سەرەکی » دۆسێ » دەوڵەتەكەی ئەبوبەكر بەغدادی روخا

دەوڵەتەكەی ئەبوبەكر بەغدادی روخا

پاشماوەی چەكدارانی رێكخراوی «داعش» كە بەشێوەیەكی بێ‌ سەروبەرە بڵاوبوونەتەوە، نارێكخراون و هەڕەشەی ئەمنییان لەسەرە، بە تایبەتیش لە ناوچە عیراقییەكان، ئەو چەكدارانە لەئێستادا زیاتر پشت بە بڕیارەكانی سەركردایەتی یان ئەوەی پێی دەگوترێت ئەنجومەنە باڵاكانی رێكخراوەكە دەبەستن لەگەڵ بە ناو «ئەنجومەنی شورای دەوڵەت»، چونكە لە دامەزرێنەرەكانی ئەنجومەنەكە جگە لە ئەبو بەكر بەغدادی سەركردەی رێكخراوەكە كەسی تر نەماوە كە ئەویش بە هەمان شێوە لە كۆتایی ساڵی 2017 و لەپاش رزگاركردنی شاری موسڵ، هیچ دەنگوباس و هەواڵێكی نەماوە.
لەو دەمەدا ئەبو بەكر بەغدادی لەڕێی تۆمارێكی دەنگییەوە دەركەوتەوە كە لەلایەن راگەیاندنی رێكخراوەكەوە بڵاوكرایەوە و تێیدا ئەندامانی لە ئەوروپا و ویلایەتە یەكگرتووەكان هاندا، ئاسسایشی ئەو وڵاتانە بشێوێنن كە تێیدان و دوای ئەوەش دیارنەما و ون بوو. بەو هۆیەوە پاشماوەی چەكدارانی رێكخراوەكە، پەرتەوازە بوون و بڕیارێكی یەكگرتوویان نەبوو، وێڕای بڵابوونەوەی هەواڵی دروستبوونی ناكۆكی لەنێوان سەركردە خۆجێییەكانی لەسەر ناوەندەكانی هەژموون و دەسەڵات.

دیوانەكانی داعش چۆڵكران
بەرپرسە ئەمنییەكانی عیراق لە بەغدا، لە لێدوانە رۆژنامەوانییەكانیاندا دەڵێن»لە ساڵی 2018وە هەرەمی رێكخراوی داعش كە لە 11 دیوان (هاوشێوەی وەزارەتن) چۆڵكراون و نەماون، ئەمەش بەو هۆیەی رێكخراوەكە ئەو رووبەرە جوگرافیانەی لەدەستدا كە پێشتر كۆنترۆڵی كردبوون، وێڕای داڕمانی ئەنجومەنی شورای دەوڵەت لەپاش كوژرانی زۆرێك لە ئەندامەكانی و دەستیگركردنی هەندێك و هەڵاتنی ئەوانی تر، و پچڕانی پەیوەندییان لەگەڵ ئەوانی تر».
بە گوتەی ئەو بەرپرسانە»ئەو دیوانانەی تائێستا لەكاردان، بەڵام بەشێوەیەكی زۆر لاواز، دیوانەكانی بەیتولمال و جوند و دیوانی راگەیاندنە».
دیوانەكان هاوشێوەی وەزارەتەكانن و رێكخراوە بەر لە داگیركردنی موسڵ لە حوزەیرانی ساڵی 2014وە دروستیكردوون، ئەمەش لە كۆبوونەوەیەك كە لە شاری رەقەی سوریا ئەنجامدرا، و هەر دیوانێكیش سەركردیەكی بۆ دەستنیشان كرا كە لە دیوانەكانی دادوەری، و دیوانی دەعوە و مزگەوتەكان، و دیوانی فێركاریی، و دیوانی كشتوكاڵ، و دیوانی غەنیمە و دەستكەوتە داراییەكان، دیوانی حەسبە، و دیوانی زەكات، و دیوانی ئاسایشی گشتی، دیوانی تەندروستی، دیوانی رەكاز، و دیوانی خزمەتگوزارییەكان.
بیرۆكەی «ئەنجومەنی شورای دەوڵەت» لە ساڵی 2006وە لە عیراقدا هەیە. بەو پێیەی لەدوای روخانی رژێمەكەی سەدام حسێن و داگیركردنی هێزە ئەمریكاییەكان بۆ عیراق، رێكخراوە تیرۆریستییەكان پەیدابوون و لەوانەش گروپی «تەوحید و جیهاد» بە سەركردایەتی ئەبو موسعە زەرقاوی ئوردنی. گروپەكە لە دواییدا بەیعەتی دا بو ئوسامە بن لادن سەركردەی پێشووی رێكخراوی قاعیدە و بووە رێكخراوی قاعیدە لە وڵاتی رافیدەین، تا ئەو كاتەی رێكخراوەكە بووە یەكێك لە بەهێزترین رێكخراوەكان لەسەر گۆڕەپانی عیراق.
لە ساڵی 2006، زەرقاوی لە تۆمارێكی ڤیدیۆییدا دەركەوت و پێكهێنانی ئەنجومەنی شورای موجاهیدینی راگەیاند بە سەركردایەتی ئەبو عومەری بەغدادی، لە دوای كوژرانی زورقاویشەوە لەچەند مانگی دوایی، رێكخراوەكە ئەبو حەمزەی موهاجیری بە سەركردەی رێكخراوەكە هەڵبژارد، لە كۆتایی ساڵەكەشدا «دەوڵەتی عیراقی ئیسلامی» بە سەركردایەتی ئەبو عومەر بەغدادی پێكهێنرا.
لە ساڵی 2010 موهاجیر و بەغدادی لە پێكداهەڵپژانیاندا لەگەڵ هێزە ئەمریكاییەكان كوژران، لەو دەمەدا ئەنجومەنی شورا ئەبو بەكر بەغدادی هەڵبژارد تا جێگەی ئەوان بگرێتەوە. دوای ئەوەی لە ساڵی 2013 یەكگرتنی رێكخراوەكەی لەگەڵ لقی قاعیدە لە سوریا (بەرەی نوسرە) راگەیاند و بەناو «دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام» (داعش)ی راگەیاند، یەكگرتنەكەیان زۆری نەخایەند.
لە مانگی شوباتی 2014 ئەیمەن زەواهیری سەركردەی رێكخراوی قاعیدە دەركەوت و تەئكیدی لەسەر لێكترازانی نێوانیان كردەوە، دوای ئەوەش رێكخراوەكە لە مانگی حوزەیرانی 2014 «دامەزراندنی خەلافەتی ئیسلامی» و بەیعەتدانی بە ئەبو بەكر بەغدادی وەك «خەلیفەی مسوڵمانان» راگەیاند، و ئەویش لای خۆیەوە سڕینەوەی سنورەكانی لەگەڵ ئەو وڵاتانە راگەیاند كە رێكخراوەكەیان تێدابوو، لەو روانگەیەوە ناوی رێكخراوەكەی گۆڕی بۆ رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی».

«سەركردەی كاریگەری نەماوە»
فەرماندەیەك لە بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری سەربازی لە وەزارەتی بەرگری عیراق، بە رۆژنامەی (العربی الجدید)ی قەتەری راگەیاندووە»رێكخراوی داعش بە قەیرانی نەمانی سەركردە كلریگەرەكاندا تێدەپەڕێت، ئەو سەركردانەی خاوەنی كاریزمابوون لەسەر لاوان و جیهادییە هەڵخەڵەتێنراوەكانی ناوخۆ و دەرەوەی كە لە ماوەی رابردوودا هاتبوونە سوریا و عیراق، ئەمەش لەدوای كوژران و هەڵاتن لەبەریەكهەڵوەشانی لەسەدا 90ی سەركردە و فەرماندەكانی لە ماوەی شانزە مانگی رابردوو».
بەگوتەی هەمان سەرچاوە»ژمارەیەكی زۆر لە سەركردەكانی لەدوای شەڕی موسڵ یان لەكاتی شەڕەكەدا لەناوبران، دەكرێت بڵێن، زۆربەی سەركردەكانی داعش لە عیراق كوژران نەك لە سوریا».
فەرماندەكەی هەواڵگری سەربازی عیراق دەڵێت»هێزە عیراقییەكان لە شەڕی رێكخراوەكەدا لە سوپاكەی ئەسەد و هێزە هاوپەیمانەكانی راستگۆتر بوو، ئەمەش لەبەر چەند هۆكارێكی ئاشكرا كە بەباڵاكردنی سیمای تیرۆر بوو بەسەر هەموو بەشەكانی گۆڕەپانی ململانێكان لە سوریا».
وەك فەرماندە عیراقییەكە باسی دەكات»رێكخراوی داعش لەمڕۆدا لە هەموو قۆناغەكانی تری تێكشكاوتر و لاوازترە، لەئێستادا كار لەسەر گێڕانەوەی سەردەمی پێشووی دەكات لەڕێی هەڵبژاردنی ناوی نوێ‌ بۆ ئەنجومەنی شورا و دیوانەكانی، تەنانەت گەر بەشێوەیەكی رواڵەتیش بێت تا یادی ئەوانە لەناونەچن، بەو شێوەیە پرۆژە خوازراوەكەیان كۆتایی هات».
هەروەها دەڵێت»بەپێی ئەو زانیارییانەی كەوتوونەتە دەستی دەزگای هەواڵگری، بارودۆخی ئەبو بەكر بەغداد سەركردەی گروپە تیرۆریستەكە لەماوەی رابردوودا خراپتر بوو، ئەمەش دوای لەدەستدانی كوڕەكەی و سەركردە گرنگەكانی رێكخراوەكەی». ئاماژەی بە پشتبەستنی رێكخراوەكەش كردووە بە شانە نوستووەكان لە ناوچەكانی پێشووی ژێر دەسەڵاتیان و لەو رێگەیەوە هێرش و پەلامارەكانی ئەنجام دەدات و بەردەوام دەبێت لەسەر دروستكردنی كاریگەریی لەسەر ئەو ناوچانە، بە تایبەتیش كە ئەو كەسانە بە نادیاریی دەمێننەوە تا ئەو كاتەی بۆ جێبەجێكردنی هێرش و پەلامارەكان بانگ دەكرێن.
هەروەها باسی لە بەكارهێنانی رێكخراوەكە كردووە بۆ بەناو «شانە هێشووییەكان» كە پشت بە لامەركەزی و شێوازی پێكگەیشتنی ئاڵۆز دەبەستێت و رێگەنادات شانەكان وابەستەی یەكتربن، بەجۆرێك گەر شانەیەك بكەوێت، ئەوی تر بەدوایدا ناكەوێت، بەڵام وێڕای ئەوەش ئاماژەی بەو شكستە گەورانە كردووە كە بەر سەرچاوەكانی داهاتی داعش كەوتوون، بەهۆی قایمكردنی سنورەكان و تۆكمەكردنیان.

«هەزاران چەكداری لەدەستداوە»
لای خۆیەوە ئەفسەرێكی دەركەوتوو لە سورپای عیراقی كە لە ناوچە سنورییەكان لەگەڵ سوریا خزمەت دەكات، بە رۆژنامە قەتەرییەكەی راگەیاندووە»داعش هەزاران خۆبەخشی بۆ شەڕكردن لە ریزەكانی لەدەستداوە، ئەمەش دوای ‌وئەوەی كۆنترۆڵی ناوچە سنورییەكانی لەدەستدا، لە عیراقیش لەسەدا 80ی تواناكی رێكخراوە خاپوركران». بەو هۆیەشەوە وەك ئەو ئەفسەرە دەڵێت»ئەندامانی رێكخراوەكە بەشێوەیەكی تاكڕەوانە كار لەسەر تەقینەوەكان و پەلاماری نارێكخراو دەكەن، بەبێ‌ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ سەركردەیەكی دیاریی كراو».
هەر بە گوتەی ئەو ئەفسەرە»لەدوای لەبەریەكهەڵوەشانی ئەنجومەنی شورا، داعش چۆتە قۆناغێكی نوێی كاركردن كە پشت بە رێكخراویی دەزولەیی دەبەستێت، ئەو واتایەی كە هەرەمی رێكخراوەكە ماوە بەڵام لاوازە».
ئەو ئەفسەرە دەركەوتووەی سوپای عیراق، ئاماژە بە هێرشێكی فڕۆكە عیراقییەكان دەكات كە لەم ماوەیەی دواییدا كرایە سەر ناوچەی سوسەی سوریا، و وەك ئەو باسی دەكات» تێیدا 13 كەس كوژراون كە لە یاریدەدەرەكانی بەغدادی بوون، و لە ئەندامانی بەناو ئەنجومەنی شورا بوون».
لای خۆیەوە، سەرمەد بەیاتی پسپۆڕی كاروباری ئەمنی رایگەیاندووە»شانە دوورلەیەكەكانی رێكخراوی داعش، و پەرتەوازەبوونی شوێنی بونیان، بە تایبەت كە زۆربەیان لە كون و تونێلەكاندان، وایكردووە پێكگەیشتنیان ئەستەبێت، و ئەنجومەنە ئیداریی و رێكخراوەییەكان ناوەنندێكی پێویست نەبن».
بە گوتەی بەیاتی»بەو هۆیەوە تیرۆریستانی داعش، پشت بەو بڕیارانە دەبەستن كە لەڕێی شورای نێوان چەكدارەكانەوە دەردەكرێن، یان ئەمیرێك تەنانەت گەر لە سێ‌ كەسیش پێكبێت دروست دەكەن تا لە بری ئەوانی تر بیربكەنەوە و بڕیارەكان بدەن».
ئەو پسپۆڕە ئەمنییەی عیراق پێیوایە»شێوازی داعش پشت بە ئەمیر دەبەستێت و لە ناخۆشترین كاتدا یەكێك لەنێو خۆیاندا دەكەن بە ئەمیر، ئەمەش شێوازی گروپە تیرۆریستەكانە، بەو واتایەی كە پێویستییان بە ئەنجومەنێكی شورای گشتی نییە».
بەبۆچوونی بەیاتی»شانە و پەلەكانی بە گشتی كار لەسەر پێویستی رەوشی گشتی دەكەن، بۆ نمونە چەكدارەكان یان خۆكوژەكان لە دژی سوپای عیراق بەكاردەهێنن و لەسەر ئەو شێوازە كارەكانیان بەردەوام دەبن».

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

six + 15 =

x

هەواڵێ هاوشێوە

ناوەڕۆكی سەردانەكەی عەبدولمەهدی بۆ ئێران

سەرۆك وەزیرانی عیراق ڕایدەگەیەنێت، لە زۆر ڕەهەندی ئابووری و ئەمنی ...