سەرۆك كۆمار: زامنكردنی ژیانی سەربەرزانە بۆ عیراقییەكان – knwe.org
سەرەکی » مانشێت » سەرۆك كۆمار: زامنكردنی ژیانی سەربەرزانە بۆ عیراقییەكان

سەرۆك كۆمار: زامنكردنی ژیانی سەربەرزانە بۆ عیراقییەكان

دوێنێ، لە چەند دیدارێکی جیاجیادا، د.بەرهەم ئەحمەد ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق، لەگەڵ د.عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق‌، وەفدێكی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی و عەلا موسا باڵیۆزی میسر لەعیراق، كۆبۆوەو جەختكرایەوە كە پێویستە عیراق لەم بارودۆخە رزگاربكرێت‌و هەنگاوی گەورە بنێت.

د.بەرهەم ساڵح پێشوازیی لە د.عادل عەبدولمەهدی كرد
لەمیانی دیدارەكەیاندا، سەرۆك كۆمارو د.عادل عەبدولمەهدی، پێشهاتەكانی پەیوەست بەپێكهێنانی حكومەتی نوێیان تاوتوێكرد‌و گرنگیی بەئاكامگەیاندنی هەوڵەكانیان دووپاتكردەوە، لەو چوارچێوەو وادەیەدا، كە دەستوور بڕ‌یاری لەسەر داوە.
هەر لەدیدارەكەدا گرنگیی چڕ‌كردنەوەی تەواوی وزەو تواناكان دووپاتكرایەوە، لەپێناوی پێكهێنانی حكومەتێكی بەهێز كە بتوانێت خواستەكانی هاووڵاتیی عیراقی جێبەجێ بكات‌و خزمەتگوزارییە پێویستەكان بۆ هاووڵاتییان دەستەبەربكات، بۆ زامنكردنی ژیانێكی سەربەرزانە بۆیان.

لەپێشوازیی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی دا
لەدیدارێكی دیكەشدا، د.بەرهەم ساڵح، پێشوازییكرد لەوەفدێكی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی بەسەرۆكایەتیی دادوەر فائیق زێدان، كە بۆ پیرۆزبایی بەبۆنەی بەڕەسمی وەرگرتنی پۆستەكەی، سەردانیان كردبوو.
لەدیدارەكەدا هەردوولا چەندین بابەتی هاوبەشیان تاوتوێكردو پرەنسیپی جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان‌و پشتگیریی تەواو لەسەربەخۆیی دادوەرییان، دووپاتكردەوە. هەروەك بیروڕاش ئاڵوگۆڕكرا لەسەر كاركردن بۆ پێكهێنانی كۆمیتەیەكی هاوبەش لەنێوان سەرۆكایەتیی كۆمارو ئەنجومەنی باڵای دادوەریی بەمەبەستی پێداچوونەوە بەقانوونەكان‌و دانانی ئەو قانوون‌و بڕ‌یارانەی كە پێویستن بۆ قۆناغی داهاتوو.

دیداری سەرۆك كۆمارو باڵیۆزی میسر
هەروەها، لەمیانی دیدارەكەشیدا لەگەڵ باڵیۆزی میسر لەعیراق، عەلا موسا پیرۆزبایی لە د.بەرهەم كرد بەبۆنەی وەرگرتنی ئەركەكانی سەرۆك كۆماری‌و پیرۆزبایی عەبدولفەتاح سیسی سەرۆكی میسریشی پێگەیاند‌و بانگهێشتیشی كرد بۆ سەردانكردنی میسر.
لەبەشێكی دیكەی دیدارەكەدا، سەرۆك كۆمار‌و باڵیۆزی میسر، قووڵیی ئەو پەیوەندییە مێژووییانەیان دووپاتكردەوە، كە هەردوو وڵاتی برا پێكەوە دەبەستێت‌و گەشەپێدانی ئەو پەیوەندییانەشیان بەگرنگ وەسفكرد لەهەموو بوارەكاندا.

پیرۆزبایی
هەر بەبۆنەی دەستبەكاربوونی د.بەرهەم ساڵح لەپۆستی سەرۆك كۆماردا، سەعد حەریری سەرۆك وەزیرانی لوبنان، لەپەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا پیرۆزبایی لەبەڕ‌ێزیان كرد‌و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لەڕاپەڕ‌اندنی ئەركەكانی سەرشانی‌و بووژانەوەی عیراق‌و گەلەكەی بەرەو باشتر.
هەروەها، لەنامەیەكی پیرۆزباییدا بۆ سەرۆك بەرهەم ساڵح، میر تەحسین سەعید عەلی میری ئێزدیان لەعیراق‌و جیهان، ئومێدی خواستووە كە بەڕ‌ێزیان چاوی لەسەر خزمەتكردنی عیراقییەكان بێت، بەتایبەت ئێزیدییەكان كە جەورو ستەمی زۆریان كێشاوە. هەروەها داوای سەركەوتنی كردووە بۆ سەرۆك كۆمار لەڕاپەڕ‌اندنی ئەركەكانیدا بۆ خزمەتكردنی گەلی عیراق بەهەموو رەنگ‌و پێكهاتەكانییەوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

مەلا بەختیار: وەفاداری رێبازەكەی سەرۆك مام جەلال ‌و شەهیدەكانمان بین‌

لەڕێوڕەسمێكی شایستەدا لەگردی شێخ مارف لەسلێمانی، یادی 38 ساڵەی شەهیدبوونی ...