سەرەکی » دۆسێ » هێزەكانی عیراق لە نێو خاكی سوریادا لە داعش دەدەن

سەرۆكی وڵاتەكە سەرپشكی كردوون

هێزەكانی عیراق لە نێو خاكی سوریادا لە داعش دەدەن

رێگە بە هێزە عیراقییەكان دەدرێت، لەنێو خاكی سوریا مۆڵگەكانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش بۆردومان بكەن، بەبێ‌ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ دەسەڵاتدارانی سوریا و مۆڵەت وەربگرن.
میدیاكانی عیراق لە زاری سەرچاوەیەك لە حكومەتی عیراقەوە بڵاویان كردۆتەوە»بەشار ئەسەد سەرۆكی سوریا، عیراقی سەرپشك كردووە، لەنێو سوریادا مۆڵگەكانی داعش بۆردومان بكات، بەبێ‌ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ دەسەڵاتدارانی سوریا و مۆڵەت وەربگرێت».
سەرچاوەكە بە كەناڵێكی روسی راگەیاندبوو»فڕۆكەكانی عیراق لەمەودوا دەتوانن بچنە نێو خاكی سوریا و مۆڵگەكانی داعش بۆردومان بكەن بەبێ‌ ئەوەی چاوەڕوانی وەرگرتنی رەزامەندی بكەن لەلایەن حكومەتی سوریا، و تەنیا لایەنی سوریا لەو روەوە ئاگادادەكرێتەوە».
لەم ماوەیەی دواییدا، فڕۆكە جەنگییەكانی عیراق، چەند جارێك لەنێو خاكی سوریادا گورزییان لە دژی مۆڵگەكانی رێكخراوی داعش وەشاند.
هەر لە چوارچێوەی هەماهەنگییەكانی نێوان عیراق و سوریا، لەم چەند رۆژەی دواییدا، سەرۆك وەزیرانی عیراق نامەیەكی بۆ سەرۆكی سوریا رەوانەكردبوو كە تێیدا جەختی لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی هەردوو وڵات كردبۆوە.
ئاژانسی هەواڵی فەرمی سوریا (سانا) لە 3ی كانوونی یەكەمی 2018 بڵاویكردبۆوە» عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عیراق، نامەیەكی بۆ بەشار ئەسەد، سەرۆك كۆماری سوریا ناردووە و نامەكەش بە فالح فەیاز، ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عیراقیدا رەوانەكراوە».
وەك ئاژانسەكە باسی كردبوو»لە نامەكەدا سەرۆك وەزیرانی عیراق جەختی لەسەر پتەوكردنی پەیوەندی دوو قۆڵی نێوان هەردوو وڵات و گرنگی بەردەوام بوون لەسەر هەماهەنگییەكان لەهەموو بوارەكان و بەتایبەتیش ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لەسەر سنوری نێوان هەردوو وڵات، كردبۆوە».
لەبەرانبەردا وەك ئاژانسی (سانا) ئاماژەی پێكردبوو»ئەسەد جەختی لەسەر گرنگی پەیوەندییەكان لەگەڵ عیراق و بەتایبەت لەسەر ئاستی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر كردبۆوە»، ئاماژەی بەو كارە هاوبەشانەش كردبوو كە بوونەتە هۆكاری بەهێزبوون هەردوو وڵات لە شەڕی دژ تیرۆر.
سەرۆكی سوریا، تەئكیدی لەسەر گرنگی بەردەوامبوونی هەماهەنگییەكان كردبۆوە تا ئەو كاتەی گروپە تیرۆریستییەكان بەتەواوەتی تێكدەشكێنرێن و مۆڵگە و جێ‌ پێگەكانیان خاپور دەكرێن.
ئەمەش لەكاتێكدایە كە پێشتر فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عیراق، بوونی رێككەوتنێكی بۆ چونەناوەوەی هێزەكانی عیراق بە رووبەری 70 كیلۆمەتر بۆ نێو خاكی سوریا، لەگەڵ حكومەتی وڵاتەكەدا رەتكردبۆوە.
لەی كۆتایی مانگی رابردوو، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عیراق لە بەیاننامەیەكدا، رایگەیاندبوو”ئەو هەواڵە رەتدەكەینەوە كە لەلایەن هەندێك لە میدیاكانەوە سەبارەت بە بوونی رێككەوتن، یان دانوستان لەبارەی رێگەدان بە هێزەكانی عیراق بۆ چوونە نێو خاكی سوریا بە قوڵایی 70 كیلۆمەتر، بڵاوكرابووەوە”.
بەپێی بەیاننامەكە”هێزە عیراقییەكان، تەواوی ئامادەییان تێدایە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هەوڵێكی دزەكردن، هێزەكانیش لەئێستادا بەشێوەیەكی تەواوەتی سنورەكانیان لەگەڵ سوریادا قایم كردووە”.
ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عیراق، داوای لە میدیاكان كردبوو، بانگەشە بۆ هەواڵی ناڕاست نەكەن و پشت بە لایەنە فەرمییەكان و رێگەپێدراوەكان ببەستن لە بڵاوكردنەوەی هەواڵەكاندا.
لەدوای ساڵی 2014، چەكدارانی رێكخراوی داعش توانییان ناوچەیەكی بەرین لەنێو خاكی سوریا و عیراق كۆنترۆڵ بكەن، و ببنە مایەی هەڕەشەیەكی راستەقینە بۆسەر بوونی حكومەتەكانی هەردوو وڵات، لەئێستاشدا كە هێز و تواناكانی رێكخراوە تیرۆریستەكە لە پوكانەوەدان، دەسەڵاتدارانی هەردوو وڵات بەپێویستی دەزانن، هەماهەنگیان لە بواری ئەمنی و بەگژداچوونەوەی تیرۆر و بنبڕكردنی پاشماوەی تیرۆریستان لە هەردوو وڵاتدا، چڕبكەنەوە.
لەم ماوەیەی دوایی، هێزەكانی عیراق بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو مەترسیانەی لە سنورەكانی سوریاوە سەرچاوە دەگرن، ژمارەیەك رێوشوێنیان گرتەبەر، لەوانەش قایمكردنی سنورەكان و هێرشكردنە سەر مۆڵگەكانی داعش لەنێو خاكی سوریا، ئەمەش بە بۆچوونی چاودێرە ئەمنییەكان، دەكەوێتە چوارچێوەی هەماهەنگی نێوان هەردوو وڵات كە لە ساڵانی رابردوودا لەسەر دەستی گروپە توندڕەوەكان زیانێكی گەورەیان پێگەیشت.
ساڵانی 2017 و 2018، سەبارەت بە عیراق و سوریا، وەك خاڵی وەرچەرخان بوون لە شەڕی بەگژداچوونەوەی تیرۆر، هەردوو وڵات لەو دوو ساڵەدا بە پاڵپشتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە دژی داعش بە سەركردایەتی ئەمریكا لە عیراق و روسیا لە سوریادا، توانیان تا ئەندازەیەكی زۆر داعش و گروپە توندڕەوەكانی تر دووچاری كشست بكەن و ئەو خاكانەیان لەژێرچنگ دەربكەن كە پێشتر دەستیان بەسەردا گرتبوو.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

ناوچه‌ی‌ پشده‌ر له‌ سه‌رده‌می‌ میرنشینی‌ هه‌زبانی‌ دا

(1029-1132ز) عومه‌ر ئیسماعیل مارف جگه‌ له‌وه‌ی‌ هه‌زبانیه‌كان هۆزێكی‌ گه‌وره‌ی‌ كورد ...