کورتەچیرۆک

یه‌كی‌ خشت

مه‌حمود نه‌جمه‌دین

دوو ……..
ئێمه‌ دوانین، زۆرجار یه‌كین، یه‌كی‌ خشت، به‌ڵام ئێستا دوو… دووین، دوانه‌ی‌ منداڵدانێكین، منداڵدانێكی‌ پان و به‌رین، به‌رینتر له‌ گۆڕه‌پانی‌ یاریی و مه‌یدانی‌ جه‌نگ و… زۆر گه‌وره‌ و به‌رینه‌، ئیش له‌ گۆڕه‌پانی‌ یاریی ئه‌و شتانه‌دا ده‌رچووه‌… تۆ به‌ وردی‌ بڕوانه‌، به‌و چاوانه‌ نیگا مه‌كه‌ كه‌ سه‌یری‌ دنیای‌ پێ ده‌كه‌یت، زه‌ینت به‌خره‌گڕ بزانه‌ ده‌یبینی‌ یان نا؟ ده‌یبینی‌، دڵنیام ده‌یبینی‌. تۆ وه‌ك خه‌ڵكی‌ سافیلكه‌ی‌ زه‌ین كوێر مه‌نواڕه‌، خه‌ڵكی‌ زۆر ناشییانه‌ ده‌ڕوانن، ده‌یانه‌وێت به‌ یه‌ك نیگا له‌ هه‌موو شتێك حاڵی‌ بن، ته‌مه‌ڵن به‌دووی‌ گرێ و گۆڵدا ناگه‌ڕێن، ئه‌م ئێستاكه‌ش شوێن پێی‌ من هه‌ڵناگرن، تاقه‌تی‌ ئه‌م پێچ و پلووچه‌یان نییه‌، ئه‌وه‌نده‌ ته‌وه‌زه‌لن زه‌نده‌قیان له‌ هه‌وراز و نشێو چووه‌، له‌ هه‌ورازه‌وه‌ چاوده‌بڕنه‌ نشێو زاره‌تره‌ك ده‌بن، كه‌ له‌ نشێویشه‌وه‌ سه‌ر بۆ لووتكه‌ هه‌ڵده‌بڕن گوێزنگی‌ قاچیان ده‌له‌رزێ‌… كوێرانه‌ به‌ راسته‌ رێیه‌كی‌ پان و به‌ریندا ده‌ڕۆن و ده‌یانه‌وێت به‌ یه‌ك سه‌رنج له‌ هه‌موو شتێك حاڵی‌ بن، زه‌ینیان هێنده‌ تاریكه‌ نێوی‌ خۆیان ئاوه‌ژوو بكه‌ره‌وه‌ لێیانده‌بێ‌ به‌ مه‌ته‌ڵ، سه‌رسامن به‌ رێچكه‌ی مێرووله‌ له‌ تاڵانكردنی‌ شیرینیدا كه‌چی‌ خۆیان له‌سه‌ر… جا له‌سه‌رچی‌ شه‌ڕیان نییه‌!؟.. هه‌موو مژوڵی‌ ئه‌و ئامێره‌ بچكۆلانه‌یه‌ن و گێژ و مه‌نگ ئاگایان له‌ دنیای‌ به‌رین نییه‌.. تۆ وه‌كو ئه‌وان مه‌به‌.. ورد بڕوانه‌… كه‌یفی‌ خۆشته‌، من زۆرت لێ‌ ناكه‌م، به‌ڵام حه‌ز ناكه‌م وه‌كو ئه‌وان بی‌… خه‌ڵكی‌ چی‌ ده‌ڵێن با بڵێن، ئه‌وان هه‌موو شتێك ده‌ڵێن، زاری‌ بنیاده‌م پڵنگی‌ برسییه‌ به‌ خودی‌ خۆشی‌ ناگیرێته‌وه‌ هه‌ر كه‌ قه‌ڵه‌مبازی‌ دا دنیا كاول ده‌كات و… زمانی‌ ئه‌م عه‌یامه‌ ره‌شه‌ وه‌كو ره‌ژوو، ئێمه‌ش بڕیارمانداوه‌ گوێ‌ له‌ ره‌ش نه‌گرین. ره‌ش نابینین، ئێمه‌ نه‌وه‌ی‌ خورشیدی‌ خاوه‌رین، تۆپه‌ڵێكین له‌ ئاگر و شه‌وق و ئه‌وین و… ده‌مێكه‌ به‌ یه‌كه‌وه‌ین، هێشتا پێخوله‌ بووین به‌ یه‌كه‌وه‌ كه‌وتینه‌ڕێ‌، هه‌ر ئه‌وساكه‌ بڕیارماندا ئه‌م رێگایه‌ كه‌ ئه‌و سه‌ری‌ دیار نییه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ ببڕین، ئه‌گه‌رچی‌ ئه‌و هه‌ندێك جار هه‌ر بۆ به‌زم وه‌ك قایش باڵدر خۆی‌ ون ده‌كات، لێ‌ من گوێی ناده‌مێ‌، ده‌زانم یارییم له‌گه‌ڵ ده‌كات، له‌گه‌ڵ یارییه‌كانی‌ راهاتووم.. هه‌ندێك جار شل و شاو خاوه‌ خاو به‌ دوامدا دێت، ئه‌وه‌نده‌ خاوه‌ ده‌ڵێی‌ به‌سه‌ر هێلكه‌دا ده‌ڕوات.. چه‌ندی‌ هاواری‌ لێ‌ ده‌كه‌م «پێ هه‌ڵگره‌ دره‌نگه‌… وه‌ڕس بووم…» هاواركردن سوودی‌ نییه‌، هیچ په‌له‌ی‌ نییه‌ و له‌سه‌رخۆ.. منیش ده‌بێ‌ زوو زوو ئیستێك بكه‌م تاوه‌كو پێم ده‌گاته‌وه‌… كه‌چی‌ ئه‌ویش راده‌وه‌ستێ‌!. هه‌ندێك جاریش هاوشانم دێت، ئه‌وه‌م پێخۆشه‌، وه‌كو دوو عاشق شانمان ناوه‌ به‌ یه‌كه‌وه‌ و ورد ورد ده‌ڕۆین. به‌ڵام له‌ هه‌مووی‌ ناخۆشتر هه‌ندێك جار تره‌ختان به‌ چوارلۆقه‌ له‌ پێشمه‌وه‌ ده‌ڕوات، هه‌رچه‌ند ده‌كه‌م پێی‌ ناگه‌مه‌وه‌ هه‌ناسه‌چن ده‌بم ئه‌وه‌نده‌ به‌ دوویدا راده‌كه‌م و … ئه‌وه‌نده‌ خێرایه‌ ده‌ڵێی‌ گولله‌یه‌ و له‌ لووله‌ی‌ ده‌مانچه‌ی‌ په‌ڕه‌بێڵه‌وه‌ ده‌رپه‌ڕیوه‌، ده‌بم به‌ ئاسك، ئاسكی‌ ژێر چنگ و چه‌پۆكی‌ پاشای‌ خوێنمژ و نامه‌ردی‌ دارستان و نایگرمه‌وه‌… نایگرمه‌وه‌.. به‌ هه‌ناسه‌ توندییه‌وه‌ هاوارێكی‌ لێده‌كه‌م» ماڵم ئاوا كردی‌ تۆزێك هێواش.. ده‌ڵێی‌ تفه‌نگچی‌ مازنده‌رانی‌ به‌دووت كه‌وتووه‌، تۆزێك خاوی‌ بكه‌ره‌وه‌ وه‌ڵڵا خه‌ریكه‌ گیانم ده‌رده‌چێ‌. ئه‌و په‌له‌ په‌له‌ی‌ بۆچییه‌؟َ!.» ده‌زانێ‌ زۆر ماندووم و زۆریش تووڕه‌م، ئیستێك ده‌كات و قاقا ده‌نگی‌ پێكه‌نینی‌ له‌ ته‌شقی‌ ئاسمان شه‌پۆل ئه‌دات، ده‌مه‌وێت پێی‌ بگه‌مه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و دیسانه‌وه‌ بۆی‌ ده‌رده‌چێ‌.. منیش به‌دوویدا … كه‌ ماندووش ده‌بم به‌ره‌و رووی‌ خورشیدی‌ خاوه‌ر هێواش هێواش هه‌نگاوده‌نێم و ئه‌ویش چه‌وت و چه‌وێڵ به‌دوامدا دێ‌.. جاری‌ واش هه‌یه‌ وه‌كو دیده‌بان به‌هه‌موو لایه‌كدا كه‌لله‌سه‌ره‌ زله‌كه‌ی‌ ده‌چه‌رخێنێ‌ و چاو ده‌گێڕێ‌، ساكاوه‌، وه‌كو بڵێی‌ كه‌تنێكی‌ كردبێ‌ و …
به‌ڵێ‌ ئێمه‌ دووین، زوو زووش ده‌بین به‌ یه‌ك، به‌ڵام نابین به‌ سێ‌. پیرێژه‌نی‌ سه‌ر ئاسنین زمانی‌ وه‌كو مار ژه‌هر فڕێده‌دا، ئه‌و به‌دنیهاده‌ ده‌می‌ ناوه‌ به‌گوێی‌ خه‌ڵكه‌وه‌ و به‌ هه‌ر كه‌سێك ده‌گات فسكه‌ فسك ده‌ڵێ» سه‌ری‌ لێداوه‌، ئه‌م كابرایه‌ سابووره‌یه‌ هه‌ر له‌ ئه‌زه‌له‌وه‌ خودا هیچیانی‌ پێ نه‌داوه‌ ته‌نیا كونیله‌یه‌كی‌ هه‌یه‌ جار جاره‌ سوێراوه‌كه‌ی‌ ده‌ڕێژێ‌ و.. چی‌ دیكه‌ی‌ لێوه‌ ناڕژێ‌، له‌گه‌ڵ سێبه‌ری‌ خۆیدا جووت ده‌بێ‌، ده‌ڵێ‌ ((ئه‌وه‌ بێ‌ سه‌رئێشه‌یه‌))…» پیرێژنی‌ به‌د نیهاد، ئه‌م درۆیه‌شت به‌ده‌می‌ منه‌وه‌ كرد!؟. دووپشكی‌ چزه‌پێڵه‌ چ ده‌ڵێ‌ با بڵێ‌، ده‌ی‌ با ژه‌هری‌ خۆی‌ بڕێژێ‌. ژه‌هر كاری‌ له‌ من نه‌كردووه‌.
هاوڕێی‌ ئازیز تۆ كه‌ هه‌میشه‌ ئه‌م رێگا دوور و پڕ پێچ و پلوچه‌م له‌گه‌ڵ ده‌پێوی‌، چ ده‌گوترێ‌ با بگوترێ‌.. ئێمه‌ كه‌ی‌ باكمان له‌ زاری‌ ژه‌هراوی‌ بووه‌؟ به‌بێ‌ تۆ په‌نجه‌ ناكه‌م به‌ ئاودا، پاروو به‌ گه‌روومدا ناچێته‌ خوارێ‌، هه‌موو شتێكت له‌گه‌ڵ به‌ش ده‌كه‌م، دنیاش به‌ تۆوه‌ خۆشه‌، با پیرێژنه‌ سه‌ر ئاسنین بۆ خۆی‌ بفڵتێنێ‌، ئه‌وه‌ داخی‌ دڵێتی‌ خه‌ریكه‌ شێت و هار ده‌بێ‌، رۆژێ‌ بیست جاران كچه‌ زه‌رده‌ڵه‌كه‌ی‌ ده‌نێرێته‌ سه‌رمان. زه‌رده‌ڵی‌ باریك و بنێس هه‌ر جاره‌ به‌ ئه‌نجه‌تی‌ شتێكه‌وه‌ ته‌ق ته‌ق… ده‌رگا ده‌كوتێت، جاڕسی‌ كردووین. ته‌ق ته‌ق… ده‌رگایه‌.. ته‌ق ته‌ق ده‌رگایه‌.. دیسان چییه‌؟ پیازیان نه‌ماوه‌ هاتووه‌ دوو سه‌لك پیازی‌ به‌ قه‌رز پێ بده‌ین. پیازی‌ برد و بیانووی‌ بڕا.. ئینجا نه‌رمه‌ نه‌رمه‌ به‌ ناز و خۆبادانه‌وه‌ هات و ته‌ق ته‌ق دیسانه‌وه‌ ده‌رگای‌ كوتی‌.. ئه‌مجاره‌ به‌ ئه‌نجه‌تی‌ زێرابه‌كه‌یانه‌وه‌ هاتووه‌. گوایه‌ تاڵه‌ مووه‌كانی‌ … كونی‌ مه‌نهۆڵه‌كه‌ی‌ گرتووه‌ و هاتوون بۆ هیمه‌تی‌ من.. جا كونی‌ مه‌نهۆڵ چ په‌یوه‌ندییه‌كی‌ به‌ منه‌وه‌ هه‌یه‌؟ پاشان خۆ من پۆخچی نیم یان ئه‌وه‌تا… به‌یانی‌ زوو دوو سه‌لك پیازه‌كه‌ی‌ به‌ كچه‌ی‌ داماودا نارده‌وه‌ و له‌ په‌نجه‌ره‌كه‌شه‌وه‌ سه‌یری‌ ده‌كرد و به‌ده‌نگی‌ به‌رز بۆ ئه‌وه‌ی‌ من گوێم لێ‌ بێ‌ ده‌یگوت» ماشه‌ڵڵا ده‌ڵێی‌ خۆره‌، به‌ڵام بێسعوده‌، منداڵی‌ هه‌ژاره‌… حه‌یف، حه‌یف ئه‌و مزمه‌عیله‌ نایبینێ‌.»
نا نه‌خێر مزمه‌عیل نیم و زۆرباش ده‌بینم، چاوه‌كانم ئه‌وه‌نده‌ تیژن نه‌ك تاریكه‌ شه‌و ئه‌ستێره‌ی‌ كاروان كوژه‌ش ناتوانێ‌ فریوم بدات. فه‌رهاد به‌كوژ ده‌ڵێ‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ زێی‌ منه‌وه‌ هاتووه‌ته‌ دنیاوه‌ خۆره‌!. خه‌ڵه‌فاوه‌ هێشتاكێ‌ نه‌یزانیوه‌ خورشیدی‌ خاوه‌ر بۆ عیشقی‌ دۆست ده‌سووتێ‌، به‌و ته‌شقی‌ ئاسمانه‌وه‌ ده‌سووتێ‌ و وه‌كو ماری‌ سه‌ر ئاگر حه‌جمینی‌ نییه‌، به‌م دیودا ده‌كه‌وێت مه‌عشووقی‌ لێ‌ ونه‌ و به‌و دیودا ده‌كه‌وێت و هه‌ر نایدۆزێته‌وه‌… سره‌وتی‌ نییه‌ بۆ ساتێك ناوه‌ستێ‌، خول ده‌خوات به‌ سه‌ركێو و ده‌ریاكاندا دێ و ده‌چێ‌ به‌ هه‌موو لایه‌كدا شه‌وقی‌ خۆی‌ په‌خش ده‌كات، ده‌چێته‌ هه‌ر شوێنێك رووناكی‌ له‌گه‌ڵ خۆی‌ ده‌بات و كه‌سیش نازانێ‌ ئازاری‌ وی‌ ئازاری‌….
ئێمه‌ش دووین و نابین به‌سێ‌، ده‌بین به‌ یه‌ك، ئه‌مما به‌ سێ‌ نااااااا. كاتێ‌ خورشیدی‌ خاوه‌ر له‌گه‌ڵ بای‌ ده‌بووردا سه‌ری‌ كرد به‌ خورجینه‌كه‌دا ئه‌و به‌پێ دزیلكه‌ دێ و منیش باوه‌شی‌ بۆ ده‌گرمه‌وه‌… باوه‌ش به‌ یه‌كدا ده‌كه‌ین و ده‌بین به‌ یه‌ك و كه‌سمان نازانین كامان رژاوینه‌ته‌ نێو ئه‌وی‌ ترمانه‌وه‌، هه‌ر دووكمان…
نا كاكه‌ نا..
نا گیانه‌ نا..
ئه‌زیزم هه‌ر خۆم نیم، نابینی‌؟ ئه‌و پیاوه‌ به‌ قه‌ڵافه‌ت و تێكسمڕاوه‌ نابینی‌؟ ته‌نانه‌ت له‌ منیش بڵند تره‌، زۆر كه‌ڵه‌گه‌ته‌.. چاوه‌كانت بكه‌ره‌وه‌ و جوان بڕوانه‌ ته‌نیا نیم و یه‌كێكی‌ دیم له‌گه‌ڵدایه‌، بۆ هه‌موو شوێنێك له‌گه‌ڵمدایه‌ وه‌كو باڵبازێكی‌ چاونه‌ترس ته‌نانه‌ت بۆ نێو چه‌قی‌ جه‌هه‌نمیش… به‌بێ‌ ده‌نگی‌ له‌گه‌ڵما رێگه‌ ده‌بڕێ‌، هێنده‌ سه‌لاره‌ حاشا و مادوڵلام له‌گه‌ڵ ناكات، بڵێم بۆ نێو ئاگر، بۆ بنی‌ ده‌ریا … دێت، نای‌ نییه‌، فێر نه‌كراوه‌ بڵێ‌ ناااا…
دوێنێ‌ له‌ به‌یانی‌ به‌ردانه‌وه‌ هه‌ردووكمان به‌ یه‌كه‌وه‌ له‌ ماڵ هاتینه‌ ده‌رێ‌، پشتمان له‌ خورشیدی‌ خاوه‌ر كرد و به‌ره‌و نسار رۆیشتین، هه‌ر رۆیشتین و رانه‌وه‌ستاین، هه‌ڵته‌ك هه‌ڵته‌ك هه‌نگاوماننا و له‌ ژێر لێوه‌وه‌ به‌ تۆنێك گۆرانیمان چڕی‌، جار جارێ‌ ئاوڕم ئه‌دایه‌وه‌، ئه‌ویش بۆ دڵنیا بوون ئاوڕی‌ ئه‌دایه‌وه‌…
زۆر رۆیشتین گه‌یشتینه‌ سه‌ر قیله‌تاوێكی‌ خوێناوی‌.. ئه‌و هه‌موو خوێنه‌ چییه‌؟. وابزانم خوێنی‌ جه‌وهه‌ر ئاغایه‌. ئه‌و له‌ پێشمه‌وه‌ وه‌ڵامی‌ دامه‌وه‌ نا ئه‌زیزم خوێنی‌ وی‌ نییه‌، خوێنی‌ جه‌وهه‌ر ئاغا بۆنی‌ سینه‌ و به‌رۆكی‌ كچه‌ ئه‌رمه‌نیانی‌ لێ‌ دێ‌. ئه‌م خوێنه‌ بۆنی‌ زۆر ناخۆشه‌. له‌وانه‌یه‌ فه‌رهاد به‌كوژ لێره‌وه‌ تێپه‌ڕیبێ‌. لاموابێ‌ پیرێژنه‌ سه‌ر ئاسنین ئیشی‌ خۆی‌ كرد، ته‌قی‌ به‌گی‌ راسپارد بوو…. ته‌قی‌ به‌گی‌ چی‌! فیله‌ته‌نێك بوو بۆ خۆی‌، حه‌وترینگه‌یه‌ك بوو مامووت له‌ چاویدا گوجیله‌ سه‌گ بوو! هێنده‌ زه‌به‌لاح بوو عه‌زیز ره‌حمانی‌ پاڵه‌وانی‌ وه‌كو شووتییه‌ كۆڵه‌ ده‌خسته‌ بن ده‌سته‌ خاكه‌نازییه‌كه‌ی‌، گامێش خۆی‌ بوو ده‌ڵێن شه‌وان ژنه‌ سیسه‌ڵه‌كه‌ی‌ چاوه‌كانی‌ ده‌نووقێنێ‌ و… گوتبووی‌ هه‌موو شه‌وێ‌ ئه‌و دنیا به‌ چاوی‌ خۆم ده‌بینم، شه‌و نییه‌ خاڵۆ میرزا نه‌بینم له‌ ئاگری‌ دۆزه‌خدا نه‌سووتێ‌.. لاموابێ‌ خاتوو میناس و جه‌وهه‌ر ئاغا سكاڵایان له‌سه‌ر تۆماركردووه‌ و چوار پیاوی‌ پیاوانه‌ی‌ ته‌برێزیش گه‌واهییان بۆ داوه‌.. ئێ سزای‌ به‌كرمه‌رگه‌وه‌ر هه‌ر سووتانه‌ له‌ دۆزه‌خدا. ئه‌ی‌ ئێمه‌ چۆن سكاڵای‌ خۆمان تۆمار بكه‌ین؟ ته‌قی‌ به‌گ به‌ قیله‌تاوی‌ خوێناویدا به‌دوومان كه‌وت… پێ هه‌ڵگره‌ ئه‌ی‌ دۆست، خێرا وه‌كو گێژه‌ڵووكه‌.. تره‌ختان بۆی‌ ده‌رچووین، له‌ قیله‌تاوی‌ خوێناوییه‌وه‌ به‌ نێوان ترومبێله‌ تازه‌ و تیژڕه‌وه‌كاندا بۆی‌ ده‌رچووین، تاوه‌كو گه‌یشتینه‌ گه‌ڕه‌كی‌ مه‌لا قاون و له‌ سووچی‌ كۆڵانێكی‌ باریكدا پێچمان كرده‌وه‌، كۆتایی كۆڵان دیوارێكی‌ به‌رز بوو، ویستمان بگه‌ڕێینه‌وه‌. ته‌قی‌ به‌گ وه‌ك گای‌ بنه‌ ده‌می‌ ئه‌و سه‌ری‌ كۆڵانه‌كه‌ی‌ گرت و به‌له‌ز به‌ره‌و روومان هات..
«ئه‌ی‌ دۆست با بفڕین.»
«تۆ بفڕه‌ و خه‌می‌ منت نه‌بێ‌.»
«من ناڕۆم نامه‌ردی‌ واناكه‌م. چۆن به‌جێت ده‌هێڵم؟»
«نه‌خێر تۆ بڕۆ، له‌ هه‌ركوێیه‌ك بیت… ده‌تگه‌مێ‌..»
ته‌قی‌ به‌گی‌ لامه‌زه‌ب وه‌ك دێوی‌ دۆڵپا سواری‌ سه‌ری‌ دۆست بوو، پێی نا به‌سه‌ریدا و من په‌ڕیم.. وه‌كو خوێن فیچقه‌م كرد و په‌ڕیمه‌ ئاسمانه‌وه‌. به‌ ته‌شقی‌ ئاسمانه‌وه‌ وه‌كو ره‌شیشه‌ ده‌فڕیم و چاوم بۆ ئه‌و ده‌گێڕا. بای‌ ده‌بوور هه‌ڵیكرد و خورشیدی‌ خاوه‌ر به‌ دووی‌ مه‌عشووقه‌كه‌یدا تلۆربووه‌وه‌ و تاریكی‌ دنیای‌ ته‌نییه‌وه‌ و منیش له‌ كه‌نار ده‌ریایه‌كی‌ به‌ریندا نیشتمه‌وه‌… تریفه‌ی‌ مانگ ده‌یدا له‌ سینه‌ و به‌رۆكی‌ نه‌رمی‌ ده‌ریا. دڵم تونده‌ ئه‌ی‌ دۆست سه‌رێ‌ هه‌ڵبڕه‌ ئه‌گه‌ر له‌ بنی‌ ده‌ریای‌…ئه‌گه‌رێكو له‌…..
گوێم له‌ ده‌نگی‌ دایكمه‌ ده‌ڵێت» ئه‌ی‌ بێ تالع ئاقیبه‌ت سه‌ڵت و سپاد، خۆ زوو پێم گوتی‌ ده‌مریت شاره‌وانی‌ له‌ گۆڕت ده‌نێ‌.» دایكم هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی‌ گوت و بێده‌نگ بوو، دۆستیش له‌ هیچ شوێنێكه‌وه‌ دیار نییه‌. من ئیدی‌ ته‌نیام ته‌نیا و ته‌نیااااااا عاساتی‌ و عاباتی‌ به‌كه‌ناری‌ ده‌ریای‌ به‌ریندا ده‌ڕۆم و دۆست له‌ هیچ شوێنێكه‌وه‌ ره‌نگی‌ نییه‌. به‌ڵام ده‌نگی‌ دێته‌ گوێم به‌ تۆنێكی‌ نه‌رم و ناسك غه‌زه‌لێكی‌ مه‌ولانای‌ رۆمی‌ ده‌چڕێ‌» ئه‌تۆ ده‌ریای‌ منم ماسی‌، وه‌ها ده‌ژیم كه‌ بخوازی‌….» چه‌ندی‌ گه‌ڕام دۆست نه‌بوو، ئه‌وه‌نده‌م چاو گێڕا چاوه‌كانم لێڵ بوون و له‌ هیچ لایه‌كه‌وه‌ ئه‌سه‌ری‌ نه‌بوو، خه‌ریك بوو نائومێد ده‌بووم و له‌ پڕ له‌ زایه‌ڵه‌ی‌ به‌رزی‌ وی‌ راچه‌نیم، به‌ده‌نگێكی‌ به‌رز گوتی‌ ئه‌وه‌تام زۆر نزیكم… تومه‌ز…. باشه‌ بۆ نه‌مدیبوو؟! من هه‌رگیز ئه‌وه‌نده‌ زه‌ین تاریك نه‌بووم.. پێم وابێ‌ بووین به‌ یه‌ك، یه‌كی‌ خشت…
یه‌ك……..

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

مشمش

شیرین. ك ئێواره‌یه‌كی هاوینه‌، دره‌خته‌كانی حه‌وشه‌ ئاو ده‌ده‌م، سه‌ر هه‌ڵده‌بڕم ...

freier porno porno gratis
doğubayazıt escort afşin escort afyon escort afyon escort alanya masaj salonu afyon masaj salonu efeler masaj salonu polatlı masaj salonu merzifon masaj salonu afyon masaj salonu akhisar masaj salonu akçakale escort