كۆمسیۆن لە تاقیكردنەوە دەردەچێت؟ – knwe.org
سەرەکی » وتار » لەشکر حەمە ساڵح » كۆمسیۆن لە تاقیكردنەوە دەردەچێت؟

هەنگاو

كۆمسیۆن لە تاقیكردنەوە دەردەچێت؟

چەند رۆژێك تێپەڕی بەسەر وادەی دیاریكراو بۆ راگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڵام هێشتا كۆی ئەنجامە بەراییەكە رانەگەیەندراوە.
ئەوەی ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە ٤-١٠ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند تەنها ٨٥%ی ئەنجامە بەراییەكە بوو لە كاتێكدا دەبوو رۆژێك پێشتر و ١٠٠%ی ئەنجامەكەی رابگەیاندایە.
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی كوردستان بە پێی یاسای ژمارە ٤ی ساڵی ٢٠١٤ دامەزراوە. لە یەكەم هەنگاویدا سەرپەرشتی ریفراندۆمی ٢٥ی ئەیلولی ٢٠١٧ی كرد، لە دووەمین هەنگاویشدا سەرپەرشتی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستانی كرد.
واتە ئەم هەڵبژاردنەی پەرلەمان یەكەم هەنگاوی گرنگی ئەو كۆمسیۆنە و یەكەم پرۆسەی گرنگ و هەستیارە كە سەرپەرشتی بكات، بۆیە چاوێكی زۆر لەسەر كۆمسیۆنەكە هەیە و دواكەوتنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی ٣٠ی ئەیلولیش مشتومڕی زیاتری لە بارەی كۆمسیۆنەكەوە دروستكردوە.
بەشێكی ئەو مشتومڕەی لەسەر كۆمسیۆن دروست بووە بە هۆی خودی كۆمسیۆنەكەوەیە كە زۆرجار لە ماوەی كەم و دیاریكراودا رێنمایی و بڕیاری وای دەركردوە كە لەبری ئەوەی سود بە پرۆسەی هەڵبژاردن بگەیەنێت كەچی دەرەنجامی پێچەوانەی لێكەوتۆتەوە.
خەڵكی كوردستان لە بیری ناكات، ئێوارەی درەنگی رۆژی شەممە ٢٩-٩ كۆمسیۆن كۆبۆوە و بڕیارێكی ٦ خاڵی دەركرد لە بارەی هەڵبژاردنی ٣٠-٩ كە نەك هاوكاریی خەڵكی نەكرد بەڵكو بە پێچەوانەوە، ئەو بڕیارەی كۆمسیۆن سەری لە خەڵك شێواند و بەو هۆیەشەوە گرفتێكی زۆر لە بنكەكانی دەنگدان دروست بوو و دەیان هەزار كەسیش نەیانتوانی بەشداریی پرۆسەكە بكەن.
ئەمانە لە لایەك، ئەوەی زیاتر سەرنج رادەكێشێت ئەوەیە كە دەنگۆی بەهێز هەیە كە دەنگەكانی چەندین بنكەی دەنگدانی سنوری پارێزگای دهۆك دووجار داخڵ كراون، دیارە ئەمەش لە پلەی یەكەمدا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو شێوازەی كۆمسیۆن كاری لەسەر دەكات كە ناتوانێت بە باشی بەر بە هەوڵەكانی ساختەكاری بگرێت.
ئێستا چەند رۆژێكە تێپەڕیوە بەسەر وادەی راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی ٣٠ی ئەیلولی ٢٠١٨، تەنها ٨٥%ی ئەنجامەكان راگەیەنراوە، واتە ١٥%ی دەنگەكان ماوە و هێشتا كەس نازانێت كەی رادەگەیەنرێت، كۆمسیۆنیش بێدەنگی هەڵبژاردوە و هیچ رونكردنەوەیەك نادات.
ئەمانە هەمووی لە لایەك، بەڵام پێویستە لایەنەكان قۆناغی بانگەشەی هەڵبژاردن تێپەڕێنن و خۆیان بۆ قۆناغی نوێ ئامادە بكەن.
ئەمساڵ ساڵێكی سیاسیی گەرمە، تا ئێستا دوو هەڵبژاردن بەڕێوە چووە، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە رۆژی ١٢ی ئایار و هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە رۆژی ٣٠ی ئەیلول و چاوەڕوانیش دەكرێت بەر لە كۆتایی ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە هەر ١٩ پارێزگاكەی عیراق بەڕێوە بچێت.
ئەو رەوشەی بە هۆی هەڵبژاردنەكانەوە هاتۆتە كایەوە، رەوشێكی هەستیار و پڕ لە گرێ و گۆڵی دروستكردوە، ئەگەر لایەنە جیاوازەكان بە وریایی و هۆشیارییەوە مامەڵە نەكەن و بەرنامە و لێدوانەكانیان نەچێتە ناو چوارچێوەی خزمەتی گشتی و بەرەو پێشەوەبردنی رەوشەكە، لێكەوتەی خراپی لێدەكەوێتەوە.
دووریش نییە، ئەگەر ئەم رەوشەی ئێستا لەسەر ئاستی كوردستان بەردەوام بێت كاریگەریی راستەوخۆی هەبێت لەسەر ئاستی جێبەجێكردنی داخوازی و ئامانجەكانی كوردستان لە حكومەتی نوێی عیراق كە عادل عەبدولمەهدی سەرۆكایەتی دەكات.
میدیا عیراقییەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو هەوڵەكانی چڕ كردۆتەوە بۆ ئەوەی لە ماوەیەكی پێوانەییدا حكومەتی نوێ پێكبێت. هەروەك داواشی كردوە كە لایەن و قەوارە جیاوازەكان كاندیدی جیاجیا پێشكەش بكەن بۆ ئەوەی پۆستە وەزارییەكانی حكومەتی نوێی بەغداد وەربگرن.
هاوكات قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە میانی كۆبونەوەی لەگەڵ برێت مەكگۆرك نێردەی سەرۆكی ئەمریكا بۆ شەڕی داعش و باڵیۆزی ئەو وڵاتە لە بەغداد ئاماژەی بەوە كردوە كە پێویستە هەموو لایەك هاوكار بن بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغەی ئێستا بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییە گشتییەكان.
بۆیە سەرباری نیگەرانی لە دواكەوتنی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و سەرهەڵدانی مشتومڕێكی زۆر لە بارەی ئەدای كۆمسیۆنەوە، كاتی ئەوەیە كە لایەنەكان وردە وردە لە ژێر كاریگەریی كەمپینی هەڵبژاردن دەربچن و بگەڕێنەوە بۆ قۆناغی ئاسایی و خۆ ئامادەكردن بۆ پێكهێنانی حكومەتەكانی هەرێم و بەغداد.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

دەستپـێشخەرییەكەی یەكێتی

لەم چەند رۆژەدا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەستپێشخەریی كردوە و سەردانی ...