گونده‌كان له ‌سایه‌ی حكومه‌تی‌ نوێی عیراقدا – knwe.org
سەرەکی » وتار » ئازاد ئیبراهیم ‌ » گونده‌كان له ‌سایه‌ی حكومه‌تی‌ نوێی عیراقدا

وته‌ی‌ ئه‌مجاره‌

گونده‌كان له ‌سایه‌ی حكومه‌تی‌ نوێی عیراقدا

3

له‌گۆشه‌ی «وته‌ی‌ ئه‌مجاره‌»ی ژماره‌ی ڕابردووی‌ (گوندستانی‌ نوێ) و به‌ناوونیشانی (گونده‌كان له‌سایه‌ی به‌عسدا) نوسیمان « هه‌موو هه‌وڵه‌كانی‌ حیزبی به‌عس بۆ له‌ناوبردن‌و خاپوركردنی‌ 4500 بۆ 5000 گوند، له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ بووه‌ كه‌ هه‌رگیز حیزبی به‌عس‌و حكومه‌ته‌ فاشیست و خوێنمژه‌كه‌ی‌، خاكی كوردستان و گونده‌كانیان به‌به‌شێك له‌خاك و ئاوی عێراق نه‌زانیوه‌. وه‌ك چۆن پێیانوابووه‌ خاكه‌كه‌یان داگیركردووه‌، به‌هه‌مانشێوه‌ میلله‌تی كوردیشیان به‌میلله‌تێكی ژێرده‌سته‌ بینیوه‌‌و سوره‌تی (ئه‌نفال)یشیان بۆ مه‌رام‌و ویستی خۆیان به‌كارهێناوه‌ دژی كوردو گوندنشینه‌كان.
گریمان حكومه‌تی‌ به‌عس زاڵم و خوێنمژو دیكتاتۆربووه‌و هیچ سڵه‌مینه‌وه‌یه‌كی له‌كاولكردنی‌ خاكی پیرۆزی كوردستان و هاوڵاتیان و گوندو گوندنشینان نه‌بووه‌ و ئه‌وه‌ی‌ به‌خه‌یاڵیدا هاتووه‌ به‌كردار له‌سه‌ر خاكی كوردستان و جه‌سته‌ی‌ میلله‌تی كورد جێبه‌جێی كردووه‌. یان گریمان هه‌موو ئه‌م كاره‌سات و ڕووداوانه‌ چوونه‌ مێژووه‌وه‌و چیدی ته‌نها مێژوو ده‌توانێت گه‌وره‌یی ئه‌و ڕووداو و ئازارانه‌ وه‌ك خۆی بهێڵێته‌وه‌ و به‌گوێی نه‌وه‌كانی‌ ئێستامانیدا بدات. به‌ڵام ئه‌ی‌ ئایا ئه‌م حكومه‌ته‌ نوێیه‌ی ئێستای به‌غداد كه‌ ته‌مه‌نی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵی 2003 و خه‌ڵاتی ئه‌مریكایه‌ بۆ شیعه‌كان، چی پێیه‌ وه‌ك قه‌ره‌بووی هه‌موو ئه‌و ماڵوێرانی و كاولكارییه‌ی به‌عس به‌سه‌ر كوردستان به‌گشتی و گونده‌كاندا به‌تایبه‌ت هێنای‌؟
پێناچێت ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی ئێستای‌ عێراق كه‌ شانزده‌ ساڵه‌ ئاماده‌یی هه‌یه‌، شتێكی نوێی پێبێت وه‌ك قه‌ره‌بوو یان خزمه‌تكردنی گونده‌كان له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و كاولكاریانه‌دا كه‌ به‌عس به‌سه‌ر گونده‌كانیدا هێنا. حكومه‌تێك له‌ماوه‌ی‌ شانزده‌ ساڵدا فریا نه‌كه‌وتبێت داوای‌ لێبوردنێك بكات ! له‌كوردو گوندنشینان و كه‌سوكاری ئه‌نفال و قه‌ره‌بوویان بكاته‌وه‌ ، پێش هه‌ر شتێك نیشانه‌یه‌كی ئیستیفهام له‌سه‌ر دنیابینی خۆی داده‌نێت و هه‌رزوو له‌وه‌ تێده‌گه‌ین كه‌ ئه‌م ئازارانه‌ ته‌نها موڵكی كورده‌كانه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی‌ هیچ پێكهاته‌یه‌كیتر له‌عێراقدا به‌خه‌می خۆیی بزانێت
كاتێك له‌دوای‌ 2003ه‌وه‌ به‌رده‌وام ده‌بینین حكومه‌ت له‌دوای‌ حكومه‌ت دێته‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و كاری جدی نییه‌ بۆ ئاوڕدانه‌وه‌ له‌ 4500 بۆ 5000 گوندی وێرانبووی كوردستان، ده‌بێت له‌خۆمان بپرسین : بۆ ده‌بێت له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ كارو پرۆژه‌ی هه‌موو ئه‌و حكومه‌تانه‌وه‌ بین كه‌ له‌دوای‌ 2003ه‌وه‌ هاته‌سه‌ر ته‌ختی ده‌سه‌ڵات له‌به‌غداد؟
وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ په‌یوه‌دی به‌دوو هێزی زۆر كاریگه‌ره‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ مێشكی تاكی عه‌ره‌بی داگیركردووه‌و توانای‌ كرانه‌وه‌ی نادات به‌ڕووی ماف و ئازاره‌كانی‌ ئه‌م گه‌لی كورده‌دا:
یه‌كه‌م / هه‌موو عه‌ره‌بێكی عێراقی سوننه‌ بێت یاخود شیعه‌، كوڕی كۆڵانه‌ ته‌سكه‌كانی‌ بیری نه‌ته‌وه‌یی و عروبه‌یه‌و هه‌موو تاكێكیان خۆیان له‌سه‌رووی‌ كوردو تاكی كورده‌وه‌ ده‌بینن و خه‌م و ئازاری‌ كورد به‌تاوان نازانن و له‌ئێستایشدا و له‌ڕێگه‌ی‌ جیاوازترو به‌وه‌سیله‌ی‌ نوێتر به‌دوای‌ ئه‌وه‌وه‌ن كه‌ كورد به‌گشتی له‌قاڵب بده‌ن و له‌هه‌ناوی‌ خۆیاندا ئه‌م میلله‌ته‌ ون بكه‌ن یان بتاوێننه‌وه‌ !
دووه‌م / ئه‌وه‌ی‌ به‌عسییه‌كان له‌ڕێگه‌ی‌ جۆراوجۆره‌وه‌ گه‌یاندوویه‌تی به‌تاكی عه‌ره‌بی عێراقی به‌جیاوازی‌ مه‌زهه‌بییه‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ نابێت كورد له‌عێراقدا به‌هێزو ببێت و برینه‌كانی‌ بۆ تیمار بكرێت و خه‌مه‌كانی‌ بۆ ساڕێژبكرێت و بخرێته‌وه‌سه‌ر پێی خۆی، چونكه‌ له‌دیدی ئه‌وانه‌وه‌ ده‌رچوونی كورد له‌هه‌ر سوڕێكی متبوون و گه‌شانه‌وه‌یان به‌ڕووی ڕووداوه‌كانی‌ ناوچه‌كه‌دا، به‌مانای‌ مه‌ترسییه‌ بۆسه‌ر عێراقی عه‌ره‌بی. بۆیه‌ هه‌موو تاكێكی عه‌ره‌بی له‌به‌رزترین ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ بۆ نزمترین ده‌سه‌ڵات، په‌روه‌رده‌كراوی ناو ئه‌م مێنتاڵێته‌ دۆگماو ته‌سكه‌ی‌ یه‌كێتی خاكی عێراقه‌و جیاوازی‌ زه‌مه‌ن و پێكهاته‌یش ناتوانێت ئه‌م مێنتاڵیته‌ ده‌ستكاری بكات و له‌بیریان بباته‌وه‌.
ئه‌وه‌ی‌ له‌نێوان دوو زه‌مه‌نی جودادا ئه‌م برینه‌ ده‌هێڵێته‌وه‌ و ناهێلێت چاره‌سه‌ر ببێت، ئه‌و مێنتاڵێته‌یه‌ كه‌ ئیشی دروستكردنی‌ وێنه‌یه‌كی خه‌یاڵی پڕتۆقێنه‌ره‌ بۆ كورد. له‌نێوان دوو زه‌مه‌ندا ئه‌وه‌ كورد كورد نییه‌ نه‌گۆڕاوه‌و هێشتا له‌شاخه‌كانه‌و دێته‌ شاره‌كانه‌وه‌و دژی حكومه‌ت چالاكی ده‌كات و دیسان گونده‌كان كاول ده‌كرێته‌وه‌و بۆردومان ده‌كرێت، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌وه‌ ئه‌و مه‌نتیق و بیركردنه‌وه‌یه‌یه‌ كه‌ هێشتا كورد به‌نه‌یارو جوداخواز ده‌زانێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

«گوندستانی‌ نوێ» بۆچی؟

(1) گوندستانی‌ نوێ پرۆژه‌یه‌كی میدیایی نوێی ڕۆژنامه‌ی‌ «كوردستانی‌ نوێ»یه‌و سه‌فه‌ره‌ ...