(گاشه‌به‌رد) وشه‌یه‌كی ڕه‌سه‌نی كوردییه‌ – knwe.org
سەرەکی » وتار » ڕه‌سوڵ بۆسكێنی » (گاشه‌به‌رد) وشه‌یه‌كی ڕه‌سه‌نی كوردییه‌

بۆ مامۆستای گه‌وره‌مان دكتۆر عیزه‌دین مسته‌فا ڕه‌سوڵ

(گاشه‌به‌رد) وشه‌یه‌كی ڕه‌سه‌نی كوردییه‌

بێگومان مامۆستای گه‌وره‌مان دكتۆر عیزه‌دین مسته‌فا ڕه‌سوڵ خزمه‌تی زۆری به‌ زمان و ئه‌ده‌ب و كه‌لتوورو فه‌رهه‌نگی نه‌ته‌وه‌كه‌مان كردووه‌، به‌هیوای ته‌مه‌ن درێژی و به‌رده‌وامی زیاتر بۆ به‌ڕێزیان، له‌ كوردستانی نوێی ئازیزدا له‌ گۆشه‌یه‌كی هه‌فتانه‌دا به‌ناوی (ئه‌م كونجه‌ش) له‌و ڕاگه‌یاندنه ‌زۆر و بۆرانه‌ی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ نیگه‌رانه‌ و به‌رده‌وام هه‌ڵه‌كانیان بۆ ڕاست ده‌كاته‌وه‌، ئه‌م جاره‌ش له ‌ڕۆژنامه‌ی كوردستانی نوێی ئازیز له‌ ژماره‌‌ (7673، ل 3ی، 27- 9- 2018) له‌ كونجێك له‌ژێر ناوی (ئاسمان)دا، كۆمه‌ڵێك وشه‌ی هێناوه‌ته‌ به‌رباس، یه‌كێك له‌وانه‌ وشه‌ی (گاشه‌به‌رد)ه‌، ئه‌و ده‌ڵێت: « من لە سلێمانی ‌و تەنانەت ئەو دیالێكتانەشدا كە ئاگام لێ یانە (گاشەبەرد)م نەبیستوە، هەر (تاشە بەرد) م بیستووە، جا پێم خۆشە ئەو برایەی (گاشە بەرد) ی نووسیوە، … بۆمان بنووسێ لە فڵان شوێنی كوردستان- با لە (كوێرە دێ) یەكیشدا بێ بە (تاشە بەرد) دەڵێن (گاشە بەرد) ‌و فڵان دەستگای حوكمەت رێگەی پێداوه‌.»
نازانم ئه‌و نووسه‌ره‌ به‌ڕێزه‌ی (گاشه‌به‌رد)ی نووسیوه،‌ خه‌ڵكی كام ناوچه‌ی كوردستانه‌ و ئایا وه‌ڵامی دكتۆر ده‌داته‌وه‌ یانا، به‌ڵام‌ من ده‌مه‌وێت به‌ جه‌نابی دكتۆر بڵێم: من له‌دایك بووی ده‌ڤه‌ری پشده‌رم و له‌ كۆتایی حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردووشه‌وه‌ له‌ ڕانیه‌ نیشته‌جێم، ده‌مه‌وێت كه‌مێك له‌و بابه‌ته‌ بدوێم و سه‌رنجی ‌دكتۆری به‌ڕێز بۆ ئه‌وه‌ ڕابكێشم، كه‌ وشه‌ی (گاشه‌به‌رد) نه‌ك ته‌نیا له‌ ( كوێره‌ دێ)یه‌ك، به‌ڵكو به ‌فراوانی له‌ناو خه‌ڵكی بیتوێن و پشده‌ر و موكریان به‌كارده‌هێنرێت، له‌ ڕووی ماناشه‌وه‌ (گاشه‌) یان (گاشه‌به‌رد) واتای (به‌ردی گه‌وره‌) ده‌گه‌یه‌نێت و دوو مانای لێك جیاوازیان هه‌یه‌، له‌و باره‌یه‌وه‌ مامۆستا هێمن موكریانی ڕۆح سوك له‌ ناڵه‌ی جودایی، چاپی به‌غدا (1979) له‌لاپه‌ڕه‌ی (74) له‌ شێعری (سوڕی ده‌وران) دا ده‌ڵێت:

«كه‌ وه‌ك یه‌ك بوون ژن و گاشه‌ له‌كن ئه‌و
نه‌بوو باكی بدا ئازاری ژن ئه‌و»

هه‌روه‌ها مامۆستا گۆرانی نه‌مریش له‌ شێعری (گه‌شت له‌ قه‌ره‌داغ)دا ده‌ڵێت:

«دیمانه‌ت به‌خێر یه‌كه‌م داربه‌ڕوو!
گابه‌ردی لاڕێی لاڵ و پاڵ كه‌وتوو!»

بێگومان مرۆڤ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای په‌یدابوونیه‌وه‌ له‌ ژیانی ڕۆژانه‌یدا وابه‌سته‌ی سوود بینین له‌ شته‌ سروشتیه‌كانی ئه‌م جیهانه‌ بووه‌، وه‌كو ئاو و هه‌وا و ئاگر و خاك و دار و به‌رد و ته‌واوی شته‌كانی تر، لێره‌ ئه‌وه‌ی مه‌به‌سته‌ وشه‌ی (به‌رد)ه‌، كه‌ مرۆڤ بۆ پێویستیه‌كانی به‌ فراوانی به‌كاری هێناوه‌ له‌ بواری بیناسازی و سه‌ربازی و جوانكاری و ماڵداری و پێویستیه‌كانی دیكه‌دا، هه‌ر له‌م ڕوانگه‌یه‌وه‌ سێ قۆناغی گه‌وره‌ی ژیانی ئاده‌میزاد به‌و ناوه‌وه‌ ناو نراوه،‌ وه‌كو چاخی به‌ردینی كۆن و چاخی به‌ردینی ناوه‌ڕاست و چاخی به‌ردینی نوێ، له‌ ته‌واوی ماوه‌ی ئه‌و چاخانه‌شدا مرۆڤ پێویستیه‌كانی ژیانی ڕۆژانه‌ی وه‌ك: چه‌قۆ و داس و ده‌فر و ئامان و پێویستیه‌كانی دیكه‌شی له‌ به‌رد دروست كردووه‌، تا ڕۆژگاری ئه‌مڕۆش (به‌رد) ئه‌و كاریگه‌ریه‌ی ماوه‌، هه‌ر بۆیه‌ مرۆڤ بۆ ناسین و جیاكردنه‌وه‌ی جۆر و شێوه‌ و قه‌باره‌ی به‌رد له‌ژیانی ڕۆژانه‌یدا چه‌ندین ناوی جیاجیای به‌كارهێناوه‌ وه‌كو: (به‌ردوچكه‌، به‌ردمه‌ڕمه‌ڕ، به‌ردنه‌قاڕ، خڕه‌به‌رد، كێله‌به‌رد، ته‌ڵاشه‌به‌رد، تاشه‌به‌رد، گاشه‌به‌رد، …هتد) زۆر ناوی دیكه‌ش، بێگومان ئه‌وانه‌ هه‌ر یه‌كه‌ و مانایه‌كی جیاوازی هه‌یه‌ و به‌شێوه‌یه‌كی جیاواز به‌كاردێن، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی باسه‌كه‌ درێژنه‌بێته‌وه‌ به‌پێویستمان نه‌زانی له‌وه‌ زیاتر له‌سه‌ری بدوێین.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

دیاردە نەرێنییەکان و گۆشکردنی…

دیاردە نەرێنییەکان و گۆشکردنی کۆمەڵگە بە بێهیوایی له‌ناو هه‌ر گروپ ...