گفتوگۆكان بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ بەردەوامن

تەنها 15 رۆژی ماوە

كۆتایی هەفتە

دوای هەڵبژاردنی خولی نوێی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە رۆژی 12/5/2018، هەرزوو حزب و لایەنە سیاسییەكان دەستیانكرد بە كۆبوونەوە و گفتوگۆ لەسەر ئەو قۆناغەی كە زۆربەی لێپرسراوان و لایەنە سیاسییەكان بە «قۆناغی نوێی حوكمڕانی و پڕۆسەی سیاسی لە عیراق» ناوی دەبەن. لەوكاتەوە تائێستا كە زیاتر لە پێنج مانگە لە بەغدا و هەرێمی كوردستان زنجیرەیەك كۆبوونەوە لەنێوان لایەنە سیاسییەكان و لێپرسراوانی عیراق لەلایەك و باڵیۆز و نوێنەری وڵاتان و لایەنە سیاسییەكان و لێپرسراوانی عیراق لەلایەكی دیكەوە كراون، كە تەوەرێكی سەرەكی كۆبوونەوە و گفتوگۆكان تاوتوێكردنی دۆخی عیراق و قۆناغی دوای هەڵبژاردن بووە.

كۆبوونەوەكان چڕتر بوونەتەوە
رۆژی 3/9/2018، یەكەم دانیشتنی خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەڕێوەچوو، بەوەش خولێكی نوێی سیاسەتی عیراقی دەستیپێكرد، پاشان رۆژی 15/9/2018، محەمەد حەلبوسی بە سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و حەسەن كەریم ئەلكەعبـی بەجێگری یەكەم و رۆژی 16/9/2018-ش د.بەشیر حەداد بە جێگری دووەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق هەڵبژێردران.
هەروەها شەوی 2\3/10/2018، د.بەرهەم ساڵح بە سەرۆك كۆماری عیراق هەڵبژێردرا و هەمان شەو سەرۆك كۆمار، د.عادل عەبدولمەهدی راسپارد بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عیراق.
دوای راسپاردنی د.عادل عەبدولمەهدی بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ، كۆبوونەوە و دیدارەكان هەم لە بەغدا و هەم لە هەرێمی كوردستان چڕتر بوونەوە و تەوەری سەرەكیش پەیوەستە بە پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێوە.

״پێكهێنانی حكومەت لە وادەی دەستووریدا״
لەوماوەیەدا سەرۆك كۆمار چەند جارێك لەگەڵ د.عادل عەبدولمەهدی كۆبۆتەوە و لەیەكێك لە كۆبوونەوەكانیشدا هەروەك لە راگەیەنراوی كۆبوونەوەكەدا ئاماژەی پێدراوە «پێشهاتەكانی پەیوەست بە پێكهێنانی حكومەتی نوێ تاوتوێكرا، گرنگیی بە ئاكامگەیاندنی هەوڵەكانیش دووپاتكرایەوە لەو چوارچێوە و وادەیەدا كە دەستوور بڕ‌یاری لەسەر داوە». سەرۆك كۆمار لەمیانی لێدوانێكی رۆژنامەنووسیشدا دەڵێت: هەموو هەوڵێك دەدەم بۆ چارەسەركردنی گرژییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا.

״چارەسەركردنی كێشەكان بەپێی دەستوور״
سەرەتای ئەم هەفتەیەش وەفدی هاوپەیمانیی چاكسازیی ‌و بنیاتنانەوە بە سەرۆكایەتیی سەید عەممار حەكیم سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و لە هەولێر و سلێمانی زنجیرەیەك كۆبوونەوەی لەگەڵ لێپرسراوانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستان، بزووتنەوەی گۆڕاندا كرد و لە كۆبوونەوەكاندا، گفتوگۆكرا لەبارەی دۆخی عیراق ‌و پرسی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق ‌و بەشداریی سەرجەم پێكهاتەكان ‌و چارەسەركردنی كێشەكان بەپێی دەستوور.
هەر لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا وەفدێكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە بەغدا بەجیا لەگەڵ (د.عادل عەبدولمەهدی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق، نوری مالكی، وەفدێكی باڵای رەوتی سەدر)دا كۆبۆوە.
لە كۆبوونەوەكاندا گفتوگۆ لەبارەی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق كرا و تەئكیدیش لە چارەسەركردنی كێشەكان بەپێی دەستوور كرایەوە.

بەم نزیكانە حكومەت پێكدەهێنرێت؟
ئێستاش پرسیار ئەوەیە كە كابینەی نوێی حكومەتی عیراق لەماوەی دەستووریدا كە مانگێكە و دەتوانرێت 15 رۆژی دیكەشی بۆ زیاد بكرێت، پێكدەهێنرێت؟، لەكاتێكیشدا كە 15 رۆژ تێپەڕ دەبێت بەسەر راسپاردنی د.عادل عەبدولمەهدی بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ و تەنها 15 رۆژی دیكە ماوە، راگەیاندنەكان ئەو زانیارییەیان بڵاوكردۆتەوە «پێدەچێت بەم نزیكانە حكومەتی نوێ پێكبهێنرێت».
لە چەند رۆژی رابردووشدا نووسینگەی د.عادل عەبدولمەهدی لە راگەیەنراوێكدا ئەوەی خستەڕوو «د.عادل عەبدولمەهدی بەردەوامە لە كۆبوونەوە راوێژكارییەكانی پەیوەست بە هەوڵەكانی بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت».

یەكڕیزیی كورد لە بەغدا
هاوكات لەگەڵ پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، پرسێكی دیكەی گرنگ یەكڕیزیی و یەكهەڵوێستیی كوردە، لەمبارەیەشەوە ئەگەرچی ئەم هەنگاوە بە گرنگ و پێویست دەزانرێت، بەڵام وەك دەردەكەوێت كورد لەم خولەدا تائێستا نەیتوانیووە لە بەغدا یەكڕیز بێت.
لە چەند رۆژی رابردووشدا كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پێشوازییكرد لە یان كۆبیچ نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان.
لە دیدارێكدا هەردوولا هاوڕابوون لەسەر بەشداریی كارای كورد لە حكومەتی داهاتوو، بە جۆرێك كە بتوانێ كۆتایی بە كێشەكانی رابردووی نێوان هەرێم و بەغدا بهێنێ و مافە دەستوورییەكانی سەرجەم پێكهاتە و نەتەوە جیاوازەكان پارێزراو بێ.
دوێنێش نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان كە هاوكات جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانە، بە سەردانێك گەیشتە بەغدا و بەجیا لەگەڵ د.حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عیراق و د.عادل عەبدولمەهدی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عیراق كۆبۆوە.
بەپێی راگەیەنراوی كۆبوونەوەكە كە لە سایتی رەسمیی حكومەتی هەرێمدا بڵاوكراوەتەوە «سەرۆك وەزیرانی عیراق و سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان دووپاتیان كردەوە كە گفتوگۆ و دانوستانەكان لە چوارچێوەی دەستووردا، دەتوانن كێشە هەڵواسراوەكان چارەسەر بكەن بەشێوەیەك لە بەرژەوەندیی هەموو گەلانی عیراقدا بێت».
لە كۆبوونەوەش لەگەڵ د.عادل عەبدولمەهدی-دا «پڕۆسەی سیاسی و گفتوگۆكانی هەولێر بەغدا تاوتوێكران و بەردەوامیی گفتوگۆكان و چارەسەری كێشەكان لە چوارچێوەی دەستووری عیراقدا دووپاتكرایەوە».
هەروەها، د.بەختیار شاوەیس ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراكسیۆنی سەوز لە لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ، یەكڕیزیی و یەكهەڵویستی لایەنە كوردستانییەكان لە بەغدا بە «پێویست» ناودەبات و دەشڵێت: بۆ ئەوەی بتوانین چارەسەری ئەو كێشانە بكەین كە ئێستا لە نێوان هەرێم و بەغدا بە هەڵواسراویی ماونەتەوە، پێویستە یەكڕیزبین.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

19 − 9 =

x

هەواڵێ هاوشێوە

چەند وێستگەیەكی گرنگ لە یەكەمین جەنگی جیهان

یەكەمین جەنگی جیهان كە چوار ساڵ و نیو درێژەی كێشا، ...