سەرەکی » وتار » جه‌میل مه‌لاقه‌ره‌ » ئه‌و ته‌واره‌ كورده‌ جه‌نگاوه‌ره‌ی مسته‌فا كه‌مال خه‌ونه‌كانی زینده‌به‌چاڵكرد

فاتیمه‌ قه‌ره‌

ئه‌و ته‌واره‌ كورده‌ جه‌نگاوه‌ره‌ی مسته‌فا كه‌مال خه‌ونه‌كانی زینده‌به‌چاڵكرد

گه‌لی كورد زیاد له‌ گه‌لانی دیكه‌ی دونیا كه‌وتۆته‌ به‌ر زوڵم ‌و زۆرداری دوژمنان ‌و هه‌ندێ جار ڕابه‌ره‌كانی خۆیشی! ‌و یه‌كێكه‌ له‌ دڵسافترین ‌و خۆشباوه‌ڕترین خه‌ڵكانی سه‌ر زه‌وی، هه‌میشه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ خه‌ون ‌و خه‌یاڵه‌كانی به‌هه‌موو شنه‌بایه‌ك شه‌كاوه‌ته‌وه‌ ‌و كه‌وتۆته‌ ژێر كاریگه‌ری واده‌ ‌و به‌ڵێنی فێڵبازانه‌ی ناحه‌زانی، جا ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ به‌ ساویلكه‌یی دانه‌ندرێ ده‌بێ چی ناو لێ بندرێ، بۆچی ده‌بێ هه‌مزه‌ ئاغای مه‌نگور، پاشای گه‌وره‌ی ره‌واندوز، جه‌عفه‌ر ئاغای شكاك ‌و سمكۆ شكاكی برای، د. قاسملو ‌و شه‌ره‌فكه‌ندیش به‌سه‌رهه‌مان ته‌ڵه‌ی دوژمندا بكه‌ون ‌و به‌واده‌ ‌و به‌ڵێنه‌كانیان بڕوا بكه‌ن، دیاره‌ قه‌ده‌م خێری ژنه‌ شۆڕشگێڕی فه‌یلیش له‌پای نامه‌ردی ‌و ترسنۆكی ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی ناچار به‌ واده‌ ‌و به‌ڵێنه‌كانی شای ئێران ڕازی بێ ‌و ڕێگای تاران بگرێته‌به‌ر.
قه‌ره‌ فاتیمه‌ ئه‌و ته‌واره‌ كورده‌ جه‌نگاوه‌ره‌ی تا ئێستا كه‌مترین زانیاری ده‌رباره‌ی بڵاوكرداوه‌ته‌وه‌ به‌هه‌مان ڕێچكه‌ی ئه‌وانی پێش خۆیدا به‌ كه‌مێك جیاوازیه‌وه‌ له‌ چاره‌نووسه‌كه‌ی دا ڕۆیشتووه‌ ‌و وه‌كو زۆر له‌ سه‌رۆك عه‌شیره‌ته‌ كورده‌كان ئه‌ویش كه‌وتۆته‌ داوی واده‌ ‌و به‌ڵێنه‌ درۆینه‌كانی مسته‌فا كه‌مال، قه‌ره‌ فاتم یان وه‌كو توركه‌كان شانازی به‌ ئازایه‌تیه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌كه‌ن هه‌روه‌ك چۆن عه‌ره‌ب شانازی به‌ سه‌لاحه‌دین ئه‌یوبیه‌وه‌ ده‌كه‌ن به‌ فاتیمه‌ سه‌حه‌ر هانم ناوی ده‌به‌ن كچی یوسف ئاغای ئه‌رزه‌ڕۆمه‌ هه‌روه‌كو لازاریفی كوردناس باسی ده‌كات له‌ عه‌شیره‌تی شكاك ‌و خزمی سمكۆ ئاغای شكاكه‌، له‌ساڵی 1888 ی زاینی له‌ خێزانێكی كورده‌واری له‌دایكبووه‌ ‌و ژنی ده‌رویش به‌گ بووه‌ كه‌ له‌ شه‌ڕی به‌ناو رزگاری توركیادا له‌ جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م له‌ به‌ره‌كانی شه‌ڕی قه‌وقازیا ‌و به‌لقان به‌شدار بووه‌ ‌و له‌ ساری قامیش كوژراوه‌ یان پاش ئه‌و شه‌ڕه‌ وه‌فاتی كردووه‌، فاتیمه‌ له‌ساڵی 1919 خۆی ده‌گه‌ینێته‌ ناو كۆنگره‌ی سیواس ‌و له‌وێ چاوی به‌ مسته‌فا كه‌مال پاشا ده‌كه‌وێت ‌و داوای لێ ده‌كات ره‌زامه‌ندی بدات بۆ به‌شداری كردنی له‌ جه‌نگ ‌و دامه‌زراندنی تیپێكی سه‌ربازی یان میلیشیا، سه‌ره‌تا ده‌سته‌یه‌كی جه‌نگاوه‌ر داده‌مه‌زرێنێ كه‌ له‌ (43) ژن ‌و(700) پیاوی عه‌شیره‌ت پێكدێ، له‌ شه‌ڕه‌كانی یونان به‌دیل ده‌گیرێ ‌و ده‌یبه‌نه‌ باره‌گای سه‌ركرده‌ی سوپای یونان جه‌نڕال نیكۆس تریكوبیس ‌و له‌وێ له‌گه‌ڵیدا ده‌كه‌وێته‌ گه‌نگه‌شه‌یه‌كی تووند ‌و پاشان له‌ زیندان ڕاده‌كات ‌و خۆی له‌ یه‌خسیری ده‌رباز ده‌كات، له‌ شه‌ڕه‌كانی ئه‌زمیت-بورسه‌ ‌و ئه‌زمیر خۆی ‌و تیپه‌كه‌ی پێشه‌نگ ده‌بن بۆ گه‌یشتن به‌ناو ئه‌زمیر ‌و ده‌رهێنانی له‌چنگ یونان ‌و له‌ (9) ی سه‌پتێمبه‌ری 1922 كونترۆڵی كه‌نداوی ئه‌زمیر ده‌كات ‌و له‌ شه‌ڕه‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌كه‌ی سه‌قاریا فاتیمه‌ قاره‌مانیه‌تیه‌كی بێوێنه‌ ‌و ئازایه‌تییه‌كی له‌ ڕاده‌به‌ده‌ر ده‌نوێنێ كه‌ له‌و شه‌ڕه‌دا بوو نازناوی ئه‌تاتورك به‌ مسته‌فا كه‌مال به‌خشرا، فاتیمه‌ وێرای هه‌ندێ له‌ عه‌شیره‌ته‌ كورده‌كان خۆی ‌و خوشكه‌كه‌ی ‌و كوڕه‌كه‌ی له‌ زۆربه‌ی شه‌ڕه‌كاندا به‌شدار بووه‌.
دیاره‌ ئه‌و وه‌خت له‌ سوپادا جگه‌ له‌ خالیده‌ ئه‌دیب ئه‌دیوار ‌و چه‌ند ژنێكی دیكه‌ هیچ ژنێك نه‌چووبوونه‌ ڕیزی له‌شكر كه‌ پاشان ئه‌و ژنه‌ ئه‌سمه‌ره‌ كورده‌ به‌ڕه‌سمی چۆته‌ ریزه‌كانی سوپا ‌و له‌ سه‌ره‌تا به‌عه‌ریف ‌و پاشان گه‌یشت به‌پله‌ی ئه‌فسه‌ری دوو ئه‌ستێره‌ ‌و خاوه‌نی ویسامی ئازایه‌تی جه‌نگ ‌و میدالیای سه‌ربه‌خۆیی ئه‌و كاتی توركیا بوو، پاشان خانه‌نشین ده‌كرێ ‌و مووچه‌كه‌ی به‌ مانگی سووری توركیا ده‌به‌خشێ، فاتیمه‌ ئه‌و ناوو ناوبانگه‌ گه‌وره‌یه‌ له‌پڕێك له‌به‌رچاودا وون ده‌بێت ‌و كه‌ له‌ ساڵی 1933ی زاینی ڕۆژنامه‌نووسێك ده‌كه‌وێته‌ سۆراغكردنی ‌و له‌ ئه‌سته‌مبۆل ده‌یدۆزیته‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ كوڕه‌كه‌یدا له‌ بارێكی كۆڵه‌مه‌رگی ‌و به‌نه‌داری له‌ناو دیرێك (كه‌نیسه‌) ێكی ڕووسیدا له‌و شاره‌دا ژیان به‌سه‌رده‌بات تا له‌ ساڵی 1944 بیره‌وه‌رییه‌كانی خۆی ده‌نووسێته‌وه‌ ‌و ده‌وڵه‌ت له‌نمایشێكی سه‌ربازی دا ڕێزلێنانی بۆ ده‌كات ‌و كارێكی بۆ ده‌دۆزێته‌وه‌ ‌و پاشان له‌ خانه‌ی به‌ساڵاچووان ‌و بێ سه‌رپه‌رشتانی شاره‌وانی ئه‌سته‌مبۆل دوا رۆژه‌كانی ته‌مه‌نی به‌ڕێ ده‌كات ‌و پاش بێ ئومێدبوونی فاتیمه‌ له‌ به‌ڵێنه‌كانی مسته‌فا كه‌مال كه‌ له‌ كۆنگره‌ی سێواس دا بووی كه‌ توركیای دوای رزگاری توركیای كورد ‌و تورك ده‌بێ به‌ڵام له‌ 29/11/1923 كه‌ ده‌وڵه‌تی توركیای نوێ راگه‌ینه‌را ئه‌تاتورك هه‌موو ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی به‌ كورده‌كانی دابوو خسته‌ ژێر پێ ‌و شه‌لم كوێرم به‌ربووه‌ گیانی كورد ‌و خه‌ون ‌و خه‌یاڵه‌كانی قه‌ڕه‌ فاتیمه‌شی زینده‌به‌چاڵ كرد ‌و هه‌ر له‌و خانه‌ی به‌ساڵاچووانه‌شدا له‌ساڵی 1955 ی زاینی ئه‌و جه‌نگاوه‌ره‌ بێ چه‌ندوچوون ‌و ته‌واره‌ قاره‌مانه‌ی كورده‌واری چاولێك ده‌نێ ‌و دوا ماڵئاوایی له‌لاپه‌ڕه‌ شاراوه‌كانی مێژووی گه‌له‌كه‌ی ده‌كات.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

سه‌ید ره‌حیمی قوره‌یشی

ئه‌و ده‌نگه‌ دڵنشینه‌ی كه‌ رۆحی به‌به‌ر شیعره‌ ناسكه‌كه‌ی (گۆران) دا ...