتەكەی دووپاتكردەوە بۆ ئۆقرەیی‌و تاوسەندن‌و یەكێتی‌و سەروەریی‌و بەرەوپێشچوونی عیراق.

لەپێشوازیی وەفدێكی هاوپەیمانی میحوەری نیشتمانیدا
لەمیانی پێشوازییشی لەوەفدێكی هاوپەیمانیی میحوەری نیشتمانی، سەرۆك كۆمار، دووپاتیكردەوە كە پاراستنی دەستوورو جێبەجێكردنی قانوون لەئەولەویەتەكانی سەرۆكایەتیی كۆماردایە، كە ئەوەش بەهاریكاری‌و پشتگیریی هەمووان دێتەدی.
د.بەرهەم، روونیشیكردەوە كە پێویستە هەمووان بەئاڕاستەی پێكهێنانی حكومەتێكی بەهێز كاربكەن لەپێناوی عیراق‌و گەلەكەیدا، كە ئەوەش دواجار دەبێتەمایەی كۆتاییهێنان بەكێشەكان‌و چارەسەركردن‌و جێبەجێكردنی داواكاریی عیراقییەكان.

پیرۆزبایی لە سەرۆك كۆمار
هەروەها، بەبۆنەی وەرگرتنی ئەركەكانی سەرۆك كۆمار، رەعد جەلیل كجەچی سەرۆكی وەقفی ئاینەكانی مەسیحی‌و ئێزدی‌و سابیئەی مەندائی، پیرۆزبایی لە سەرۆك كۆمار دەكات‌و داوایكردووە سەركەوتووبن لەئەركەكانیدا بۆ خزمەتكردنی گەلی عیراق.

بروسكەی پیرۆزبایی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا

د.بەرهەم ساڵح بەبۆنەی هەڵبژاردنی بەسەرۆك كۆمار، بروسكەیەكی پیرۆزبایی لە خاتوو تێریزا مای سەرۆك وەزیرانی بەریتانیاوە پێگەیشت، كە وێڕای پیرۆزبایی، داوای سەركەوتنی بۆ كردووە لەئەركەكانیدا.
لەبروسكەكەیدا، تێریزا مای، قووڵیی پەیوەندیی دۆستانەی نێوان عیراق‌و شانشینی یەكگرتوو و گرنگیی بەهێزكردنیانی لەهەموو بوارەكاندا دووپاتكردۆتەوە بەوجۆرەی بەرژەوەندیی هاوبەشی هەردوو وڵاتی دۆست زامن دەكات.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

مەلا بەختیار: وەفاداری رێبازەكەی سەرۆك مام جەلال ‌و شەهیدەكانمان بین‌

لەڕێوڕەسمێكی شایستەدا لەگردی شێخ مارف لەسلێمانی، یادی 38 ساڵەی شەهیدبوونی ...