سەرەکی » کەلتوور » کتێبی ساتێ پێش بیرچوونەوە-نووسینەوەی دووەم-کامەران سوبحان

کتێبی ساتێ پێش بیرچوونەوە-نووسینەوەی دووەم-کامەران سوبحان

ئا: کوردستانی نوێ

سەعات 3ی پاشنیوەڕۆی، ڕۆژی شەممە 15/12/2018 لەکافتریای ئەمنە سوورەکە لەسلێمانی، مەراسیمی بڵاوبوونەوەی نوێترین کتێبی نووسەرو رۆژنامەنووس کامەران سوبحان (ساتێ پێش بیرچوونەوە- نووسینەوەی دووەم) بەڕێوەچوو.
لە مەراسیمەکەدا کە بەئامادەبوونی ژمارەیەک لە رووناکبیران ونووسەران و کەسایەتییە حکومی و حزبییەکان بەڕێوەچوو، کامەران سوبحان باسی نووسینەوەی دووەمی کتێبەکەی کرد، دوای گفتوگۆیەکی فراوان لەسەر کتێبەکە، نووسەر بەواژۆی خۆی کتێبەکەی بەخشییە ئامادەبووانی مەراسیمەکە.
لەپەرەگرافێکی کتێبەکەدا هاتووە: بەدەر لە ئەحمەدی خانیی، ئەم نووسەرە، بە ڕیتم و شێوازێکی جیاواز»مەمی ئالان» دەنووسێتەوە. پاش «سی ساڵ» بەسەر نووسینیی ئەم تێکستەدا، ئێوارەیەک لە نێو کتێبخانەکەی خۆیدا، بۆ دیوانە شیعرێکیی کۆنی کوردیی دەگەڕا. لە دەستە ڕاستیی بەشی سەرەوەی کتێبخانەکە یدا، هاوارو دەنگی کەسێ، هۆش و بیریی سەرقاڵدەکات. بیریدەچێتەوە، لەو ساتەدا بەدوای چ کتێبێدا گەڕاوە!
لەکتێبی (ساتێ پێش بیرچوونەوە- نووسینەوەی دووەم)، دەقێک هەیە، تێکەڵ لە خەیاڵ و ڕاستیی. چیرۆک و بەسەرهاتەکان، کەڕوداوی ڕاستەقینەی مێژوون، کەسایەتییەکانیی ئەم کتێبە، پێشتر هەریەکەیان لە سوچی و قوژبنێکدا بوون. نووسەری ئەم کتێبە، لە یادەوەریی و خەیاڵدانی خۆیدا دایڕشتوونەتەوە.! ئەوەی لە واقیعدا ڕوونادات، زۆر بە ئاسانیی لەخەیاڵدا ڕودەدات! ئاساییە کە (دڵدار و ئەحمەد کایا)هەریەکەیان لە شوێن و سەردەمێکی جیاوازدا ژیاوون، بەڵام لەم کتێبەدا بەیەک دەگەن.! مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس و تەهای کەریمیی. ئەحمەد موختار جاف و بەکر عەلیی، فایەق بێکەس و شەماڵ سائیب. تۆفیق وەهبی و خالقی و زۆری تریش بە سفربوونەوەی «زەمەن» لەم کتێبەدا بەیەک دەگەن لە کاتێکدا ئەم کارەکتەرانە لە دوو زەمەنی جیاوازدا ژیاون، بەڵام فەنتازیای سفربوونەوەی زەمەن و خەیاڵ، چیرۆکێکی وا دروست دەکات، خوێنەر دەخاتە کەشێکی وا هەست بکات، لەسەردەمێکی جودا دەژی، جیاواز لەو سەردەمەی کە ئێستا تێیدا دەژی.!
بەدەر لەوەی (ئەحمەد کایا و دڵدار) شاعیر کە لەم کتێبەدا، لە کن قەراتی هەولێر پێکەوە گۆرانیی دەڵێن، بەیەکگەیشتنێکی سەرنجڕاکێشی تری تێدایە، کە بەیەکگەیشتنی نێوان (مەلا عەبدولکەریمی مودەریس و تەهای کەریمی)ییە. کە گفتوگۆ لەسەر شیعری کلاسیکی کوردی دەکەن.
لەم کتێبەدا پەیوەندییەکی خەیاڵیی، کارەکتەرەکان کۆدەکاتەوەو ئەو کەسانەی لەم کتێبەدا دەردەکەون و نایەڵن یادەوەری خوێنەر، کاڵ بێتەوەو کۆمەڵێ دەق و کتێب و نووسەرو هونەرمەندن.. هەریەک لەو کەسانە، بە رەنگ و سیما و تایبەتمەندیی خۆیان، نووسراون و چیرۆکی جیاواز دەگێڕنەوە. زمانی گێڕانەوەو گوزارشتکردنیشیان جیاوازە. هەندێ بە وشە و هەندێ بە گۆرانی و هەندێ بە سەرگوزشتە، ساتی پێش «بیرچوونەوە-نووسینەوەی دووەم» دیاری دەکەن. چ وەک شێوازی نووسین، چ وەک گێرانەوە. هەروەک ئەحمەدی مەلا دەڵێت ئەم شێوازە نووسینە تێکەڵەیەکە لە نێوان ڕۆمان و گێڕانەوەدا، بە زمانێکی پاراوی سەرنجڕاکێش، کە نایەڵێت خوێنەر بێزاربێت لە خوێندنەوە.
بەتایبەتیش، لە دەستپێک و ئەو شێوازە خەیاڵی ئامێزەی نووسەر، کە دەرفەت نادات، خوێنەر لە دەقەکە و لە کتێبەکە دابڕێت.
کارەکتەرەکانی نێو ئەم کتێبە، بە پێی دەرکەوتنیان، زیاتر لە ٣٠ کارەکتەری جیاوازن. هەریەکەیان بە تەمەن و ڕەگەز و کارو پیشە و لە سەردەمی جیاواز و لە هەر چوار بەشە جیاوازەکەی کوردستان ژیاون. ئەو کارەکتەرانەش، بریتییە لە: (عەلادین سەجادی،مەلاعەبدولکەرمی مودەڕیس، عەبدولڕەحیمی هەکاریی، مەولانا خالید، شێخ محەمەدی خاڵ، مەلای گەورە، هەژار موکریانی، ئەمین زەکی بەگ، حسێن حوزنی موکریانیی، تۆفیق وەهبی، ئەحمەد هەردی، فایەق بێکەس، ئەحمەد موختار جاف، دڵدار، عەبدولخالق مەعروف، بەدیع باباجان. حسێن عارف، محێدین زەنگەنە، شێرکۆ بێکەس، کەمال مەزهەر، عومەر مارف بەرزنجی، تەهای کەریمیی، حەمەی مەلا کەریم، جەمال شارباژێڕیی، عەلی ئەسغەری کوردستانیی، ئەحمەد کایا، مەزهەری خالقی، شەماڵ سائیب، عەباسی کەمەندیی و … هتد)
لەگەڵ خوێندنەوەی ئەم ناوانەدا، رەنگە تۆی خوێنەر، ڕاستەوخۆ ئەو پرسیارە بێت بە هۆش و بیرکردنەوەتدا، ئەرێ بەڕاست، چی ئەم کارەکتەرانە بەیەکەوە دەبەستێ؟ چۆن بتوانین پەیوەندیی لە نێوان ئەحمەد کایا و عەلادین سەجادیی درووستکەین؟ چ شتێ شێخ محەمەدی خاڵ و عەبدولخالق مەعروف بەیەکەوە دەبەستێ؟؟ ئەحمەد موختار جاف و بەکر عەلی، چۆن لەم کتێبەدا بەیەک گەیشتن و کۆبونەوە؟ لە کاتێکدا، ئەم دوو شاعیرە و ئەم کارەکتەرانە، زۆربەیان لە سەردەمی جیاوازی یەکتردا ژیاون.! ڕەنگە خوێنەر هەبێ بڵێ پەیوەندیی ئەم کارەکتەرانە، لە شیعر و تابلۆی سریالییەکان دەچێ!
خوێنەر، دوای خوێندنەوەی کتێبی «ساتێ پێش بیرچوونەوە» و ئاستی خەیاڵ و گێڕانەوەی ڕووداوەکانیی، دەتوانێ ئەو هێڵ و پەیوەندییانە بدۆزێتەوە. کەڕەنگە، لێرەدا شیکارکردنی ئەو پەیوەندییە، کەمێ ئاڵۆز و دژوار بێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

شەهید ئارام لە نێوانی دوو كتێب و وتارێكی رۆژنامەدا

محەمەد شێخ عەبدولكەریم سۆڵەیی به‌شی دووه‌م دووەم/ لەدوای راپەڕین و ...