سەرەکی » وتار » د.عیزه‌دین مسته‌فا » ئاڵای كوردستان

ئه‌م كونجه‌ش

ئاڵای كوردستان

چەند جار لەبارەی ئاڵای كوردستانەوە نووسیومە. بەڵام دووبارە كردنەوە زیانی نی یە-چونكە(لێنین) فێری كردووم كە (دووبارە كردنەوە سوودی تێدایە).
تا ئێستا دەنگی رەحمەتی ئوسەیمە مالیك- كچی ڕەوشەن بەدرخان- لە مێردی یەكەمی لە گوێمدا دەزرنگێتەوە كە بە دەنگەخۆشەكەی- شیعری جگەرخوێنی بە سروود لەبارەی ئاڵاوە دەووت:
ئاڵا سێ ڕەنگی تە
ب ناڤ ‌و دەنگی تە
ئەی خورتێن كوردستان
سڵاڤ بێ لێتان.
هەر ئەم سروودەم بە دەنگە خۆشەكەی جگەرخوێن خۆی لەماڵی رەحمەتی فوئاد قەدریی جەمیل پاشا- نوێنەری ناو پەرلەمان ‌و سكرتێری ئەوكاتەی(بەرەی نیشتمانیی سوریا) بیستووە.
خەڵك یا زۆر كەس دەنووسن ئەم ئاڵایە ئەوەیە كە شەهید قازی محەمەد (پێشەوای كورد) لە مەهاباد هەڵیكرد. بەڵام دیسان دەڵێم زیانی یە- ئەوەی لەمەوپێش نووسیومە دووبارە یا سێ بارەی بكەمەوە-چونكە ئێستاش كەم كەس بێزیان دێ-شت یا ڕۆژنامە بخوێننەوە.
لەمەوپێش نووسیبووم:
ئێستا دەڵێم: ئەم ئاڵایەی ئێستا بەسەر خاكی (هەرێمی كوردستان) دا ‌و بە كوێرایی چاوی شۆڤێنی یە عەرەبەكان ‌و توورانی یەكان بەسەر كەركووكی كوردستاندا دەشەكێتەوە ئەوە ئاڵای حیزبی(خوێبوون)ە، كە ئیحسان نوری پاشا لە شۆڕشی (ئارارات) دا سێ ساڵی (1927-1930) بەسەر لووتكەی (ئارارات) دا هەڵیكرد.
نەمر قەدری بەگی جەمیل پاشای بورج (زەننار سلووپی) ساڵی 1957 لەماڵی خۆیان لە شام بۆیگێڕامەوە فەرمووی:
كە جمهووریەتی كوردستان دروست بوو-چوومە مەهاباد. كە بە خزمەتی پێشەوا گەیشتم-ئاڵایەكی كوردستانم پێبوو كە لەو جۆرەی ئێستا دروستكرابوو بەو جۆرەی لە مەعدەن دروست دەكرێ ‌و دەكرێت بە سنگەوە. باسی مێژووی ئاڵاكەم بۆ پێشەوا كرد.
فەرموی: بەڕاستی ئاڵایەكی جوانە ‌و نرخی مێژوویی خۆی هەیە. بەڵام لام باشە لەپاڵ ئەو ڕۆژەی لە ناوەڕاستدایە گوڵەگەنمێك ‌و قەڵەمێكی تێدا بووایە-دیارە بە قسەی پێشەوای مەزن كرا ‌و ئاڵای جمهوریەتی كوردستان بەو جۆرە بوو.
هەرچی ئاڵای (خۆیبوون ‌و ئاراراتە) كە ئاڵای ئێستای هەرێمی كوردستانە:
كەس نەڵێ كورد مردووە. كورد زیندوە
زیندووە قەت نانەوێ ئاڵاكەمان
لەبارەی ڕەنگەكانی یەوە وەك بیستوومە: ئاڵای سەلاحەدین بووە. سەوز ڕەمزی میدیایە و لەو دوواش سمایل خانی سمكۆ كردوویەتی بە ڕەنگی ئاڵای خۆی. (سپی) ش لای موسوڵمان ڕەنگی دڵ ‌و دەروون پاكی یە. هەرچی (ڕۆژە) ئەوە لەكاتی ئاینی میتراوە تا ئەمڕۆی لای كاكەییەكان ‌و لای كورد پیرۆز‌و دڵنیام ئەم ئاڵایەی لە (ئامەد) هەڵكراوە دەبن بە ئاڵای دەوڵەتی یەكگرتوی كورد
(بێكەس) ڕەنگی ئاڵای كورد دەدات بە شاخی (گۆیژە) ی سلێمانی.
شاخی ڕەنگاوڕەنگی گۆیژە
باعیسی كەیف ‌و سروور
هەردەمەی رەنگێ دەپۆشی
گا سپی، گا سەوز ‌و سوور
وەسفی قەومی كوردەكەی تۆ
بەم هەموو ڕەنگانەوە
ڕەنگی سوورت شاهیدە بۆ
كوردن قەومێكن جەسوور
بەرگی بێگەرد ‌و سپیشت
دیارە وا هاوار ئەكا
قەومی كورد دڵ ساف ‌و پاكن
میللەتێكن بێ قوسوور
بەرگی سەوزیشت ئەڵێ
ئەم خاكە هەر شیناییە
پڕ لە دەغڵ ‌و دان ‌وكانی
سەر بە ڕزق ‌و پڕ لە نوور
سڵاو بۆ ئاڵای كوردستان- خۆزگە ئەمام تا دەم دی بەسەر هەموو كوردستاندا دەشەكایەوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

1 × 1 =

x

هەواڵێ هاوشێوە

ناوی كوردی

كورد ده‌ڵێن: (قسه‌ قسه‌ ڕاده‌كێشێ). منیش (كونج) ێكم له‌ باره‌ی ...