سەرەکی » وتار » د.عیزه‌دین مسته‌فا » بۆ یادی د. ئیحسان فوئاد

ئه‌م كونجه‌ش

بۆ یادی د. ئیحسان فوئاد

دوكتۆر ئیحسان فوئاد-لە منداڵی یەوە دۆستێكی نزیكم بوو. سروشت (یا تەبیعەت) ێكی تایبەتیی هەبوو. باوكی حەمەد بەگی قادر پاشا (محەمەد فوئاد) ە زۆر دۆستی مەحمودە ئەفەندیی هەمەوەند (مەحموودی فەقی قادر) بوو. لەوكاتەدا كە حەمەد بەگ- بەڕێوەبەری ناوچە (ناحیە) ی بازیان بووە، لەگەڵ مەحموود ئەفەندیدا زۆر ڕێك بوون. مەحموود ئەفەندی-كەریم بەگی هەر بەسەر زمانەوە بوو ‌و باسی (زانایی ‌و خوێندەواری) ی كەریم بەگی دەكرد. ئەوكاتە كەریم بەگ گواسترا بۆوە ‌و بوو بوو بە مودیری ناوچەی خورماڵ. باوكم بریاری دا دەبێ كەریم بەگ ببینم. پەلی منی گرت ‌و چووین بۆ هەڵەبجە ‌و ئەوسا (خورماڵ(
لەوێ كوڕەكانی كەریم بەگم ناسی- باسی ئێستامان لە بارەی (د.ئیحسان)ەوەیە-لەبەرئەوە لێرەدا هەر باسی ئەو دەكەم ‌و دەیارە بە كونجێكیش تەواو نابێ.
دوكتۆر ئیحسان-زۆر شارەزا ‌و خوێندەوار بوو. بەشی ئینگلیزیی لە خانەی بەرزی مامۆستایان (دار المعلمین العالیە) تەواو كرد. زمانی باش دەزانی-دووایی ڕوسیش باش فێربوو. بەڵام ڕەحمەتی دوكتۆر ئیحسان ڕەفتارێكی بوو، كە چەند كەسی تریشم وا دیووە. ئەویش ئەوە بوو كە شتی دەشاردەوە. بۆنمونە: دەچوو بۆ لۆقەنتەیەك بۆ نانخواردن-لێت دەپرسی: ئەوە بۆ كوێ دەچی. دەیووت: ئیشێكی تایبەتیم هەیە-بەرەو فڵان شوێن دەچم.
جارێك لە سمینارێك یا كۆبونەوەیەكدا بووین. یەكێك باسی (كاژیك) ی دەركرد ‌و لە (حەوتەوانە) ی كاژیك دەدووا-كە ئەو ڕێكخراوەیەیان دروستكرد. ناوی دوكتۆر ئیحسانیشی تێدابوو. ئەو لە هۆڵەكەدا لای منەوە دانیشتبوو. هەر بەو گاڵتەیەی لەنێوانماندا هەبوو پێم وت: ئیحسان- ئەوە كاژیكەكەت ئاشكرا بووە بۆ (ماسۆنی) یش خوا كەریمە. هەر بە پێكەنین وەریگرت ‌و ووتی (خوا بكات(
دوكتۆر ئیحسان ساڵی پاش ئێمە-(زەمالە) ی وەرگرت ‌و هات بۆ مۆسكۆ. لەوێ وازی لە كاژیك هێنابوو. ماوەیەكیش سەرۆكی (كۆمەڵەی قوتابیانی كورد) بوو. ڕەحمەتی (د. جەمال نەبەز) دەیووت- ئیحسان ئێمەی بە (زەمالە) یەك فرۆشت. زۆرم هەوڵ لەگەڵیدا كە تێی بگەێنم-كەوا (زەمالە) -حیزبی شیوعی نەیداوە-حكوومەتی سۆڤێت خۆی داوێتی ‌و ژمارەی قوتابیانی كوردیش دەست نیشانكراوە ‌و بەپێی – نمرەكانیانە- لە دەرچوونی كۆلێجدا. بەڵام نەیسەلماند. تومەز د. ئیحسان لەو سەردەمی هاتنە مۆسكۆیەدا وازی لە كاری ئەوان هێنابوو. بەڵام دوكتۆر ئیحسان-ئەوەشی هەر بە گاڵتەكردنەوە وەردەگرت.
دوكتۆر ئیحسان بێجگە لە نووسەری- شاعیرێكی باشیش بوو. كۆمەڵی شیعری لە گۆڤارەكانی ساڵانی شەستی سەدەی بیستەمدا بەناوی (كاكە شوان) ەوە هەیە. خۆزگە ئەو گۆڤارانەم دەست دەكەوتوو. بە ئەركی هەمەلایەنەی خۆمی دەزانم. لێكۆڵینەوەیەكی لەبارەوە بنووسم.
بۆ باسی دوكتۆر ئیحسان-چەند كونجم دەوێ. لە باسی خانەوادەكەیەوە بۆ باسی (باوكی) ئینجا بۆ باسی خۆی ‌و هەموو لایەنێكی چاكی ‌و خزمەتەكانی. ئەوە باسی براكانیشی هەر بە ئەركی خۆم دەزانم.
تا كەرەسەی نووسینیترم دەستە دەكەوێ-سڵاوێكی گەرم بۆ یادی برادەری خۆشەویستم دوكتۆر ئیحسان فوئاد بۆ هەموو بنەماڵەی (خەندان).

پۆزش
لە كونجێكی پێشوودا باسی كتێبە ئینسكلۆپیدی یەكەی مامۆستا (عەلی پەرلەمان) م كردبوو، نوسیبووم مامۆستا عەلی-ئەڵكەوازی یە ‌و جافە- بەڵام خەڵك ناویان ناوە (عەلی پەرلەمان) ‌و هەر بەو ناوەوە ناسراوە. بەڵام نازانم ئەو هەڵە گەورەیەم چۆن بەسەرمدا تێپەڕیووە. كە كاكە عەلی (ئەلكەوازی) نی یە-بەڵكو كەسێكی دیاری تیرەی (ڕۆغزایی) جافە ‌و دیارە لە هۆزی (جاف) یشە. داوای لێبوردن لە كاكە عەلی دەكەم ‌و هیوام وایە كە دەرفەتی ئەوەم بۆ بڕەخسێ. لێكۆڵینەوەیەكی شایان بە كتێبە مەزنەكەی بنووسم.
عیزەدین

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

هونەری پێشكەش كردنی بەرنامە

پێم مەڵێن دەرسمان پێ مەڵێ. هەرچەندە لە ژیانی خۆمدا لە ...