سەرەکی » راپۆرت » ئاماده‌کردنی : ئه‌رده‌ڵان عه‌بدوڵڵا » بوشی باوک ئەو پیاوەی کە رابەری سیستەمی نوێی جیهانی کرد

بوشی باوک ئەو پیاوەی کە رابەری سیستەمی نوێی جیهانی کرد

رۆژی شەممە1.12 جۆرج بوشی سەرۆکی پێشوویی ئەمریکا لە تەمەنی 94 ساڵیدا کۆچی دواییکرد، ئەمەش چ لە ئەمریکا و چ لە جیهانیشدا کاردانەوەی گەورەی لە ناو ناوەندە سیاسییەکان و میدیاکاندا دروستکرد. هیچ سەرکردەیەکی ئەمریکا هێندەی ئەو، رۆڵی لە گۆڕانکارییە گەورەکانی جیهاندا نەبووە بە تایبەتی لە سەدەی بیستەمدا، گرنگترینیان رووخانی دیواری بەرلین و یەکگرتنەوەی ئەڵمانیا و هەڵوەشاندنەوەی بلۆکی رۆژهەڵات و پاشانیش رووخانی یەکێتی سۆڤێت، هەروەها رابەرێتیکردنی جەنگی رزگارکردنی کوێت و دامەزراندنی سیستەمی نوێی جیهانی، هەموو ئەمانە لەسایەی جۆرج بووشدا روویدا، هەرئەمەش وایکردووە کە جیهان بە گرنگییەوە سەیری بکەن.

پیاوێک لە باشوورەوە
جۆرج وۆکەر بوش لە ساڵی 1924 لەدایک بووە، باوکی بازرگان بووەو پاشانیش بۆتە ئەندامی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا. جۆرج بوش چۆتە ناو هێزی ئاسمانی ئەمریکا و لە کاتی جەنگی دووەمی جیهانیدا فرۆکەوان بووە، پاش تەواوبوونی جەنگ، لە ولایەتی تەکساس خەریکی بارزگانی نەوت بووە. دواتر ساڵی 1962 تێکەڵی ژیانی سیاسی دەبێت.

لە تەکساسەوە بۆ ناو ژیانی سیاسی
بوش لە ساڵی 1962 تێکەڵی ژیانی سیاسی دەبێت و دەکرێتە ئەندامی سەرکردایەتی پارتی کۆماری لە ولایەتی تەکساس، لە هەڵبژاردنی ساڵی 1966 پشتگیری سەرۆک ریتشارد نیکسۆنی کرد، پاشانیش بووە و نوێنەری ولایەتی تەکساس و ئەندامی کۆنگریس.

ژیانی دیپلۆماتی
بوش زیاتر تێکەڵی ژیانی سیاسی و ئیداری ودیپلۆماتی دەبێت و ساڵی 1971 دەبێتە باڵیۆزی ئەمریکا لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، پاشان لە ناوەڕاستی حەفتاکاندا،کاتێک تازە پەیوەندی نێوان چین و ئەمریکا باش دەبێتەوە، دەکرێتە سەرۆکی شاندی دیپلۆماتی ئەمریکا لە وڵاتی چین، لە مەشدا رۆڵێکی بەرچاوی دەبێت، لە پێشخستن و دانانی بەردی بناغەی نێوان چین و ئەمریکا، کە تا ماوەیەکی زۆر، دوو دوژمنی سەرسەختی یەکتری بوون.

سەرۆکی CIA
لە ساڵی 1976 لە سەردەمی سەرۆک جێراڵد فۆردا، دەکرێتە سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا کە بە CIA ناسراوە، لەم پۆستە دەمێنێتەوە هەتاوەکو ساڵی 1978. ئەمەش ئەزموونی زۆرباشی لە بارەی سیاسەتی جیهانەوە پێ دەبەخشێت.

خەونی گەیشتن بە کۆشكی سپی
پاش ئەزموونێکی بیست ساڵە لە ناو حزبایەتی و حکومەتدا، لە ساڵی 1978 ەوە خۆی وەکو کاندیدی سەرۆکایەتی بۆ ئەمریکا هەڵدەبژێڕێت و دەستدەکات بە هەڵمەتێکی گەورە بۆ خۆی، بەڵام پاشان دەچێتە ناو تیمی رۆناڵد ریگن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و لە ساڵی 1980، دواتر کاتێک ریگن هەڵبژاردنەکە دەباتەوە، دەبێتە جێگریی و بۆ ماوەی 8 ساڵیش لەم پۆستەدا دەمێنێتەوە.

خەونی سەرۆکایەتی
لە هەڵبژاردنی ساڵی 1988 دا جۆرج بوش هەڵبژاردنەکان دەباتەوە، بەمشێوەیەش لە پاش 150 ساڵ بۆیەکەمجار جێگری سەرۆکێک دەتوانێت ببێتەوە بە سەرۆکی ئەمریکا. لە ساڵی 1989 ەوە تاوەکو 1993 دەبێتە سەرۆکی ئەمریکا ، لەو ماوەیەشدا جیهان کۆمەڵێک گۆڕانکاری سیاسی گەورەی تێیدا روودەدات، کە مێژووی مرۆڤایەتی بە تەواوی گۆڕیی و لە قۆناغێکەوە چووە قۆناغێکی تر.

رووخانی سیستەمی کۆن
لە ساڵانی حوکمڕانی بوشدا ، جیهان هەنگاوی بەرەو قۆناغێکی نوێ دەنا، بە تایبەتی لە ئەوروپادا. لەو کاتەدا لە زۆربەی وڵاتە سۆسیالیستەکانی ئەوروپای رۆژهەڵاتدا، شۆڕش و خۆپیشاندان بەردەوام بوو، ئەمەش سەرەتای لە دایک بونی قۆناغێکی نوێ بوو، هەروەها کۆتایی ئەو قۆناغە بوو کە پێیان دەگووت سیستەمی « دوو جەمسەری دوای جەنگی دووەمی جیهانی» و کۆتایی بلۆکی رۆژهەڵات. لەم قۆناغەشدا پیاوێک لە مۆسکۆوە بانگهێشتی ریفۆرم و کرانەوەی دەکرد، کە ئەویش رۆڵی گەورەی لەم سیستەمە نوێیەدا هەبوو، ئەویش میخایل گۆرباتشۆف سەرۆکی یەکێتی سۆڤێتی جاران بوو. پێکەوە لەگەڵ جۆرج بوشدا، رۆڵی گەورەیان لە رووخانی هێمنانەی سیستەمە کۆنەکە بینی.

رووخانی دوژمنە سەرسەختەکەی ئەمریکا
نزیکەی چل ساڵێک دەبوو جەنگێکی سارد، جاراجاریش گەرم دەبوو، لە نێوان ئەمریکا و یەکێتی سۆڤێت دا هەبوو، تاکە دوژمنی ئەمریکا یەکێتی سۆڤێت بوو. جۆرج بوش بووە میراتگری ئەو جەنگە و دواجار توانی تەپڵی سەرکەوتنی ئەمریکا بەسەر نەیارەکەیدا لێبدات و کۆتایی بە سیستەمی سۆسیالیستی و یەکێتی سۆڤێتی هێنرا، ئەمەش سەرەتای سیستەمی نوێی جیهانی بوو کە ئەمریکا پێشڕەوی دەکرد.

دۆستی ئەڵمانیا
هیچ سەرکردەیەکی ئەمریکا هێندەی جۆرج بوش لە لای ئەڵمانەکان خۆشەویست نییە، ئەوەش لەبەر دوو هۆ: یەکەمیان ئەو رابەرێتی رووخانی یەکێتی سۆڤێتی کرد، کە بە دوژمنی سەرەکی ئەڵمانەکان دادەنرا. دووەمیان: لەسەردەمی ئەودا دیواری بەرلین رووخا، کە هەردوو ئەڵمانیای کردبوو بە دوو بەشەوە، هەروەها ئەو پشتگیری تەواوی یەکبوونی ئەڵمانیای کرد، زۆربەی مێژوونوسان پێیان وایە، گەر جۆرج بووش نەبوایە، ئەوا هیچ کاتێک ئەڵمانیا یەکگرتنی بە خۆوە نەدەبینی، چونکە لەو کاتەدا جگە لە یەکێتی سۆڤێت هەریەک لە فەرەنسا و بەریتانیاش دژی یەکبوونی ئەڵمانیا بوون و بە ترسێکی گەورەیان بۆ خۆیان دادەنا.

جەنگی کوێت
خاڵێکی گرنگی تر ئەم پیاوە، رابەرێتیکردن گەورەترین جەنگی ئەمریکا بووە لە پاش جەنگی ڤێتنام، کە ئەویش جەنگی رزگارکردنی کوێت بوو لە چنگی رژێمی سەدام حسێن، زۆربەی چاودێرانی سیاسیش پێیان وایە گەر ئەمریکا نەبوایە، ئەوا هیچ هێزێکی تر نەیدەتوانی سوپای عیراقی لە کوێت دەربکات. لە لایەکی ترەوە بە هاتنی هێزەکانی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناڤین، قۆناغێكی نوێ دەستیپێکرد، کە بە قۆناغی زاڵبوونی ئەمریکا دادەنرێت لە رۆژهەڵاتی ناڤین.

سیستەمی نوێی جیهانی
بە گشتی ئێمەی چەپ رقمان لەم سەرۆکەی ئەمریکا بوو، چونکە ئەو کۆتایی بە قۆناغی سۆسیالیزم هێنا و لە تەواوی جیهاندا رابەرێتی سیستەمێکی نویێ جیهانی کرد کە دوو سیمای سەرەکی هەبوو کە ئەوانیش بریتی بوون لە : یەکەم: زاڵبونی ئەمریکا بەسەر جیهاندا، ئەمریکا وەکو سیستەمی سیاسی وئابووری و فەرهەنگی خۆی بەسەر جیهاندا زاڵ کرد. دووەم: جاڕدان بە نەمانی بیری کۆمۆنیزم و سۆسیالیزم و لە بەرامبەریشدا بڵاوبوونەوەی هزری لیبڕالیزم، لەم قۆناغەدا بیرمەندێکی ناسراوی وەکو « فۆکۆیاما» ئیعلانی « کۆتایی مێژوویی» کرد، کە ئامانج لێی ئەوەبوو کە چیتر فکری کۆمۆنیزم لە وڵاتێکدا جێبەجێ ناکرێت و جیهان ناچارە کە پێڕەوی فکری لیبڕاڵیزمی ئەمریکا بکات.

کورد و حاجی بۆش
هیچ سەرکردەیەکی ئەمریکا هێندەی جۆرج بوش کاریگەری بەسەر کوردەوە نەبووە، لەسەردەمی ئەودا بوو، کە کۆتایی بە دڕندەترین و خوێناویترین سەرۆکی عیراق هێنا کە ئەویش سەدام حسێن بوو، هەروەها لەسایەی ئەودا بوو کە ناوچەی دژە فڕین بۆ کورد دانرا، کە ئەمەش گەورەترین دەستکەوت بوو بۆ کورد و توانرا لە سایەی ئەو دژە فڕینەدا کورد خۆی حکومی خۆی بکات، جا حکومەکە هەرچۆنێک بێت، گرنگ ئەوەیە خۆی حوکمی خۆی بکات. هەربۆیە لە ناو کورد نازناوی « حاجی بوش» یان لێنا.

دەرئەنجام
بە دڵنیاییەوە جۆرج بوش ناسراوترین و گرنگترین سەرکردەی ئەمریکا بووە، ئەوەش بە هۆی ئەوەی لەو ساڵانەی کە ئەو حکومی ئەمریکای کرد، جیهان رووبەروی کۆمەڵێک رووداوی گەورە بۆوە، دەشتوانم بڵێم جگە لە هەلومەرجی مێژوویی، کەسایەتی خۆیشی، کاریگەری گەورەی هەبووە لەو شۆرەتە گەورەیەیەدا. لەهەمانکاتیشدا، ئەو توانی رابەری وڵاتێکەی بە باشی بکات، توانی ئەمریکا بکاتە تاکە زلهێزی جیهان، جا لەوانەبێت ئەوەش بە دڵی زۆر نەتەوە و گەلانی جیهانیش نەبێت.

سەرچاوە:کەنالی بی بی سی ، دۆیتچە ڤێلە. سایتی شپیگل

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

عەرەبستانی سعودیە کۆمەڵێک گۆڕانکاری ئیداری گەورە دەکات

دووبارە هەفتەی پێشوو مەلیک سەلمان لە پڕێکدا کۆمەڵێک گۆڕانکاری وزاریی ...