سەرەکی » وتار » ئاراز رەمەزان » كۆتایی ئەمریكا لە خۆرهەڵات

پۆلەتیک

كۆتایی ئەمریكا لە خۆرهەڵات

لە دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ لەڤیدیۆ تیوتێكداو لە 19ی دیسێمبەری ئەمساڵدا، راگەیاند كە لەبەرامبەر دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لەجەنگدا سەركەوتنیان بەدەستهێناوەو تەواوی سەربازانی ئەمریكا لەسوریاوە دەگەڕێنێتەوە وڵاتەكەی، دواتر پێنتاگۆن و بەرپرسە سەربازییەكانی ئەمریكا دووپاتی ئیمزاكردنی كشانەوەی تەواوی هێزەكانی ئەمریكایان لە سوریا دووپاتكردەوە.
لە دوای ئەم هەنگاوەی ترەمپ و پنتاگۆن، كە لە ساڵی (2015)ەوە بەشێك لەسوپای ئەمریكا لەسوریا دژی داعش لەپاڵ هاوپەیمانە عەرەب و كوردەكانیان جەنگان، ئەم بڕیارەی ترەمپ رووبەروی رەخنەی زۆری دیموكراتەكان و سەركردەكانی پێشووی حكومەتی دیموكراتەكان و كەسێتییە سیاسیی و سەركردە سیاسییەكان بۆوە، چونكە ئەم بڕیارە خێرایەی ئەمریكا ئەگەری دروستكردنی مەترسی بۆ سەر هاوپەیمانەكانی ئەمریكا لە سوریا و بە تایبەتیش كوردەكان لەلایەن توركیاوە هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا كشانەوەی ئەمریكا دەبێتە هۆی سەركەوتنی زیاتری ئەمریكاو روسیا كە لە ئێستادا لەسوریا هێزیان هەیە. هەربۆیە لە23ی دیسێمبەردا ماركۆن- سەرۆكی فەڕەنسا رەخنەی لەبڕیارەكەی ترەمپ گرت و باسی لەوەكرد كە «پێویستە هاوپەیمانیی متمانە پێكراو بێ». هەربۆیە لەگەڵ بڕیارەكەی ترەمپ ماتیسی دەستلەكاركێشانەوەی لەسەرۆكایەتی سیاسەتی دەرەوەی سەرۆك ترەمپ كردو دواتریش دەستلەكاركێشانەوەی برێت مەگۆركی نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا بۆ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ رووبەروبونەوەی داعشی بەدوای خۆیدا هێنا.
سوریا ماوەی حەوت ساڵە شەڕی ناوخۆیی تێدایە و بەرەی روسیا و ئێران ئەسەدیان هێنایە و حكومەت و لەبەرامبەریشدا ئەمریكا و توركیا دژی حكومەتی سوریا جەنگان. لەگەڵ ئەوەشدا داعش بەجیا جەنگاو چەندین ناوچەی لەسوریاو عێراق داگیركردو خەڵافەتی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)ی راگەیاند.
هەرچەندە بەشێك لە شیكەرەوانی سیاسیی لەئەمریكاو ئەوروپا رای پێچەوانەیان خستۆتەڕوو دەربارەی بڕیارەكەی ترەمپ و پێیانوایە كە ترەمپ هەنگاوێكی لۆژیكیانەی ناوەو سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا لەدوای (11ی سێپتەمبەری 2001)ەوە سیاسەتێكی ژیرانەو سودبەخش نەبووەو بۆتە هۆی بەفیڕۆدانی هەزاران تریلیۆن دۆلارو بەخشینی زیاتر لەملیۆن ژیان، بۆیە ئەو شیكەرەوە سیاسییانە پێیانوایە كە پێویستە كۆنگرێس و حكومەتی داهاتووی ئەمریكاش كار لەسەر گۆڕینی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەكە بكات.
پرسیاری جەوهەری ئەوەیە، لەدوای كشانەوەی دوو هەزار سەربازە ئەمریكیە لەسوریا چی روودەدات، و داهاتووی ئەو وڵاتە چی بەسەر دێت، هاوكێشە سیاسییەكان گۆڕانكارییان بەسەردا دێ، بۆ كوردەكانیش پێویست دەكات بەدوای هاوپەیمانی نوێدا بگەڕێن چونكە گوتارە سیاسییەكەی ترەمپ كوردەكانی بێ هیوا كرد كە وتی لەدوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا ئەركی لەناوبردنی داعش دەكەوێتە ئەستۆی توركیا، لەبەرامبەریشدا روسیاو ئێران لەسوریان و بەرگریكاری حكومەتی ئەسەدن و كوردەكانیش لەناو جەرگەی ئەم ململانێیەدان و ناتوانن هیچ جۆرە رێككەوتنێك لەگەڵ توركیا بكەن و چەندین ساڵیش لەدژی سیستەمی ئەسەد جەنگاون، چەكی هەمیشەیی تێرۆریش دراوەتە دەست توركیا بۆ تەداخولكردن و چونە ناو سوریا، بۆیە هەڵوێستی فەڕەنسا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەدەرەوەی ئەمریكاو رۆڵی روسیاو ئێران، گرنگی زۆر دەگێڕن لەداهاتووی سوریادا.
داهاتووی سوریا لەدوای ریشتنە دەرەوەی ئەمریكا لەو وڵاتە بەرەو ئاڵۆزی زیاتر دەڕوات، بڕیارەكەی ترەمپ دەرگا كردنەوە بوو بۆ توركیا و دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی لەدژی كوردانی رۆژئاوا كە لەهاوپەیمانی دژی گروپی تێرۆریستی داعش جەنگاون، بەڵام توركیا وەكو گروپی تێرۆریستی سەیریان دەكات، بۆیە ئەگەری روودانی جەنگی خوێناوی لەسوریا لەئارادایە.
لێپرسراوانی سەربازی ئەمریكا لەكۆماریی و دیموكراتییەكانیش پێیانوایە ئیتر جیهان بەهاوپەیمانێكی ناڕاستگۆ سەیری ئەمریكا دەكات و دەشڵێن تەنیا لەبەرئەوەی ترەمپ لەتویتێكدا دەڵێ داعشمان تێكشكاندووە مانای ئەوە نییە سەلامەتین.
پێشبینی جیاواز هەیە بۆ سوریای دوای ئەمریكا، لە روانگەی پێشبینییەكانی بەندەوە، ئەگەر هەیە گروپە بچوك و بەرش بووەكانی داعش كۆببنەوەو بەهێزی زۆرەوە بگەڕێنەوە سوریاو عێراقیش، ئەگەری بەهێزبوونەوەی بەشار ئەسەد هەیە كە بە دوژمنێكی گەورەی ئەمریكا ناسراوەو پێدەچێت لەداهاتوویەكی نزیكدا بەهێزەوە سوریا بگرێتەوە دەست، هەروەك سەركەوتنی سوریا لەدەرەنجامدا دەبێتە دەستكەوتی مێژوویی بۆ روسیاو ئێران و دواجار حیزبوڵڵای لوبنانیش بەشێك دەبێت لەسەركەوتنەكانی ئەسەدو ئێران و روسیا. ئەوەش شكستی سیاسەتی ئەمریكا دەبێ لەسوریا. یەكێكی تر لەپێشبینییەكان پەلاماردانی توركیایە بۆ سەركوردانی رۆژئاوا، ئەوەش لەدواجاردا دەبێتە شكستی گەورەی مێژوویی ئەم سەدەیەی ئەمریكا لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

3 × three =

x

هەواڵێ هاوشێوە

پێداگریی یەكێتی و دانوستانە سیاسییەكان

دانوستان (Negotiation) لە سیاسەتدا جگە لەوەی بەهونەرێكی باشی سەركردایەتیكردن دادەنرێ، ...