״ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك״ – پەڕە 2 – knwe.org
سەرەکی » راپۆرت » راپۆرتی، عومه‌ر غه‌ریب‌ » ״ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك״پەڕە 2

پێكهاتەكان تەئکید لە چارەسەرکردنی گرفتەكان دەکەنەوە

״ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك״

دوێنێ 9/10/2018، ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك دووەمین كۆبوونەوەی راوێژكاریی بە بەشداریی نوێنەری پێكهاتەكانی ناو ئەنجومەنەكە رێكخست.

ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا
لە كۆبوونەوەكەدا جەخت لەسەر كاراكردنەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كرایەوە. دوای كۆبوونەوەكەش لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیی هاوبەشدا كە لەنێوان نوێنەری هەموو پێكهاتەكانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكدا بەڕێوەچوو، ئەحمەد عەسكەری ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك رایگەیاند: لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا هەفتانە كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنەكە بەردەوام بێت. «بڕیاریشدرا هەفتانە ئەنجومەنی پارێزگا تاوتوێی پرسێكی هەنووكەیی پارێزگاكە بكات». وتیشی: لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك گفتوگۆیان لەبارەی دانانی خاڵی گومرگی لەسەر رێگەی نێوان كەركوك-سلێمانی، كەركوك-هەولێر كرد. «دانانی ئەو خاڵە گومرگیانە، لەلایەن هەموو پێكهاتەكانەوە بە كارێكی نایاسایی وەسفكرا، چونكە بەپێی یاسای گومرگی لە عیراق ناكرێت خاڵی گومرگی لە نێوان شارەكاندا دابنرێت».

میكانیزمەكانی كاراكردنەوەی ئەنجومەنی پارێزگا
لەبارەی میكانیزمەكانی كاراكردنەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكیشەوە، ئەحمەد عەسكەری پێیڕاگەیاندین: چەندین دەرچە هەیە بۆ كاراكردنەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، گفتوگۆ لەنێوان پێكهاتەكاندا بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی هەموو لایەك بگەنە رێكەوتنێك لەسەر میكانیزمی كاراكردنەوەكە. راشیگەیاند: ناكرێت هیچ لایەنێك كۆسپ و تەگەرە بۆ كاراكردنەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك دروست بكات، لەكاتێكدا ماوەی زیاتر لە ساڵێكە ئەنجومەنەكە پەكخراوە و ئەوەش زیانی زۆری بە پرسی كەركوك گەیاندووە.
هەرلەوبارەیەوە ئاوات محەمەد ئەمین ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك پێویست دەكات پێشوەخت لایەنە كوردستانییەكان لەناو خۆیاندا سازانێك بكەن. «دەستپێكی ئەو هەنگاوە بەوە دەبێت ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كارا بكرێتەوە و پاشان هەنگاوی تر بنرێت».

״دیالۆگ باشترین رێگەچارەیە״
پێكهاتەی توركمانیش لە كەركوك جەخت لەسەر تێپەڕاندنی كێشە و گرفتەكانی ئێستای كەركوك دەكەنەوە و دیالۆگ و دانوستان بە باشترین رێگەچارە دەزانن بۆ یەكلاییكردنەوەی كێشەكانی كەركوك. لەوبارەیەوە تەحسین كەهیە ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك پێیڕاگەیاندین: هەر چارەسەرێك بۆ كێشەی كەركوك پێویستە لە بەغدا، یان كەركوك بێت. «چارەسەری كەركوكییانە بە باشترین چارەسەر بۆ راستكردنەوەی دۆخی پارێزگاكە دەزانین». وتیشی: راگرتنی پارسەنگی هەر نەتەوەیەك لەڕووی مافەوە زامنی پێكهاتنی هەموو پێكهاتەكان دەكات.

״دیالۆگی راستەقینە دەستپێبكات״
نەجات حسێن ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكیش بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: بۆ ئەوەی كێشەكانی كەركوك چارەسەر بكرێن، پێویستە دیالۆگێكی راستەقینەی كەركوكییانە دەستپێبكات و هەمووان لەو دیالۆگەدا بەشدار بین و رێگەچارەی كەركوكییانە بۆ دۆزی كەركوك بدۆزینەوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

چۆن لە یەکێتی گەیشتوون؟

خالد گڕاوی لەو کاتەی دەرئەنجامی هەشتاو پێنج لەسەدای دەنگەکان راگەێنراوە، ...