سەرەکی » دۆسێ » ״بەرپرسانی عیراق داوای مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا دەكەن״

رۆژنامەیەكی ئەمریكایی دەنووسێت:

״بەرپرسانی عیراق داوای مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا دەكەن״

سەركردەكانی عیراق داوایان لە مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا كردووە، بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لە وڵاتەكەیاندا بمێنێتەوە، ئەم داوایەش بەپێی رۆژنامەی (ووڵ ستریت جۆرناڵ)، لە میانی چاوپێكەوتنەكانی پۆمپیۆ بووە لە بەغدا و هەولێر، دوای ئەوەی لە چوار شەممەی رابردوودا بەشێوەیەكی لەناكاو كە پێشتر رانەگەیەندرابوو، سەردانی عیراقی كرد.
رۆژنامە ئەمریكاییەكە بڵاویكردبۆوە، ئەو داواكارییەی عیراقییەكان، دوای بڕیارەكەی ئەمریكا بوو سەبارەت بە پاشەكشەكردنی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا، و سەردانەكەی وەزیری دەرەوەش بۆ عیراق، تەئكیدكردنەوەیە لەسەر سروشتی بەرەنگاربوونەوەكانی ئیدارەی ئەمریكا بۆ رازیكردنی هاوبەشە ئیقلیمییەكانی بە بڕیاری پاشەكشەپێكردنی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا و كەمكردنەوەی ئاستی هێزەكانی وڵاتەكە لە ئەفغانستان.
رۆژنامەكە، راگەیاندنە لەناكاوەكەی ترەمپی لەبارەی پاشەكشەپێكردنی هێزەكان لە سوریا بە “مایەی دڵەڕاوكێ‌ بۆ هاوپەیمانان” وەسفكردبوو، سەردانەكەی پۆمپیۆش وەك (وۆڵ ستریت جۆرناڵ) باسی دەكات، هەوڵێك بووە بۆ دڵنیاكردنەوەی هاوپەیمانان.
بەرهەم ساڵح سەرۆكی عیراق كە پێشوازی لە پۆمپیۆ كردبوو، رایگەیاندووە”عیراق پێویستی بە پشتیوانی ئەمریكا هەیە و راستە داعش لەڕووی سەربازییەوە تێكشاوە، بەڵام ئەركەكە تەواونەبووە”.
رۆژنامە ئەمریكاییەكە نوسیویەتی”پۆمپیۆ خۆی لە پرسیاری پەیامنێرێكی رۆژنامەوانی دزیوەتەوە سەبارەت بە مەودای پابەندبوونی ئەمریكا بە پارێزگاریی لە بوونی سەربازی خۆی لە عیراق، و باسی لە وتوێژەكانی كردبوو لە بەغدا كە تێیاندا پێداگری لەسەر پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتی عیراق كراوەتەوە و پێشكەوتنی راستەقینەش بەدیهاتووە لەو دەمەی هەڵبژاردن كراوە، بڕوای خۆشی خستبووەڕوو كە هەنگاوەكە وڵاتەكە و ناوچەكە دەخاتە دۆخێكی باشترەوە”.
لە سەردانە نهێنییەكەی لەكاتی ئاهەنگەكانی سەری ساڵ لە كۆتایی ساڵی رابردوو، بە دیاریكراویش بۆ بنكەی (عەین ئەسەد)ی ئەمریكایی لە خۆرئاوای عیراق، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاندبوو”بڕیاری پاشەكشەپێكردنی هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق، لەئێستادا پێشنیارنەكراوە، بەشێوەیەكی رێكخراویش هێزەكان لە سوریا پاشەكشەیان پێدەكرێت، لەگەڵ هێشتنەوەی بوونی ئەمریكایی لە عیراق، و رێگرتن لە گەڕانەوەی داعش و پاراستنی بەرژوەندییەكانی ئەمریكا، و چاودێریكردنی ئێران”.
لەو بارەیەوە (ووڵ ستریت جۆرناڵ) دەڵێت:»5500 سەربازی ئەمریكایی لە عیراقدا هەن، راوێژ و یارمەتی لە بواری مەشق و راهێناندا پێشكەش بە هێزە عیراقییەكان دەكەن».
فەرماندەكانی ئەمریكا لە سوپادا پێیانوایە، هێزەكانی عیراق دەتوانن ئەركە سەربازییەكان لە سوریادا لەئەستۆبگرن، بە تایبەتیش لەو ناوچانەی هێزەكانی ئەمریكا تێیاندا پاشەكشە دەكات”.
رۆژنامەكە دەڵێت”هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق ژێرخانێكی گەورەیان هەیە، هێزەكان لە ساڵی 2014دا گەڕانەوە دوای ئەوەی پێشتر لە ساڵی 2011 پاشەكشەیان كرد، ئەمەش لە چوارچێوەی جەنگ لە دژی داعش كە دەستی گرت بەسەر سێیەكی رووبەری عیراقدا”.
پۆمپیۆ، لە میانی سەردانەكەی بۆ عیراق، بە جیا چاوی بە سێ‌ سەرۆكایەتییەكە كەوت: عادل عەبدولمەهدی سەرۆكی حكومەت، و بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار، و محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان.
لەبارەی ئەو چاوپێكەوتنانەش، رۆژنامە ئەمریكاییەكە نوسیویەتی”بەرپرسە عیراقییەكان هەست بە نیگەرانی دەكەن، و پێیانوایە رەنگە پاشەكشەكردنی هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق، بۆشاییەك دروستبكات و لەلایەن داعشەوە بقۆزرێتەوە، لە هەمان كاتدا عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران، دوورینەخستۆتەوە هێزە عیراقییەكان بەدرێژایی سنورەكان لەگەڵ سوریادا بۆ بەگژداچوونەوەی رێكخراوی داعش بڵاوەیان پێبكرێت
ئەمەش لەكاتێكدایە كە پێشتر پەرلەمانتارێكی كوتلەی (سادقون)ی سەر بە بزوتنەوەی ئەهلی حەق لە پەرلەمانی عیراق، رەتیدەكاتەوە حكومەتیش بزانێت، ژمارەی هێزە ئەمریكاییەكان و بنكە سەربازییەكانیان لە وڵاتدا چەندە.
ئەحمەد كینانی،پەرلەمانتاری كوتلەی (سادقون)ی باڵی سیاسی بزوتنەوەی ئەهلی حەق، لە پەرلەمانی عیراق، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو”تەحەدی حكومەت دەكەم، ژمارەی هێزە ئەمریكاییەكان و بنكەكانیان لە عیراقدا بزانێت”.
ئەو پەرلەمانتارەی (سادقون)، بە پێویستی زانی”حكومەتی عیراق، بەراشكاوانە هۆكاریی بوونی ئەو هێزانە و چۆنیەتی كاركردنیان، بۆ گەلی عیراق و هێزە سیاسییەكان رونبكاتەوە”.
بە گوتەی كینانی”ئەو هێزانە لە عیراقدا خوازراونین، و بوونیان بە ناشەرعی دادەنرێت، چونكە لەڕێی پەرلەمان و بە رەزامەندی پەرلەمان نەهاتوون”، وەرگرتنی راوبۆچوونی پەرلەمانیشی لەبارەی بوونی هێزە بیانییەكان لەسەر خاكی عیراق بەپێویست زانی، “لەڕێی داڕشتنی یاسایەك یان بەیاساكردنی بونی ئەو هێزانە، چونكە بونیان بە داگیركاری و ناپەسەند دادەنرێت”.
ئەمەش لەكاتێكدایە كە لە دوای جەنگی دژ بە داعش، پەرلەمانی عیراق بەنیازە گفتوگۆ لەسەر مانەوەی هێزە بیانییەكان بكات لەسەر خاكی عیراق.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

ten + six =

x

هەواڵێ هاوشێوە

ناوەڕۆكی سەردانەكەی عەبدولمەهدی بۆ ئێران

سەرۆك وەزیرانی عیراق ڕایدەگەیەنێت، لە زۆر ڕەهەندی ئابووری و ئەمنی ...