سەرەکی » دۆسێ » قوتابخانەی سلێمانی ناسیۆنالیزمی کوردی

قوتابخانەی سلێمانی ناسیۆنالیزمی کوردی

توێژینەوەی م.ی مەجید ساڵح عەزیز

1-2

پوختە:
ناسیۆنالیزمی کوردی وەک بیر و رێکخستن، لە کۆتایی سەدەی نۆزدەیەم و سەرەتای سەدەی بیستەم لە ئەستەمبووڵ لە ژێر کاریگەری ناسیۆنالیستە تورکەکاندا سەری هەڵداوە و لە یەکەمین جەنگی جیهانیدا بە تەواوەتی پەرەی سەند و بوو بە خاوەن پرۆژەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری تایبەت بە خۆی. ناسیۆنالیستەکانی کورد لە پایتەختی خەلافەت چەندین رێکخراو و کۆمەڵەیان دامەزراند و لە رێگەی گۆڤار و رۆژنامەکانیانەوە تەنزیرییان بۆ بیری ناسیۆنالیزمی کورد دەکرد، ئەو بەرنامەیە بەردەوام بوو تا دەستبەسەراگرتنی تورکیا لە لایەن مستەفا کەمال ئەتاتورک لە ساڵی 1924.
بەهۆی ناکۆکی ئەفسەر و کاربەدەستە کوردەکانی سلێمانی لە گەڵ شێوازی فەرمانڕەوایی عوسمانی و مستەفا کەمال، بەشێکی زۆریان گەڕانەوە بۆ کوردستان و لە سلێمانی نیشتەجێ بوون. هاوکات لە گەڵ ئەوەدا ئینگلیزەکان گەیشتنە عێراق و لە ساڵی 1918 لە کوردستانی جنوبی نزیک کەوتنەوە، بە هۆی پڕکردنەوەی بۆشایی دەسەڵات لەلایەن شێخ مەحمود لە ژێر کاریگەری پڕوپاگەندەکانی ئینگلیز و دەستبەکاربوونی ئەو ئەفسەر و فەرمانبەرە کوردانەی کە بیری ناسیۆنالیستیان هەبوو، هەلومەرجێکی بابەتی دروست بوو بۆ سەرهەڵدانی بیری ناسیۆنالیزمی کوردی لە سلێمانی، چالاکییە دیپلۆماسی و رێکخراوەیی و پەروەردەیی و رۆژنامەوانییەکانی ئەم نوخبەیە، بناغەیەکی پتەویان بۆ قوتابخانەیەکی تایبەتی ناسیۆنالیزمی کوردی داڕشت، قوتابخانەی سلێمانی ناسیۆنالیزمی کوردی، لەوکاتەوە تا ئێستا خاوەن پرۆژە و بەرنامەی خۆیەتی و جیا دەکرێتەوە لە قوتابخانەکانی دیکەی ناسیۆنالیزمی کوردی.
وشە کلیلییەکان:
ناسیۆنالیزم، سلێمانی، میللەت سازی، رۆژنامەوانی، دەوڵەتی نەتەوەیی

پێشەکی:
مەسەلەی ناسیۆنالیزم و سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزمی کوردی یەکێکە لەو باسە پڕ بایەخ و گرنگانەی کە شایانی قسە لەسەرکردنە و پێشتریش لێکۆڵەر و توێژەرانی کورد و بیانی دیدگای جیاجیایان لەسەر خستوەتەڕوو.
ناسیۆنالیزم لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی و لە کوردستان دیاردەیەکی قەیراناوی و رەهەندی سیاسی و کۆمەڵناسی و ئابوری تایبەت بە خۆی هەیە، ئەوەی لەم بابەتەدا دەخرێتەروو چۆن ناسیۆنالیزمی کوردی لە ژێر کاریگەری ناسیۆنالیزمی تورکی و عەرەبی و فارسیدا سەری هەڵدا و چۆن لە ئەستەمبووڵەوە گوازرایەوە بۆ سلێمانی. لەم توێژینەوەدا لە پاڵ سەلماندنی قوتابخانەی سلێمانی بۆ ناسیۆنالیزمی کوردی، هەوڵیش دەدرێ ئەو تایبەتمەندی و خەسڵەتانەی کە قوتابخانەی ناسیۆنالیزمی سلێمانی پێی دەناسرێتەوە بخرێتەڕوو.

پرسیاری لێکۆڵینەوەکە:
لێکۆڵینەوەکە بە دوای وەڵامی ئەو پرسیارەیە: ئایا لە چوارچێوەی ناسیۆنالیزمی کوردیدا قوتابخانەیەک هەیە بە ناوی «قوتابخانەی ناسیۆنالیزمی کوردی لە سلێمانی»؟ ئەو روخسار و جیاکەرەوانەی ئەم قوتابخانەیە چین؟
رێبازی توێژینەوەکە:
لەم توێژینەوەدا هەوڵدراوە کەڵک لە زیاتر لە رێبازێک وەربگیرێت، لەوانە:
رێبازی مێژوویی، بەو پێیەی توێژینەوەکە باس لە قۆناغێکی مێژووی دیاریکراو (1918 – 1924) دەکات کە تێیدا سلێمانی ئازاد و لە ژێر رکێفی هیچ دەوڵەتێکدا نەبوو، بۆیە پشت بەو سەرچاوانەی زانیاریی بەستراوە کە باس لەو قۆناغە دەکات و جەخت لەسەر راست و دروستیان کراوەتەوە. بەڵام بۆ بابەتە رۆژنامەوانییەکان کەڵک لە رێبازی شیکاری ناوەڕۆک وەرگیراوە، بۆ زانینی رادەی کاریگەری نووسین و بابەتەکانی نووسەران لە سەر هۆشیاری نەتەوەیی لە سلێمانی و دەوروبەری.
ئامانجی توێژینەوەکە:
لە ماوەی رابردوودا چەندین لێکۆڵینەوە سەبارەت بە ناسیۆنالیزمی کوردی ئەنجام دراوە، بەڵام بە کەمی باس لە رۆڵ و کاریگەری ناسیۆنالیستەکانی سلێمانی و ئەو قوتابخانەیەی لەم شارە هەبووە کراوە. ئەم توێژینەوەیە ئامانجی ئەوەیە تیشک بخاتە سەر ئەم قوتابخانەیەی ناسیۆنالیزمی کوردی و رۆڵ و کاریگەری لە بڵاوکردنەوەی بیری ناسیۆنالیزم لە ناوچەکە.

بەشی یەکەم:
سەرەتاکانی ناسیۆنالیزمی کوردی:
ناسیۆنالیزمی کوردی:
سەبارەت بە سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزمی کوردی، راوبۆچوونی جیاواز هەیە، هەندێکی پێیان وایە کە ناسیۆنالیزمی کوردی قووڵایەکی مێژوویی هەیە، لەسەردەمی ئه‌حمه‌دی خانییەوە دەست پێدەکات، بۆچونی دیکەش هەیە پێیان وایە ناسیۆنالیزمی کوردی بە شۆڕشەکانی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری دەست پێدەکات: «ناسیۆنالیزمی کوردی بەشۆڕشەکەی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری رچەشکێنی دەست پێکردوە و لە چوارچێوەیەکی ئایدۆلۆژیدا ئاراستەی خۆی وەرگرت و لەم قۆناغەدا (نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدە) زیاتر خەمڵینی پێوە دەرکەوت و شێلگیرانە داکۆکی لەخواستی هاوچارەنوسی لە نێوان تاکەکانی نەتەوەی کورددا لە کوردستان دروست بووە..».
بەڵام دکتۆر عەباس وەلی رای وایە: «ناسیونالیزمی نەتەوە داگیركەرەكان بوو بە هۆی ئەوەی ناسیونالیزمی كوردی زیاتر پەرە بستێنێت».. هەرچۆنێک بێت لە دوای یەکەمین جەنگی جیهانی سێ قوتابخانەی جیای ناسیۆنالیزمی کوردی دەرکەوتن، قوتابخانەی ئەستەمبووڵ، ورمێ، سلێمانی. ئێمە لەم لێکۆڵینەوەدا بە وردی باس لەوەی دواییان دەکەین.

قوتابخانەی ئەستەمبووڵ
بەهۆی ئەوەی لەسەردەمە جیاجیاکاندا بنەماڵە ناودارەکانی کورد لەلایەن دەوڵەتی عوسمانیەوە لە کوردستان دوور دەخرانەوە و بە زۆری لە ئەستەمبووڵ نیشتەجێ دەکران، هەروەها بەهۆی ئەوەی زۆربەی خاوەن پلەوپۆستەکان و پیاوە ئاینیی وئەفسەرەکانی کورد لە ئەستەمبووڵ دەگیرسانەوە، لەوکاتەوە و تا ئێستاش ئەستەمبووڵ ناوەندێکی گرنگ بووە بۆ کۆبوونەوە و یەکگرتنی نوخبەی رۆشنبیری کورد.
ئەستەمبووڵ، لە سەردەمی مەشروتە و لە کاتی یەکەمین جەنگی جیهانیدا، گرنگترین پێگەی کۆکەرەوەی ناسیۆنالسیتەکانی کورد بوو.
نوخبەی رۆشنبیری کورد دوای ئەوەی حەقیقەتی ئیتحاد و تەرقییان بۆ دەرکەوت کە بەرەو تۆرانییەت هەنگاوی دەنا، لە 2ی تشرینی یەکەمی 1908 <جەمعییەتی تەعاون و تەرەقی کورد>یان لە ئەستەمبووڵ دامەزراند و سەید عەبدولقادر شەمزینی بوو بە سەرۆکی جەمعییەتەکە. دوای ساڵێک لە چالاکی کلتوری و سیاسی، رێکخراوەکە قەدەغەکراوە و کۆمەڵەی هێڤی و پاشان جەمعییەتی تەعالی کوردستانیان دامەزراند. ئەم کۆمەڵە و ناوەندانە، بناغەیەکی گرنگیان بۆ گەشەپێدانی ناسیۆنالیزمی کوردی لە باکوری کوردستان دروست کرد و لە رێگەی کاروچالاکییە فکری و سیاسی و کلتوری و کۆمەڵایەتییەکانیانەوە توانیان ببنە جێگەی متمانەی خەڵک و لە کاتی هاتنی ئینگلیزەکانیش کەمپینێکی دیپلۆماسی گرنگیان دەست پێکرد بۆ بە نێودەوڵەتی کردنی مەسەلەی کورد. بەڵام هەلومەرجی تورکیا و دەرکەوتنی مستەفا کەمال ئەتاتورک و هەرسهێنانی خەلافەت، بەشی زۆری نوخبەی ئەم قوتابخانەیەی ناچار بە هەڵهاتن کرد بۆ دەرەوەی وڵات و پەرتەوازبوونیان وای کرد پێگەکەیان زۆر لاواز و کەم کاریگەر بێ بەشێک لەوانە کە خەڵکی سلێمانی بوون گەڕانەوە بۆ شارەکەیان.

قوتابخانەی رۆژهەڵات یان ورمێ
لە گەرمەی یەکەمین جەنگی جیهانی و دوای جەنگ، سمکۆی شکاک دەستی بەشۆڕشێکی چەکداری کرد لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئەم شۆڕشە لە سیمادا شۆڕشێکی ناسیۆنالسیتی بوو دژ بە دەسەڵاتی ئێران. هەرچەندە لەڕواڵەتدا یاخی بوونێکی خێڵەکی پێوەدیارە. بەڵام بوونی <کۆمەڵەی جیهانزانی> کە گوایە ساڵی 1913 لە <خۆی> لەلایەن عبدولرەزاق بەدرخان و سمکۆوە دامەزراوە و کۆمەڵەیەکی کلتوری و هۆشیاری بووە ئەوە دەسەلمێنێ کە لە پشت شۆڕشەکەوە بەرنامەیەکی نەتەوەیی هەبووە، سمکۆ و لاینگرانی بەدرێژایی شۆڕشەکەی کاریان بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی کورد کردوە لەو بەشەی کوردستان.

قوتابخانەی سلێمانی:
پێش ئەوەی ئینگلیزەکان بگەنە سلێمانی، گرایشێکی نەتەوەیی رۆمانسیانەی سنوردار لە نێوان نوخبەیەکی خوێنەواری سلێمانیدا هەبوو، <مێجەر سۆن> کە ماوەیەک پێش هەڵگیرسانی یەکەمین جەنگی جیهانی لە سلێمانیدا ژیابوو، لە راپۆرتێکدا بە ئامار حەقیقەتی بیروباوەڕی سیاسیی کۆمەڵگای کوردستانی تێدا خستوەتەڕوو: «کۆمەڵگای کوردی 94٪ ی لەو جوتیارە ئازاد و رەنجبەرانە پێکهاتوە کە زۆر ئیشکەرن و گوێ بە جیهانی دەرەوەی خۆیان نادەن و را و بۆچوونی سیاسییان نییە، بەڵام ئەو 6٪ی دیکەی خەڵکی سلێمانی، ئەوا 5.5٪ لە بازرگانەکان پێکدێن و سەرقاڵی کاری خۆیانن و گوێ بە سیاسەت نادەن. ئەوەی دەمێنێتەوە واتە 0.5٪ی خەڵکەکە پیاوماقوڵ و فەرمانبەرانن و رۆڵی سیاسیی دەگێڕن».
<دیڤید مکدۆل> جەختی لەسەر ئەوە کردوەتەوە و نووسیویەتی: «ژمارەی ناسیۆنالیستە رۆشنبیرەکانی کورد لە سلێمانی و ناوچە سەرەکییەکانی دیکە لە پەنجەکانی دەست تێپەڕی نەدەکرد».
بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری هێزی ئاسمانی شاهانەی بریتانیاش راپۆرتێکی لەسەر چینە کۆمەڵایەتییەکانی کوردستان و بۆچوونە سیاسییەکانی هەر چینێک لەو چینانەی خستوەتەڕوو. راپۆرتەکە کۆمەڵگای کوردیی کردووەتە چوار چینەوە:
سەبارەت بە تێڕوانینی ئەو چینانە بۆ ئایندەی کوردستان لە راپۆرتەکەدا هاتووە: سەربەخۆیی بەلای سەرۆک هۆزەکانەوە، بەو واتایە دێت کە بە ئازادیی خۆیان باج بسێنن و لە پێناوی خۆشگوزەرانی خۆیاندا لە جووتیارانی کۆ بکەنەوە.. ئەفەندیەکانیش بەوپەڕی قەناعەتەوە باوەڕیان بە بیرۆکەی خەیاڵی دەوڵەتی کوردی هەیە. ( (
عەباس وەلی، وێڕای ئەوەی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ناسیۆنالیزمی کوردی لە باشوری کوردستان دیاردەیەکی نوێیە، بەڵام پێی وایە لەو کاتەدا کە ئینگلیزەکان دەگەنە باشوری کوردستان، لە ناو مونەوەرەکانی کوردا، وەک کاردانەوەیەک بۆ ئەو دۆخە نوێیەی کە دروست ببوو، بیری ناسیۆنالیزمی چەکەرە دەکات: «لە عێراق ناسیۆنالیزمی کورد تەنها پاش یەکەمین جەنگی جیهانی وەک بەدەنگ هاتنێک لە بەرامبەر هەوڵەکانی ئینگلیز بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی مودێرنی عەرەب دەستی بە گەشەسەندن کرد.
عەباس وەلی، ئەو کەسانەی کە ناسیۆنالیزمیان هێنایە ناو فەزای کۆمەڵگای کوردییەوە، دەکات بە دوو دەستەوە:
یەکەمیان: ئەو دەستەبژێرانەن کە بیروڕای، تێروانینەکانیان ئاوێتەی ئاین ببوو، هەر لەبەر ئەوەیە دەبینین ئەدەبیات و ئاین تێکەڵەیەکە لە بیروڕای ئاینی و نەتەوایەتی، واتە بیروڕای ناسیۆنالیزمی بە شێوەی سەربەخۆ نەبووە، بەڵکو ئەو دەستەبژێرەی کە هەڵقوڵاوی کۆمەڵگا و بیروباوەڕی ئاینییە، باسیان لێوە کردووە.
دووەم: ئەو دەستەبژێرانە کە هەڵگری بیروباوەڕێکی عەقڵانی تر بوون، ئەمانە یان کەسانی بیرۆکرات بوون یان لە سوپای عوسمانیدا ئەفسەربوون. وەک محەمەد ئەمین زەکی کە بۆ یەکەم جار مێژووی کوردەکانی نووسیەوە.
قۆناغەکانی گەشەسەندنی قوتابخانەی ناسیۆنالیزمی کوردی لە سلێمانی:
ناسیۆنالیزمی کوردی لە سلێمانی بەچەند قۆناغێکدا تێپەڕیووە و لە هەر قۆناغێکدا شێوە و جۆر و میکانیزمی کارکردن تێدا بە پێی هەلومەرجی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی گۆڕاوە. دەکرێ ئەو قوناغانە بەم شێوەیە بکرێت پۆلێن بکرێن:
یەکەم: ئینگلیز و دروست کردنی نەتەوەیەک لەسەر کاغەز
لە 11 ی ئازار (مارس) ی 1917 دا هێزی بریتانی شاری بەغداد، ناوەندی «ولایەتی بەغداد»ی، داگیر کرد. پاش سەقامگیر بوون، فەرماندەی لەشکری ئینگلیز لە عێراق دەستی دایە دەرکردنی چەند رۆژنامەیەک بە زمانی جیاجیا. لە 1ی کانونی دوومی 1918 رۆژنامەی <تێگەیشتنی راستی>ی لەبەغدا بە زمانی کوردی چاپ دەکرد و دەیناردەوە بۆ کوردستان. ئەم رۆژنامەیە پێش سەرباز و فەرمانبەرەکانی ئینگلیز گەیشتە کوردستان. وەک لە سەروتاری ژمارە یەکی رۆژنامەکەدا هاتووە ئامانجی لە دەرکردنی «تێگەیشتنی راستی خدمەتی یەکبون و سەربەستی‌ی و سەرکەوتنی کوردان ئەکا. «.
ئینگلیزەکان لە رێگەی رۆژنامەی <تێگەیشتنی راستی>یەوە هەستی نەتەوەیی، کوردەکانیان دەوروژاند تا وایان لێبکەن خۆیان لە ژێر هەژموون و داگیرکاری تورکەکان رزگار بکەن، هەر لە بەر ئەوەیە چەندین سەر وتار و وتاری تایبەتییان بۆ ئەو مەبەستە تەرخان کردووە، وەک «کوردستان چ خێرێکی لە رۆمییان، یەعنی تورکان دی؟»، «تورک بە عەمەلی کورد و ئەقوامی تر نایە»، «تورکە ئیتحادییەکان موچیڕی ئیسلامەتین
لە ژمارە (3)ی رۆژی 8 ی کانونی 1918 دا نووسیویەتی: « کورد کە سێ ملیۆن دەبن بۆچی لە فەیزی یەکبون و سەربەستی نائومێد ببن، قەومێکی ئازا و غەیورن دەتوانن لە زەرفی مودەتێکی کەم دا هەمو قسە بکەن بە یەک و فرسەت لە دەست نەکەن و خۆیان بنوێنن تا لە ناو نەچون حکومەتی موعەزەمەی بەریتانیا کە بە ئەسارەتی قولەرەشەکان رازی نەبو ئەڵبەتە بە فریادی کوردان ئەگا.»
سەروتاری ژمارە (2)ی 5 کانونی دوومی 1918دا هاتووە: «کوردان بێ سەر مانەوە، حکومەتی تورک هیچ سەری پێ بەرز نەکردن و چاوی پێ نەکردنەوە، تا دوبارە بێنەوە سەر خۆیان و مەعنای قەومیەت و یەک بون تێ بگەن و بە قوەتی عیلم لە کێشمەکێشی ئەم پەرێشانی¬یە رزگار ببنو حەقی بەقایان بە عالەم بسەلمێنن، چارەی کوردان ئەمڕۆ وەک عەرەب بە حکومەتێکی موعەزەمەی بەریتانیا پشت بەستنە، چونکی چاوی لە ماڵ و موڵکی کەس نیە، ئارەزوی ئازاد کردنی ئەقوامە.»

قۆناغی دووەم: سلێمانی لە فەلاکەتەوە بۆ ئاوەدانی:
کاتێک ئینگلیزەکان لە ئابی 1918 هێزەکانی بریتانیا گەیشتنە نزیک کەرکوک، «عەلی ئیحسان فەرماندەی سەربازی تورکیا لە موسڵ، داوای لە فەرماندەی حامیەی سلێمانی کرد شارەکە رادەستی شێخ مەحمود بکات، بۆ ئەوەی بەناوی دەوڵەتی عوسمانییەوە فەرمانڕەوایی بکات. بەمجۆرە دوای سەدان ساڵ لە فەرمانڕەوایی تورک، سلێمانی کەوتە دەستی شێخ مەحمود، ئەویش کە لە بارودۆخی سیاسی و سەربازی ئەو کاتە تێگەیشتبوو، زۆر بە وریاییەوە مامەڵەی کرد و لە جیاتی گرەو کردن لەسەر ئەسپی دۆڕاو، نامەیەکی ئاراستەی بریتانییەکان کرد و داوای لێکردن «کوردستان بخەنە لیستی گەلانی رزگاریخوازەوە».
کۆلۆنێل ئارنۆلد ویلسن، حاکمی سیاسی بریتانیا لە عێراق، بەم بڕیارەی شێخ مەحمود دڵخۆش بوو. لە تشرینی دووەمی 1918 داوای لە مێجەر نۆئێل کرد بە نوێنەرایەتی ئینگلیز بچێتە سلێمانی. سیاسەتی گشتی بریتانیای لەگەڵ کوردەکاندا بەم چەند دێڕە بۆ نۆئێل دەردەبڕێ: «پێویستە بۆ سەرۆک هۆزەکانی روون کەیتەوە کە ئێمە هیچ نیازێکمان نییە ئیدارەی نامۆ بە داب و نەریت و خواستەکانیان بچەسپێنین. پێویستە سەرۆکی عەشیرەتەکان بۆ پێکهێنانی یەکێتییەک هان بدەیت، بۆ ئەوەی کاروبارە گشتیەکان بە رێنمایی حاکمە سیاسییەکانی بریتانی یەکلا بکرێنەوە
نۆئێل لەگەڵ مێجەر دانلیس کە راوێژکاری سەربازی بوو، 16ی تشرینی دووەمی 1918 گەیشتنە سلێمانی ‌و پێشوازییەکی فەرمی و بەرفراوانیان لێکرا. «بۆ ڕۆژی دوایی، بە فەرمی شێخ مەحمودی وەک حوکمداری کوردستانی باشور ناساند.
کارەکانی نۆئێل تەنها فریاگوزاری و رێکخستنەوەی کاروباری دەوڵەتمەداری نەبوو، بەڵکو هاوکات لەگەڵ ئەو کارانەیدا سەروی خۆی ئاگادارکردۆتەوە، کە دەبێ بەخێرایی کار بکرێت بۆ رێکخستنی ئیدارەی سیاسی کوردستان.
مێجەر نۆئێل پێچەوانەی بەشێکی زۆر لە ئینگلیزەکان پێی وابوو: «هەستی نەتەوایەتی لای کوردەکانی سلێمانی ئەوەندە پێگەیشتووە کە توانای خۆبەڕێوەبردنیان هەبێ، بۆیە پێویستە بریتانیا زۆر بە پەلە و عەزمەوە، دەوڵەتی کوردی دامەزرێنێت».
جی بی هولر، راوێژکاری سیاسی ئینگلیز لە ئەستەمبووڵ سەبارەت بە نۆئێل دەڵێ: «کەللەڕەقە، دەترسم نۆئێل ببێتە لۆرانسی کوردەکان، ئەو پێغەمبەری کوردەکانە».
بەڵام ئەم دۆخە زۆری نەخایاند لەو کاتەی نۆئێل لە باکوری کوردستان بوو، بەهۆی دەست تێوەردانی تورک و نەمانی متمانە لە نێوان شێخ محمود و کاربەدەستانی باڵای بریتانیا، ناکۆکی لە نێوان کورد و ئینگلیز سەری هەڵدا و گەیشتە رادەی پێکدادانی سەربازی. لە 18ی حوزەیرانی 1919 لە دەربەندی بازیان شەڕێکی خوێناوەی دەستی پێکرد و بە بەدیل گرتنی شێخ مەحمود، کۆتایی بە یەکەمین حوکمداری شێخ مەحمود هات.
عەباس وەلی، پسپۆر لە بواری ناسیۆنالیزمی کوردی، بەشی زۆری شکست هێنانی ئەو هەوڵانە دەخاتە ئەستۆی شێخ مەحمود: «شێخ مەحمود بە هۆی سیاسەتە هەڵە و پەشۆکاوەکانییەوە، نەیتوانی ئەو هاوسەنگیەی کە دەیویست، لە نێوان دەسەڵاتەکانی عوسمانی و دواتر تورکیا و بریتانیادا دروست بکات، ئەو سیاسەتە هەڵانەش بوونە هۆی لەناوچون و دوورکەوتنەوەی».

قۆناغی سێیەم: سەردەمی قەڵەم و تەنزیمات:
لەدوای گرتنی شێخ مەحمود و رەوانە کردنی بۆ هیندستان، ئینگلیزەکان ئیدارەی راستەوخۆییان بەسەر باشوری کوردستان سەپاند. لە سلێمانی و شارەکانی دیکەدا ستراکچەرێکی مۆدێرنی بەڕێوەبردنیان دامەزراند.
مێجەر سۆن، کە دوای مێجەر نۆئێل کرابوو بە حاکمی سیاسی، بەشدارییەکی کارای کرد لە پێشخستنی لایەنی کلتوری لە سلێمانی. ئەو باوەڕی وابووە کە کۆمەڵگای کوردی لە ئێستادا توانای خۆ بەڕێوەبردنی نییە و دەکرێ لە رێگەی بووژانەوەی کولتوور و بەرقەرار کردنی یاسا و رێکخستنی ئیدارەوە، کورد ئامادە بکرێت بۆ خۆبەڕێوەبردن. سۆن دوای رۆژنامەی <تێگەیشتنی راستی>، یەکەم رۆژنامەی بە ناوی «پێشکەوتن» لە رۆژی 29ی ئەپرێلی 1920 دەرکرد. هەرچەندە رۆژنامەکە زمان حاڵی ئیدارەی ئینگلیز بوو، بەڵام رۆڵی گەورەی گێڕا لە پێشخستنی زمانی کوردی. شیوەزاری سلێمانی کرد بە زمانی نووسین.
سۆن، لە ماوەیەکی کەمدا ئیدارەی شارەکان بەشێوەیەکی مۆدێرن رێکخست و دادگاکانی دامەزراند و کەرتی کشتوکاڵی بەشێوەیەکی بەرچاو بوژاندەوە و چەند قوتابخانەیەکی کردەوە و زمانی کوردی لە فەرمانگە و قوتابخانەکاندا کرد بە زمانی فەرمی و بە دروستکردنی چەندین پرد و رێگای نوێ شار و شارۆچکەکانی سلێمانی بەیەکەوە بەستەوە.
مەکدوڵ، سەبارەت بە رۆڵی مێجەر سۆن لە سلێمانی دەڵی: «مێجەر سۆن کۆلینالیستێکی جیاواز بوو، لە ناخەوە لەگەڵ کورد راستگۆ بوو، لەگەڵ مافی چارەی خۆنووسینی کوردەکاندا بوو، شکۆیەکی وای بۆ سلێمانی دروست کردبوو، پێشتر بە خۆیەوە نەیدیبوو».
پیرەمێردیش سەبارەت بە سۆن دەڵێ: «مێجەر سۆن کوردیی بۆ خستینە مەیدان.
نەوشیروان مستەفاش سەبارەت بە گرنگی بە فەرمی کردنی زمانی کوردی لەلایەن مێجەر سۆنەوە رای وایە: «لەم قۆناغەی ژیانی کوردا، لە ناو ئەو گۆڕانەی بەسەر نەخشەی سیاسی ناوچەکەدا هاتبوو، چەسپاندنی زمانی کوردی گرنگیەکی زۆر گەورەی هەبووە
مێجەر سۆن، بە هۆی نەخۆشییەوە مۆڵەتی وەرگرت و گەڕایەوە بریتانیا، لە جێگەیدا گوڵد سمیس دەستبەکار بوو. سمیس درێژەی بە سیاسەتەکانی سۆن دا و زیاتر دەستی بۆ نوخبەی کوردی شل کرد.
گەڕانەوەی ئەفسەر و تەکنۆکرات و مونەوەران
لە دوای سەقامگیری سلێمانی لەسەر دەستی مێجەر نۆئێل و بووژانەوەی کولتووری کوردی لەسەر دەستی مێجەر سۆن، پەیتاپەیتا ئەو ئەفسەر و تەکنۆکراتانەی کە لە دەوڵەتی عوسمانیدا پلە و پۆستیان هەبوو، دەگەڕانەوە بۆ سلێمانی. لەماوەیەکی کەمدا مستەفا پاشای یامولکی، سدیق قادری، محەمەد ئەمین زەکی، تۆفیق وەهبی، ساڵح زەکی، مەحمود جەودەت و ئەمین فەیزی هاتنەوە سلێمانی.
رەفیق سابیر بەرهەمی پەرەسەندنی بیری ناسیۆنالیزم لە باشوری کوردستاندا دەگەڕێنێتەوە بۆ رۆڵی ئەو ئەفسەر و فەرمانبەرانە و پێی وایە: «ناسیۆنالیزم، لە باشوری کوردستاندا، بەرهەمی پێشکەوتنی کۆمەڵگای باشور و ئەنجامی پێشکەوتنی ئابوری و کلتوریی ئەو بەشەی کوردستان نەبوو، بەڵکو وەک بیرو ئایدۆلۆژیایەکی سیاسی، کۆمەڵێک روناکبیری خەڵکی ئەو هەرێمە لە دەرەوەی ناوچەکە و لە باکوری کوردستان و ئەستەمبووڵەوە لە گەڵ خۆیان هێنایانەوە باشور، ئەوان لە دوای هەڵوەشانەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، وەک روناکبیرانی ئەو سەردەمەی عەرەب گەڕابوونەوە زێد و شارەکانی خۆیان.. «
مستەفا پاشا یامولکی (1866 – 1936)، یەکێک بوو لەو ئەفسەرە کوردانەی بە گەڕانەوەی جموجۆڵێکی سیاسی و کلتوری و دیپلۆماسی و رۆژنامەوانی بەشێوەیەکی بەرچاو پەرەی سەند. ئەو لە وتارێکدا ئامانج لە گەڕانەوەی خۆی بەم شێوەیە لە رۆژنامەی بانگی کوردستاندا دەربڕیوە: «زانیم کوردستان لە مەوقیعێک و زەمانێکی نازکدایە و دەمزانیش کە ئەگەر سیاسەتێکی زۆر دووربینانە و عاقڵانە و عاجیلانە نەبێ بۆ کوردستان، ژیان لە خاریجیی ئیمکانە، بە ئومێدێکی عالییەوە هاتمەوە وەگنی کوردان!.
رەفیق سابیر رۆڵی ئەو نوخبەیەی کە لە دەرەوە هاتبوونەوە لە حکومەتەکەی شێخ مەحمودا بەژداربوون بەم شێوەیە هەڵسەنگاندوە: «زۆربەی رووناکبیران، کە لە قوتابخانە نوێیەکانی کوردستان، یان ئەستەمبوول و هەندێ شاری دیکەی عوسمانی خوێندبوویان و ئاگاداری بزاڤی ناسیۆنالسیتی نەتەوە دراوسێکان بوون، بەشداری کاری رووناکبیری و سیاسییان کردبوو. هەندێکیان توانیان شوێنی گرنگ لە ناو حوکمڕانیی شێخ مەحموددا بە تایبەتی لە بواری خویندن، راگەیاندن و رۆشنبیریدا بگرن، بەڵام لە بواری رێکخستن و سەرکردایەتی و بڕیاری سیاسیدا تەئسیریان نەبوو، ئەوان لە دەوری سەرکردایەتیی بزاڤەکەدا مانەوە و ملکەچی سەرکردایەتی شێخ مەحمود و بڕیارەکانی بوون.
کارە گرنگەکانی مستەفا پاشا یامولکی:
یەکەم: دامەزراندنی جەمعیەتی کوردستان:
مستەفا پاشا یامولکی کە لەو سەروبەندەدا لە تورکیاوە گەڕابووەوە بۆ سلێمانی، دەیوسیت زۆرترین کەڵک لە بوونی ئەو سیاسەتەی گوڵد سمیس وەربگرێت، ئەوە بوو دوای وازهێنانی مێجەر سۆن و داخستنی رۆژنامەی «پێشکەوتن»، راستەوخۆ داوای دامەزراندنی «جەمعیەتی کوردستانی لە <گوڵد سمیس>ی حاکمی سیاسی ئینگلیز لە سلێمانی کرد و ئەویش رەزامەندی لەسەردا.
21ی تەموزی 1922، <جەمعییەتی کوردستان> بە شێوەیەکی فەرمی دامەزرا، مستەفا پاشا یامولکی بە سەرۆکی کۆمەڵەکە هەڵبژێردرا
دامەزراندنی <جەمعییەتی کوردستان> وەک یەکەمین رێکخراوی سیاسیی و کولتووریی کوردی لە باشووری کوردستان، جگە لەوەی پڕۆژەیەکی گرنگی بەمەدەنی کردنی کۆمەڵگایەک بوو، کە تا ئەو دەمە بنەما خێڵەکی و شێخایەتییەکان ئاراستەیان دەکرد؛ لە هەمان کاتدا دانانی بەردی بناغەی قۆناغێکی نوێ بوو لە خەباتی نەتەوایەتی کوردستاندا.
جەمعییەتی کوردستان، دەیویست ناسیۆنالیزمی کوردی تەنها لە بەرگریکردن لە زمان و مێژوو و کولتووری کوردیدا قەتیس نەکات، بەڵکو بیکاتە خاوەنی ئایدۆلۆژیایەکی نەتەوەیی و لە مەسەلە ئابوری و سیاسیی و کۆمەڵایەتیەکاندا، خاوەنی گوتاری خۆی بێت.
جەلال تاڵەبانی سەبارەت بەو جەمعییەتە نووسیویەتی: «جەمعییەتی کوردستان کاری دەکرد بۆ یەکخستنی تواناکانی رۆشنبیر و خوێندەواران و کاسبکارە نیشتمان پەروەرەکانی کورد، هەرچەندە جەمعییەتێکی بچوک بووە، بەڵام زۆر چالاک بووە لە سلێمانی و موژدەی ریالیستیانەی پێ بوو بۆ زەرورەتی ئەوەی حکوومەتەکەی شێخ مەحمود بکات بە حکوومەتێکی نیشتمانی کوردی و دوریخاتەوە لە عەشائیریەت و بنەماڵەیی.. جەمعییەتەکە رەخنەی لە هەوڵەکانی شێخ مەحمود گرتووە کە ویستوویەتی ئۆرۆستکراتیەتێکی خێڵەکی بەسەر شاری سلێمانیدا بسەپێنێت و داوای دانانی دەستور و ریفۆرمی ئیداری کردووە. «
سێیەم: رۆژنامەی بانگی کوردستان:
بانگی کوردستان بە زمانەکانی کوردی و فارسی و تورکی دەردەچوو. <بانگی کوردستان> بوارێکی گرنگی بۆ ئەو ئەدیب و نوسەرانە رەخساند کە هەڵگری بیری نەتەوەیی کورد بوون بۆ ئەوەی بۆچوونەکانی خۆیان بە ئازادانە دەرببڕن.
لەو دروشمەی کە بەسەر رۆژنامەکەوە هەیە دەردەکەوێ کە نووسەرانی ئەم رۆژنامەیە باوەڕیان بە شەڕوشۆڕ نەبووە:
زەمـانی گـورز و ڕم ڕابـورد، ئێـستا پاڵەوان عیلمە
سیـلاح دەستە، صـەنعـەت باریقەی تیغ وسینان عیلمە
ئەم رۆژنامەیە رۆڵێكی دیاری گێڕا لە بەرەو پێش بردنی هەستی نەتەوەیی و تەشەنەدان بە گیانی نیشتمان پەروەرانی ئەو سەردەمە.
قۆناغی چوارەم: سلێمانی لە سایەی <مەلیک مەحمودی ئەوەل>دا:
لەبەر خەرجی زۆر و تەنگ پێ هەڵچنینی تورکەکان، ئینگلیزەکان ناچار بیریان لە گەڕانەوەی شێخ مەحمود کردەوە بۆ بەڕێوەبردنی سلێمانی و کوتایی پێهێنانی گێچەڵی تورک. شێخ مەحمود، 30ی ئەیلولی 1922 لە گەڵ مێجەر نۆئێل¬ گەیشتنەوە سلێمانی. لە 10ی تشرینی دووەمی 1922 بە حوکمدارێتی رازی نەبوو، خۆی وەکو <مەلیکی کوردستان> ناساند و ئاڵای کوردستانی سەربەخۆی هەڵکرد، کابینەی دووەمی خۆی کە لە هەشت کەس پێکهاتبوو، راگەیاند. لەگرنگترین کارەکانی ئەو کابینەیە کردنەوەی مەکتەب بوو.
شێخ مەحمود، مستەفا پاشا یامولکی کرد بە <رەئیسی مەعاریف>. چەندین قوتابخانە لە سلێمانی دروست بکات. لەسەردەمی ئەودا ژمارەی قوتابیان گەیشتە 800 قوتابی.
دوای داخستنی رۆژنامەی بانگی کوردستان، شێخ مەحمود رۆژنامەی <رۆژی کوردستان>ی کرد بە زمانی حاڵی حکومەتەکەی. ئەدمۆنز سەبارەت بەم رۆژنامەیە دەڵێ: «بۆ تێگەیشتن لە کێشەی کورد بەو شێوەیەی کە ناسیۆنالیستەکانی سلێمانی دەیانویست، باشترین سەرچاوە گواستنەوەی بەشێک لەو وتارانەیە کە لە رۆژنامەی <رۆژی کوردستان>دا بڵاو بووەتەوە».
هاوکات لە گەڵ ئەم پێشکەوتنانەی سلێمانی، ململانێیەکی تووند هەبوو لە نێوان سێ رەوتی دژ بەیەک؛ رەوتی خزمانی شێخ مەحمودکە پاڵیان بە شێخ مەحمودەوە دەنا لە ئینگلیزەکان دوورکەوێتەوە و خۆی لە تورکەکان نزیک بکاتەوە، رەوتی تورکخوازەکان- جلخوارەکان، ئەمانەش داوایان دەکرد کوردستان بگەڕێتەوە بۆ ژێر رکێفی تورکەکان. رەوتی ئەفسەرەکانی پێشوی سوپای عوسمانی کە داوایان لە شێخ دەکرد سیاسەتێکی هاوسەنگ و واقعیانە بگرێتەبەر و لەگەڵ سەردەمدا خۆی بگونجێنێ و لەگەڵ ئینگلیزەکاندا تێکی نەدا، چونکە ئەمانە لەچاو تورکەکاندا هێزێکی نوێ و پێشکەوتوخوازن.
بەڵام ئەم خواستەی ئەوان بە شەهید کردنی جەمال عیرفان و عارف سائیب و هەوڵی تیرۆرکردنی مەستەفا پاشا و تۆفیق وەهبی و زیندانی کردنی ئەحمەد موختار بەگی جاف، وەڵام درایەوە.
شێخ مەحمود، لە کۆتاییدا پشتی لە بریتانییەکان کرد و لەگەڵ تورکەکاندا پەیوەندی بەست. ئەوەش وایکرد بریتانیاییەکان بگەنە ئەو باوەڕەی کە: «ئێستا کوردەکان لە گیرفانی ناسیۆنالیستەکانی تورکدان، پشت بەستن بە کوردەکان بۆ دروست کردنی گوشار لەسەر تورکەکان خەونێکە و نایەتەدی
مێجەر نۆئێل، کە زانی شێخ مەحمود زیاتر بەلای تورکەکاندا دەیشکێنێتەوە «نامەیەک بۆ مەندووبی سامی لە بەغدا دەنووسێ و رایدەگەیەنێت کە مەحاڵە سود لە شێخ مەحمود ببینین و 6ی تشرینی یەکەمی 1922 سلێمانی بەجێهێشت. <کابتن چاپمان>ی لە جێگەی خۆی دانا، دوای مودەتێک ئەویش لەبەر هەمان هۆکار سلێمانی دوورکەوتەوە.
ئەدمۆندز، 21ی شوباتی 1923 بە بروسکەیەک شێخ مەحمودی ئاگادار کردەوە کە بچێت بۆ بەغدا، گەر ئەوە نەکات لەکارەکەی بەرکەناری دەکەن، بەڵام شێخ مەحمود ئامادە نەبوو بچێ و گوێی بە هەڕەشەکانی بریتانیا نەدا. لە 2ی ئازاری 1923 بۆمباران کردنی سلێمانی دەستی پێکرد، و دوای دوو رۆژ شێخ مەحمود پاشەکشەی کرد بۆ دەرەوەی سلێمانی. بەمجۆرە کۆتایی بە حکوومەتی دووەم هات و جەنگی پارتیزانی دەستپێکرد.
زۆربەی ئەفسەر و منەوەرەکانی سلێمانی لەگەڵ ئەوەدا نەبوون شێخ مەحمود جارێکی دیکە لەگەڵ ئینگلیزەکاندا تێکیدایەوە، بۆیە بەشی زۆریان یا لەگەڵیدا نەچوون، یان کە چوون زۆر زوو گەڕانەوە: «ئەم هەڵوێستەی شێخ مەحمود وایکرد زۆرێک لە کەسە میانڕەوەکان لە شێوازی فەرمانڕەوایەتییە توندوتیژەکەی و هەڵسووکەوتە چاوەڕوان نەکراوەکانی بێزار بن. تەنانەت هەندێ لە ئەندامانی بنەماڵەکەی خۆی کە پێش چەند مانگێک داوای گەڕانەوەیان دەکرد، ئەو باوەڕەیان لا پەیدابوو کە چیتر توانای بەڕێوەبردنی کاروباری ناوچەکەی نییە».
قۆناغی پێنجەم: سەردەمی تۆپ و بۆمبا
هەڵگیرسانەوەی شەڕی چەکداری هەموو پرۆژەکانی ناسیۆنالیستەکانی کوردی لە سلێمانی پەکخست. جەمعییەتی کوردستان و رۆژنامەکانی بانگی گوردستان و رۆژی کوردستان داخران، بەشی زۆری منەوەرەکانی کورد کە لە گەڵ شەڕ و پەنابردن بۆ چەک و بۆ تورک نەبوون، ئاوارەی بەغدا بوون.
شێخ مەحمود وئەوانەی لە گەڵیدا چووبوون بۆ شاخ، شان بەشانی شەڕی پارتیزانی، لە کارە کلتورییەکانییان بەردەوام بوون. چاپخانەی (بەلەدیە)یان بردبوو، لە ڕۆژی 8ی ئازاری 1923 یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی <بانگی حەق>ی بە دوو لاپەڕە بڵاوکردەوە و لە ژێر ناونیشانی ڕۆژنامەکەدا نوسراوە «ناشکێ بە تۆپ و بۆمبا سەرفرازە بانگی حەق» و <غەزەتەیەکی ڕەسمییە لە قەرارگاهی عمومی ئۆردوی کوردستان گەبع دەکرێ و غایە و ئەمەلی ایستحساڵی حقوقی کوردە».
سەرەڕای هەموو ئەو گوشارە سەربازی و سیاسییانەی کە لەسەری هەبوون، شێخ مەحمود کۆڵی نەداوە و بەردەوام بووە لە جەنگی پارتیزانی و زیانی زۆری گیانی و ماددی بە ئینگلیزەکان گەیاندووە، رۆژی 17ی حوزەیرانی 1923، ئینگلیزەکان بە ناچاری جارێکی دیکە سوپاکەیان لە سلێمانی کشاندووەتەوە.
شێخ مەحمود گەڕایەوە ناو شار و حکوومەتی سێیەمی کوردستانی بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری وڵات پێکهێنا. لە 20ی ئەیلولی 1923 رۆژنامەی <ئومێدی ئسیتیقلال>ی دەرکرد.
ئەحمەد خواجە هەواڵی دەرچوون لە یادداشتەکانیدا تۆمارکردووە: «پێنج سەد دانەی لە پۆستەخانەکەی کفرییەوە ئەنێردرا بۆ ئینگلیزەکان و پیاوە ناسراوەکان لە بەغدا، هەموو هەفتەیەک بە دەستوورەوە رۆژنامەی ئومێدی ئیستیقلال بڵاوئەکرایەوە.
بریتانیا بە تەواوەتی لەسەر ئەوە ساغ بووەوە ویلایەتی موسڵ و سلێمانیش بلکێنرێت بە دەوڵەتی عێراقەوە، کارەکانی شێخ مەحمود دژی ئەو سیاسەتە نوێیەی بریتانیا بوو، بۆیە دوای نزیکەی ساڵێک، بریتانیا و عێراق هێزێکی زۆریان کۆکردەوە بۆ داگیرکردنەوەی سلێمانی، پەلامارەکان بە بۆمبارانی فڕۆکەکانی بریتانیا بۆ سەر سلێمانی و هێزەکانی شێخ دەستی پێکردوو، هێزی زەمینی دەوڵەتە تازە دامەزراوەکەی عێراق و سەربازەکانی ئینگلیز و لیڤی ئاشوری، توانیان لە 19ی تەمووزی 1924 بۆ یەکەم جار سلێمانی داگیر بکەن و کۆتایی بە حکوومەتی سێیەمی شێخ مەحمودی حەفید بهێنن.

بەشی دووەم:
رۆڵ و کاریگەری قوتابخانەی سلێمانی ناسیۆنالیزمی کوردی:
وەکو لە بەشەکانی پێشوودا دەرکەوت لە پایزی 1918ەوە تاوەکو 19ی تەموزی 1924 سلێمانی تاقە شاری هەرچوارپارچەی کوردستان بوو کە بە ئازادی و سەربەستی دەژیا، لەو ماوەیەدا، نوخبەی مونەوەری سلێمانی توانیان بناغەیەکی پتەو بۆ ناسیۆنالیزمی کوردی لە کوردستانی جنوبی¬دا دامەزرێنن. ئەم قوتابخانەیە خاوەن پرۆژەی سیاسی و کلتوری و پەروەردەیی خۆی بوو، بە پێچەوانەی ناسیۆنالیزمی كوردی لە باکوری کوردستان و ئەستەمبووڵ، ئەمان دەرفەتی ئەوەیان بۆ ڕەخسا تاوەکو پرۆژەی ناسیۆنالیزمی خۆیان لە بیر ‌و ئایدیاوە، بگۆڕن بۆ واقع و پراکتیزەی بکەن، لەسەر چەند ئاستێک کاریان بۆ چالاکی هەمەجۆر کرد. ئەو چالاکیانە دەکرێ لە دوو ئاستێکدا پۆلێن بکرێن:
یەکەم: ئاستی سیاسی و دیپلۆماسی:
1: میللەت سازی:
دروست کردنی میللەت و ناسنامەی میللی، بابەتی سەرەکی منەوەرەکانی کورد بووە و لەوەدا گومانیان نەبووە کە میللەتی کورد میللەتێکی دێرین و خاوەنی مێژوویەکی هەزاران ساڵەیە، هاوکات باوەڕەیان وابووە بە هۆی داگیرکردنی کوردستانەوە، میللەتی کورد ناچار کراوە کەمتر گرنگی بە ناسنامەی نەتەوەیی خۆی بدات و بەرەو لای ناسنامەیەکی بچوکی لۆکاڵی و خێڵەکی بڕوات.
هەر بۆیە پاش رەخسانی هەل، دەستیان داوە بە پرۆژەی سەرلەنوێ دروستکردنەوەی شوناسی میللی کورد. بۆ ئەم مەبەستە دەستیان داوەتە کاری ریکخراوەیی و کلتوری و کۆمەڵایەتی. ئەوان هەوڵیانداوە لە رێگەی یەک سازی خەڵک لە چوارچێوەی جوگرافیایەکی سیاسی کە کوردستانە، ژێرخانی کلتوری و ئابوری و پەروەردەیی بەشێوەیەک رێکخەنەوە کە میللەتی کوردی لێبکەوێتەوە.
ئەم پرۆژەیە هەرچەندە درێژخایەن و ئاڵۆز و پڕ خەرجی بوو، بەڵام ئەوان تێگەیشتبوون لەوەی بەبێ دروستکردنی کلتور و ناسنامەی میللی و بەشداری کردنی خەڵک، مەسەلەی دامەزراندنی دەوڵەت کارێکی ئاستەم دەبێ.
کۆمەڵگای کوردی لەو سەردەمەدا لە ژێر هەژموونی ئاین و خێڵدا بوو، بۆ دەرباز کردنی ئەو کۆمەڵگایە لەو هەژموونیە و جێگرتنەوەی وەفاداری میللی لە جێگەی وەفاداری لۆکاڵی و ئاینی، دەبوایە ناسیۆنالیستەکانی سلێمانی هەندێ تاکتیکی سیاسی و کۆمەڵایەتیان بەکاربهێنایە. «هەندێک لەو باوەڕەدان بناغەی وەفاداری میللی هەڵقوڵاوی داخوازی و پێداویستیەکانی مرۆڤە، واتە کاتێک خەڵک بزانن لەبەرامبەر وەفاداری و پاپەندبوونیان بۆ میللەتەکەیان ئاسایش و پاراستنی بۆ فەراهەم دەبێ و پێگەیان بەهێز دەبێ و بەشێک لە نیازەکانیان بەدی دێ، ئەو کات وەفادارییان بۆ ئەو گروپ و کۆمەڵە دەردەبڕن».
شارەزایان پەرەسەندنی بیری ناسیۆنالیزم لە ناو گەلانی جیهانی سێیەم دەگەڕێننەوە بۆ «دەرکەوتنی چاپەمەنی، دروست بوونی ناوەندەکانی پەروەردەو فێرکردن (قوتابخانە) لە گەڵ دامەزراندنی حزب و جەمعییەت و گروپە رێکخراوەکان.
ناسیۆنالیستەکانی سلێمانی لە رێگەی بەکارهێنانی ئەو سێ کەرەستەوە هەوڵیاندەدا لە نێو خێڵە پەرتەوازەکانی کوردستاندا کلتوری هاوبەش و مێژووی هاوبەش و زمانی هاوبەش و ئابوری هاوبەش دروست بکەن، کە بناغەی میللەتە.
2: دەوڵەتی نەتەوەیی:
رەنگە ئەم چوارینەیەی شێخ نوری شێخ ساڵح (1896- 1958) کە دروشمی رۆژنامەی ئومێدی ئیستیقلال بووە، جوانترین دەربڕین بێت بۆ بیری سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی لە لای مونەوەرەکانی سلێمانی لە سەرەتای بیستەکانی سەدەی رابردوو:
خـودایـە بەسیە ئیتر لابــــەری دەیجووری ئیـــزمیحلال،
تلــووعـی پـێ بكەی خورشیدی ڕۆژی پاكی ئیستیقبال
لەگەڵ خولیایی هیجرەتدا، بەسەرچوو عومری شیرینم
دەسـا نـۆبەی ویصـاڵە، ئـاهـ.. ئــەی ئـومێدی ئیستیقلال
دەوڵەتی نەتەوەیی زاراوەیەکی بەربڵاوی زانستی سیاسیە و لە ئەنجامی بزوتنەوە ناسیۆنالیستییەکانی سەدەی نۆزدەیەم و بیستەم پەرەی سەند. ئینگلیزەکان بە گەیشتنیان بە عێراق هەوڵی ئەوەیان داوە کورد خۆی لە تورک جیاکاتەوە و کار بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی خۆی بکات: «ئەی کورد، برایان! هەمو پەمو لە گوێ دەربێنن و چاو بکەنەوە بۆ یەکبونی خۆتان هیمەت بکەن و، شەرەفی باوباپیرتان بکڕنەوە. لە خدمەتکاری تورک و مورک خۆتان رزگار بکەن. لە پاش دا پەشیمان دەبن و پەشیمانی بە کەڵکتان نایە ها
منەوەرەکانی کورد لەم تێگەیشتنەوە بۆ دەوڵەتی نەتەوەیی، پێیان وابووە کە میللەتی کورد خاوەن رابردوویەکی گەش و مەزنە و بەڵام بە هۆی داگیرکاری و ئیهمالی سەرکردەکانییەوە رۆژی گەیشتووە بەم رۆژە.
شێخ نوری شێخ ساڵح، داوای کردوە عیبرەت لە رابردوو وەربگیرێت و لە رێگەی مەعاریف و دروست کردنی سوپایەکەوە کار بۆ سەربەخۆیی بکرێت: «مەعاریف ئیصڵاح بکەین، ئووردو تەنسیق و تەقوویە بکەین، هەموو سەعی و کۆشش تەحصیلمان بۆ ئومێدی ئیستقبال، بۆ تەئەمینی ئیستقلالییەت بێت، چونکە نەتیجەی تەعمیری فەلاکەت دەورێکی موشەعشەع و موعەڤەم پەیدا دەکات».
رەفیق حیلمی (1898 – 1960) باسی لە گرنگی حکوومەتی نەتەوەیی بۆ گەلێکی ژێردەستەی وەک کورد کردوە و بە پرسیاری «عەجەبا حکوومەت میللیە فائیدەی چییە؟» دەستی پێکردوە و هەر خۆشی لە وڵامدا وتوویەتی: «فائیدەی یەکجار عەڤیمە، ئەمە ئەصڵەن ئینکار ناکرێ، ئیحتیاج بە ئیچاحیش نیە. بەشەرگێک ئەولیائی ئموور دوورئەندێش بێ، ئیستقبال بێنێتە بەرچاو. چونکە فائیدەی لەوەدایە کە نەسڵی حاچر بە فیکری موجادەلە پێ بگا…».
لەوەش زیاتر، پێی وایە لە سایەی دەوڵەتێکی سەربەخۆدا، عەقڵیش بە ڕووی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکاندا دەکرێتەوە، بۆیە نووسیویەتی: «نەوەیەک لەژێر ئیدارەی میللییەدا، دەماغ زیاتر موستەعیدی ئینکیشافە، هەتا دەماغیش لە تەچەیق ئازاد دەبێ. دیارە کە مەنافیعی میللییە زیاتر حوسنی ئیستیعمال دەکرێ.
ئەو، پێشبینی ئەوەی کردووە حکوومەتی سێیەمی شێخ مەحمود بەردەوام نابێ، بۆیە داوای لێکردووە ئازادیی فیکری و سیاسی بۆ خەڵک فەراهەم بکات، بۆ ئەوەی میللەت بە نەزانینەوە نەکەونە ژێردەستی داگیرکەرە چاوەڕوان کراوەکەی عێراق: «حکوومەتی میللییە، مادام لە ئاتیی خۆی تەئمین نەبێت، لازمە سەعی بکات کە میللەت بە جەهالەتی موگڵەقەوە دەس ئەغیار نەکەوێ، فیکرەن، سیاسەتەن، قابیلیەتی موجادەلەی ببێ. بۆ ئەوەی کە تەئسیسی هەموو نەوعە ئیدارەیەکی ئیمحاکارانە مومکین نەبێ.

3:چالاکی دیپلۆماسی:
ناسیۆنالیستەکانی کورد لەماوەی نێوان ساڵی 1919 بۆ 1924 بە مەبەستی گەیاندنی داخوازییەکانی کورد و تێگەیشتن لە نییەتی ئەوان، چەند وەفدێکی دیپلۆماسییان بۆ وڵاتانی جیاجیا ناردووە لەوانە:
ناردنی وەفد بۆ لای ئینگلیز:
لەکاتی هاتنی ئینگلیز بۆ ناوچەکە، یەکەم هەوڵی دیپلۆماسیان بە پەیوەندی کردن بە ئینگلیزەوە دەست پێکرد، بۆ ئەوەی لە مەرام و نییەتیان تێبگەن و داخوازییەکانی خۆیانیان پێبگەیەنن شێخ مەحمود لە سلێمانی کەسایەتی و سەرۆک خێڵ و زانا ئایینی و بازرگانەکانی شاری کۆ کردۆتەوە بڕیاری دۆستایەتی لە گەڵ ئینگلیز دەدەن و چەند داواکارییەک دەخەنە بەردەستیان، لەوانە:
– رێگە نەدرێ جارێکی تر بە هیچ جۆرێ دەسەڵاتی تورکی بگەڕێتەوە ناوچەکە.
– گەلی کوردیش لە ریزی نەتەوە ئازادەکان دا بژمێردرێ و مافی ئازادی پێ بدرێ.
– داوا لە دەسەڵاتی ئینگلیز کراوە نوێنەری خۆی بنێرێ بۆ رێککەوتن لە سەر جۆری بەڕێوەبردنی ناوچەکە و، جۆری هاوکاری ئینگلیز و کورد.
ناردنی وەفد بۆ پاریس:
رۆژی 20ی ئاداری 1919 بەمەبەستی پشتیوانی کردن لە هەوڵەکانی شەریف پاشا لە کۆنگرەی ئاشتی پاریس، شێخ مەحمود مەزبەتەیەکی بە خەڵکی سلێمانی ئیمزا کردوە بەگوێرەی ئەوە، شەریف پاشا کرا بە نوێنەری کوردەکان لە (کۆنفرانسی ئاشتی لە پاریس) بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی میللەتی کورد. ئەم مەزبەتەیە لە شاری سلێمانی و بەبەرچاوی مێجەر نوئێلەوە نووسراوە. وەفدەکە لە ڕەشید زەکی کابان و سەید ئەحمەد بەرزنجی پێکهاتبوو. رەفیق حیلمی کە خۆی نووسەری مەزبەتەکە بووە لە یادداشتەکانیدا نووسیویەتی: «شێخ مەحمود مەزبەتەیەکی بە ئەهالی و عەشایەری ئەم هەرێمە مۆرکرد، کە بەپێی ئەمە شەریف پاشای کوردی دانیشتووی پاریس کرا بەنوێنەری کوردەکان لە کۆنفرانسی ئاشتی بۆ داواکردنی حقووقی قەومی کورد».
ئەگەرچی نوێنەرەکانی کورد نەیانتوانی مەزبەتەکەی سلێمانی بگەیەنن بە دەستی شەریف پاشا، بەڵام لە رێککەوتنامەی سیڤەردا خاڵەکانی (62-63-64) لە بەرژەوەندی کورد تۆمارکران، دواتر ئەو خاڵانە بوون بە بنەما بۆ پەیمانی سیڤەر لە ئابی 1920. ئەوە یەکەم جار بوو کێشەی کورد لە ئاستی نێو دەوڵەتیدا قسەی لەسەر کرا و دان پێدانانێکی نێودەوڵەتیش بوو بە کێشەی کورددا.
ناردنی وەفد بۆ لای یەکێتی سۆڤیەت:
لە کۆتایی ساڵی 1922، پاش ئەوەی نێوانی شێخ مەحمود و ئینگلیز دەگاتە بن بەست، نامەیەکی لە رێگەی عاریف سائیب و رەشید ئەفەندییەوە ناردوە بۆ كونسوڵی حكوومەتی روسیا لە ئازەربایجان و تێدا داوای کردوە: «گەلی باشووری كوردستان ئامادەن بكەونە ژێر فەرمان و خۆی بكاتە قوربانیی بۆ عەدالەتی بەشكۆی رووسی و هەموو كات ئامادەیە بەدڵ و بەگیان و بە شەرەفێكی بەرزەوە لە خزمەتی ئێوەدا بێت. بەڵام لە بەرامبەردا ئێوە چی بە ئێمە دەدەن؟ و لەو چوارچێوەیەدا مەرجەكانی ئێوە چین؟ ئێمە داوای مافە نەتەوەییە رەواكانی خۆمان دەكەین. بۆ ئەوەی كە ئەو پەیوەندییەی ئێمە روونتر و بەهێزتربێت، هەروەها بۆ ئەوەی كە دوژمنەكەمان بێ هێز بكەین، وڵاتی ئێمە پێویستی بە هەندێك چەك و تەقەمەنی وەكو مووشەكی دوورهاوێژ، مەتەرلۆز و فڕۆكە و فیشەك هەیە.»

ناردنی وەفد بۆ تورکیا:
رۆژی 21ی شوباتی 1923، شێخ مەحمود هەیئەتێک کە پێکهاتبوون لە رەفیق حیلمی و ئەحمەد تەقی و فەتاحی ئەمینی عەتار- ژن برای شێخ، نارد بۆ تورکیا بۆ ئەوەی رەزامەندیی ئەنقەرە لەسەر دامەزراندنی موختارییەتی کوردستان بەدەست بهێنێ. دوای نزیکەی دوو مانگ، 25ی نیسانی 1923 گەیشتونەتە ئەنقەرە. رۆژی 28ی نیسانی 1923 وەفدەکە چاویان کەوتووە بە سەرۆک وەزیرانی حکوومەتەکەی ئەنقەرە و نامە و راسپاردەکانی شێخ مەحمودیان خستووەتە بەردەستی، ئەویش بە راشکاوی پێی وتوون: «مەجلیسی گەورەی میللەت ئێستە لە حاڵەتی کۆبوونەوەدا نییە و تەعتیلی هەیە، لەبەر ئەوە جارێ ناتوانین لەم لایەنەوە هیچ بڵێین.
4: کوردستانی بوون لە جێگەی عوسمانی
ناسیۆنالیستەکانی کورد لە بنەما فیکرییەکانی خۆیاندا کوردستانی بوونیان بە ئەسڵ دەزانی و لە رێگەی هێنانەوەی یادی تاوانەکانی دەوڵەتی عوسمانی و تورکەکان بەرامبەر بە کورد و سلێمانی بە تایبەت، کاریان دەکرد بۆ رەها بوون لە میراتی عوسمانی.
رەفیق حیلمی، سەبارەت بە دۆخی کوردستان پێش هاتنی عوسمانییەکان نووسیویەتی: «لە کوردستان ژمارەیەکی زۆر قوتابخانە هەبوو، بنیادەم هەستی دەکرد کوردەکان زۆر حەزێکی راستەقینەیان بۆ زانست هەیە، قوتابخانەیەک یا دوو یان هەندێ جار زیاتریش لە هەر شار و شارۆچکە و تەنانەت گوندێکی کوردستاندا هەبووە. حکوومەتە کوردییەکان پشتیوانییان لە قوتابخانەکان کردووە. جگە لە یارمەتی دارایی و مەعنەوی لە لایەن حکوومەتە کوردییەکانەوە، چین و توێژەکانی گەلیش هاوکاریی ئەو قوتابخانانەیان کردووە. هەر تاکێک لە تاکەکانی گەلی کورد، گرنگی زانست و پیشەسازی دەزانی، زانای گەورە لە جەزیرە و ئامێدی و سۆران و سعرت و جێگاکانی دیکەی کوردستان، هەبوون، بەڵام دوای لکاندنیان بە دەوڵەتی عوسمانییەوە، ئەو قوتابخانانە یەک لە دوای یەک لەناوچوون و ژمارەی قوتابییەکانیش رۆژ لە دوای رۆژ کەمی کردووە، تا گەیشتوەتە رادەی نەمان».
رۆژنامەی تێگەیشتنی راستی لە سەروتاری ژمارە ٢٥ ی رۆژی ٢٢ ی نیسانی ١٩١٨ دا نوسیویەتی: «لەو رۆژەوە کە کوردستان بە حوسن و رەزای خۆی تەبەعیەتی بە حکومەتی تورک کرد تا ئەمڕۆ قەومی کورد چە خێرێکی لێ چاو پێ کەوت. ئەو حاکمیەتە عەزیزەی خۆی بۆ بەخشی و عەبدایەتی قبوڵ کرد. چە پاداشتێکی درایە. بەڵێ جەهالەتیان تێدا تەعیم کرد و گەڕاندیانەوە زەمانی نوح و تەرەقیەکی مەعکوسیان پێ کردن. ئەمەتا عەدالەت، ئەمەتا ئینساف.»
شێخ نوری شێخ ساڵح، دژایەتیی خۆی بۆ دەوڵەتی عوسمانی و تورکەکان دەردەبڕێ و لە رێگەی خستنەڕوی مێژووی داگیرکردنی سلێمانی لە لایەن تورکەکانەوە: «لە رۆژێکەوە کە حکوومەتی تورک حقوقی حوکمداریی بابانەکان و قەوومییەتی کوردە مەڤلومەکانی غەصب و ئیستیلا کردووە، هەتا تەخلییەی تورکەکان، غەیرئەز خصومەت و فەلاکەت، ئەسبابێکی تەرەقی و سەعادەتیان بۆ ئەم قەوومە مڤلومە ئیڤهار نەکرد. بیلعەکس دائیمەن سەعی و جەهدیان بۆ ئەوە کرد کە یەکێ لەم میللەتە میللییەتی خۆی تەرک نەکا، شایەد کردبێتی، فەورەن نەفی یان ئیعدام کراوە. بە هەموو صورەتێ مەفکورەی میللیەتی لەم قەوومەدا ئیمحا کردبوو».
5: قەبوڵ کردنی سیستمی پادشایی:
هەرچەندە پێشتر لە کوردستاندا سیستمی پادشایی فەرمانڕەوا نەبووە، بەڵام ناسیۆنالیستەکانی کورد لە سلێمانی لاریان نەبووە لەوەی شێخ مەحمود وەک پادشای کوردستان فەرمانڕەوابێ و سیستمەکە ببیتە سیستمێکی پادشایی پشتاوپشت.
تەنانەت ئەوانەشی رەخنەیان لە خودی شێخ مەحمود هەبووە سیستمی پادشاییان رەت نەکردوەتەوە، رەخنەی ئەوان لە هەڵسوکەوت و جۆری بیرکردنەوەی شێخ مەحمود بووە. ، مستەفا پاشا یامولکی، بەم شێوەیە پشتیوانی خۆی بۆ خانەدانی شێخ مەحمود دەربڕیوە: «هەموو کەس دەزانێ کە لەو رۆژەوە واصیڵی عێراق بوم، هەر بۆ کوردایەتی، هەر بۆ هاتنەوەی حەچرەت، هەر بۆ تەعالیی خاندانی موحتەرەمی حەچرەتی حوکمدارم سەعی دەکرد، حەتا زۆر دەفعە ئینگلیزەکان بە منیان دەووت نازانم تۆ بۆچ ئەوەندە حەز بە هاتنی جەنابی شێخ دەکەی؟! هەڵبەت دەبێ بزانین ترس لە لکاندنی باشوری کوردستان بە عێراق و گەڕانەوە بۆ ژێر دەسەڵاتی عوسمانی و پاڵپشتی ئینگلیزەکان بۆ شێخ مەحمود، لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەو پشتیوانیە بووە.
شێخ نوری شێخ ساڵح وا باسی لە رۆڵ و کاریگەری شێخ مەحمود کردوە و بە ناوی بردوە: «مەلیک مەحمود ئەوەل ، بۆ سەعادەت و تەرەقیی ئەم میللەتە، هەموو نەوعە فیداکارییەکی ئیختیار کرد؛ تا ئەمجارە بە ئامالی خۆی کە سەعادەت و تەرەقیی ئەم وەگەن و میللەتەیە نائیل بوو و ئەم میللەتەش لە سایەی هیمەتی وەگەن پەروەرانەی موشار ئیلەیهیەوە، بە رۆژی سعادەت و ئازادیی خۆی گەیشت. هەر بمێنێ مەلیکی کوردستان.
عەبدوڵڵا زێوەر (1875-1948) کە یەکێک بووە لە مونەورە دیارەکانی ئەو سەردەمە، بەم دێڕە هەم ستایش و هەم بەیعتی خۆی بە شێخ مەحمود دەربڕیوە:
کــورد ئاخـری موئەییەدە، خۆی حاکمە و ئەمییر
لەم عەزمە رۆحی (حەزرەتی مەحموودە) پێشەوا
6: بوژانەی ئابووری و پیشەسازی:
مستەفا پاشا یامولکی، لە رۆژنامەی بانگی کوردستاندا، وێنەیەکی روونی دۆخی دواکەوتووی ئابووری و کۆمەڵایەتی ئەو دەمەی کوردستانی کێشاوە، لەو نووسینەدا رەخنەی توندی لە دۆخی ئابوری کوردستان گرتووە: «تەماشای عالەم بکەن لە صەنعەت و مەعریفەت دا لە ئێمە پاشکۆتر کێ هەیە؟ کاڵایەکمان نییە بۆ سەتری عەورەتمان کافی بێ، دەرزی و دەزویەکمان نییە کە دەسکردی وڵاتمان بێ، نیشانەی عەزەمەت و خانەدانی کە ئێستا عیبارەتە لە شەکر و چای ئەوانیش هی کوردستان نییە، لە جێگای تر دێن. .. کفنی مردوومان لە ئۆروپاوە، مەلۆتکەی منداڵمان لە ئەمریقاوە دێت.
لە وتارێکی دیکەدا ئەرکی بە ئاگا هێنانەوەی میللەتی لەو دۆخە ئابورییە خراپ و نالەبارە خستووەتە ئەستۆی منەوەرەکانی کورد: «قەومی ئێمە کە ئێستا لە دونیادا لەو قەومە فەقیرانەیە کە لە مەعاریف و صەنایعدا زۆر پاش کەوتوون و ئیحتیاجێکی زۆریان بە صەنعەت و مەعاریفە و لەبەر ئەمە گەلێکیان لە ئەحواڵی دونیا بێ خەبەرن و زۆر فەقیرش ماونەتەوە، خزمەتی ئەم قەومە یاریدەی ئەمانە، لەسەر هەموو باخەبەرێک، لەسەر هەموو تێگەیشتوویەک لازمە».
مێجەر نوئێل، بەلەبەرچاوگرتنی دۆخی داتەپیوی ئابوری کوردستان، لە ماوەی مانەوەی لە کوردستاندا، بوژانەوەی ئابوری کرد بە پێشەنگی کارەکانی و پرۆسەیەکی بە ناوی <فریاکەوتنی خێرای کوردستان> دەست پێکرد. مەکدوڵ، سەبارەت بە کاریگەریەکانی ئەو پرۆسە نووسیویەتی: «بارودۆخی ئابووری باشکرد، کشتوکاڵ بوژایەوە، زیاتر لە 100000 دار چێنران، بەرهەمی توتن سێ هێندە زیادی کرد، ژیان بەبەری سلێمانی‌دا کرایەوە و لەو ماوە کەمەدا چڕیی دانیشوانەکەی 50% لە جێگاکانی دیکەی عێراق زیاتر بوو».
<مێجەر سۆن>یش دوای شەڕی دەربەندی بازیان، بۆ دڵنەوایی و ئارام کردنەوەی خەڵکی سلێمانی، هەندێ هەنگاوی هەڵنا: «.. دەستی دایە دروستکردنی رێگەوبان و کردنەوەی قوتابخانە و دروستکردنی خەستەخانە و چەند قەزا و ناحیەیەکی تازەی دروست کرد.
یەکێک لە کارە دەگمەنەکانی ئەو دوو ئەفسەرە بریتی بووە لە هاندانی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی لە سلێمانی و فرەچەشن کردنی جۆرەکانی. بە رادەیەک بۆ ئەوەی جووتیاران ناچار نەبن بچنە ژێر باری سەلەم و سودی توجار و ئاغاکانەوە، حکوومەتی ئەو کاتەی سلێمانی (قەرزی زراعەت)ی داوەتە جووتیاران. لە ژمارە (21)ی رۆژنامەی (پێشکەوتن)دا هۆکاری ئەو قەرز پێدانەی روون کردووەتەوە، و دەڵێ: «.. حکوومەت هەر ئەمەی ئەوێ و بۆ ئەمە ئەم هەموو پارەیە بڵاو ئەکاتەوە کە ئەهالی دیهات راحەت بن و باش رابوێرن و دەوڵەمەند بن و موحتاجی کەس نەبن و قەرز و سود و سەلەم نەکەن… «.
جگە لەوە، لە زۆربەی ژمارەکانی رۆژنامەی پێشکەوتن رێنمایی کشتوکاڵی لە چۆنێتی چاندنی لۆکە و توتن و جۆرەکانی دیکەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بڵاوکراوەتەوە، لە یەکێک لە ژمارەکانیدا ئەم هەواڵە کە ریکلامە بۆ هاندانی جووتیارانی کورد بڵاو کراوەتەوە: «ویستی حکوومەت بۆ ئەمەیە کە یاریەی زوراع بدا بۆ بەرزبوونەوەیان. زوراعی میسر ئێستا لە جاران گەلێ دەوڵەمەندترن، لەم ناوەیش زوراعی باش خەریک ببن، پێش زوراعی ئەوێ دەکەون، چونکە زەوی ئێرەش باش بکرێت لە هی ئەوێ خراپتر نابێ، بەشکو باشتریشی دەگەیەنێنێت».
جمال عیرفان (1881 1922) – یەکێک لە منەوەرە دیارەکانی ئەو سەردەمە، لەو کاتەی کە توتن تاکە سەرچاوەی داهاتی سلێمانی بووە، لە وتارێکدا داوای کردوە کارگەی توتن دامەزرێت لە سلێمانی و نووسیویەتی: «بۆ حصوڵی ئەم مەقصەدە، ئێمە ئەبێ واز لە عەقڵی سەقیمی قەدیم بهێنین، نەختێ موتەمایلی فەن و صەنعەت بین. زەمانی ئەوە نەماوە هەر لە گەبیعەت ئیستیفادە بکرێ، وەکو هەموو قەوومێ ئێمەش ئیستیمداد لە صەنایع و مەعاریفی حاچیرە بکەین، بۆ ئێمە موتەخەصصی زراعەتی توتن ماکینەی صاچاغ (رشتە) لازمە و شەرگی ئەعڤمە ماکینەی رشتە بۆ حەیاتی ئیقتصادیەیی ئێمە رۆحێکی تازە و بە قیمەت دەبەخشێ».
شێخ نوری لەوتارێکدا بەم شێوەیە پشتیوانی لە بۆچوونی جەمال عیرفان کردوە: «ئەم فکرە بە نەزەرێکی حەقیقی تەماشا بکرێ. ئەزانن چەند فەوائیدی تیا هەیە، ئەوەلەن لادێ‌ی ئیغفال ناکەین، درۆو دەلەسەی تیا ناکەین. بۆ شکات محاکەم ئیشغال ناکەین. سود و سەلەمی بێ شەرعی تیا ناکەین، پارەکەمان حەڵاڵ ئەبێ، عەشر و رەسمی حکوومەتی مونتەزیم ئەدەین، توتنەکەمان بە هەوەسی خۆمان ئەفرۆشرێ.
دووەم: ئاستی کلتوری و پەروەردەو فێرکردن
1: رۆژنامە و چاپخانە:
مێجەر سۆن لە گەڵ خۆیدا یەکەم چاپخانەی هێنایە سلێمانی، شێخ نوری بە زمانی کوردی لەژێر ناوی «ماکینەی چاپ»دا وتارێکی زۆر گرنگی سەبارەت بە چاپخانە نووسیووە: «ماکینەی چاپ یەکێکە لە نیشانەی تەرەقییاتی میللەت، .. میللەتێ صاحیبی مەگبعە و مالکی غەزەتەیەکی میللی خۆی بێ بۆ تەرەقی و تەعالی. میللەتەکەی هەر غایە و ئەمەلێک تەعقیب بکا، ئەتوانێ بە دەنگێکی بەرز و بڵند بیگەیەنێتە گوێی ئەو کەسانەی کە گوێگر و خادم و معارف میللەتن».
لە وتارێکی دیکەدا بۆ مەبەستی زۆرکردنی ژمارەی رۆژنامەکان، داوا دەکات چاپخانەی دیکە بکڕێت: «ئیپبات زبان و موجوودییەتی میللی لە ناو میللەل و ئەقوامی سائیرەدا»، چونکە «ئەم میللەتە ئەگەر موتەعدد مەکینەی چاپی بوو، ئەتوانێ لە هەموو نەوع عیلم و فەنی تەئلییفات یا تەرجەمە بکات و چاپ بکرێ، و لائەقەل لە هەفتەیەکدا سێ دەفعە غەزەتەی پێ دەربکا».
رەفیق حیلمی کە هەرلەسەرەتای دەرکەوتنی رۆژنامە و چاپخانە لە کوردستان یەکێک بووە لە نووسەرە بەردەوامەکانی رۆژنامەکانی ئەو سەردەمە، بەم شێوەیە باس لە گرنگی رۆژنامە دەکات: «مەعلوومی هەموو لایەکە کە غەزەتە نەشری ئەفکاری میللەتە و لەم زمانی نەزاکەتەدا هەر فیکرێک کە بە ناوی میللەتەوە دەرجی ستوونی جەریدە بکرێت، موگڵەقەن تەعەللوقی بە سیاسەتی میللەت و حکوومەتێکەوە هەیە.
مستەفا پاشا یامولکی سەربەخۆیی دەبەستێتەوە بە بوونی رۆژنامەی ئازاد و دەنووسێ: «هەر قەومێ بڵێ حوڕڕم و ئارەزوی تەرەقیی بێ، مەگبووعاتیشی، رۆژنامەشی دەبێ سەربەست بێ، لەژێر قەیدی ریادا نەبێ، بۆ عیبرەت کردنی ئەفرادی میللەت، هەرچی لازمە تیا بنووسرێ… «.
لە جێگەیەکی دیکەدا دەنووسێ: «قەومێ لەم زەمانەدا مەعاریفی نەبێ و بۆ تەرجومانی ئەفکاری و ئیعلانی مەوجوودییەتی و بۆ موستەخبیرات لە یار و ئەغیاری، مەگبووعاتێکی <غەزەتەیەکی>، حوڕڕی نەبێ، ئەو قەومە، ئەو میللەتە، پێێ ناڵێن قەومی (مەدەنی)، پێی دەڵێن (بەدەوی)، کە لە جیهانی مەدەنیەتدا نە حورمەت و نە ئیعتبارێکی دەبێ و نە بە قەول و فیعلی برەو ئەدرێ.
مونەوورەکانی ئەو سەردەمە زۆر جەختیان لەسەر ئازادی رۆژنامەوانی و ئازادی بیروڕا کردوەتەوە و لەو بارەشەوە رەفیق حیلمی نووسیویەتی: «هەرکەسێک ببی بە حاکمی مەملەکەت مەیدان بە ڤوڵم و ئیستیبداد نەدرێ، میللەت ئیدراکی مەنافیعی خۆی بکا بۆ تەعقیبی ئیستیحصاڵی بە سەرایەی جەسارەتی مەدەنییەوە موجەهەز بێ، ئەمەش بە واسیگەی سەربەستی مەگبووعات حووڕییەتی ئەفکارەوە مومکینە.»
نەوەی یەکەمی ناسیۆنالیستەکانی سلێمانی هەرچەندە بە تازەیی ئاشنای کاری رۆژنامەنووسی و وتارنووسین ببوون، بەڵام بەردەوام کاریان دەکرد لەسەر ئاشناکردنی خەڵک بە چەمکەکانی نەتەوە، ناسنامەی نەتەوەیی و یەکێتی نەتەوەیی و دەوڵەتی کوردی و سەربەخۆیی و وەرگرتن و فێربوونی عیلم و سەنعەت و گرنگیی پاراستنی زمان و زانینی مێژووی کۆنی کوردیان بۆ خەڵک شی دەکردەوە.
رەفیق سابیر سەبارەت بەو نووسین و وتارانەی کە لە رۆژنامەکانی سەردەمی شێخ مەحموددا بڵاوکراونەتەوە رای وایە: «رۆڵێکی گرنگیان لەپێشخستنی هۆشیاری نەتەوەیی و بیری سیاسی و گەشەپێدانی رۆشنبیری و زمانی کوردیدا گێڕا، مەسەلەی دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی سەربەخۆ و رەتکردنەوەی لکاندنی باشوری کوردستان بە عێراقەوە شوێنێکی گرنگیان لەو رۆژنامە و بڵاوکراوانەدا گرتبوو.
بەراوردێکیش بۆ ئاستی پێگەیشتنی سیاسی نووسەرانی ئەو سەردەمە و ئێستا دەکات و دەڵێ: «مرۆڤ کاتێک رۆژنامەکانی سەردەمی شێخ مەحمود دەخوێنێتەوە، کە ئەم دەستە رووناکبیرانە بەڕێوەیان دەبرد، لەچاو ئەو سەردەمەدا، ئاستێکی ئەوتۆی پێگەیشتنی سیاسی و بیرێکی روونی ئەوتۆی ناسیۆنالیزم بەدی دەکات، کە نە لە بزاڤی چەکداری ئەیلول و نە لە حکوومەتی هەرێمی ئێستای باشوری کوردستاندا بەدی نەدەکران و ناکرێن. ئەم دیاردەیە بە نیسبەت سەردەمی کۆماری مەهاباد و بزاڤی ئێستای کورد لە کوردستانی رۆژهەڵاتیشدا راستە.»
2: گرنگیدان بە مەسەلەی پەروەردە و کردنەوەی قوتابخانە:
یەکێک لە کارە لە پێشینەکانی منەوەرەکانی سلێمانی بۆ یەکخستنی کۆمەڵگای کوردی لە ژێر چەتری میللەتی کورد و دروستکردنی هەستی هاوبەش، گرنگیدانیان بوو بە مەسەلەی پەروەردە و فێرکردن و برەودان بە خوێندەواری. منەوەرەکان لەو سەردەمەدا لە نووسینەکانیاندا لە خەمی دروستکردنی زمان و رێنوسی هاوبەش بوون بۆ خەڵکی باشوری کوردستان.
یامولکی لەوبارەوە دەڵێ: «ئەی جەوانمەردانی کوردان! ئەی نەتەوەی ماد و پەهلەوییان! بخوێنن، بنووسن. ئێوە و خوا، حەیف نییە پیاوێک بۆ ئیشوکارێکی پێویستی خۆی بۆ ژنی و یا ژنێک بۆ کەس و کاری خۆی، نەتوانێ کاغەزێک بنووسێت و ئەوەی لە دنیادایە دوراو دور بە یەکتری حاڵی نەکەن و بۆ دوو سێ کەلیمە نووسین ژنان بە ماڵانەوە، پیاوان دوای فەقێیانی مزگەوتانەوە بگەڕێن و قسەی پەنهانی خۆیان بە بێگانە بخوێننەوە!».
مستەفا پاشا یامولکی رەئیسی مەعارف، سەبارەت بەو بایەخدانەی شێخ مەحمود بە مەسەلەی پەروەردە و مەعاریف و رۆڵی رەفیق حیلمی لە بواری پەروەردەدا، نووسیویەتی: «حەچرەتی حوکمدار وەک بۆ دەوائیری تر ئیرادەی فەرموو بوو، بۆ مەعاریفیش تەشکیلاتێکی چاک و موستەعجەلی ئیرادە کردبوو، لەسەر ئەمە لە گەرەف ریاسەتی مەعاریفی کوردستانەوە لە نەفسی سلێمانی¬دا لەژێر ئیرادەی مودیریی رەفیق حیلمی ئەفەندی کە حەقیقەتەن لە ئەزکیای شوبانی وەگەنە، مەکتەبێکی ئیعدادیی حەوت صنفی (سێ صنفی روشدییەیە) بەناوی موبارەکی حوکمدار، یەعنی مەحمودی و مەکتەبێکی روشدییەیەکی جیا بە ناوی جەنابی سوپاسالار شێخ عەبدولقادر ئەفەندییەوە یەعنی روشدیەی قادرییە و دوو مەکتەبی ئیبتیدائی بە ناوی مەخدوومانی حەچرەتی حوکمدارەوە، رەئوفیە و لگیفیە تەشکیل و بەو نەوعەش بۆ نام نرانیان موساعەدە فەرموورا..»
رەفیق حیلمی کە خۆی هەم مامۆستا و هەمیش راوێژکاری رەئیسی مەعاریف بووە، بەم شێوەیە هەڵسەنگاندنی بۆ پرۆسەی پەروەردەو فێرکردن لە سەردەمی حوکمڕانی شێخ مەحمود کردوە:
«هەرچەندە قوتابخانەکان کەم بوون، لە هەمان کاتدا کتێبیش زۆر دەگمەن بوو، کەرەستەی وانەوتنەوە هەر نەبوو، قوتابخانەکان مامۆستای پێویستیان نەبوو، چاودێری نەبوو، سەرپەرشتیاران پێ رانەگەیشتن؛ بە کورتی حکوومەت و خەڵک پشتیوان نەبوون، بەڵام سەرەڕای ئەوەش لەبەرئەوەی زمانی کوردی ببوو بە زمانی دەرس ¬وتنەوە، بەو ژمارە کەمەی مامۆستای کوردەوە توانرا مەنهەجی ساڵێک بە سەرکەوتوویی لە نیو ساڵدا بوترێتەوە و قەرەبووی ئەو رۆژ و مانگانەش بکرێتەوە کە بە هۆی شۆڕشەوە قوتابخانەکان دادەخران، ئەو پێنج ساڵەی نێوان 1922-1927 کە شۆڕشەکەی شێخ مەحمود بەردەوام بوو، ئەنجامی قوتابخانەکانی سلێمانی یەکجار باش بوو، ئەوەی ئاگاداری ئەو سەردەمە بێ، دەزانێ قوتابیانی سلێمانی لە قوتابی لیواکانی دیکەی عێراق سەرکەوتوو تر بوون لە بەغدا، ئەوەش بە هۆی رەنج و تەقەلای مامۆستا گەنجەکانی کورد و بە هۆی ئەوەوە بوو کە زمانی کوردی ببووە زمانی دەرس وتنەوە».
3: گرنگیدان بە زمانی کوردی:
زۆربەی ناسیۆنالیستەکانی سلێمانی لەوباوەڕەدا بوون کە زمان پێکهێنەری نەتەوەیە، ئەم باوەڕەیان هەڵقوڵاوی قوتابخانەی ئەڵمانییە بۆ پێناسەکردنی ناسیۆنالیزم. سەبارەت بەکارە کولتوورییەکانی ئەو نوخبەیە، ئەمیری حەسەنپور نووسیویەتی: «ئەو رۆشنبیرانە هەوڵیاندا لە رێگای ستاندارد کردنی زمانی کوردییەوە، ئەم زمانە پێشبخەن و بیکەن بە ئامرازێک بۆ پەروەردەیەکی مۆدێرن وپێکهێنانی میدیاکان، ئەدەبیات و کولتوور.
لە نێو کەسایەتیە فکری و فەرهەنگییەکانی ئەو سەردەمەدا دەکرێت بەشێوەیەکی تایبەت ئاماژە بە کاروکردەوە و بیروبۆچوونەکانی دوو کەس بدرێت کە جەختیان لە سەر زمانی کوردی وەک پێکهێنەرێکی سەرەکی نەتەوەی کورد دەکردەوە.
مێجەر سۆن، کەکاری دەکرد بۆ ئەوەی زمانی کوردی پێش کەوێ و ببێتە زمانی نووسین. زمانی کوردیی کردووەتە زمانی خوێندن و نووسین، ئاڵوگۆڕی نوسراوەکانی میریی کردووەتە کوردی، بە دەستی خۆی ئەلف و بێی زمانی کوردی چاپ کردووە و بەسەر قوتابخانەکاندا دابەشی کردووە. خەڵاتی داناوە بۆ ئەو نوسەرانەی کە بە کوردی پەتی دەنووسن و وشەی بێگانە بەکار ناهێنن. جگە لەوانە، وەک نەوشیروان مستەفا نووسیویەتی: «لە رێگەی رۆژنامەکەیەوە کاری کردووە بۆ چەسپاندنی زمانی کوردی وەکو زمانی نووسینی رۆژنامەوانی و رەسمی دائیرەکانی حکوومەت و هەوڵدان بۆ بژارکردنی زمانی کوردی لە وشەی ناقۆڵا و نائاشنای بێگانە».
سۆن لە رۆژنامەی <پێشکەوتن>دا لە وڵامی ئەو فەتوایەی کە مەلاکانی ئەو سەردەمە گوایە «تەدریسات و ئیکتسابی عەرەبی مەنع بکرێ دین دەفەوتێ..» هانی خەڵکی داوە گرنگی بە زمانەکەی کوردی بدەن: «مادام کوردین بێ زمانی کوردی ناژین، مناڵمان، ئەحفادمان بە هەچ زمانێک شەگڵ کرا بەو زمانە سەر دەردێنێ، کە تەدریجەن لە جێی کورد و کوردستان نەمامێکی تر هەڵدەچێ.. بڕیاری بە فەرمی کردنی زمانی کوردی لە خوێندن و فەرمانگە حکوومییەکاندا، کاردانەوەیەکی باشی لێکەوتەوە و شێخ نوری بەم شێوەیە وەسفی ئەوەی کردوە: «ئێمە ئەبێ هیچ وەقتێ منەتداریی حکوومەتی فەخیمە (ئینگلیز) فەرامۆش نەکەین کە ئەم زمانەی خۆمانی بۆ کردوین بە زمانێکی رەسمی و ئەم خزمەتە لە نەڤر بەشەرییەتدا خزمەتێکی تەئریخییە، لەبەر ئەمە تا گیانمان بمێنێ، ئەم سەعادەتی زمانە لەدەست نادەین».
شێخ نوری شێخ ساڵح، کە براوەکەی خەڵاتەکەی مێجەر سۆن بووە، بۆ کوردی پوخت نووسین، زۆر گرنگی بە پاراستنی زمانی کوردی داوە و پێی وا بووە هیچ نەتەوەیەی بەبێ زمان بوونی نییە: «ئینسان دائیما بۆ موحافەڤەی لیسانی، زیاتر لە گیانی تێ بکوشێ، چونکە بە رۆیشتنی گیان، حەیاتی قەوومییەت ناڕوا، بەڵام بە نەمانی زمان بناغەی مللیەت ئەڕۆخێ.
شێخ نوری، لە جێگەیەکی دیکەدا لە بارەی گرنگی زمانەوە بۆ نەتەوە، دەڵێ: «بە تەجرەبە و دەلائیلی عەقڵییە پابت بووە کە میللەتێ یان قەوومێ هەرچەندە دووچاری ئینقیلابات و فەلاکەت ببێ، بەو شەرگەی کە زمانی خۆی موحافەڤە بکا قەوومییەت و میللەتی خۆشی موحافەڤە ئەکا، چونکە زمان مادەی حەیات و رۆحی قەوومییت و میللەتە».

4: سەرلەنوێ نوسینەوەی مێژوو:
ناسیۆنالسیتەکانی سلێمانی بۆ جیاکردنەوەی کورد لە تورک و عەرەب، لە نووسینەوەی مێژوودا لەسەر دوو ئاست کاریان کردوە؛ یەکەم ناسنامەی نەژادی دووەم ناسنامەی مێژوویی. لە ئاستی نەژادییا جەختیان لەسەر ئەوە دەکردەوە کە کوردی ئێستا نەوەی میدیا و پەهلەوییە. لە بواری مێژوویشدا بانگەشەیان بۆ جۆرێک لە ناسیۆنالیزم دەکرد کە کاربکات بۆ ژیانەوەی شکۆ و شانازی سەردەمی کۆن.
سەرلەنوێ نووسینەوەی مێژووی کۆن بۆکەڵک وەرگرتن بوو بۆ ئامانجەکانی ئێستایان. لە نووسین و شیعر و ئەدەبیاتەکەیاندا هەوڵیان داوە رەوایەتی خواستەکەیان لە مێژووی کۆمەڵگاکەیاندا پەیگیری بکەن. هەوڵیانداوە بگەڕێنەوە بۆ سەردەمانی پێش هاتنی ئیسلام، کە کورد بەشدارێکی سەرەکی شارستانییەتی ئێرانی بووە، نووسینەوەی مێژوو بەلای ئەوانەوە بۆ دوو مەبەست بووە:
یەکەم: بەئاگا هێنانەوەی خەڵک لە رابردووی پڕلە شانازی باوباپیرانیان کە چۆن لەم نیشتمانەدا توانیویانە لە قۆناغێکدا شارستانیەت بونیاد بنێن. رەفیق حیلمی لەوبارەوە نووسیویەتی: «نەتەوەی كوردی ئێستا كە پاشماوەی حكوومەتەكانی «ماد»ن، لە نەوەكانی بنجی پەهلەویی ڕەسەنن، كاتی خۆی لەگەڵ مازەندەرانییان و ئەفغانییان ئێرانی كۆنیان پێكهێناوە، لە مێژووە كۆنەكانی فورس و زنجیرە گێڕانەوە میللییەكاندا، ئەو شوێنانەی ئەمڕۆ كوردی لێ نیشتەجێن، خەڵكەكەی كۆن بە گشتی بەناوی پەهلەوی ناسراون».

ماویەتی

سەرچاوەکان:
کتێبە کوردییەکان:
1. رەفیق حیلمی، یادداشت بەشی سێیەم، ئامادەکردن و لێکۆڵینەوەو پێداچوونەوەی پاکیزە رەفیق حیلمی، دەزگای رۆشنبیری و بڵاوکردنەوەی کوردی، بەغداد -1992.
2. رەفیق سابیر، کولتوور و ناسیۆنالیزم ، مەڵبەندی کوردۆلۆجی، چاپی سێیەم، سلێمانی، 2008.
3. رەفیق سابیر، ئیمپراتۆریای لم، دەزگای رابون، سوید، 1998.
4. د.نەجاتی عبدوڵڵا، کۆمەڵە و رێکخراوە کوردییەکان 1918-1933 لە بەڵگەنامەکانی هەردوو وەزارەتی دەرەوەی بریتانیا و فەرەنسادا، بەرگی یەکەم، سلێمانی بنکەی ژین، 2008.
4. سێر ئارنۆڵد وڵسن، شۆڕشەکانی عێراق لەماوەی داگیرکردنی بریتانیا بۆ عێراق و کوردستان، وەرگێڕانی سەرمەد ئەحمەد، دەزگای موکریان، 2012.
5. عوسمان عەلی، کورد لە بەڵگەنامەکانی بریتانیدا، وەرگێرانی کامەران جەمال بابان زادە، خانەی موکریانی بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە، هەولێر، هەرێمی کوردستان، 2013.
6. ئەحمەد خواجە، چیم دی، بنکەی ژین، چاپی سێیەم، 2016.
7. مارتن ڤان بروینسێن و ئەوانی دیکە، وەرگێڕانی وریا رەحمانی، ناسیۆنالیزمی کورد لە روانگەی رۆژئاوا، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، 2012.
8. نەوشیروان مستەفا ئەمین، به دەم رێگاوه گوڵچنین ، کورد و کوردستان لە ‘تێگەیشتنی راستی’ و ‘لغە العرب’ دا، کتێبی دووەم – بەرگی سێیەم، چاپخانەی پیرەمێرد ، 2018.
9. نەوشیروان مستەفا ئەمین، بەدەم رێگاوە گوڵ چنین: چەند لاپەڕەیەک لە مێژوی رۆژنامەوانی کوردی 1898- 1958، الدار العربیە للعلوم ناشرون، بیروت- لبنان، 2013، ل 191.
10. هیوا عەزیز سەعید، ناسیۆنالیزمی کوردی 1880-1939، بڵاوکراوەکانی مەکتەبی بیروهۆشیاری ی.ن.ک، سلێمانی 2003.
کتێبە عەرەبییەکان:
1. جلال گالبانی، كردستان والحركە القومیە الكردیە، منشورات النور، بغداد – العراق، الگبعە الاولی 1970.
2. د.سعد بشیر اسکندر، من التخگیگ الی التجزئە – سیاسە بریگانیا العڤمی تجاە مستقبل کردستان، بنکەی ژین- السلێمانیە، 2007.
3. دیڤید مکدول، تاریخ اڵاكراد الحدیپ، ترجمە راج ێ‌ل محمد، دار الفارابی، بیروت لبنان، 2004.
4. رفیق حلمی، الاکراد منژ فجر التاریخ الی سنە 1920.
5. رفیق حیلمی، مقالات، مگبعە اسعد، بغداد، 1956.
6. روبرت اولسون، تاریخ الکفاح القومی الکردی 1880-1925، ترجمە احمد محمود الخلیل، دار اراس- فارابی، اربیل، 2013.
7. سی. جی. ادموندز، کرد و ترک و عرب، سیاسە ورحلات وبحوپ عن شمال الشرقی من العراق، ترجمە جرجیس فتح الله, مگبعە التاخی.
8. م.س لازاریف، المسألە الكردیە 1917-1923، ترجمە د. عبدی حاجی، دار الفارابی. بیروت- لبنان، 2013.
9. محمود الدرە، القچیە الکردیە، دار الگلیە – بیروت،1966.
10. ودیع جویدە، الحرکە القومیە الکردیە نشاتها وتگورها، ترجمە مجموعە من المترجمین، دار الفارابی، بیروت – لبنان، 2013.
کتێب و گۆڤارە فارسییەکان
. 1 دكتر علی اشرف نڤری، ناسیونالیسم و هویت ایرانی، پژوهش حقوق و سیاست، شمارە 22 بهار وتابستان 1386، ص147
2. ناصر هادیان و حەنیفە ریگی، ملت سازی ناکام در پاکستان و چالشهای قومی، فصلنامە روابگ خارجی سال ششم، شمارە اول، بهار 1393.
3. دکتر ابو تراب گالبی، هویت گلبی قومی در فچای مجازی، فصلنامە برنامەریزی رەفاە و توسعە اجتماعی، 1392، شمارە 16.
4 . علی اشرف نڤری، ملت و ملی گرایی در نگاه انتقادی ێ‌نتونی دی.اسمیت، فصلنامه سیاست پژوهی، شماره 3 تابستان 1394، ص16.
رۆژنامە و گۆڤارەکان:
1. بانگی کوردستان
2. پێشکەوتن
3. تێگەیشتنی راستی
4. رۆژی کوردستان.
5. ژیانەوە
6. ژین
7. ئومێدی ئیستیقلال.
ئینتەرنێت:
1. هدایت جان، ناسیونالیسم کردی و دیگران- گفت‌ وگو با دکتر عباس ولی:
2. https://rojpress.wordpress.com/2010/11/13/kurdish-nationalism-and-others/
2. فۆاد حمه خورشید، میجر نوئیل: لورانس الكورد المجهول، الحوار المتمدن-العدد: 4525 – 2014/7/27

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

ناكۆكی لە نێوان حەكیم و خەزعەلیدا دروست دەبێت

بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق، چارەسەری ناكۆكییەكانی ئەم دواییەی نێوان ...

freier porno porno gratis
doğubayazıt escort afşin escort afyon escort afyon escort alanya masaj salonu afyon masaj salonu efeler masaj salonu polatlı masaj salonu merzifon masaj salonu afyon masaj salonu akhisar masaj salonu akçakale escort