سەرەکی » چاوپێکه‌وتن » ژنێك کە هەرگیز رێبازەکەی مام بەرنادات

گفتوگۆی نەرمین عوسمان لەگەڵ خاتوو جەیران عەلی بایز

ژنێك کە هەرگیز رێبازەکەی مام بەرنادات

چەند ژنە کەسایەتییەکی ناسراو لە مێژووی کورددا هەن کە لەبواری جیاجیادا کەسانی لێوەشاوەو چالاک بوون، بەڵام هەرگیز ئەو چالاکییانەیان نەکردووەتە بانگەشەو کایەیەک بۆ خۆناساندن، لەوبارەیەوە لە ماوەی رابردوودا خاتوو نەرمین عوسمان کە بۆ خۆشی ژنێکی چالاکی بواری پەروەردەو تێکۆشەرێکی کایەی سیاسیشە زنجیرەیەک سەردان و بەسەرکردنەوەی دەستپێکردووە بۆ گفتوگۆو هەڵدانەوەی لاپەڕە پرشنگدارەکانی ژیان و کارو چالاکیی ئەو خانمانەی کوردستان کە وەک سەربازی ون خزمەتێکی زۆریان بە چەند نەوەیەک کردووە لە بواری جیاجیادا، بەڵام نەوەی نوێ وەک پێویست ئاشنا نییە بە بەخشش و کۆششە مرۆڤدۆستانەکانیان، بۆیە بەسوپاسەوە خاتوو نەرمین پوختەی ئەو گفتوگۆیانە و ئەرشیفی وێنەو بیرەوەرییەکانی ئەو خانمە چالاکوانانە دەنووسێتەوەو بۆ دەربازکرنیشیان لە فەوتان و لەبیرچوونەوە، پێشکەشی کوردستانی نوێ-ی دەکات و کوردستانی نوێش ناوبەناو وێنەکان و چیرۆکی ژیانی پڕ بەخششی ئەو کەسایەتییانە بڵاودەکاتەوە.


لەپشت دیوارە بەرزەکانەوە، پەنجەرە و دەرگا ئاسنینەکان، چاوی جەندرمەکان، بێخەتایی زیندانیەکان، دوور لەجیهانی دەرەوە و ئاوەدانی، غوربەت لەدونیای ئازادی، روح کەلەپچەکراو و بێ ئومێدی، ژیانی ئەو ژنانە بوو کە بەهۆی باوک و برا و مێردەوە گیرابوون، ئەوان لەبەرگری وڵات و ئەمانیش لەنێوان چوار دیواری بەزەبری ڕژێمێکی دیکتاتۆرەوە سەپێنراو، خاتوو جەیران یەکێکە لەو زیندانیانەی کە بەهۆی برایەکی پێشمەرگەوە ساڵ و نیوێک لەزیندان بوو، کات لەزیندان ئەوەندە لەسەرخۆ دەڕوات ئەتوت و میلی کاتژمێر وەستاوە لە چاوەڕوانی ساڵ و نیوێکی بە دەساڵ لێ رۆیشتووە، ئەو خاتوونە خاتوو جەیرانە، خاتوو جەیران عەلی بایز لەشاری سڵیمانی لەساڵی ١٩٦٠ و لەگەڕەکی سەرشەقام لەدایک بووە.

پۆلێک شەهید لە بنەماڵەکەی
خاوەنی باوک و دووبرا و برازایەکی شەهیدە، وەک گێڕایەوە وتی: «باوکم کەسێک بووە دژ بە رژێمە یەک بەدواییەکەکانی عیراق بووە»، لەخدران شەهید کراوە، چووە بۆ سەردانی براکەی کە پێشمەرگە دەبێ، جاشەکان دەچنە سەریان و باوکی شەهید دەکرێ، برا گەورەکەی شەهید تۆفیق عەلی بایز پێشمەرگە بووە لەدەشتی کۆیە، لە شەوگێر بە دەستی جاشەکانی قالە فەرەج و حەمەی بەفراو لەساڵی ١٩٧٨ شەهید دەکرێ، گێڕایەوە «هێشتا چلەی براکەم شەهید تۆفیق نەچووبوو ، زاوایەکم و ئامۆزایەکم و برا بچوکەکەم چوونە شەڕی هەکاری، براکەم زۆر منداڵ دەبێ لەڕێگا زاواکەم و ئامۆزاکەم وتبویان: هەم تازە برایەکت شەهید بووە هەمیش منداڵی»، گێڕایەوە وتی: برا بچوکەکەم ( کەمال عەلی بایز ) ناسراوە بە کەمالە بچووک لەناوچەی بیبجبەگ لەدۆڵی بازیان لەتیپی (47) ی پیرەمەگرون، بەدەستی رژێم شەهیدکراو تا ئێستا تەرمەکەیمان نەدۆزیوەتەوە، هەروەها وتی «( ٣٩) کەس لە کەسوکارم ئەنفال کراون، کەسی زۆر نزیک وەک پورزاو خوشکەزای دایکمن، دوو خوشکەزای باوکم لەسێدارە دراون، هەروەها برازایەکیشم بەناوی (نەجات رەفیق عەلی ) لەشەڕی دژی تیرۆر و ئەنسار ئیسلام شەهید بووە».

لە خۆشی ئەوەی عومەری هاوسەرم پێشمەرگەبوو
گێڕایەوە وتی: لەماڵێکی هەژار پەروەردە بووین، بەڵام باوکم نەیهێشتووە موحتاج بین، چەند هەژار بووین بەڵام سەربەرز و نەفس بەرز فێرکرابووین، وتیشی ئێمە «( ١٠ ) منداڵ بووین، دایکم سەرچاوەی بژێویمانبوو، لەکارگەی جگەرە وەک کرێکار دامەزراو کاری دەکرد و ئامادەیی هەموو کارێکی بەسەربەرزی تیابوو تەنها بۆ ئەوەی موحتاج نەبین، باوکیشم لەهەمان کارگەی جگەرە کاری دەکردو هەمیش سەرپەرشتی دەواجنێکی دەکرد، بەهەوڵی هەردووکیان (١٠) سەرخێزانیان پەروەردە کرد، دایکم ژنێکی زۆر میهرەبان بوو، سەرباری نەبوونی بەخۆشییەوە هاوکاری نەدارانی دەکرد»، خاتوو جەیران گێڕایەوە وتی «کاتێ تەمەنم بوو بە(١٣) ساڵ بەشوویان دام بەعومەر کەریم برای مامۆستا عوسمانی کانی پانکە»، وتیشی «باوەربکە هێشتا لەکۆڵان یاریم دەکرد کە دوایان کردم، ئیتر لەو شارە بۆ کانی پانکە ڕۆیشتم و کاتێ هاوسەرگیریمان کرد، عومەر پێشمەرگە بوو لەگەڵ عومەر رەشاش بوو، باوکیشم لەخۆشی ئەوەی عومەری هاوسەرم پێشمەرگە بوو زوو منی بەشوودا».

ماڵەکەمان وێران کرا
ئەو وتی: لەساڵی ١٩٧٤ بەهۆی ئەوەی خێزانی پێشمەرگەبووین کە پیاوەکان بوون بەپێشمەرگە ئێمەش چووینە دەرەوە و چوینە بیارە و لەوێ خانوێکیان پێداین هەرچەندە منداڵ بووم، بەڵام دووگیان بووم هەر لەوماڵە کورە گەورەکەم چاوی بەدونیا کرایەوە، دوایی لەگەڵ ماڵی مامۆستا عوسمان و ئەڵماس خانی خێزانی چووینە دیوی ئێران لەسەوڵاوا ماینەوە، ئیتر شۆرش هەرەسی هێنا و بەهۆی ئەوەی کانی پانکە وێران کرابوو ماڵی ئێمەش نەمابوو چوینە پێنجوێن دوای ماوەیەک گەڕاینەوە کانی پانکە و کەوتینە ماڵ دروستکردن، دوای دوو ساڵ هاتینە سلێمانی و عومەری هاوسەرم دوکانی ئاسنگەری دانا، کەشۆرشی نوێ دەستی پێکرد تێهەڵچوینەوە و کەوتینە کاروچالاکی، شەهید تۆفیقی برام لەڕێکخستن کاری دەکرد لەگەڵ شەهید ئاسۆی دەلاک و شەهید ئەنوەری عەلە کوردە، هەرسێکیان هەرچی چالاکی ناوشار هەیە بەیەکەوە دەیانکرد و لەهەمان کاتدا من و نیعمەتی خوشکم و رەئوفی برام و خدر نوری زاوام بەشداریمان دەکردن، ئەو سێ شەهیدە ئەگەر ویستی چالاکیان هەبوایە دەهاتنە ماڵی نیعمەتی خوشکم و ئێمەیان دەناردە شوێنی چالاکیەکانیان بۆ ئەوەی بزانن قوات خاصە یان پۆلیسی ڕژێم بێ یان نا، جارێکیان مامۆستا عوسمان لەماڵی ئێمە کۆبونەوەیەکی لەگەڵ مامۆستا جەمال تاهیر کرد بەمنی ناساند ئیتر لەو کاتەوە، راستەوخۆ چالاکیەکانم و پەیوەندیم لەگەڵ شەهید جەمال تاهیر بوو، زۆربەی بەیانیان مامۆستا جەمال دەهاتە ماڵی ئێمە و بڵاوکراوەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی لەناو ڕۆژنامەیەک دادەنا و بۆی دەهێنام و شوێنێکی دووری بۆ دیاری دەکردم بۆئەوەی بیبەم منیش لەژێر عەباوە دەمشاردەوە خۆشی دەهاتە ئەو شوێنە لێی وەردەگرتم و یان ماڵەکانی بۆ دەستنیشان دەکردم خۆم دەمبرد بۆیان، مامۆستا جەمال زۆر ورد بوو لەوەی نەدەبوایە کەس ئاگاداری ئەو جۆرە پەیوەندیانەبێ بەمەبەستی سەلامەتی هەموولایەک لەدەست دڕندەیی ڕژێم .

باوکم و دایکمیان بردو منیان بەجێهێشت
گێڕایەوە وتی «کاتێ کە شەهید جەمال تاهیر گیرا لەگەڵ مامۆستا عوسمان چووم بۆ سەردانی و جاری دووەم بەتەنها چووم پێی وتم: ئیتر نابێ بێیت بۆ سەردان، بۆ سەلامەتی من بوو، جارێک دەچوومە ماڵێکی دراوسێمان بۆ ئاو هێنان بیریان هەبوو، لەوێ مامۆستا جەمال تاهیرم بینی دەهاتە دەرەوە چاک و چۆنیمان کرد، وتی: نابێ لەو ماڵە بڵێی من ئەو پیاوە ئەناسم، کاتێ خۆشم گیرام زانیم مامۆستا جەمال بۆ ئەوەندە دەیویست هەموو کارەکانمان نهێنی بێ، ئیتر لەو ماڵە نەماین و چووین بۆلای مزگەوتی دارۆغا، ڕۆژێکیان لەحەمامێک بووم کە دراوسێی ماڵی باوکم بوو، چوومە ماڵی باوکم، باوکم ئەوسا لەدەواجنی کۆزەرەقە کاری دەکرد، لەپڕ قوات خاصە دابەزینە ماڵەکە سەربان و بەردەرگا و حەوشەیان پڕکرد، ئێمە چەند ماڵێک بووین لەیەک حەوشەدا، بەڵام یەکسەر هاتنە ماڵی باوکم و جامخانەکەیان شکاند و هاتنە ژوورەوە من و باوکم و دایکم لەژوورەوەبووین، وتیان: کوا رەفیق و نیعمەت و هەرچی لەماڵەوە هەبوو لەزەخیرە و داروبەردیان بەسەریەکدادا و دەگەڕان بۆشت، کەهیچیان دەست نەکەوت بەعەرەبی بە باوکمیان وت: کوا رەئوف (مەبەستیان رەئوفی برام بوو )، ئیتر باوکم وتی: رەئوف پێشمەرگەیە، ئەمنەکە شەقازیلەیەکی لە باوکم دا سووڕاندی، منیش توند دەستیم گرت بە کوردی وتم: ئەگەر پیاون بڕۆن رەئوف بێننەوە، ئەها هی حلوة و جمیلة، پیاوێکی کوردی لەگەڵ بوو ئاوڕی دایەوە وتی: ناوت چییە؟ منیش وتم: ئەمە کوردیشی، وتی: تۆ چی ئەو پیاوەی وا بەرگریی لێ دەکەیت؟ لەوەڵامدا وتم: باوکمە، خەڵک بەرگریی لە باوکی ناکات؟ وتی: ئەها خوشکی رەئوف وایان زانی نیعمەتی خوشکمم، کە هیچیان دەستنەکەوت باوکم و دایکمیان بردو منیشیان بەجێهێشت. بەپەلە لەدوای ئەوان تەکسیم گرت و چوومە ماڵی خۆمان، لەماڵەوە هەندێ نهێنیمان هەبوو کۆمکردنەوە و بردمنە ماڵی خاڵۆزایەکی دایکم وتم: دایکم و باوکم گیراون ئەوانەم بۆ بشارنەوە، دیاربوو ئەوانیش ترسابوون هەموویان لەناوبردبوو، کە ئەمانەم کرد هەمووی تەنها ( ٢٠ ) خولەکێکم پێچوو و گەڕامەوە ماڵی باوکم بۆ کۆکردنەوەی ماڵەکەیان، هەر کەگەیشتمە ماڵی باوکم، ئەم جارەیان وەک کووللە قوات خاصە دابەزینەوە ماڵی باوکم، بەتایبەتی بۆ من هاتبوون، لە خەڵکەکەیان پرسی: وتیان کێ خوشکی رەئوفە؟ وتیان: ئەمەیە»، گێڕایەوە وتی: منیش دوو منداڵەکەم پێبوو، چەند هەوڵم دا نەگیرێم سوودی نەبوو، کوڕە گەورەکەمیان وەک پشیلە هەڵگرتبوو لە (٣) قادرمە فرێیاندایە سەر زەوی. گەڕەکیش بەسەرماندا دابارین کەسیش نەیدەتوانی بەرگریمان لێبکات، لەگەڵ منداڵەکانم ئێمەیان خستە ناو ئیڤایەکی سەربازی و چاویان بە پەڕۆیەکی رەش بەستمەوەو سەریشیان خستمە ژێرەوە.

ئەوسا زانیم کە بۆچی شەهید جەمال تاهیر نایەوێت زۆرکرس بیناسن
زۆری پێنەچوو ئەو ڕێگایە ئەوەندە درێژبوو وامدەزانی قەت ناگەم، ئیتر گەیشتینە شوێنێک چاویان کردمەوە، بینیم حەوشەیەکی گەورەبوو، وام هەست دەکرد سەربازگەیە، لەدواییدا زانیم لەناو سلێمانیم، ئەو شوێنە هەواڵگریی سەربازیی بوو (ئیستخباراتی عەسکەری)، منیان بردە بەردەم دوو پیاو بۆ لێکۆڵینەوە، لەوێ زانیم بۆ شەهید جەمال تاهیر نەیدەهێشت خەڵک زۆر بیناسن .
لەمیانەی قسەکانی گێڕایەوە، «دوای ماوەیەک منیان بردە ژوورێک توومەز دایکم و باوکم لەو ژوورەبوون کەباوکم منی بینی ئەژنۆی شکا، دوای تۆزێ کورێکم میزی دەهات و ئێمەیان بردە تەوالێتێکەوە لەوێ پیاوێکی رەزا قورسی لێبوو کە ئێمەی بینی میزەکەی بەمن و کوڕەکەمدا کرد و گەڕامەوە و دەستم کرد بەگریان، دوو شەو لەو شوێنە هێشتینیانەوە، لەشەوی سێیەم وتیان: ئەتانگوێزینەوە دیسانەوە چاویان بەستیاینەوە نزیک سێ سەعات لەناو شار گەڕاندینیان پێش ئەوەی بگەینە زیندان چاویان کردینەوە، ئیتر زانیمان دەچینە زیندانی سەرەوە لای پارکی دایک، لەوێ کافیەخانی خێزانی بەکری حاجی سەفەر و سێ مناڵی لەوێ بوون (دوای چەند جارێک گیران)، هەروەها خێزانی حەمەی حاجی مەحمود هارونی (گەردەخان)، کچێک و دوو کوڕی پێبوو، بەداخەوە ئەو دوو کورەی دوای بەربوونیان هەردووکیان شەهید بوون، وردە وردە ژمارەمان زۆر بوو، ئەختەر خانی خێزانی قادر مۆریاسی و مناڵەکانی و کچێکیشی کە هەر لە زیندان لەدایک بوو، دایکم ناوکی بڕی و ناوی نا بەندی.

هەڕەشەی مانگرتنمان کرد
لەو ژنانەی کە هاتن باجی پیرۆز دایکی حەمەمین و مستەفا و شوکریە، دوایی دایکی دانای ئەحمەد مەجید هات ژنێکی زۆر بەڕێزبوو، هەرچەند خواردنی بۆ بهاتایە بەشی ئێمەشی دەدا، ئیتر زۆر بووین، نامەوێ ناویان بڵێم نەوەکا هەندێکم بیر چووبێتەوە و غەدریان لێبکەم» بەداوای لێبوردنەوە.
وتی: ئیتر بووین بەلافاو زۆر زۆر بووین ئەوەندە ژمارەمان زۆر بوو دەرگای نەجدەکەیان واڵا کرد و دوو ژووریان بۆ کردینەوە، ئەو دوو ژوورە قور و چڵپاو بوو دوو شەو نەمان توانی پاڵبکەوین، دوای ئەوە دابەشیان کردینە سەر هۆڵ و ژوورەکان، ئێمە ( ٢٥ ) کەس بووین لەیەک ژووری بچوک، ماوەیەک خواردنەکانمان زۆر خراپ بوو، وتمان: ماندەگرین، دیار بوو دوو سیخوڕیان خستبووە نێوانمانەوە بۆ ئەوەی گوێ لەقسەکانمان بگرن و بۆیان بگێڕنەوە، ئیتر بەڕێوەبەری زیندانەکە ناوی ( نازم ) بوو کورد بوو، بەڵام کوردییەکەی وەک لای خۆمان نەبوو، پیاوێکی خراپ نەبوو ئامۆژگاری کردین وتی: مانمەگرن با نەتانبەنە ناو ئەمنەکانەوە هەمووتان جوان و ناسکن با توشی گرفت نەبن، پێیشی وتین دوو کەس هەڵبژێرن با چاودێریی خواردنەکە بکەن ئیتر ئێمەش وامان کرد.

پۆلیسەکان هەموویان خراپ نەبوون
لەناو پۆلیسەکان کەسی باش و خراپی تیا بوو، هەندێکیان یارمەتی خێزانی پێشمەرگەکانیان دەدا. جارێکیان پۆلیسێک نامەیەکی لەرەئوفی برامەوە بۆ هێنام، لەو نامەیە رەئوفی برام نووسیبوی: لەبەر ئێوە و مناڵەکان و دایکم و باوکم بەتەمام خۆم تەسلیم بکەمەوە، منیش چونکە خوێندەواریم نەبوو دامە دەستی هاوڕێکەم لەزیندان بۆی خوێندمەوە و وەڵامەکەشی بۆ نووسیم، پێم وت: خۆت تەسلیم بکەیتەوە نات ناسم و شەهیدیشت دەکەن و بەریشمان نادەن و هەروەها من و مناڵەکانم و دایکم بەیەکەوەین و باوکیشم لە زیندانی پیاوانە، ئیتر رەئوف نەگەڕایەوە خۆی تەسلیم نەکردەوە، پاش تۆزێ متبوون خاتوو جەیران وتی: ناخی ژیانی زیندانەکان ناخێکی یەکجار بریندارە لەناو زیندان بە چاوی جەندرمەکان و پیاوە ئەمنەکان ئەترساین، لەگواستنەوە ئەترساین ئێستاش وەک کاڵەکێکی دەرەوە جوان و ناوەوە تەپیوو بۆگەن خۆم دێتە بەرچاو، بەڵام ئەو هەموو ئازارانەی زیندان وەک قوتابخانەیەک وابوو دەیان شتی لێوە فێربووم و ئازاتر و بوێرتری کردووم، دوای ساڵێک و حەوت مانگ، ( ٢٥ ) کەسیان لێکۆکردینەوە کە خوشک و برای پێشمەرگە بووین بەتەمابوون بمانێرن بۆ باشوور و دەوروبەری سەعات ( ١٠ – ١١ ) بەیانی بوو، ئێمەش خۆمان و بەتانیەکانمان کۆکردەوە، منیش وتم: ئەبێ باوکم ببینم و داواکەیان قبوڵکردم، من و باوکم باوەشمان بەیەکاکرد وتیشی چوونە هەر شوێنێک ئاگادارم بکەنەوە و لەوێوە ئێمەیان بردە ئەمن و لەوێوە بەیەکەوە بەریانداین، کە هاتمە دەرەوە نەمدەزانی ئەمە ڕاستە یاخود خەونە، هەروەها قبوڵکردنەوەشمان ئاسان نەبوو خەڵک هەر ئەترسان لێمان نزیک ببنەوە لەترسی چاوی ئەمنەکان و سیخوڕەکان و ناهەقیان نەبوو، چونکە چاودێریەکی زۆر دەکراین، کە بەریشبووین لەجموجۆڵ نەدەوەستام، من سەرکێشیەکی گەورەم کرد براکەم لەپێشمەرگایەتی بوو دوای بەربوون بینیمی لەناوچەی قەراغ لە نەوتی بوو جافەران بوو، یان شیوی قازی؟ بەهەر حاڵ بوو سەردانم کرد، کە گەڕامەوە تۆزێ کێشەم بۆ دروست بوو لەماڵەوە بەهۆی ئەو سەردانەم وتیان: ناتەوێ بەهێمنی دانیشی یەک بڕیاربدە یان بەیەکجاری بڕۆ یان مەڕۆ هیچ شوێنێک، ماوەیەکی زۆر کەمی پێچوو جەلالی عەلیئاغای زرگوێز ( ئەوان لە دواجن لای تانجەر بوون ) کاک عەبدولی حاجی سمایل کە هاوڕێی مناڵیمان بوو وتی ماڵی کاک جەلال و مناڵەکانیان پێویست دەکات لەدەواجن بڕۆن با ماوەیەک لەماڵی ئێوە بن خانوویەکی دوو نهۆمی بوو بەشی سەرەوەی هەبوو ئەوان هاتن و نیشتەجێ بوون کاک جەلال لە نزیکەوە ئێمەی ناسی ئیتر کاری پێئەسپاردم لەناردنی نامەو بڵاوکراوەکان، ئیتر جارێکی تر کەوتمەوە چالاکی سیاسی.
کوێخا حسین هەناران و نەزیرەی کچی بەهەمان شێوە بەیەکەوە کار و چالاکی جۆراوجۆرمان لەنێوان شار و پێشمەرگەدا دەکرد، بەم شێوەیە بەدەیەها چالاکی جۆراو جۆرم لەگەڵ هاوڕێی جیاواز ئەنجام ئەدا بەچاونەترسی خۆمانەوە بەسەدەها جار جنێوی ناشرینمان پێئەدرا، بەڵام کوڵمان نەئەدا .
لەمیانی گفتوگۆکەمان پرسیم ئایا لەماڵی خۆتان لەلایەن هاوسەرەکەت ڕێگریت نەبوو؟ وتی « نەخێر بە پێچەوانەوە هاوکاریشم بوو، خۆیشی رێکخستنی ناوەوە بوو، هەروەها برای مامۆستا عوسمان پێشمەرگەبوو و لەدوو شۆرش بەشداری کردبوو «، من هێشتا شووم پێ نەکردبوو ئەو پێشمەرگە بوو لەئازایەتی پێیان وتووە عومەری رەشاش، ئەگەر ئەویش نەبوایە نەم ئەتوانی بەردەوام بم.

گەیاندنی نامە بە موستەشارەکان بۆ راپەڕین
لەکار و چالاکی بەردەوام بووین پێش ڕاپەڕین بەچەند ڕۆژێک هەندێ نامەمان بەدەست گەیشت، بەهۆی شۆڕش فاتیح کە بەداخەوە شەهید بوو، نامەکان بۆ موستەشار و ئەو پیاوانەی سەر بەرژێم بوون کە بۆیان نووسیبون کە ڕاپەڕین دەبێ ئێوەش هاوکاری هاووڵاتیان بن نەکەونە هەڵەوە و نەچنە بەرەی دوژمنەوە، هەندێکیان بە سوپاسەوە وەریان دەگرت و هەندێکیشیان باوەڕیان بە راپەڕین نەبوو و گاڵتەیان پێ دەهات، کە ڕاپەڕین دەستی پێکردو کە وتیان سبەی زەماوەندە بە دڵخۆشییەوە خۆمان ئامادەکردو بەیانی زووەکەی شەرواڵێکم پۆشی و خۆم و کورەکەم و خوشکەزاو خوشکەکەم بەیەکەوە بەشداریمان لە راپەڕینە مەزنەکە کرد، براکەشم کە خۆی پێشمەرگە بوو لەگەڵ برازاکانی عومەری هاوسەرم و خزمانی تر هاتبوونە خوارەوە بۆ بەشداریکردن لە راپەرین، من یارمەتی رەئوفی برام دەدا بە فیشەکی «ئار بی جی» هەرچەندە خۆم نەمدەزانی بەکاریان بێنم، بەڵام لە دابەشکردنی فیشەک و کەرەستەی شەڕدا بەشدار دەبووین و لەگەڵیان بووم بۆ هێرشی سەر ئەمنە سورەکە کە بەداخەوە لەخۆشی بێ یان شپزەیی هیچ بیرەوەریەکی ئەو دڕندانەم هەڵنەگرت.

رێپێوانی ژنان دژی شەڕی ناوخۆ
ئیتر دوای ڕاپەڕین و دروستبوونی مەڵبەندەکان و کۆمیتەکان و چالاکی ئاشکرا دەستی پێکرد کەوتینە کار لە کۆمیتەکان و منیان دانا لەکۆمیتەی سەرچنار لەگەڵ ئەڵماس خێزانی مامۆستا عوسمان، لەو وەختەوە لەناوشار لە کۆمیتەکانەوە دەستبەکارم، دوای ئەوە ماوەیەک لەخاڵی پشکنینی باخی بەختیاری وەک پشکنەری ژنان دانراین لەگەڵ فەوزی خانی ئاسایش و ئاشتی خان و .. هتد، لەو شوێنە ( ٤ – ٥ ) ساڵ مامەوە، لەهەمان کاتدا ئەندامێکی کارای یەکێتی ژنان بووم، ئیتر شەڕی ناوخۆ دروست بوو و بەشداری هەموو چالاکییەکان و کۆمەک کۆکردنەوە بووین، ئیتر لەیەکێتی ژنانەوە ڕووناک خانی دایکی د.بەرهەم و کوێستان و گێلاس خان و دایک و خوشکی شەهیدەکان ئامینەی ئاوبەر، سەرگوڵ، ئیتر رەنگە بەشێکم لەناوەکان بیر نەمابێ ڕێپێوانێکمان بەهاوکاری پیتەر و مارلین ئەنجامدا، بەپێ لەسلێمانیەوە بەرەو هەولێر بەڕێکەوتین نزیکەی ( ٣ – ٤ ) ڕۆژ بەپێ ڕۆیشتین، بۆ مێژوو دەڵێم مارڵین هەرگیز بۆ یەک چرکەش سواری سەیارە نەئەبوو ئەوەی لەگەڵمان بەڕێکەوتبوو وتی من بەڵێنم بە خودا داوە ئەم ڕێپێوانە بێ ئەوەی سواری سەیارە بم بۆیە نامەوێ ئەو بەڵێنە بشکێنم و لای من گرنگ ئەو شەڕە نەمێنێ کەوای وت: منیش وتم: ئەو پەیمانە ئەدەم و لەگەڵ تۆدا شەرتبێ سواری سەیارە نەبم .
کە گەیشتینە دەڤەری پارتی چەند ڕێگریان لێکردین و گوێمان نەگرت و لە رێپێوانەکە بەردەوام بووین، تا گەیشتینە دێگەڵە لەوێ پێشمەرگەکانی پارتی لەژێر پردوو سەر پردەکە ڕێگریمان بوون و دەیان وت: نابێ بڕۆن، بەڵام هەر گوێمان نەدایە و ڕووناک خان و پیتر دەچوون قسەیان لەگەڵ دەکردن بۆ ئەوەی قەناعەتیان پێبکەن کە ئەوان تەنها ئامانجیان ئەوەیە بچنە ناوپەرلەمان لەهەولێر، بەهەر حاڵێک بوو ڕێگەیان پێداین خواردنمان زۆر سادە بوو، کەگەیشتینە هەولێر چووینە یەکەم نەخۆشخانەی بەرچاومان کەوت مارلین چووە پێشەوە وتی ئەو ژنانە هەموویان پێویستیان بەهاوکاری هەیە، دکتۆرەکە هەڵوێستی باش نەبوو بە مارلینی وت: تەنها تۆ چارەسەر دەکەم، هەموو قاچمان برین بوو، مارلین وتی: پێش من ئەوان چارەسەر نەکەی منیش چارە مەکە، دکتۆر چارەسەری نەکردین ئیتر مارلین وتی: بابڕۆین و لێرە نەبین و ڕۆیشتین چوینە مزگەوتێک لەوێ ماینەوە شەو پشووماندا و بەیانی زوو سەعات ( ٧ ) هەڵساین ئیتر بە سروودەوە ڕۆیشتین بەرەو پەرلەمان کەوتینە ڕێ تا گەیشتینە ناو حەوشەی پەرلەمان و پۆلیس بەدوامانەوە بوو لەمبەرو ئەوبەر دەوریان دابووین.

هێزی ژنانمان بە 15 کەس دروستکرد
ڕۆژی دوای ئەوە کەوتینە پاککردنەوەی ناو پەرلەمان و حەوشە و داروبەردی، ئیتر ڕۆژنامە نووسینی بیانی و ناوخۆیی و خەڵک دەهاتن بۆ سەردانمان لەناو گۆڕەپانی پەرلەمان هەموو گەشتەکە (٢٠) ڕۆژمان پێچوو وتیشی: مناڵێکی شیرەخۆرم هەبوو بەجێم هێشتبوو بەسەر خوشکەکەم دا، ڕۆژێک مەلا بەختیار و دکتۆر ڕۆژ سەردانیان کردین، دەیان کەسی سەردانی دەکردین دوایی ئەوە شەڕەکە بەهێز بوو ئیتر زانیمان سوودی نییە، گەڕاینەوە بەرەو سلێمانی، بەڵام لەسلێمانی دەستەوەستان دانەنیشتن و هێزی خۆمان دروستکرد، وتی: منیش لەدەستەی دامەزرێنەری هێزی ژنانم، سەرەتا ( ١٥ ) کەس بووین ( کوێستان، نەسرین، گێلاس، بەفراو، ئافتاو، نەسرین حەمەلاو، مەهاباد، کەلسوم، ئامینە ئاوبارە، زولفان، فەوزیە )ئیتر ٧ شەو ٧ رۆژ جەولەمان کرد لەقەلاچوالان بەرەو چۆمان و ئەو جەولانە بۆ فێربوونی ژنان و ئەرکی پێشمەرگایەتی بوو .
ئێستا هێزەکە بەهۆی چالاکوانەکان پەرەی سەندوە و بۆتە هێزێکی سەرکەوتوو، بەو شێوەیە لەچالاکی دانەبڕام، ساڵی ١٩٩٧ ڕۆشتم بەرەو هەندەران لەسوید نشتەجێم، بەڵام ناتوانم دوور لەکوردستان بژیم بۆیە زۆربەی کات لەکوردستانم و ئێستا خۆبەخشانە لەکۆمەڵەی زیندانیەسیاسیەکان هاوکاری کار و چالاکیەکانیان دەکەم هەروەها ئەندامم لەکۆمەڵەی کوردستانێکی سەوز و هەرکارێک یەکێتی پێیسپاردبم بەبێ وشەی نەخێر کارەکەم جێبەجێکردووە، سەربەرزم ئەوەی لەتوانامدا هەبوو کردوومە، ئەوەی جێگای داخمە کە لەخوێندن و خوێندەواری دابڕاوم، بەڵام لەگەڵ ئەوەش خۆم هەوڵمداوە و خۆم فێرکردووە لەدەرەوەی خوێندنگا.
لەکۆتاییشدا دەڵێم هەرگیز ڕێبازەکەی مام بەرنادەم و جێگای شانازییە بۆم، لەوەوە خەبات فێربووم، دەجاریتریش زیندانی بکرێم و نەهامەتی ببینم لەپێناو میللەتەکەم کۆڵم پێنادەن و بەردەوام دەبم .

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

رزگار عه‌لی: ناكرێت چارەسەری كێشەکانی كه‌ركوك دوابخرێت

دیداری عومه‌ر غه‌ریب، كه‌ركوك رزگار عه‌لی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی ...