سەرەکی » وتار » ستران عه‌بدوڵڵا » حساباتی ساڵی نوێ

حساباتی ساڵی نوێ

ساڵێكی تازە دێت داخۆ چۆن دەبێ؟ هەر شەممە بە یەكشەممە و هەردووكیان بە كۆتایی هەفتە دەسپێرین؟ دیارە كە واشمان كرد لێی ئاسانتر نییە هەفتە و مانگەكانیشی هەر وا لێ بكەین. هەروا بە رێكەوت و نادیار و لێڵی بسپێرین گوایە ئاشی نەزانە و خوا دەیگێڕێ.؟ كێشە ئەوەیە ئێمە نازانین خوداش هەر مودەتێك ئاشمان دەگێڕێ و ئیتر دوای ئەوە (خوا كێو نەبینێ بەفری تێ ناكات).
دیتنم وایە وێستگەی ساڵ و بۆنەكان لەخۆیاندا نابنە باعسی گۆڕانكاری و پێداچوونەوە، بەڵام مەعلومیشە لە نەریتی تۆمار و دەفتەری حیسابدا وادە و كاتەكان جەرد و پێداچوونەوەش دەكەنە پێویستی. وەبیرئانینی بەروارەكانیش كە خەڵكان هان دەدا ئەم هەڵسانگاندنە بكەن دەبێتە ئەنگێزە بۆ ئێمە و خەڵكی تریش كە سەعاتەكانمان بەگوێرەی میلی گشتی قورمیش بكەین.
ئەم خولیا و پەژارە گشتییە ئەرك دەخاتە سەرشانی ئێمەش كە گەرەكە ساڵی نوێ هەروا بەڕێ نەكەین. جا با كەیسە تایبەتییەكانی هەر یەكێكمان لە دەفتەر و جزدانی خۆمان بێت، بەڵام خۆ كەیسە گشتییەكان بۆ ساڵی تازەی 2019 خەمی گشتیین و ناچارین لەگەڵ یەكدا بەشی بكەین. لە خەمی گشتی رەوشی نالەباری بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستانەوە دەستپێدەكەین و لەم كورتە نووسینەدا هەر بەو ئیكتفا دەكەین كە چەترێكی گشتی و تایتڵێكی بەفرەهە بۆ كۆی جوڵەی سیاسییمان.
راستە ئەم چەترە كارەكتەرە سەرەكییەكەی ناوی كوردایەتییە، بەڵام رەنگاوڕەنگی رەوتە سیاسیی و فیكرییەكانی كوردستان و فراوانی، یان تەسكی و جیاوازی، هەریەك لە كایەكانی بەگوێرەی بایەخپێدانەكانی لە نێوان كوردستانێتی و دەڤەرێتی و ناوچەیی نفوز، كوردستانی سەرتاسەری و كوردستانی هەر بەشێك و كوردستانی رەسمیی دانپیانراوی هەرێم و كوردستانی دابڕاوی كێشە لەسەر… هەموو ئەمانە وایكردووە زەحمەت بێت كە وەكو جاران هێڵی سەرەكی رەوایی و شایستەیی جوڵەی سیاسیی كوردستانییان هەر لە كوردایەتیدا قەتیس بكەین بە هەردوو دیوی كوردایەتی نەریتی و كوردایەتی پێشكەوتنخوازیشەوە.
لەبیرمان نەچێ رووداوەكانی دوو سێ ساڵی رابردوو درزێكی وای كردۆتە ناو بازنەی سیاسەتی كوردستانییەوە كە بە ئاشكرا خەتی عیراقێتی بێ تەدارووك و (بەڵام و ئاخر) خۆی دەنوێنێ و بێ ئەوەی باڵاپۆشی فیكری لەبەر بكا بانگەشەی تێزی جارانی زیندوو كردۆتەوە.
دۆخی كوردایەتی وایە دوای بەسەرهاتەكانی كات و دوای ریفراندۆم، تووشی پاشەكشێ و شۆكی پێكوتە بووە، لەبەر ئەوە ئەركەكانی هەرێمی كوردستان، عیراق و لە ناوەڕاستیشدا كەركوكی بەڕێكوپێكی پێ جێبەجێ ناكرێت. كە ئەم كەیسانە بەشێكی سیاسەتی رەسمیی كوردستانییە. كەیسەكانی تریش وەك مشتوماڵكردنی ستراتیجی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستان و ئامادەكردنی بۆ قۆناغەكانی دواتر وەك بزووتنەوەیەكی رەسەن كە لەسەر پایەی بەغدا و كوردستان قایم كراوە، ناتوانن گوڕ و تین بدەنە بەر ئێمە و لەجێی خۆیان بجوڵێن.
لەم دووڕێیانەدا خەسڵەتی هەرە دیاری ساڵی نوێ و بێگومان ساڵانی داهاتووش ئەوەیە كە لەبەر ئەوەی دیموگرافیای سیاسیی و باڵانسی هێزە كۆمەڵایەتی و سیاسییەكانی كوردستان بە رەوا و ناڕەوا گۆڕانیان بەسەر هاتووە، بۆیە ئاساییە كە بەداخەوە بیرۆكە باش و چارەسەرییە چاكەكان هەر لە بنەڕەتدا پیادە نەكرێن و ئێ ئیتر خۆدواجاریش تاقی ناكرێنەوە و كاریان لەسەر ناكرێت. وەكو وابوو ناتوانرێت ئەزموونی هەڵە و راستیان لەسەر بكرێن و دەستكاری باشیان لەسەر بكرێت.
لەبەر ئەوەیە پێشنیاز دەكەم سەرەتای هەڵسەنگاندنی نوێ بەو پرسیارە دەستپێبكەین كە ناو لەم قۆناغە بنێین بۆ ئەوەی بە گوێرەی ئەوە ناوەرۆكی پێبدەین و كاری لەسەر بكەین. كە ناومان لە قۆناغەكە نا، دەتوانین برینەكان ساڕێژ بكەین، وادە و بەڵێن بۆ قۆناغی تازە دووپاتبكەینەوە كە كەرەستە و ئامراز و بگرە وزەی جێبەجێكردنیان بۆ دابینبكەین. لە كوێ نەزیفمان هەیە رایبگرین و لە كوێ پاشەكشێمان هەیە دانی پێدابنێین و لەوێوە تێهەڵچینەوە.
ساڵی نوێتان پیرۆز و رۆژانی دوای جەژن قسەی تریش دەكەین.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

17 + 7 =

x

هەواڵێ هاوشێوە

دوو وتار لەسەر مورافەعەكەی مام

ئەم دوو وتارە لە دوو كاتی جیاواز نووسراون و بڵاوكراونەتەوە، ...