سەرەکی » کەلتوور » تۆفیق وەھبی بەگ: سلێمانی قیبلەگای من بوو

تۆفیق وەھبی بەگ: سلێمانی قیبلەگای من بوو

دارا عەتار

خزمەتی وێژە و ئەدەبی کوردی و خەمخواردن لە کەلەپوور و ئەنترۆپۆلۆجیی نەتەوەیی، پەیوەندیی پتەوی لە نێوان کوردانی کوردستان و ئەوروپادا دروست کردووە. لە نێوان من و مامۆستای مەزنی زمان و ئەدەبی کوردی تۆفیق وەھبی بەگ یشدا ھەمان پەیوەندی ھەبوو، من وەک قوتابییەکی بەپەرۆش ھەرچییەک مامۆستا تۆفیق وەھبی دەیگوت، وەرم‌دەگرت و کارم لەسەر دەکرد. ھەموو ئەو زانیارییانەم کردن بە دروشمێک بۆ ڕێڕەوی کوردایەتیم. باس‌وخواسی ناسینی مامۆستا تۆفیق وەھبی؛ لە دوورەوە دەمێک بوو بە نووسین و بۆچوونەکانی ئاشنابووم، بەڵام لە نزیکەوە ناسینی ئەو زاتە دەگەڕێتەوە ساڵانی شەستی سەدەی ڕابردوو کە بە مەبەستی خوێندن ڕووم‌کردە ئەوروپا و لە لەندەن گیرسامەوە. لەوێ وێڕای بەشداربوونم لە کۆڕ و کۆبوونەوە جەماوەرییە کوردییەکانی ئەو سەردەمەدا و بەشداریم لە کۆمەڵەی خوێندکارانی کورددا لە ئەوروپا، بە خزمەت زۆر گەورەپیاوی کورد و بیانی گەیشتم، یەکێکیش لەوانە مامۆستای مەزن و عەلامەی کورد تۆفیق وەھبی بەگ بوو. وەک ئاشکرایە ئەو پیاوە مەزنە سەرلەبەری تەمەنی خۆی بۆ خزمەتی مێژوو و ئەدەب و زمان و ئەنترۆپۆلۆجیی کوردی تەرخان‌کرد. لە لایەکی دیکەوە ئەو زانا کوردە نەک ھێندەی لە توانایدا بوو، بەڵکوو زۆرجاریش قوربانیی بە خۆی دەدا بۆ ھاوکاریی ھەر کەسێک مەبەستی خزمەتکردنی دۆزی گەلی کورد بووایە. من دوای گەیشتنە ئەوروپا، خولیای کۆکردنەوە و ئەرشیڤکردنی وێنە و بەڵگەنامەی تایبەت بە کوردستان کەوتە سەرم. بۆ دەست‌خستن و پاراستنی ئەم ئەرشیڤەش، زۆر کەسی جەرگسۆز ھاوکارییان کردووم، لە سەرووی ھەموویانەوە مامۆستای زانا و مشوورخۆری زمان و ئەدەب و مێژووی کورد تۆفیق وەھبی، ھەزاران سڵاو لە گیانی پاکی بێ کە زۆر لەخۆبوردووانە کاتی بۆ تەرخان‌دەکردم و باسی ھەر شتێکی بۆ دەکردم سوود بەم نەتەوەیە بگەیەنێ. لە ماڵەکەی ئەودا، جگە لەوەی زۆر سوودمەندی وتە و زانیارییە جۆراوجۆرەکانی و چیرۆکە ئەدەبی و مێژووییەکانی دەبووم، چەندان کەسی مەزنی کەلوپوور و سیاسی و کولتووری نەتەوەکانی کورد و عەرەب و ئینگلیز و ئەوروپاییم ناسی. چونکە ئەو زانا گەورەیەی کورد دەیتوانی بە زیاتر لە ھەشت زمان لەگەڵ میوانەکانیدا گفتوگۆبکا و ئەوەش دەبووە مایەی سەرنج و سەرسامیی ھەموو ئەوانەی لە ماڵەکەیدا بوون.
بە مەبەستی پەرەدان بە ئاستی زانیاری و چۆنیەتیی کارکردن لە بواری زمان و ئەدەب و مێژووی کورددا، چەند لاپەڕەیەکی ئامۆژگاریی بە دەستخەتی خۆی بۆ نووسیوم؛ لەوێدا ئاماژە بە لێکدانەوەی ھەندێک وشەی کوردی دەکا، ئەگەر تەمەن بەش بکا لە ئایندەیەکی نزیکدا بڵاوی دەکەینەوە، بێ‌گومان سوودی زۆری دەبێ بۆ خزمەتی زمانی کوردی.
لەم نووسینە مەوداکورتەدا دەمەوێت ئاماژە بە باسی کۆچی‌دوایییکردنی ئەو پیاوە مەزنە بکەم، کە دوای نزیکەی ٩2 ساڵ تەمەن کۆچی کرد. ھەمیشە ئاواتی دەخواست ئەگەر ڕەوشی سیاسی لەباربێ، دوای مردنەکەی تەرمەکەی لە چیای پیرەمەگرون بنێژرێ، تەنھا بۆ ئەوەی وەک قیبلەگای ھەمیشەیی ڕوو لە سلێمانی بکا. لە کۆبوونەوەیەکی دەست‌بژاردانی کورد و دۆستەکانیدا، بە ڕوون و ڕەوانی گوتی: «تکایەکم ھەیە، کە مردم تەرمەکەم ببەنەوە بۆ کوردستان و لەسەر شاخی پیرەمەگرون بمنێژن و لەجیاتیی ئەوەی ڕووم بکەنە قیبلە لەسەر دەستووری ئیسلامی، ڕووم بکەنە شاری سلێمانی قیبلەگای ھەمیشەییم.» لەو کۆڕەدا ئەوانەی شایەتی ئەو قسەیە بوون، ھەریەکە لە ئیبراھیم ئەحمەد، محەمەد ڕەسووڵ ھاوار، سەرداری حەماغای ئەوڕەحمان ئاغا، شەفیق قەزاز و دارا عەتار بوون. دوای ماوەیەک مامۆستا تۆفیق وەھبی لە شاری لەندەن کۆچی‌دواییی کرد، کەسایەتیی گەورەی کوردپەروەر عەلی کەمال بڕیاری دا خەرجیی بردنەوەی تەرمەکەی بخاتە ئەستۆی خۆی. ئێمەش کاروبارەکانمان ڕێک‌خست و ئەوانەیشی بۆیان کرا، لەگەڵ تەرمەکەی بەرەو کوردستان گەڕانەوە.
دوای ماوەیەک مامۆستا ئیبراھیم ئەحمەد لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لێی پرسیم: وەسیەتەکەی تۆفیق وەھبی بە دەستخەتی خۆی لای تۆ ھەیە؟ وتم: نەخێر، من خۆم بە دەستخەتی خۆم و بەبێ ئیمزای ئەو، بۆ بەشداربووانی کۆبوونەوەکەی ئەو ڕۆژەم خوێندەوە و ھیچ کەسێک ڕەخنەی لێ نەبوو. بەڕێزیشتان ئەگەر لە بیرتان مابێ، لەو کۆبوونەوەیەدا بووون. وتم: بۆ دەپرسی؟ وتی: خەڵک دەپرسن ڕووی تۆفیق وەھبی کرایە قیبلە، یان سلێمانی؟ کاتێکیش بەدواداچوونم بۆ کرد، پێیان ڕاگەیاندم کە خوالێخۆشبوو مام‌جەلال تاڵەبانی خۆی سەرپەرشتی مەراسیمی ناشتنەکەی بووە. بۆ ئەوەی گۆڕەکەی لە لایەن خەڵکی توندڕەوی ئیسلامییەوە نەشێوێنرێ، پێی باش‌بووە بە دەستووری ئیسلامی بنێژرێ.
بابەتێکی دیکە کە دەمەوێ ئاماژەی پێ بکەم، ئەرشیڤ و کتێبخانە دەوڵەمەندەکەی ئەو زانا گەورەیەی کوردە، کە ساڵەھای ساڵ زۆر ماندووبوونی کێشابوو بۆ کۆکردنەوەی ئەو سەرچاوە مێژوویییانە و ئەو کتێبانەی خۆی تێیاندا پسپۆڕ بوو. ئەمە جگە لەوەی کە خۆیشی چەندان کتێبی چاپکراو و دەستنووسی ھەبوو، ھێشتا بەشێکیان چاپ‌نەکرابوون. دیارە بەشێکی ئەو کتێبخانەیەی لای من پارێزراوە و لە دەرفەتێکدا کار لەسەر ئەو بەرھەمانەش دەکەم کە پێویستە چاوی خوێنەری کوردیان پێ ڕۆشن بکرێتەوە، بەشەکەی دیکەی کتێبخانەکەشی کە زۆرینە بوو، داخی گرانم زۆربەی کتێبەکانی لە لەندەن و بەغدا لەناوچوون. ھۆیەکەشی، کەمتەرخەمیی کەسە نزیکەکانی بوو، ھەروەک پڕۆفیسۆر دوکتۆر مارف خەزنەدار لە نووسینێکدا ئاماژە بەو ڕاستییە دەدا کە بۆچی ھەندێک لە گرنگترین کتێب و کەرەسە و دەستنووس و دەفتەرەکانی تێبینی تۆفیق وەھبی ون‌بوون؟! بەڵام نووسەر و زانایانی کورد ھەر ئەوە بەشیانە کە دوای خۆیان ئەرشیڤ و کتێبخانەکانیشیان وێران بێ.
ئەو کتێبخانە ئاوەدانەی عەلامەی کورد تۆفیق وەھبی، زۆر کەسی بە سەرچاوە و زانیارییەکان دەوڵەمەندکرد، کەسێک نەبووە سەر بە کتێبخانەکەدا بگرێ و چمکێک زانیاریی دەست نەکەوێ. یەکێک لە سوودمەندانی کتێبخانە و ئەرشیڤەکەی تۆفیق وەھبی، شاعیری نەتەوەییی کورد محەمەد ڕەسووڵ ھاوار بوو، کە لە دەقی نووسینەکانیدا زۆر سوودی لە سەرچاوە و بەرھەمەکانی تۆفیق وەھبی وەرگرتووە. پاش کۆچی‌دوایییەکەشی شیعرێکی بۆ نووسیوە و حەسرەتی ئەو ڕۆژانەی لە ھەناویدا ھەڵگرتووە کە پڕن لە یادەوەریی لەبیرنەکراوی کۆڕ و دانیشتنەکانی لەگەڵ ئەو زانا گەورەیە. لە پێشەکی شیعرەکەشدا نووسیویەتی: «مامۆستا تۆفیق وەهبی تاکە وەسیەتێک کە لای هەمووان کردی، ئەوە بوو کە دوای مردنی بیبەنەوە بۆ کوردستان و لەسەر چیای پیرەمەگروون بینێژن. جارێکیان پێم وت مامۆستا تۆ خۆت چوارتایی‌یت و هەمیشە باسی سەردەمی منداڵی خۆتمان بۆ دەکەی، ئەی بۆچی نەتبەنە سەر کێوی (سەرسیر) ی پشت چوارتا کە هاوینەهەوارێکی زۆر خۆشە و هەمیشە خەڵک ڕێی تێ‌دەکەوێ، پیرەمەگروونێکی چۆڵ و هۆڵ مەگەر جاروبار شوانە مەڕی دێی زێوێ، یاخود کچێکی بێڵەکان بەشان بەلاتا تێ‌پەڕێت، بپرسێ ئەمە کێیە. وتی نەء، من لەگەڵ پیرەمەگرووندا زۆر شتم هەیە. هەمیشە نیشانەی سەربەرزی و گەردنکەشیی گەلی کورد بووە. سەعات ١.٥ ی پاشنیوەڕۆی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٥/١/١٩٨٤ لە خەستەخانەی (میدل سیکس) مامۆستای زمانەوان و مێژووی کورد کۆچی دوایی کرد. دۆستەکانی بڕیاریان دا داخوازیەکەی بهێننە دی، بەتایبەتی کاک عەلی کەمال کە هاوڕێ و دۆستی بوو، بایەخێکی زۆری پێ‌دا و ڕۆژی جومعە ڕێکەوتی ١٣/١/١٩٨٤ تەرمەکەی نێردرایەوە بۆ کوردستان..».*

* بڕوانە: دیوانی محەمەد ڕەسووڵ ھاوار، سەرجەمی بەرھەم، بەرگی دووەم، ئامادەکردنی عوسمان دەشتی، لە بڵاوکراوەکانی لیژنەی سەرپەرشتیی ساڵیادی کۆچی‌دوایی شاعیر و مێژوونووس محەمەد ڕەسووڵ ھاوار، بنکەی ژین، چاپخانەی شڤان، سلێمانی،2007، لاپەڕە 376.

سەرچاوە: گۆڤاری ژین ژمارە 9، ل 245-248 – دیسەمبەری 2107

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

خوێندكارە یەكەمەكانی بەشی عەرەبی كۆبەرهەمی خاتوو گەلاوێژیان پێشكەشكرا

مامۆستا ژینۆ عەبدولڵا لە لیژنەی رۆشنبیری كۆلێژی زمان لەزانكۆی سلێمانی ...

freier porno porno gratis
doğubayazıt escort afşin escort afyon escort afyon escort alanya masaj salonu afyon masaj salonu efeler masaj salonu polatlı masaj salonu merzifon masaj salonu afyon masaj salonu akhisar masaj salonu akçakale escort