ئینسان به‌ره‌و كوێ ؟؟؟ – knwe.org
سەرەکی » وتار » ئینسان به‌ره‌و كوێ ؟؟؟

ئه‌ندێشه‌ی‌ فكر

ئینسان به‌ره‌و كوێ ؟؟؟

ئارام عه‌لی‌ عه‌زیز

گه‌وره‌ترین سه‌رمایه‌ی‌ هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌ك ئینسانه‌كانیه‌تی‌. ئینسان كه‌چاك بوو هه‌موو چشتێك چاك و، كاتێكیش خراپ بوو هه‌موو چشتێك خراپ ده‌بێت. ئینسان شارستانیه‌تی‌ بنیاتناوه‌و هه‌ر ئینسانیشه‌ رووخاندویه‌تی‌.
ئینسان له‌خودی‌ خۆیدا وه‌كو كائینێكی‌ باڵا
به‌شێوه‌یه‌كی‌ سروشتیی و خۆڕسك كراوه‌یه‌ بۆ چاكه‌، به‌ڵام كاتێك له‌خودی‌ خۆی‌ ده‌رده‌چێت، یان كه‌ له‌خودی‌ خۆی‌ دوورده‌كه‌وێته‌وه‌، به‌ره‌و خراپه‌كاری‌ ده‌ڕوات.
له‌حاله‌تی‌ یه‌كه‌مدا جگه‌ له‌مه‌سه‌له‌ی‌ خوده‌خۆڕسكیه‌كه‌ی‌، خاوه‌ن فكری‌ راسته‌قینه‌و مه‌نزومه‌ی‌ ئه‌خلاقیه‌و پێوه‌ره‌كانی‌ ژیانی‌ له‌سه‌ر بنه‌مای‌ پاكیی، حیكمه‌ت و ژیری‌، ئازایه‌تیی و دادپه‌روه‌ری داڕێژراون و له‌ژیان و گوزه‌رانیدا پابه‌ندی‌ ئه‌مانه‌ت و لێپرسراوێتی ئینسانیه‌، به‌ڵام له‌حاله‌تی‌ دوه‌مدا خوده‌خۆڕسكه‌ پاكه‌كه‌ی‌ له‌ده‌ستداوه‌و عه‌قڵی‌ وه‌رگری‌ ئه‌ندێشه‌ی‌ خراپه‌ له‌ژێر پاڵه‌په‌ستۆی‌ هێزی‌ هه‌وه‌سبازیی‌ جانه‌وه‌رانه‌و شه‌ڕانگێزیی‌ دڕندانه‌دا.
ئینسان وه‌كو مه‌خلوقێكی‌ باڵا به‌حوكمی‌ فكرو تواناو تایبه‌تمه‌ندیه‌ ناوازه‌كانی‌ كراوه‌یه‌ بۆ به‌زربوونه‌وه‌و گه‌یشتنه‌ ئاستی‌ مه‌لائیكه‌ت، به‌پێچه‌وانه‌یشه‌وه‌ هه‌ر راسته‌ كه‌ ئینسان كراوه‌یه‌ بۆ بچووكبوونه‌وه‌و ئه‌وپه‌ڕی‌ دابه‌زین بۆ ئاستی‌ ئاژه‌ڵ و بوون به‌ شه‌یتان، به‌ڵام له‌هه‌ردوو حاله‌تدا شێوه‌ به‌رجه‌سته‌كراوه‌كه‌ی‌ ناگۆڕێت، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی‌ ده‌گۆڕێت خودو كرداره‌كه‌یه‌تی‌.
چاكه‌و خراپه‌كردنی‌ ئینسان، به‌واتای‌ كاروكردار، گۆڕانكاری‌ له‌ئینساندا ده‌كه‌ن و ئینسان به‌ره‌و باشی و خراپی ده‌به‌ن. فه‌زیله‌ت ئینسان به‌ره‌و باشی و ره‌زیله‌ت ئینسان به‌ره‌و خراپی ده‌بات. كرده‌وه‌و ره‌فتار كه‌ به‌جه‌سته‌ ده‌كرێن كاریگه‌ری‌ ئیجابی‌ یان سلبی به‌پێی‌ جۆری‌ كاره‌ ئه‌نجامدراوه‌كه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی‌ له‌سه‌ر خودی‌ ئینسانه‌كه‌ ده‌بێت. زاڵبوونی‌ هێزی‌ ئاره‌زوو یان هێزی‌ هه‌وه‌سی‌ ئاژه‌ڵیانه‌و دڕنده‌ی‌ برنده‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌ مرۆڤ به‌ره‌و بچووكبونه‌وه‌و دابه‌زاندن ده‌بات، به‌پێچه‌وانه‌یشه‌وه‌ زاڵبوونی‌ هێزی‌ عه‌قڵی‌ تیایدا به‌ره‌و باڵابوونی‌ ده‌بات و ده‌یگه‌یه‌نێته‌ كه‌شكه‌لانی‌ فه‌له‌ك .
به‌پێی‌ جۆری‌ كردارو ره‌فتاریش كه‌ له‌مرۆڤ ده‌رده‌چێت جۆری‌ هێزی‌ زاڵبوو له‌و ئینسانه‌دا ده‌ستنیشانده‌كرێت و كه‌سایه‌تی پێ دیاریده‌كرێت، كه‌ ئایا ئینسانی‌ عاقڵه‌، یان ئینسانی‌ هه‌مه‌جی؟ كاتێك ئینسان بوو به‌هه‌وه‌سبازو جانه‌وه‌رو دڕنده‌ی‌ برنده‌، كۆمه‌ڵگایش ده‌بێت به‌ كۆمه‌ڵه‌گاو مێگه‌ل و وڵاتیش ده‌بێت به‌گاودانیی و ته‌ویله‌و هۆر، چونكه‌ ئینسان ناوكه‌كه‌یه‌، كه‌ ئینسان نه‌ما، ئه‌مانه‌ت و لێپرسراوێتی‌ نامێنێت و به‌هه‌شت ده‌بێته‌ دۆزه‌خ. ئه‌و كاته‌ به‌ فیعلی یاسای‌ دارستان به‌رقه‌رار ده‌بێت، گه‌وره‌و به‌ هێز، لاوازو بێ‌ هێز قووتده‌دات. هاوكێشه‌ی‌ ماف و ئه‌رك تێكده‌چێت و سنوورو بكه‌ومه‌كه‌ نامێنێت و ئامانجی گشتی‌ تاكه‌كان كۆده‌بێته‌وه‌ له‌ په‌یداكردنی‌ جه‌مه‌نان و قومه‌ ئاوێكی‌ سارد..هتد
ئینسان وه‌كو كیانێك، عه‌قڵی‌ كه‌ له‌ كه‌لله‌سه‌ریدایه‌ پادشایه‌تی و به‌ڕێوه‌ی‌ ده‌بات، كه‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی‌ فكره‌ ( ئایدۆلۆجیا) ، به‌ڵام كاتێك سینه‌ تێكده‌چێت و هێزی‌ هه‌وه‌سبازی ئاژه‌ڵیانه‌ و شه‌ڕانگێزی‌ دڕندانه‌ ده‌بنه‌ فه‌رمانڕه‌وای‌ ئه‌و كیانه‌، ئه‌وه‌ ئینسان له‌ ئینسانبوونه‌كه‌ی‌ داده‌ماڵرێت و به‌ره‌و چوارپێ بوون هه‌نگاو ده‌نێت و ئیراده‌ی‌ له‌ ده‌ستده‌دات، چونكه‌ له‌و كیانه‌دا ئینقیلاب به‌سه‌ر پادشای‌ فه‌رمانڕه‌واو عه‌قل كراوه‌و ده‌ستوپێوه‌ندو خزمه‌تگوزار بوون به‌ فه‌رمانڕه‌واو فه‌رمان ده‌رده‌كه‌ن، كه‌ له‌بنه‌مادا كاری‌ ئه‌وان نیه‌.
ئه‌م پرۆسه‌یه‌ی‌ له‌ئینسانخستن و له‌كۆمه‌ڵگاخستنه‌یش سیسته‌ماتیكانه‌ به‌پێی‌ به‌رنامه‌و پلان و به‌شێوازی‌ جیاجیاو له‌ ژێر ناوونیشانی‌ هه‌مه‌ڕه‌نگ له‌ لایه‌ن سیسته‌می‌ سته‌مكاریی جیهانیی و هێزی‌ شه‌ڕو خراپه‌وه‌ به‌ ئامانجی‌ كۆنتڕۆلِكردنی‌ بیلادو عیباد به‌سه‌ر ئینسان و كۆمه‌ڵگاكانمادا په‌یڕه‌وكراوه‌و به‌زۆر سه‌پێنراوه‌، تا دواجار به‌شه‌ریه‌تی‌ له‌ ئینسانبوونه‌كه‌ی‌ ده‌رخستوه‌و گه‌یاندویه‌تیه‌ لێواری‌ داڕمان. گفتوگۆ به‌ ناو فكریه‌كانیان به‌ها ئینسانیه‌كانمانی‌ تێكداوه‌و نمونه‌ی‌ ئینسانی‌ ئه‌مڕۆ روبه‌ڕوی‌ حه‌یره‌تێكی‌ ناموته‌ناهی كردوینه‌ته‌وه‌: ئینسان به‌ره‌و كوێ‌؟؟؟ گه‌ڕان به‌ دوای‌ وه‌ڵامی‌ ئه‌و پرسیاره‌ وه‌كو زه‌روره‌تێكی‌ مێژوویی به‌رۆكی‌ گرتوین.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

خاڵی پۆزه‌تیڤ له‌ مێژووی جیابوونه‌وه‌ و ئاوێته‌بوونه‌وه‌…

خاڵی پۆزه‌تیڤ له‌ مێژووی جیابوونه‌وه‌ و ئاوێته‌بوونه‌وه‌ له‌ حزبه‌ سیاسییه‌كانی ...